نێچیروان وه‌لى
مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكى خاوه‌ن گیان پێكهاته‌یه‌كه له ئاوه‌ز و ده‌روون (النفس) و له‌ش. گیان بزوێنه‌رى زێندوویه‌تیى مرۆڤه و، پێكهاته‌كانى ئاوه‌ز و نه‌فس و له‌ش له یه‌كتر دابڕاو نین و ته‌واوكه‌ری یه‌كن. ئاوه‌ز و نه‌فس دیوه نادیاره‌كه‌ى مرۆڤن و به‌رجه‌سته نین، هه‌رچى له‌شه به‌شه ماددیییه‌كه‌ى مرۆڤه. هه‌ر یه‌كه له‌مانه كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ئه‌وانى دیكه‌وه هه‌یه. نه‌فس هێزێكى ناوه‌كی و پاڵنه‌رى جه‌سته‌یه به‌ره‌و ویسته‌كان و ده‌ستپێشخه‌ركاره بۆ گه‌یشتن به داواكارییه‌كانى له‌ش، بۆ ئه‌وه‌ى بگات به چێژوه‌رگرتن و گه‌یشتن به‌وه‌ى ده‌یخوازێت. ئه‌و ویست و داواكارییانه‌ى نه‌فس جۆراوجۆره و به‌پێى جۆرى ئه‌و ویستانه جۆر یان قۆناغى نه‌فسه‌كه ده‌گۆڕێت.
له قورئانى پیرۆزدا باسى سێ جۆر یان سێ كات یان سێ پله‌ى نه‌فس كراوه، هه‌روه‌ها باسى چاره‌نووسیشى ئه‌و جۆر یان كاتانه‌ى نه‌فس كراوه، ئه‌وانیش:
1_ نه‌فسى دڵنیابوو(النفس المطمئنة): پله‌ی باڵاى نه‌فسه و مرۆڤ به خواپه‌رستى و ته‌قواكارى و گوێنه‌دان به هه‌موو ئاره‌زوو و حه‌زه جه‌سته‌ییه‌كان پێى ده‌گات، تا ئه‌و ئاسته‌ى هه‌ست به ئارامى و دڵنیایی و ڕه‌زامه‌ندیی خوایی ده‌كات، بۆیه خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێت:[يا أيتها النفس المطمئنة (17) ارجعي إلى ربك راضية مرضية].
(فه‌نایی)ى شاعیر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، مرۆڤ ئه‌و كاته ده‌بێته مرۆڤى ته‌واو، كه له ویست و حه‌زه مرۆییه‌كانى دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكه بۆ چوون به‌ره‌و نه‌فسى دڵنیابوو، بۆیه شاعیر ده‌ڵێت:
گومانت وا نه‌بێ هه‌رگیز بكا بۆنێ له ئینسانى
كه ته‌ركى مه‌یلى نه‌فسانى نه‌كه‌ى نازانى ئینسانى
2_ نه‌فسى خۆسه‌رزه‌نشتكه‌ر (النفس اللوامه): بارێكى یان پله‌یه‌كى مامناوه‌ندى نه‌فسه، د‌رك به هه‌ڵه و گوناه و سه‌رپێچییه‌كان ده‌كات و خۆى سه‌رزه‌نشت ده‌كات. له‌م قۆناغه‌دا نه‌فس له‌سه‌ر بارى دیاریكراودا جێگیر نابێت. خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێت: [ولا أقسم بالنفس اللوامه]. شاعیرانى كورد به تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى سه‌روسه‌وداى سۆفیزمیان هه‌بووه باش دركى ئه‌و بار و پله‌ى نه‌فسیان كردووه، بۆیه سه‌ركۆنه‌ى نه‌فسیى خۆیان كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌و شاعیرانه‌شى، كه نێوانیان له‌گه‌ڵ سۆفیزمدا نه‌بووه، باسى نه‌فسیان كردووه. له‌باره‌ى نه‌فسى فه‌رمانده‌ر به خراپه (نالى) ده‌ڵێت:
ئه‌لا ئه‌ى نه‌فسى بووم ئاسا، هه‌تا كه‌ى حیرسى وێرانه
له‌گه‌لأ ئه‌م عاشقبازانه بڕۆ بازانه، ئازانه
سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نالى سه‌ركۆنه‌ى نه‌فسى خۆى ده‌كات، به‌ڵام هێشتا ئومێدى پێى هه‌یه، بۆیه شاعیر نه‌فسى خۆى به‌ره‌و خواپه‌رستى و ڕێگه‌ى مه‌ككه ڕێنوێنى ده‌كات.
مه‌حوى ئاشناى نه‌فسى خۆیه‌تى، بۆیه له ڕوانگه‌ى سۆفیزمه‌وه پێى وایه به‌بێ شێخ و ڕێنیشانده‌رێك ناتوانێت به‌سه‌ر ده‌روونى خۆیدا زاڵ ببێت، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
به‌بێ یارێ مه‌چۆره مه‌عره‌كه‌ى ئه‌سفه‌ندیارى نه‌فس
كه له‌م مه‌یدانه‌دا هه‌ر پیره زاڵه ڕۆسته‌مى بێ زاڵ
مه‌حوى، نه‌فسى خۆى به ئه‌سفه‌ندیار وه‌سف كردووه، كه پاڵه‌وانێكى به‌هێزى ئه‌فسانه‌یی بووه و ڕۆسته‌مى زاڵ به‌زاندوویه‌تى، واته نه‌فس وه‌ك ئه‌سفه‌ندیار به‌هێزه، ئه‌گه‌ر یه‌كێكى له خۆی به‌هێزى وه‌ك ڕۆسته‌م نه‌بێت به‌سه‌ریدا زاڵ نابێت.
(صابرى) ڕووى له نه‌فسى خراپى ئه‌وى دیكه ده‌كات و له شێوه‌ى ئامۆژگاریدا ده‌ڵێت:
له ته‌علیمى سواریدا جوان و چاپكى ئه‌مما
لغاوى ئه‌سپى نه‌فست كه بڵێ ته‌ن په‌روه‌رى تا كه‌ى
شاعیر پێى وایه پێویسته جڵه‌وى نه‌فس بكرێت و نه‌فس ته‌نیا خه‌ریكى پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنى له‌ش نه‌بێت.
(پاكى)ى شاعیر نزیك له‌و بۆچوونه‌وه ده‌ڵێت:
لغاو كه ئه‌سپى نه‌فسى خۆ، به ئاوزه‌نگ دایته‌قینه تۆ
ئه‌تۆپى وازى لێ مه‌ینه به‌سه نه‌فس په‌روه‌رى تا كه‌ى
پاكیى شاعیریش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه نه‌فس له هه‌ندێك كاتدا وه‌ك ئه‌سپێكى چه‌مووش وایه، پێویسته لغاو بكرێت. شاعیر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌رزه‌نشتى ئه‌و نه‌فسه، كه له خواپه‌رستى سست و ناچالاكه.
گه‌لێ بێ عه‌قڵ و سه‌ربه‌ستى، له تاعاتى خودا سستى
هه‌تا كه‌ى تۆ ڕاناوه‌ستى، به‌سه نه‌فس په‌یڕه‌وى تا كه‌ى
(ڕه‌مزى)ى شاعیریش له قاڵبى ئامۆژگارى و به شێوازى پرسیارى باس له‌وه ده‌كات هه‌تا كه‌ى په‌یڕه‌وى نه‌فسى خراپه‌ویست بكات. شاعیر نه‌فسى به سه‌گ چواندووه و له‌گه‌ڵ نه‌فسى خراپیش باسى شه‌یتانیشى كردووه، كه له پاڵ ده‌رووندا شه‌یتانیش مرۆڤ به‌ره‌و خراپه‌كارى ده‌بات، بۆیه ده‌ڵێت:
ڕۆڵه تا كه‌ى په‌یڕه‌وى نه‌فسى سه‌گ و شه‌یتان ئه‌كه‌ى
تاكو كه‌ى بێ نه‌سیبى ڕه‌حمه‌تى ڕه‌حمان ئه‌كه‌ى
3_ نه‌فسى فه‌رمانكه‌ر به خراپه(النفس الامارة بالسوء) : ئه‌و قۆناغه و پله‌ى نه‌فسه، كه نه‌فس فه‌رمان به خراپه و سه‌رپێچى و لادان ده‌كات و مه‌گه‌ر ته‌نیا ئه‌و كاته نه‌بێت یان ئه‌و نه‌فسه نه‌بێت خودا ڕه‌حمى پێ كردبێت، له‌و لایه‌نه‌وه خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێت:[إن النفس لأمارة بالسوء إلا ما رحم ربي]. (مه‌حوى)ى شاعیر باس له‌و قۆناغه‌ى خودى خۆى ده‌كات، كه بووه‌ته دیل و نێچیرى نه‌فسى فه‌رمانده‌رى خۆى، بۆیه شاعیر ده‌ڵێت:
ئه‌سیر و سه‌یدى قه‌یدى كه‌ید و شه‌یدى نه‌فسى ئه‌مماره‌م
له ده‌ست ئه‌م ماره به‌دچاره، چییه چارم، خودا چاره‌م!
شاعیر لاى خوا سكاڵا له ده‌ست نه‌فسى ده‌كات، به‌وه‌ى ده‌بێت چ چاره‌سه‌رێكى هه‌بێت تا له كۆت و دیلى نه‌فسى ڕزگارى بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ڕه‌حمى خوا نه‌بێت ئه‌و نه‌فسه ئه‌مماره، كه وه‌ك ماری پێوه‌ده‌ره ده‌مبه‌ست نابێت، بۆیه شاعیر ده‌ڵێت:
ئه‌مینى شێتییه (مه‌حوى) له مه‌كرى نه‌فسى ئه‌مماره
مه‌گه‌ر ڕه‌حمى خودا ده‌م به‌ستى كا ئه‌و ماره ئه‌نگێوه
(ئه‌خۆل)ى شاعیر له ڕوانگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌رزه‌نشتى نه‌فسى ئه‌مماره‌ى خۆى ده‌كات به‌وه‌ى ئیتر شێت و به‌دكردار نه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ڵێت:
به‌سه ئه‌ى نه‌فسى ئه‌مماره به‌سه به‌س شێت و به‌دخوو به
ئه‌وى دوو ڕوو و ڕیاكاره ئه‌وه ئه‌مڕۆیه مه‌حبووبه
(عاصى) ى شاعیر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو، كه نه‌فسى فه‌رمانده‌ر به خراپ ڕێى چاك به مرۆڤ نیشان نادات، ئه‌مه‌ش به گوێره‌ى ئه‌و ئایه‌ته‌ى، كه وا خوا باسى نه‌فسى فه‌رمانده‌ر به خراپى كردووه، بۆیه نابێت جڵه‌وى خۆت بده‌یته ده‌ستى نه‌فس و نه‌فس سه‌رپشك بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه شاعیر ده‌ڵێت:
ئیتر قه‌ت مه‌یده ده‌ست نه‌فست لغاوى ئیختیارى خۆت
چه ڕێى چاكت نیشان نادات ئه‌مه هه‌ر نه‌سسى قورئانه
ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و نه‌فسه تۆبه نه‌كات و نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وه ئاكامى چوون به‌ره‌و دۆزه‌خه، بۆیه (پاكى)ى شاعیر ده‌ڵێت:
دڵا ڕا به له‌سه‌رخۆ به نه‌فسى خۆ بكه تۆبه
وه ئیللا جێگه‌ته دۆزه‌خ له‌گه‌ڵیا په‌یڕه‌وى تاكه‌ى.