چوارشەممە , ته‌مموز 30 2025

پەروەردە بە چیرۆک

و.چیا عەلی
دەروونناسان شێوازێکیان داڕشتووە بۆ ئەوەی یارمەتی دایکان و باوکان بدەن بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی ناخی منداڵەکانیان.
بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بەبێ ئەوەی پرسیاری ڕوون و ئاشکرا بکرێت کە ڕەنگە بیانترسێنێت، ئەم پێنج تاقیکردنەوەیە بە منداڵەکەت بکە. لەوانەیە کلیلی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکەتدا بێت.
1- چیرۆکی باڵندە..
چیرۆکی باڵندە بۆ منداڵەکەت بگێڕەوە. بەم جۆرە: (ڕۆژێک باڵندەی باوک و باڵندەی دایک و باڵندە بچووکەکەیان لە هێلانەیەکدا لە سەر درەختێک دەخەون. بایەکی بەهێز هەڵدەکات، هێلانەکە دەکەوێتە سەر زەوی. باڵندەی باوک بەرەو درەختێک دەفڕێت، باڵندەی دایکیش بۆ درەختێکی تر). لە منداڵەکەت بپرسە: باڵندە بچووکەکە بۆ کوێ فڕی؟ ئەگەر منداڵەکەت بڵێ باڵندەکە بۆ لای باوکی فڕیوە، وابەستەی باوکی دەبێت. ئەگەر بڵێت بۆ لای دایکی فڕیوە، وابەستەی دایکی دەبێت و وەک سەرچاوەی ئاسایش دەیبینێت. ئەگەر بڵێت باڵندە بچووکەکە فڕیوە بۆ درەختێکی تر، ئەمە مانای وایە منداڵەکە متمانەی بەخۆی هەیە و سەربەخۆیە و هەست بە سەلامەتی دەکات.
2- چیرۆکی ترس..
ئەم چیرۆکەی بۆ باس بکە (جارێک منداڵێک بە دەنگی بەرز دەگری و دەڵێت زۆر دەترسم). ئایا ئەو منداڵە لە چی دەترسێت؟؟ یان لە کێ دەترسێت؟ وەڵامی منداڵەکەت زۆرێک لە ترسە کەسییەکانی و، ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە لێی دەترسێت، یان بە بوونی ئەو کەسانە هەست بە هەڕەشە و بێزاری دەکات.
3- چیرۆکی سەفەر..
ئەم چیرۆکە بۆ منداڵەکەت باس بکە (کەسێک گەشت دەکات بۆ شوێنێکی زۆر دوور و هەرگیز ناگەڕێتەوە). لێی بپرسە پێت وایە ئەو کەسەی سەفەر دەکات کێیە؟
وەڵامی منداڵەکەت ئەوە دەردەخات کە ئەو کەسەی ڕقی لێیەتی و ئاواتەخوازە لێی دوور بێت کێیە.
بەڵام ئەگەر پێت بڵێ ئەو کەسەی سەفەر دەکات “من”ە واتە منداڵەکە خۆیەتی، ئەوە ڕقی لە خۆیەتی.
ئاگاداری وەڵامەکەی بە.
4- چیرۆکی هەواڵی نوێ …
بە منداڵەکەت بڵێ (جارێک منداڵێک لە قوتابخانە گەڕاوەیەوە دایکی وتی خێرا وەرە! هەواڵێکی نوێم بۆت هەیە)! لە منداڵەکەت بپرسە بەڕای تۆ ئەم هەواڵە چییە؟
وەڵامی منداڵەکەت یارمەتیت دەدات هەندێک لە ئارەزوو و ترس و چاوەڕوانییەکانی دەستنیشان بکەیت.
5- چیرۆکی خەونێکی ناخۆش.
بە منداڵەکەت بڵێ (منداڵێک بە ماندوویی و ناڕەحەتی لە خەو هەڵسا و بە دایکی گوت خەونێکی ناخۆشم بینیوە) لە منداڵەکەت بپرسە:
پێت وایە منداڵەکە لە خەودا چی بینیوە؟
وەڵامەکەی یارمەتیت دەدات بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی و کێشەکانی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانی.
** تێبینی:
گرنگە وەڵامێک بۆ منداڵەکە پێشنیار نەکەیت، یان قسەی ناشرین لەسەری نەکەیت ئەگەر لەگەڵ تۆدا نەگونجێت.
هەروەها پێی مەڵێ چاوەڕێی وەڵامێکی جیاوازی لێ دەکەیت.
مەبەست لەم چیرۆکانە دەستنیشانکردنی ترس و نیگەرانییەکانی منداڵ و مامەڵەکردنە لەگەڵیان.

Check Also

مامۆستا ڕۆشنا.. نەخشی سەر کاغەزو دەنگە بولبول ئاساکانی هەڵەبجە دەناسێنێت

دیمانە: خەرمان عبدالکریمئایندەسازی: ڕۆشنا صاڵح بامۆکی کێیە؟ چۆن لە پیشەی مامۆستاییەوە گەشتە ڕاگەیاندن و تیپی …