ئامادەکردنی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر
(٢١) ی شوباتی هەموو ساڵێک بە (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک) لە جیهاندا ناسراوە، میللەتان بە ڕێوڕەسم و چالاکیی جیاواز وەک پشتگیریی بۆ نوێبوونەوە و بەردەوامیی زمانی دایک و پاراستنی هەمەڕەنگیی زمانەوانیی و کلتوریی یادیدەکەنەوە. ئەم ڕۆژە لە ١٧ی تشرینی دووەمی (١٩٩٩)دا لەلایەن یونسکۆوە ڕاگەیەندرا و بۆ یەکەمجار لە ٢١ی شوباتی (٢٠٠٠) دا بەڕێوەچوو. ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (٢٠٠٢)دا، بە فەرمی دانی پێدا نا. ئامانجی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە،گەشەپێدانی هەمەڕەنگیی زمانەوانیی و کولتوریی و فرەزمانییە لەسەرتاسەری جیهاندا.
- پاشخانی مێژوویی (ڕۆژی جیهانی زمانی دایک):
دەستپێشخەری (ڕۆژی جیهانی زمانی دایک) لە بەنگلادیشەوە هاتووە. ئەم بەروارە بۆ زیندووڕاگرتنی ڕووداوەکانی ٢١ی شوباتی (١٩٥٢)ە، کاتێک خوێندکارانی زانکۆی (داکا) و چالاکوانانی دیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکدا بۆ ناساندنی زمانی بەنگالی لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان (بەنگلادیشی ئێستا ) لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێکرا و کوژران.
لە ڕووی مێژووییەوە، لە ئەنجامی دابەشبوونی هیندستان، لە ساڵی (١٩٤٧)دا، ناوچەی بەنگال دابەشبوو و بەشی ڕۆژهەڵاتی بوو بە پاکستانی ڕۆژهەڵات. لە ساڵی (١٩٤٨)دا، حکومەتی پاکستان زمانی (ئوردو)ی وەک تاکە زمانی فەرمی نیشتمانیی ڕاگەیاند، ئەمەش ناڕەزایەتی زۆرینەی بەنگالیی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی پاکستانی لێکەوتەوە، کە داوایانکرد (بەنگالی)یش بە زمانی فەرمی بناسرێت. لە شوباتی (١٩٥٢)دا، سەرەڕای قەدەغەکردنی ناڕەزایەتیەکان، خوێندکاران خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست کە لە ئەنجامدا پۆلیس تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و بووە هۆی کوژرانی چەندین کەس. ئەم قوربانیدانە بۆ زمانی دایک، ڕووداوێکی سەرەکییە بۆ یادکردنەوەی ڕۆژەکە. پاشان زمانی بەنگالیی وەک زمانێکی فەرمی لە پاکستان لە ٢٩ی شوباتی (١٩٥٦)دا، ناسێنرا. دواتر جەنگی ڕزگاریخوازیی بەنگلادیش لە ساڵی (١٩٧١)دا لەبەرەنجامی سەرکوتکاریی زمانەوانی و کولتوریی بەرپابوو و بووە هۆی جیابوونەوەی ڕۆژهەڵاتی پاکستان و دامەزراندنی دەوڵەتی بەنگلادیش، کە (بەنگالیی) زمانی فەرمیەتی. - پرۆژەی پێشنیارکراو:
(ڕەفیقول ئیسلام و عەبدولسەلام) دوو هاووڵاتی بەنگلادیشیی،کە لە شاری ڤانکۆڤەری کەنەدا نیشتەجێبوون، پرۆژەیەکیان بۆ (ڕۆژی جیهانی زمانی دایک) پێشنیارکرد. لە کانونی دووەمی (١٩٩٨)دا نامەکەیان بۆ (کۆفی ئەنان) سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نووسی، تێیدا داوایان لێکرد بە ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بۆ ڕزگارکردنی زمانەکان لە لەناوچوون هەنگاوبنێت، و ٢١ی شوباتیان بۆ یادکردنەوەی قوربانییەکانی ساڵی (١٩٥٢) پێشنیارکرد و (پەرلەمانی بەنگلادیش)یش بە فەرمی پێشنیارەکەی پێشکەش بە یونسکۆ کرد. - ڕێکارەکانی یونسکۆ:
لە ١٧ی تشرینی دووەمی (١٩٩٩)دا، یونسکۆ بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە “٢١ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە سەرانسەری جیهاندا دەستنیشان بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو قوربانیانەی کە لەو ڕۆژەی ساڵی (١٩٥٢)دا، گیانیان بەختکرد”.
ئێستا (ڕۆژی جیهانی زمانی دایک) لە بەنگلادیش پشوویەکی نیشتمانییە. خەڵکێکی زۆر بۆ دەربڕینی ڕێز و سوپاسگوزاریی سەردانی گڵکۆی قوربانیەکان دەکەن، کە شوێنەوارێکە بۆ زیندووڕاگرتنی یادی (شەهیدانی زمان). یادەوەریی ڕۆژەکە پەرە بە هەمەجۆریی زمانەوانی، پەروەردەی فرە زمانیی و هۆشیاریی بۆ پاراستنی نەریتە کولتورییەکان دەدات. - کاریگەریی زمانی دایک لەسەر شوناسی کلتوریی:
زمانی دایک تەنها کۆمەڵێک وشە نییە، بەڵکو مێژوو و بەها و ناسنامەمان لەخۆدەگرێت. زمانی دایک ڕۆحی شوناسی کلتورییە، یەکەمین زمانە کە فێریدەبین، بناغە و بڕبڕەی پشتی گەشەکردنی ئاوەزمەندیی و هۆشمەندیمانە و بە ڕەگوڕیشەی خۆمانەوە دەمانبەستێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، دەکرێت شوناسی کلتوریی بە هەستی وابەستەیی و پەیوەستبوون پێناسەبکەین، کە لەسەر بنەمای بەها و نۆرم و دابونەریتی هاوبەش دامەزراوە.
پەیوەندیی نێوان زمان و کلتور جێی سەرنجی توێژەرانی بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆڤایەتییەکانی وەک: دەرونناسیی، کۆمەڵناسیی، و زمانناسیی بووە. “جۆن بێری”، پسپۆڕی بواری دەرونناسیی نێوکلتوریی، بڕوای وایە زمانی دایک ڕەنگڕێژیی شوناس بە گشتی و شوناسی کلتورییمان بە تایبەتی دەکات، بە تایبەتیش کاتێک بە کۆچکردن یاخود بە فێربوونی زمانی بیانی، لەگەڵ کلتوری دیکەدا تێکەڵدەبین.
لە تیۆرییەکەیدا، جۆن بێری، چوار ستراتیژ بۆ (Acculturation) واتە شێوازی مامەڵە لەگەڵ کلتوری بیانی دیاریدەکات، ئەوانیش:
١- Integration (یەکگرتن) پاراستنی کلتوری خود و مامەڵەی ئەرێنی لەگەڵ کلتوری نوێدا، واتە لەخۆگرتنی هەردوو کلتور.
٢- Assimilation (وەرگرتن) لەخۆگرتنی کلتوری نوێ و وازهێنان لە کلتوری ڕەسەنی خود، واتە پیادەکردنی کلتوری نوێ .
٣- Separation (جیاکردنەوە) دەستگرتن بە کلتوری خۆماڵیی و خۆبەدوورگرتن لە کارلێک لەگەڵ کلتوری نوێ، واتە پاراستنی کلتوری خۆماڵیی بە ڕەتکردنەوەی کلتوری نوێ.
٤- Marginalization ( پەراوێزخستن) ڕەتکردنەوەی هەردوو کلتور لەخۆدەگرێت.
لێرەدا، پرسیارگەلێک سەرهەڵدەدەن، بۆ نموونە: چۆن پاراستنی زمانی دایک خزمەت بە ستراتیژی یەکەم، واتە (Integration) دەکات؟ لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین زمانی دایک هاوکاری تاکەکان دەکات بۆ پاراستنی کەلەپوری کلتوریی و گواستنەوەی کلتور لەنێوان نەوەکاندا، لە ڕێگەی دابونەریت و ڕێوڕەسم و ئەدەبیات بە چیرۆک و پەندی پێشینان و هۆنراوە و فۆلکلۆر، و… تاد. بەکورتی، گرنگیدان بە زمانی دایک وادەکات زمان نەمرێت، و کلتوریش ڕێزلێگیراوبێت. ئەی چۆن فێربوونی زمانی بیانی بخەینە خزمەت زمانی دایک و شوناسی کلتوریمان؟ لەڕاستیدا، فێربوونی زمانی بیانی دەبێتەهۆی زیادبوونی ڕێز و نرخاندن بۆ زمانی دایک و ڕوونتربینین و لێتێگەیشتنی. سەرەڕای ئەمانەش، توانست و لێهاتوویی لە هەردوو زمانەکەدا یارمەتی پەیوەندیگرتنی سەرکەوتوو و کارلێکی کۆمەڵایەتی تەندروست دەدات، و ئەنجامدانی توێژینەوەی بەراوردکاریی لە نێوان زمانی دایک و زمانی بیانیدا، لە بوارەکانی زمانەوانیی و ئەدەب و پێکهێنەرەکانی کلتوردا، پرۆسەیەکی زۆرگرنگ و بەهادارە.
پیادەکردنی ستراتیژی یەکەم، بۆ مامەڵەی زمان و کلتوری بیانی گونجاوترینە، با بڕوانینە ستراتیژەکانی دیکە، چی دەبێت ئەگەر ستراتیژی دووەم واتە (Assimilation)پیادەبکەین؟ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە چەند لێکەوتەیەکی نەرێنی هەیە، لەوانە: زاڵکردنی زمانی بیانی بەسەر زمانی دایکدا، کە دەبێتەهۆی داخورانی زمانی دایک، و دابڕان لە مێژوو و کەلەپوری کلتوریی، و سەرەنجام بەرەو لەدەستدانی زمانی دایک دەچێت.
هەرچی ستراتیژەکانی سێیەم و چوارەمە واتە (Separation ) و (Marginalization )، چەندین ئاسەواری نەرێنییان لێدەکەوێتەوە، لەلایەک پەراوێزخستنی زمانی دایک لەوانەیە ببێتەهۆی لەدەستدانی زمان، لەلایەکی دیکەشەوە پشتگوێخستنی زمان و کلتوری بیانیی دەبێتەهۆی دابڕانی کلتوریی و سوودوەرنەگرتن لە ئەزموون و ڕۆشنبیریی گەلانی دیکە. لەمانەش مەترسیدارتر، ڕایەڵەی قسەپێکەرانی ئەو زمانە لەگەڵ کەلەپوری کلتوریی هەردوو زمانەکە دەپچڕێت و لەدەستدانی زمانیش، شوناسی کلتوریی لاوازدەکات و لەوانەشە ببێتەهۆی هەستکردن بە نامۆیی لە زێد و نیشتماندا.
- ئاڵنگارییەکانی بەردەم زمانی دایک:
١- هەژمونی زمانی بیانی، بە تایبەت زمانی ئینگلیزیی وەک (Lingua Franca)، واتە زمانی هاوبەشی نێوان ئاخێوەرانی زمانی دایک جیاواز.
٢- کۆچکردن و بەشارییبوون کە دەبنەهۆی گۆڕینی زمان.
٣- کاریگەریی میدیا و سۆشیال میدیا و بەرکەوتن لەگەڵ زمانە بیانییەکاندا.
٤- جیهانگیریی هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر زمانەکان، کە بۆتەهۆی لاوازکردنی زمانی دایک و چوونیەکیی کلتورەکان و سڕینەوەی هەمەڕەنگیی کلتوریی و سنوری نێوان کلتورە جیاوازەکان، تەنانەت لە جۆری خواردن و بەرگ و پۆشاکیشدا. - چۆن زمانی دایک بپارێزین؟
١- پەروەردەی خێزانیی: گرنگیدان بە کلتوری نەتەوەیی لە ئایین و زمان و مێژوو و ئەدەب و هونەر…تاد، و چاندنی خۆشەویستی زمان و خاک و نەتەوە لە ناخی نەوەکاندا.
٢- پەروەردە و فێرکردن، خوێندن بە زمانی دایک لانیکەم لە قۆناغی بنەڕەتیدا.
٣- گرنگیدان بە شوناسی کلتوریی لە میدیا و سۆشیال میدیا و سەنتەر و ناوەندەکلتورییەکاندا.
٤- گرنگیدان بە بۆنە کلتوریی و نەتەوەییە ڕەسەنەکان و خۆپاراستن لە هەژمونی کلتوری بیانیی بە تایبەت لە قۆناغی باخچەی منداڵان و بنەڕەتیدا.
لە کۆتاییدا، زمانی دایک، میرات و کەلەپورێکی زیندووە، و لەوە زیاترە کە تەنها زمانی ئاخاوتن بێت، گوازەرەوەی کلتورە لەنێوان نەوەکاندا، پاراستن و گەشەپێدانی دەبێتەهۆی پاراستنی شوناسی کلتوریی، هەروەها هەمەڕەنگیی کلتوریی لەسەر ئاستی جیهان دەوڵەمەنددەکات. - سەرچاوەکان:
[1] https://terralingua.org/international-mother-language-day/
[2] https://www.unesco.org/en/days/mother-language
[3] https://ifacca.org/news/2025/01/14/make-languages-count-sustainable-development-celeb/
[4] https://www.gcis.gov.za/node/10472
[5]https://blogs.griffith.edu.au/library/2024/02/16/international-mother-language-day-protecting-cultural-heritage-through-multilingual-education/
[6] https://www.un.org/en/observances/mother-language-day
[7] https://www.unesco.org/en/articles/international-mother-language-day-unesco
[8]https://african.business/2023/02/apo-newsfeed/this-international-mother-language-day-celebrate-arabic-legacy-with-tod
2