پێنجشەممە , تشرینی یه‌كه‌م 9 2025

یەکسانیی یان دادپەروەرییی؟ کامیان پێویستە بۆ ئافرەت؟

د. هەتاو حەمەساڵح

مەسەلەی ئافرەت بەدرێژایی مێژوو و لە ئێستاشدا یەکێک بووە لە کێشە دژوارەکان و هەمیشە گفتوگۆی گەرمی لەسەرکراوە. هەندێ کەس و گروپ ئافرەت زۆر بەبێ توانا دەبینن، دوور لە یاسا و شەرع، بە داب و نەریتی دواکەوتوو حوکمی خۆیانی بەسەردا دەدەن، هەندێکیش بە ناوی سەندنی مافەوە وەک داکۆکیکار خۆیان نمایش دەکەن و دەڵین ئافرەت مافی خوراوە، بە دروشمی گەورەوە مەسەلەی ئافرەتانیان بەرەو ئاقارێکی ئاڵۆز بردووە، هەندێیش لەم نێوەندەدا ئافرەت تەنها وەک شمەکێک دەبینن بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی بەکاریدەهێنێت. لەراستیدا ئافرەت خاوەنی دۆزێکە و زۆرێک لە مافەکانی لێ زەوتکراوە، پێویستە کۆمەڵێک بە کردەیی و زانستییانە بەدوای بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتانەوە بن.
کاتێک ئیسلام هات، بڕیاری ئەوەی دا کە ئافرەت و پیاو وەک یەکن تەواوکەری یەکن، پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەفەرموێت (إنما النساء شقائق الرجال) (الترمذي، رقم الحديث: (113 بەهەموو مرۆڤایەتی ڕاگەیاند کە ئافرەت و پیاو هیچ کامیان سیفاتی مرۆیی بوونیان لەوی دیکەیان زیاتر نییە، هیچ کامیان باڵادەستییەکیان بەسەر ئەوی تردا نییە، بەڵکو هەموو مرۆڤەکان لە باوکێک و دایکێکەوە هاتوون. ئیسلام ئیقراری ئەوە دەدات ڕەگەزی پیاو و ڕەگەزی ئافرەت یەک جەوهەر و یەک توخمن. ئایات و فەرموودە دەیانەوێت ئافرەت ڕزگاری ببیت لەو گومانە ئازاربەخشانەی کە هەمیشە لە چواردەوری تەنیبوو. هەموو دەزانین ئافرەت لە پێش ئیسلامدا لە گاڵتەجاڕییەکی تەواودا ژیاوە و هیچ حسابی مرۆڤێکی تەوایان بۆ نەکردووە بەڵکو وەک سەرچاوەی خراپەکاریی سەیرکراوە.
وەک دەبینین، سەرەڕای هەموو کۆنفرانس و بڕیار و یاسا و ڕێسایانەی کە هەیە هێشتا لە واقعدا یەکسانیی بەدینەهاتووە، بۆ نمونە ئافرەتان لە بەشداری سەرکردایەتیی سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییدا پۆستەکانیان هێشتا زۆر سنووردارە، تاوانەکانی دژی ئافرەت و دەستدرێژیی سێکسیی هێشتا لە زیادبووندان، ئەمە جگە لە تاوانی هەراسانکردن کە چرکە بە چرکە ڕوودەدات.
چارەسەری گرفتی نا دادپەروەیی و نایەکسانیی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا، کارى هاوسەنگانەی دەوێت کە گونجاو بێت لەگەڵ یاساو نەریتی کۆمەڵگەدا. وەک ئاشکرایە ئاین یەکێکە لە پێکهێنەرە هەرە بەهێزەکانی بونیادى کۆمەڵگە، لەبەرئەوە ئەگەر رۆڵی ئایین بە ڕاستی بەرجەستە بکرێت، ئەوا رەنگدانەوە و کاریگەریی ئیجگار زۆری دەبێت. لە راستیدا سەردەمی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەتوانین ناو بهێنین بە سەردەمێکی زێڕین بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی، چونکە ئیسلام لە پێش ١٤٤٤ ساڵ لەمەوبەر ئیقراری کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٦ باسی کردووە و کاری بۆدەکات، ئیسلام تێڕوانینی خۆی لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان ئافرەت و پیاو لەسەر بنەمای یەکسانیی لە زۆربەی لایەنەکان و لەسەروو ئەوەشەوە دادپەروەری بنیادناوە. لە ئیسلامدا جیاوازییەکانی نێوان نێر و مێ بەشێوەیەکی ئەرێنی باسکراوە بنەمای هاوسەنگیی یان هاوشانی نێوان هەردوو ڕەگەر ڕەچاوکراوە نەک یەکسانیی ڕەها. ئەمەش بەو مانایەی یەکسانیی ڕەهایی جۆرێکی ئایدیاڵی یەکسانییە، واقعی ژیان لە هەندێ حاڵەتدا جیاوازی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی نێوان نێر و مێی دەوێت. هەندێ جار لەوانەیە ئەو مافانەی کە ئافرەتان بەهۆی جیاوازی ڕەگەزییەوە لە پیاوان دەستیان دەکەوێت زۆر زیاتر بێت لەو مافانەی بەهۆی یەکسانییەوە وەریبگرن، ئەمەش هەمان ئەو بنەمایەیە کە ئیسلام دایناوە کەبریتییە لە دادپەروەریی و ئیحسان لە ئیسلامدا دادپەروەری لە سەرووی یەکسانییەوە دانراوە.
ئیسلام جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاودا ناکات، ئیسلام وەک پەیرەوێکی هەڵگری سەلامەتی خەڵک و ڕەحمەت بۆ هەموو بوونەوەرێک، پێگەی ئافرەتانی بەرزکردوەتەوە و سەروەریی پێبەخشیون، چونکە مرۆڤ لە سەردەمی جاهیلیەدا بەهای نەبوو، بەلام لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا ڕێزیلێگیرا، ژن وپیاو دەرفەتی فراوانتریان بۆ گەشەپێدانی خود وەرگرت، مێژووی ئیسلامی تا ئێستاش پڕە لە نموونەی درەوشاوەی ئافرەتانی سەرکەوتوو کە زانا و مامۆستای بەناوبانگیان تێدا هەڵکەوتووە (صلاح عبدالغني محمد ، 1998م، ص: 54 ).

Check Also

ڕێزی بەساڵاچوان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

محێدین شێخ محەمەد بەناوی خوای میهرەبان و بەسۆز لەهەموو كات و شوێنێكدا ئەو پەروەردگارەی بەدیهێنەری …