پێنجشەممە , تشرینی یه‌كه‌م 9 2025

بهێڵن با پیری دەركەوێت

خەرمان عبدالكریم
پیری ئەو قۆناغە كە دەبێت زۆرێكمان تامی بكەین، ئەگەرچی هەندێك لە مرۆڤەكان لەسەردەمێكی گەنجیدا دەگەڕێنەوە لای خالق.

پیری لەووڵاتی كوردەواریدا یەكێكە لەو حاڵەتانەی لەئێستادا خەریكە وردە وردە لەنێو زۆربەی چینەكاندا بەری لێدەگیرێت، ئەویش بەهۆی پێشكەوتنی بواری تەندروستی و مومارەسەكردنی لەهەندێ حاڵەتدا وەك (كردنی پلازما) بۆ گەشانەوەی پێست و ڕەونەقداركردن و شێداركردنەوەی، بۆ ئەوەی پیریان دوابخەن، هەروەها هەندێكی تر لەڕێگەی (بۆتۆكس)ەوە، ڕێگە لە چرچبوونی پێست دەگرن، یاخود لەئێستادا بەهۆی ڕاکێشانی پێشت و تاڵی ئاڵتونی و دانانەوەی چەوری و زۆر هۆکاری تری بواری جوانکاری دەکەنە ڕێگری دەرکەوتنی هێڵی پیری.

هەروەك هەموومان دەزاین كە یەكێك لەنیشانە باوەكانی پیری چرچبوونی چواردەوری چاوەكان و ناوچەوان و پەنجەكانە، بۆیە ئەو پیرانەی لەناخەوە وەكو گەنجەكان بیردەكەنەوە باشترین ژیان دەكەن، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە كە وڵاتی كوردەواری بەهۆی چاولێكەرییە هەمیشەیی و باوەكانی كە خویان پێگرتووە، زۆر گرنگی بە شاردنەوەی ئەم پیریە دەدەن، تەنانەت هەندێك كەس بەردەوام خەریكی شاردنەوەی تاڵە سپیەكانی پرچیانن یاخود هێندە مەوادی جوانكاری لەدەم و چاویان دەدەن وا هەست دەكەیت كە ئەمە زۆر منداڵترە لە خودی مناڵەكانی خۆی بەداخەوە.

خوای گەورە كاتێك قۆناغبەندی بۆ تەمەنەكان دەكات حەتمەن خێرێكی تێدایە، دەنا هەمووانی هەر بەگەنجی دەهێشتەوە، بۆیە بەساڵاچووان تەنها چارەیان ئارامگرتنە و یەكێكە لەو قۆناغانەی تەمەن، كە هەمووان بە چوونە ساڵێكی تری تەمەنمان ترسمان لێی هەیە، بۆیە ئیدواردمانە دەڵێت: (ئەوەی لەپیری بترسێت هەر بەگەنجی پیرە)، بۆیە پێویستە بەگەنجی خۆمان لەسەر ئەوە ڕابهێنین كە پیری حاڵەتە لەناوچوون نییە، هەرچەندە خوای گەورە گەورەترین ڕێزی بۆ ئەم تەمەنە داناوە و پێغەمبەری ئیسلام محمد (د.خ) دەفەرمووێت: (لەئێمە نییە ئەوەی ڕێز لەگەورەو پیرەكانمان نەگرێت)، باشترە ئێمە بەلایەنی ڕۆحی خۆمان گەنج بكەینەوە، واڵت دیزنی دەڵێت: (پیری تەنها لەجەستەدا نییە، بنەمای سەرەكی پیربوون لەڕۆحدایە).
پێویستە برەوی زیاتر بدەین بە بەساڵاچووان، هەروەك و سوود لەو هەگبە زێڕینەیان وەربگرین كە ئەزموونێكی باشیان لەژیاندا هەیە، پێویستە ئێمە دڵخۆش بین بەهەبوونی بەساڵاچوویەك لەنێوانماندا، هەوڵا نەدەین دووری بخەینەوەو گۆشەگیری بكەین، نەهێڵین بێنە ناو كۆمەڵ، بەڵكو دەبێت دڵكراوە بین بۆیان و گوێیان بۆ شل بكەین، بەتایبەت كاتێك باس لەڕابردوو بەسەرهاتی ژیانیان دەكەن، باشترە ئێمە ئەم هەلە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی سود لەژیانیان وەربگرین نەوەك مامەڵەیەكی ناتەندروستیان لەگەڵدا بكەین، چونكە ژیان بەرەو دوایە، پیری جۆرێك دەردی بێ دەرمانە كە هەمووان تووشی دەبن، چەندە بەسۆزو میهرەبانیەوە مامەڵە بكەیت ئەوە دڵنیابە لەوەی كە نەوەكان و دەوروبەریش بەهەمان شێوە هەڵسوكەوت دەكەن لە گەڵتدا، كاتێك چویتە هەمان قۆناغ. غاندی دەڵێت: (ئەگەر پیری نەبایە، نەمنداڵی تامی دەبوو نەگەنجیش گرنگ دەبوو).

Check Also

ڕێزی بەساڵاچوان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

محێدین شێخ محەمەد بەناوی خوای میهرەبان و بەسۆز لەهەموو كات و شوێنێكدا ئەو پەروەردگارەی بەدیهێنەری …