ڕەیان سیروان
نەک بۆ شارێک و وڵاتێک
عیززەتی ئوممەتێکە ئەو
نەک بۆ بەرپێی و چەن بستێک
چرای نێو زوڵمەتێکە ئەو
عەصای موسا لەپێشان بوو
ئێستا باسە عەصاکەی ئەو
هەر زانین بوو (عیلم الیقین)
ئێستا بینین (عین الیقین)
موجاهیدی هاوشێوەی ئەو
خەوم، خواردنم، ژیانم
هەمووی بووە بە تاسەی ئەو
بەتاڵە کتێبخانەکەی
ئەوەی نەیبێ کتێبی ئەو
لارەملە ئیمانەکەی
ئەوەی نەیبێ هیمەتی ئەو
ئەقصایە هەوڵ و کۆششی
من بم باڵاگەردانی ئەو
با ئەو بڕوات و کۆچ بکات
هەزار سنوار ئەبنە درەخت
با ئەو بیڕێژی خوێنەکەی
بۆ ئومەتێ ڕێ ئەبێ تەخت
هەر ئەوە پێشەوای مەیدان
بۆیە لەگەڵیان (كَأَنَّهُم بُنْيَانٌ)
با بجەنگن لەپشت و بەشاراوە و دوور
فِي قُرًى مُّحَصَّنَةٍ أَوْ مِن وَرَاءِ جُدُرٍ
لەپشت یەکتری نین هێشتا
خوا فەرموویە: قُلُوبُهُمْ شَتَّىٰ
لە قاموسی ئیسلامیدا مردن کوا کۆتاییمانە؟!
کێ ئەکوژن، خەیاڵی پوچی خۆیانە، مانای سەرەتای ژیانە
دووکەرتیانکرد
بەو دارەوە کە پەنایبوو
سەروەرمان زەکەریا
شەهیدیان کرد
لە واقیعا و چیرۆک نەبوو
سەروەرمان یەحیا
ئایا لێیان زەوتکردن ژیان؟!
توانیان بیوەستێنن بەرنامەکەیان؟!
لە پێنج چینەکەی ژیانا لە چینێکان
لە لاپەڕە ٧ ی مەکتووباتان
سنوار و هەزارانیتر زیاترنین لە پێغەمبەران
شوێنکەوتەن و بازرگانن وەکو ئەوان
ئەیفرۆشن سەر و گیان و ماڵ و سامان
بە بەهەشتێک کە قازانجە بەبێ گومان
دامنەناوە موصحەفەکەم
نەوەستاوە فرمێسکەکەم
دانانەوێ دەستەکانم، دوعا ئەکەم
خوایە بمکەیتە پاروێک
بمخەیتە گەدەی مناڵی موجاهیدێک
خوایە بمکەیتە خێمەیەک
بێتە ژێر سایەی سێبەرم بێوەژنێک
خوایە بمکەیتە قەمسەڵە
گەرمیکەمەوە ئەو پشتەی لەتاو سەرما بووە بە پەڵە
خوایە بمکەیتە کفنێک و
شەهیدێک لەباوەشبگرم
خوایە پاڵێکم پێوەنێ
یەک پلیکانە بجوڵێم تا کامڵ بم
لە تاریکی ئەم شەوگارە دەربازببم
پەردەی ئەم غەفڵەتە بدڕم
خوایە…. خوایە….
خوایە…. خوایە…
بۆ هەزار دوعا ئامینبێ
بەیانیمان لە بەهەشت بێ
ڕەزامەندی تۆی لەگەڵ بێ
لەگەڵ دیداری سەروەرا ئاوێتەبێ