شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

پۆشاک دەرخەری کەسێتییە

ڕۆشنا صالح علی
مرۆڤەکان لەسەرەتای دروستبوونی کەوندا جلوبەرگیان بەکارهێناوە بۆ پاراستنی جەستەیان لە دیاردە سروشتیەکانی گەرما وسەرما، ئەوکات سودیان لە گەڵا و پەلکی درەخت و پێست و خوری ئاژەڵەکان وەرگرتووە، پێ بەپێی پێشکەوتنی شارستانیەت بەرهەمهێنانی جلوبەرگ و دیزانینکردنی پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینی، تاوایلێهات هەر نەتەوەو وڵاتێک جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان بەرهەمهێنا، کەبەپێ هەڵکەوتەی جوگرافی و کەش و هەوای ناوچەکە و دابونەریتەکانی ئەو گەلە دیزاینی جلەکانیان کردووە، جلوبەرگ زەرورەتی هەر مرۆڤێکە هەڵبژاردنی خواست و سەلیقە و ئایدیای تێدا ڕەنگدەداتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا گفتوگۆ لە بارەی جلوبەرگەوە دەکەین لەگەڵ چەند کەسێکدا و لێیان دەپرسین:

پێناسەت بۆ جلوبەرگ چییە؟

تا چەند و بۆچی گرنگی بە جلوبەرگت دەدەیت ؟
ئایا بەپێ شوێن و بۆنەکان جلەکانت هەڵدەبژێریت؟
بۆ هەڵبژاردنی ڕەنگ و دیزاینی جلەکانت سود لە چی وەردەگریت؟
پێت خۆشە جلی كلتوری وڵاتت بپۆشی یا خود بیانی ؟

یاسەمین یەحیا نوسەر و میدیاکار، بە بەسەرهاتێکی مەلای مەشهور وەڵامی داینەوە و وتی: جارێک بانگ دەکرێت بۆ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی قەرەباڵغی دەبێ، ئەویش بە جلێکی ئاسایی ئیشەوە دەڕوات بۆ میوانییەکە دەرگاوانەکان نایناسن و ڕێگەی پێنادەن بڕواتە ژوورەوە، ئەویش دەگەڕێتەوە ماڵ، جلوبەرگی دەگۆڕێ و دەسماڵ و کەوای لەبەر دەکا و دەڕواتەوە بۆ داوەتیەکە، پێچەوانەی جاری پێشوو زۆر بە ڕێز و حورمەتەوە پێشوازی لێدەکرێ و لەسەری سەرەوە دادەنێرێ، کاتی نان خواردن چمکی کەواکەی دەگرێ و ڕووی دەکاتە قاپ و دەوریەکەی بەردەمی و لەسەر سفرەو دەڵێ فەرموو بخۆ، خەڵکەکەش لێیدەپرسن مەسەلە چییە ، ئەویش دەڵێ لەبەر جلوبەرگم ڕێزم لێگیرا و لەسەرەوە دانراوم.

جلوبەرگ ئاڵایەکی ڕێز و ڕەوشتە بۆ مرۆڤەکان کە لە ڕێیەوە دەتوانن سەربەرزی خۆیان بەدەوامبکەن، زۆر گرنگی پێدەدەم و بەشێکی لە ژیانم داگیر کردووە، بۆ ئەوەی دڵخۆش و ئاسودەبم چاوی ئەوانەی کە دەمبینن پڕبکەم لە جوانی، بێگومان بەپێی شوێن و بۆنەکان ڕەنگ و شێواز و جۆری جلەکانم هەڵدەبژێرم، بۆ ستایلی کلاسیک لە وێنە و فلمەکان سود دەبینم، بۆ ستایلی مۆدێرن لە دیزاینەر و پەیج و هەندێ کاری داهێنان و سەلیقەی خۆم، بێگومان جلی کلتوری وڵاتم جوانترین جلوبەرگە لام و بەشێکی زۆری جلەکانم جلی کلتوری وڵاتمە و دڵخۆش و سەربەرزم بە پۆشینی .

باران محمد، مافناس و چالاکوان دەڵێ : زۆر گرنگی بەجلوبەرگم دەدەم بە بەشێک لە کەسایەتیم دەیبینم، بۆ جوانی و پاک و تەمیزی، بەپێ شوێن و بۆنەکان جلەکانم هەڵدەبژێرم، بۆ هەڵبژاردنی جلەکانم سود لەکەسانی چواردەور و ئەوکەسانەی ئەزمونیان هەیە وەک دوکاندار و دیزاینەرەکان وەردەگرم، بێگومان جلی کلتوری لە پێشترە لام.

خاتوو گوڵان، کە لە دەرەوەی وڵات دەژی لە پێناسەیدا بۆ جلوبەرگ دەڵێ خەڵکی بە جلوبەرگ هەڵدەسەنگێنرێت، زۆر زۆر گرنگی بەجل و بەرگم دەدەم، چونکە پێناسەم دەکات لە چاوی بینەرداو هەروەها نەفس و دەرونی خۆم ئاسودەدەبێ کاتێ ڕێکپۆش و مورەتەبم، بەپێ شوێن و بۆنەکان جلەکانی هەڵدەبژێرێم و بۆهەڵبژاردنی جلەکانی پێیخۆشە ڕای هاوسەری وەربگرێت لەبەرئەوەی سەلیقەی جوانە و هاوکارێکی باشیەتی، هەروەها خاتوو گوڵان وتی زۆر حەزم لە جلی وڵاتی خۆمە کەجلی کوردی ئاڵ و نەخشین و خانەدانی و نازەنینیە.

باوکی زەند، کاری ڕۆژانەی لە کۆمپانیایە لەبەشی کارگێڕی : پرسیاری جلوبەرگمان لێکرد ، وتی زۆر گرنگی بەجلوبەرگم دەدەم لە ژیانی کار و ژیانی ئاسایمدا، بەپێ شوێن و بۆنەکان جلەکانم هەڵدەبژێرم ، بۆ هەڵبژاردنی ڕەنگ و شێوازی دورینی لەگەڵ هاوسەرم هەڵیدەبژێرم، چوون سەلیقەی جوانە و کاری نەخشسازی دەکات شارەزایە لە بوارەکە، وتیشی زۆربەی کات پێمخۆشە جلی کوردی ڕەسەن پۆشاکی کلتوری نەتەوەکەم بپۆشم .

لە خاتوو (گەشبین خالید)، دەرچووی زانکۆمان پرسی تاچەند گرنگی بە جلوبەرگت دەدەی؟ وتی تاڕادەیەکی زۆر لەبەرئەوەی هەموو کەس ناتناسێت، هەموو کەس قسەت لەگەڵ ناکات بەڵام هەموو کەس دەتبینێت بۆیە جلوبەرگ ڕەنگدانەوەی شەخسیاتە، بە پێ شوێن و کات گرنگی بە هەڵبژاردنی جلوبەرگەکانم دەدەم، بۆ هەڵبژاردنیان
زیاتر گرنگی بەو ڕەنگانە دەدەم لەگەڵ ڕەنگ و شکڵی خۆم ئەگونجێت هەروەها تێکەڵکردنی ڕەنگی سارد و گەرم، جوانترین جل جلی کلتوری خۆمانە و زۆر پێوەی ئاسودەم و زۆربەی کات و شوێنەکان جلی کوردی ئەپۆشم.
ڕۆشتینە لای (شەپۆل عوسمان) کە لە بواری دورین جلوبەرگ سەرقاڵە لێمان پرسی، چۆن پێناسەی جلوبەرگ دەکەیت ؟ و تاچەند گرنگی بە جلوبەرگت دەدەیت؟ وتی جلوبەرگ بەشێکە لە کەسایەتی مرۆڤ هەربۆیە تا ڕادەیەکی زۆر گرنگی پێدەدەم و گرنگیدان بەجلوبەرگ کەسایەتی و سەلیقەی مرۆڤ دەردەخات، هاوکات بە گرنگیدان بە جلوبەرگیان کەسەکان وزەی ئەرێنی وەردەگرن و دڵخۆش دەبن لەناخەوە کە جلیان تەرتیب و مورەتەببێت، بەپێ شوێن و تەمەنی کەسەکان جلەکانم هەڵدەبژێرم بۆ شوێنی ڕەسمی جلی ڕەسمی لە بەردەکەم و بۆ شوێنێک بچم کەسی بەتەمەنی لێبێت جلێک هەڵدەبژرم کە لەگەڵ ئەوشوێنە یەک بگرێتەوە، هەروەها پێم خۆشە زۆرترین کات جلی وڵاتی خۆم بپۆشم، بۆ دیزاین و ڕێکخستنی ڕەنگەکانیش سود لە سەلیقە خۆم و بڵاوکراوەی ناو پەیجەکان وەردەگرم.

Check Also

خوازبێنی‌ (چیرۆكی واقعی)

وه‌رگێڕانی: كه‌تان خادیمیئه‌و باوكی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ دایكی و خوشك و براكانیدا ئه‌ژیا، ڕه‌وشت به‌رز و …