گوڵاڵە عبدالعزیز
خێزان یەکەیەکی کۆمەڵایەتی سەرەکیە لەدرووست بونی کۆمەڵگە کە پێک دێت لە دایک وباوک و منداڵ وهەندێ جار باپیرو داپیر، باوک ودایک هەڵسوڕێنەری خێزانن ئەرکی سەرەکیان پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵە، خێزان یەکەم دامەزراوەی کۆمەڵایەتیە کەتێیدا مرۆڤ فێری زمان وداب و نەریت و کەلتورو ئاین وهەڵسوکەوت و؛ بەها باڵاکان ویاساوڕێساکان دەبێت، هەروەها خێزان مایەی حەسانەوەو پشودانە بۆئەندامەکانی لەکاتیکدا لەسەربناغەی ڕێزو خۆشەویستی بنیاد نرابێت و، هەرکەسەو ڕۆڵ وئەرکی خۆی بزانێت سنوری کەسێتی تێدا پارێزراوبێت، بەدووردەبێت لەهەمووناکۆکی و توندووتیژیەک، نەمانی ڕێز و خۆشەویستی سەردەکێشێ بۆ دروست بوونی ناکۆکی وتوندووتیژی .
هۆکارەکانی توندووتیژی خێزانی
١-هۆکاری خوودی بریتیە لە بوونی نەخۆشی: جا نەخۆشی جەستەیی یا عەقڵی یا دەروونی.
٢-هۆکاری کۆمەڵایەتی ئەوکەسەی توندووتیژی بەکاردەهێنێت لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە لاوازە توانای گوێ گرتن ولێبووردنی بەرامبەری نیە بۆیە پەنا دەباتەبەر تووندوتیژی.
٣-هۆکاری ئابووری لەچوارچێوەی خێزاندا هەندێ جار باوک بۆبەدەس هێنانی بژێوی پەنا دەباتەبەر توندووتیژی، لەئەنجامدا بێکار دەمێنێتەوەو هەژاری بۆدروست دەبێت ولەبەرامبەردا پەنابۆتوندووتیژی دەبات .
٤-خۆکۆنترۆل نەرکردن لەکاتی تووڕەیدا تونووتیژی دروست دەکات.
٥-بەکارهێنانی کهول ومادەی هۆشبەر کە هۆش وئەقڵی نامێنی وتوندوتیژی دروست دەبێت.
توندوتیژی خێزانی یەکێکەلەو دیاردە ترسناکانەی کەلەزۆربەی کۆمەڵگەکاندا هەیەو دەبێتەهۆی خراپی ڕەوشی خێزان لەڕوی جەستەیی ودەروونی وکۆمەڵایەتیەوە.
*جۆرەکانی توندووتیژی ناو خێزان
-توندوتیژی بەرامبەر منداڵ:
زۆرجارمنداڵ لەناو خێزاندا دووچاری توندوتیژی جەستەیی ودەروونی دەبێتەوە لەلایەن دایک وباوکیەوە هەندێ کات لە خۆشەویستیە بۆ منداڵەکانیان بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لەکاری خراپ و ڕەوشتی ناڕێک، بێ ئاگالەوەی زیانێکی گەوەرە دەگەیەنێت بەمنداڵەکەیان، کەسێتی لاوازدەکات باوەڕی بەخۆی نامێنێت پشت بەخۆی نابەستێت و توشی خەمۆکی ودڵەڕاوکێ دەبێت، خەوی ناخۆش وئاڵۆزدەبینێت و کەسێکی توندوتیژی لێ دەردەچێت.
-توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ئافرەت:
توندوتیژی پیاو بەرامبەر ئافرەت، پێش هەموو کەسێ توشی ئەوئافرەتانە دەبێتەوە کەلێوەی نزیکن و لەگەڵی دەژین، کەمتر زەبری بەر ئەوئافرەتانە دەکەوێت کەپەیوەندی خێزانی وکۆمەڵایەتیان لەگەڵ نیە، بۆیە ئافرەت لەناوخێزاندا دووچاری توندووتیژی دەبێت بەهۆی ئەوهۆکارانەی باسمان کرد.
-توندوتیژی دژی پیاو:
لەهەندێ حاڵەتدا لەناو هەندێ خێزاندا توندووتیژی بەرامبەر بەپیاوان دەکرێت زیاتر توندوتیژی دەروونییە.
*خێزان چۆن ژینگەیەکی ئارام دەبێت؟
خێزان پێگەودامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتیە کەتێیدا ئەندامەکانی هەست بەدڵنیایی وئارامی دەکات و، کەسێتی پارێزراوە ئەگەر ئەو خێزانە ئەم مەرجانەی تێدابێت:
١-خۆشەویستی و سۆز پێویستە خێزان کاتێک دروست ئەبێت سۆزوخۆشەویستیان هەبێت بۆیەکتر، ئەمە وایان لێ دەکات کەدوربن لەهەمووناکۆکیەک وگیانی لێ بوردن ولێخۆش بوون ئەبێت بەئاکاریان.
٢-هاوکاربن لەهەموو کارێکی خێزانی وتایبەتی وڕاوێژبەیەکتر بکەن وڕێزلەڕاکانیان بگرن.
٣-ڕێزگرتن وبوونی ڕێز لەنێوانیان، کەسیان خۆی بەگەورەتر و باشتر لەوی ترنەزانێت.
٤-گفتوگۆکردن ڕاگۆڕینەوە وگوێ گرتن لەیەکتر.
٥-بوونی دەستخۆشی وسوپاس لەئەنجام دانی ئەرکی ڕۆژانەیاندا.
ئەگەرخێزان لەسەر ئەم مەرجانە بنیات نرا، خۆشەویستی بناغەی دامەزراندنی بوو، ژینگەیەکی ئارامی دروست کرد، بێگومان ڕێگر دەبێت لەتوندوتیژی و نەوەیەکی دروست پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکات وکۆمەڵگەیەکی ئارام دروست دەبێت.