نوسینی/ بەهار عبدالرحمن محمد
سكرتێری یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان
توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە شێوەی جۆراوجۆری هەیە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ژنان لەسەر ئاستی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی دادەنێت، توندوتیژی دژی ژنان بە هەر ڕەفتارێک پێناسە دەکرێت کە ببێتە هۆی زیان یان ئازار بۆ ژنان و بە ئەنقەست لە چوارچێوەی ژینگەیەکدا ئەنجام دەدرێت کە بە نایەکسانی ڕەگەزی تایبەتمەندە، جا چ لەناو خێزان، چ لە شوێنی کار، یان تەنانەت لە کایەی گشتیدا.
توندوتیژی دژ بە ژنان پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی ئیسلامە، کە لەسەر بنەمای ڕەحمەت و دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە،گرنگە کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و تێگەیشتنی دروست و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگەدا.
لێرەدا پێداچوونەوە بە وردەکارییەکانی ئەم دیاردەیە و فۆرمەکانی و هۆکارەکانی و میکانیزمەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەکەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.
یەکەم/ جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان
*توندوتیژی جەستەیی
هەر دەستدرێژییەکی جەستەییە بۆ سەر ژنێک، وەک لێدان، پاڵدان، یان بەکارهێنانی ئامرازێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، توندوتیژی جەستەیی یەکێکە لە توندترین و دیارترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان.
*توندوتیژی دەروونی
ئەم جۆرە توندوتیژییە بریتییە لە سووکایەتی زارەکی، هەڕەشە، سووکایەتیکردن و فشاری سۆزداری کە دەبێتە هۆی نەبوونی متمانە بەخۆبوونی ژن یان هەستکردن بە گۆشەگیری، توندوتیژی دەروونی کاریگەری قووڵ و درێژخایەنی لەسەر تەندروستی دەروونی ژنان هەیە.
*توندوتیژی سێکسی
هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی و ئیستغلالکردنی سێکسی بە هەموو جۆرەکانیەوە دەگرێتەوە، توندوتیژی سێکسی کاریگەری دەروونی و جەستەیی سەخت لەسەر ژنان بەجێدەهێڵێت و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی دەروونی درێژخایەن.
*توندوتیژی ئابووری
توندوتیژی ئابووری دژ بە ژنان جۆرێکە لە توندوتیژی کە خۆی لە کۆنترۆڵی دارایی بەسەر ژنان و بێبەشکردنی سەرچاوەی ئابووری یان دەرفەتێک کە وایان لێدەکات لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بن و مافە ئابوورییەکانی خۆیان بەدیبهێننن دەبینێتەوە، ئەم توندوتیژییە بە چەندین شێوە ئەنجام دەدرێت، لەوانە (کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان، ڕێگریکردن لە کارکردن یان خوێندنی ژنان، ناچارکردنی ژن بۆ دەستبەرداربوون لە موڵک و ماڵی خۆی، کۆنتڕۆڵکردنی بڕیارەکانی خەرجکردن، جیاکاری لە مووچە و پلەبەرزکردنەوەدا) هەموو ئەمانە توانای ژنان لە بڕیاردانیان سەبارەت بە ژیان و داهاتوویان لاواز دەکات.
*توندوتیژی کلتووری
لە ڕێگەی داب و نەریتەکانەوە دەردەکەوێت کە ژنان بچووک دەکەنەوە یان دەیانخەنە ناو ڕۆڵی زۆرەملێ، وەک هاوسەرگیری پێشوەختە، فرەژنی بێمەرج، یان تەنانەت سەپاندنی پێوەرە تایبەتەکانی ڕەفتارکردن.
دووەم/ هۆکارەکانی توندوتیژی دژی ژنان
*جیاکاری ڕەگەزی
ئەو نەریت و کولتوورانەی کە پیاوان بە باشتر دەزانن بەسەر مێینەکاندا، یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان، لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا نێرەکان فێری باڵادەستی و کۆنترۆڵکردن دەکرێن، لە کاتێکدا مێینەکان فێری گوێڕایەڵی و ملکەچبوون دەکرێن.
*نەبوونی پەروەردە
نەبوونی پەروەردە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها وایان لێدەکات کەمتر توانای بەرگریکردنیان لە مافەکانیان هەبێت، ئەمەش ئەگەری بەرکەوتنیان بە توندوتیژی زیاتر دەکات.
*زەوتکردنی ئابووری
زەوتکردنی مافە ئابورییەکانی ژنان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دادەنرێت کە بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەریان، ئەم بێبەشکردنە پێکدێت لە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان وەک کارکردن، خاوەندارێتی، یان سەربەخۆیی دارایی، ئەمەش وایان لێدەکات کە تووشی کۆنتڕۆڵکردن و ئیستغلالکردنی کەسانی دیکە بن.
زەوتکردنی ئابوری ژنان تەنیا کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتی و ئینسانییە کە جیاوازیی ڕەگەزی قووڵتر دەکاتەوە و دەرکەوتەکانی توندوتیژی بەرامبەریان زیاتر دەکات.
*یاسا لاوازەکان و نەبوونی دادپەروەری
نەبوونی یاسای ڕێگریکردن یان جێبەجێنەکردنی یاساکان دەتوانێت تاوانبارانی توندوتیژی بێخەم بکات لە دەرئەنجامەکانی، هانیان بدات بۆ دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکانیان.
سێیەم/ کاریگەرییەکانی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دژی ژنان تەنیا کاریگەری لەسەر قوربانیەکە ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو خێزان و کۆمەڵگا بە گشتی دەگرێتەوە، کاریگەرییەکانی بریتین لە:
*زیانە جەستەیی و دەروونییەکان: توندوتیژی دژی ژنان کاریگەری جەستەیی بەجێدەهێڵێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی کەمئەندامی هەمیشەیی، هەروەها کاریگەرییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تێکچوونی فشاری دوای کارەسات.
*کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان: لەوانەیە ئەو ژنەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت توانای بەشداریکردنی کاریگەر لە کۆمەڵگادا لەدەست بدات، و لەوانەیە خۆی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیر ببینێتەوە.
*کاریگەری لەسەر منداڵان: ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەکی توندوتیژدا گەورە دەبن، مەیلیان هەیە لە دواتردا ئەم ڕەفتارانە دووبارە بکەنەوە، ئەمەش سووڕی توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە.
چوارەم/ میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
*هۆشیاری و پەروەردە
پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری کە هەموو کۆمەڵگا دەکەنە ئامانج بەهێزتر بکرێن، جەخت لەسەر مافەکانی ژنان و ڕۆڵی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا بکرێتەوە، دەتوانرێت وتار و وۆرک شۆپی پەروەردەیی پێشکەش بکرێت کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بەشداربن.
ڕێنماییە ئیسلامییەکان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە ماف و مامەڵەی ژنان ڕوون بکرێتەوە کەلەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری بەندە بەوەی:
ئیسلام ڕێز لە ژنان دەگرێت و لە ڕووی کەرامەتی مرۆڤایەتییەوە مافی یەکسانی پێبەخشیووە خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) واتە (ئێمە ڕێزمان لە نەوەی ئادەم (مرۆڤ)گرتووە).
هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتان بە میهرەبانی و ڕەحمەوە لە ڕێنماییەکانی پێغەمبەرمانە صلى الله عليه وسلم کە دەفەرموێت ( استوصوا بالنساء خيرا) واتە (بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن).
هەروەک ئیسلام هەموو جۆرە ئازاردانێک یان توندوتیژییەک قەدەغە دەکات جەستەیی یان دەروونی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: (المسلم من سلم المسلمون من لسانه ويده) واتە موسڵمان ئەو کەسەیە کە موسڵمانان لە زمان و دەستی سەلامەت بن.
*بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە
بە دابینکردنی هەلی کاری گونجاو و ڕاهێنانی پیشەیی، ژنان دەتوانن سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن، ئەمەش توانای پاراستنی خۆیان بەرز دەکاتەوە، بەهێزکردنی ئابووری بە یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکان دادەنرێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی چونکە وابەستەیی ژنان بە کەسانی دیکە کەمدەکاتەوە.
*جێبەجێکردنی یاساکان و توندکردنەوەی سزاکان
پێویستە ئەو یاسایانەی کە توندوتیژی دژی ژنان بە تاوان دەزانن چالاک بکرێن و سزای تاوانباران زیاد بکرێت، بوونی یاسایەکی توند و بەدواداچوونی جددی لەلایەن پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕەنگە هانی ژنان بدات بۆ ڕاپۆرتکردنی توندوتیژی.
*پاڵپشتی لە خزمەتگوزارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان
پێویستە سەنتەری چاکسازی و پاڵپشتی دەروونی بۆ ژنانی دەستدرێژیکراو دابین بکرێت، لەوێدا بتوانن چارەسەری دەروونی و پاڵپشتی پێویست وەربگرن بۆ گەڕاندنەوەی متمانەیان بەخۆیان و یارمەتیدانیان بۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخەکەدا.
*بەشداریکردنی پیاوان لە هەوڵەکانی دژە توندوتیژیدا
بەشداریکردنی پیاوان لە گفتوگۆکان سەبارەت بە توندوتیژی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر خێزان، پیاوان دەتوانن دەنگەکانیان بەکاربهێنن بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و تەحەدای ئەو نۆرمە کولتوورییانە بکەن کە توندوتیژی بەرەوپێش دەبەن، پیاو کاتێک دژی توندوتیژی دێتە دەنگ و پشتیوانی خۆی بۆ پرسی ژنان نیشان دەدات، بەشداری دەکات لە گۆڕینی ڕوانگەی کۆمەڵگە.