شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

چۆن منداڵەکەم وشەی خراپ (جنێو) بەکارنەهێنێت

ئاسیا مجید
کاتێک منداڵێک، وشەیەکی ناشیاو بەکار دەهێنێت کە لە ئاست ڕێزی کەسێکی گەورەدا نیە، دەبێت ئەوەی کەوا گەورەترە، دەست بەجێ شێوازێکی پەروەردەیی تەندرووست بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی منداڵەکە فێرببێت کە ئەوەی ووتویەتی هەڵەیەو دووبارەی نەکاتەوە، بەداخەوە زۆرێک لە گەورەکان بێ ئاگان لەم شێوازە پەروەردەییانە و بێ ئاگایانە بەشدار دەبن لە لاوازکردنی کەسێتی منداڵەکەیاندا.
هەوڵدەدەم شێوازی دروست و نادرووست بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا ڕوون بکەمەوە.

1-شێوازی نادرووست:
٭ منداڵ ووشەیەکی ناشیاو بۆ یەکەمجار و بە بێ ئاگایی بەکاردەهێنێت.
٭ کەسی گەورەتر لەخۆی؛
ا. ئەمە لە کێوە فێربووی؟
هەڵەکە : دوورخستنەوەی تەرکیزی منداڵ لەسەر خودی هەڵەکەو تاوانبارکردنی کەسانی دی.
ب.چاو سوور کردنەوەو وەستان بۆ چەن ساتێک.
هەڵەکە: ترساندنی منداڵ، لەم کاتەدا منداڵ ئەوەندەی هەوڵەدات لە سەرچاوەی ترسەکە خۆی دەرباز بکات ئەوەندە ئامادە نیە بۆتێگەشتن لەخودی هەڵەکە.
ج. هەوڵدان بۆ پێ دووبارە کردنەوەی وشە هەڵەکە، بەمەبەستی تێگەیاندنی لەوەی کە قسەکەی هەڵەبوە.
هەڵەکە: سوکایەتی کردن و کەم کردنەوەی کەسایەتی منداڵەکە.
د. گوێ شل نەکردن بۆ ئەو وردە پرتە و وشانەی کە منداڵەکە لەو ساتەدا دەیانڵێت.
هەڵەکە: منداڵ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وشەی ببورە، یان هەڵەم کرد، یان دووبارە نابێتەوە…هتد لەبەرخۆیەوە دەڵێت، بەڵام کەسی گەورە دەشێت لەبەر شڵەژان و تووڕەیی گوێ بیست نەبێت، بۆیە ئەمەش هەستی ڕق لای مناڵ درووست دەکات، چونکە پێی وایە داوای لێ بوردنەکەی قبوڵ نەکراوە.

2.شێوازی درووست:
ا.هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی خود و توڕە نەبوون.
ب.ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئەو ووشەیە هەڵەیە.
ج.بەڕێزەوە داواکردن لە منداڵەکە تا جارێکیتر دووبارەی نەکاتەوە.
د.بە ووردی گوێ شلکردن بۆ ورتەو پرتەکانی مناڵەکە و دەستبەجێ تەرکیز خستنە سەر داوای لێ بوردنەکە، درێژەدان بە قسەی هاو شێوەی، (ئافەرین کە داوای لێبوردنت کرد، داوای لێ بوردن وا ئەکات لە بەرچاوی ئەوانیتر گەورەبیت، داوای لێبوردن ڕەوشتێکی زۆر جوانەو تۆش خاوەنی ئەو ڕەوشتە جوانەی بۆیە خۆشەویست دەبیت لای هەموان هتد…)
بەم شێوەیە ، منداڵ تەرکیزی لەسەر ووشە هەڵەکە هەر نامێنێ و تەرکیز ئەخاتە سەر ئەوەی لەسەر ئەم سیفەتە باشە بەردەوام بێت، تاخۆشەویستر و ویستراو بێت لای گەورەکان.

Check Also

خوازبێنی‌ (چیرۆكی واقعی)

وه‌رگێڕانی: كه‌تان خادیمیئه‌و باوكی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ دایكی و خوشك و براكانیدا ئه‌ژیا، ڕه‌وشت به‌رز و …