کەتان خادیمی
ساڵی (1994)ماڵمان گواسته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، كاتی كیمیابارانه‌كه له سلێمانی بووم، به پێی پێویستیش چیرۆكه‌كانم نه‌بیستبوون، بۆ تێگه‌شتن له هه‌ڵه‌بجه ئه‌بێت زۆر ببیستیت زۆر زۆر.. هێنده‌ی ژماره‌ی كه‌سه ڕزگاربووه‌كان، چیرۆكی كیمیاباران و پرسه بێكه‌سه‌كانی ئوردوگا…ئه‌و ساڵانه سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان كه له‌وێ بووین هێشتا كۆڵانه‌كان و شه‌قامه‌كان بۆنی خه‌رده‌لیان لێده‌هات، ئه‌گه‌ر كوڵانێك هه‌مووی نه‌رووخابێت ئه‌وا چه‌ند خانوویه‌كی به‌كه‌لاوه بووی تیا بوو، هێشتا ئازار‌و برینی ئه‌م شاره ته‌ڕبوو، چۆره‌ی ئه‌هات له خوێن. ئه‌گه‌ر ببویتایه میوانی ماڵێك، یان كه‌سێك میوانت بووایه چیرۆكێكی نوێت ئه‌بیست جیاواز له چیرۆكه‌كانی دی، من سه‌رسام ئه‌بووم كه چۆن ئه‌ندامانی یه‌ك خێزان له‌یه‌ك ژێرزه‌میندا بوون، به‌ڵام چیرۆكه‌كانیان جیاواز بوون!
ئه‌و ساڵانه بازار‌و دووكانه‌كان ڕووخابوون، هه‌ندێكیان برنج و ڕۆنیان به كیلۆ دانابوو بۆفرۆشتن، هه‌ندێك خاوه‌ن پیشه‌ش ده‌ستیان دابووه‌وه كاركردن، ده‌نگی مشاری دارتاش و چه‌كوشی ئاسنگه‌ره‌كان و مه‌كینه‌ی دروومانه‌كان نیشانه‌ی هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بوون، هه‌ندێك دایك هێشتا پرسه‌داربوون، ئه‌و كۆسته‌كه‌ی ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو ده‌بوو هه‌موو ته‌مه‌نی له پرسه‌دا بێت، چونكه وه‌ك خۆیان ئه‌یانوت برینداره‌كانمان مردن و نه‌مانتوانی تنۆكێك ئاو بكه‌ینه سه‌ر زاریان، پرسه‌یه‌كمان بۆ دانه‌نان ماڵێك نه‌بوو دوو كه‌س بۆ سه‌ره‌خۆشیی ڕووی تێبكه‌ن، ژنی كورد ئه‌وه بووه به به‌شێك له ژیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی كه بڕوات بۆ پرسه‌ی كۆچكردووان‌و دڵنه‌وایی خاوه‌ن پرسه بكات، یان سه‌ره‌خۆشیی لێبكرێت، بۆیه نه‌بوونی پرسه بۆ دایكێكی كورد زۆر قورسبوو.
زۆربه‌ی ژێر زه‌مینه‌كان بۆنی خه‌رده‌ل و ته‌رمیان لێئه‌هات كه‌سی وا ئه‌ناسم له كیمیابارانه‌كه له‌هه‌ڵه‌بجه نه‌بوو بوو، بەڵام به‌هۆی پاككردنه‌وه‌ی ژێرزه‌مینێكه‌وه نه‌خۆش كه‌وتبوو ئێستاش نه‌خۆشه، ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه دوای سێ چوار ساڵ پاك نه‌بوو كه‌سیش له خه‌مدا نه‌بوو بۆی، زوربه‌ی ماڵه‌كان نایلۆنیان دابوو به‌سه‌ر سه‌ربانه ته‌پیوه‌كه‌یاندا، ماڵی واهه‌بوو حه‌وت شه‌هیدی هه‌بوو له ناچارییدا له‌هه‌مان خانووی به‌كه‌لاوه بوودا ئه‌ژیا، بۆیه به‌رده‌وام خه‌مباربوون و، شه‌هیده‌كانیان به خۆیان و یادگاریه‌كانیانه‌وه له‌به‌ر چاویان بوون.
له‌بیرمه شه‌وێكی هاوین به‌ده‌نگێك راچڵه‌كین له گه‌ڕه‌كی ئه‌ودیوه‌وه هاواری ئه‌كرد، دایكم…. كه‌وته ناو بیره‌كه‌وه، دایكم رزگار بكه‌ن، منیش زۆر ترسام، بۆچی دایكی به‌م شه‌وه ئه‌و بیره‌ی نه‌بینیوه ناچار با‌نگم له دراوسێكه‌ی ئه‌ودیومان كرد تا بزانم ئه‌و ده‌نگه چیه ئاخر چۆن ژنێك له‌بیر ده‌ربهێنرێت؟ وتی نا ئه‌وه تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بووه دایكی له كیمیابارانه‌كه تیاچووه!!!
له هه‌ڵه‌بجه فشاری گه‌مارۆی ئابووری چه‌ند قاتی شوێنه‌كانی دیكه بوو، چونكه خه‌ڵك له شاره‌كانی تر شتێكی ماڵه‌کەی ئه‌فرۆشت یان خشڵ یان پارچه زه‌وی یان خانوو .. ئه‌مان ئه‌وه‌شیان له‌ده‌ستدابوو له‌هه‌مانکاتدا نه كارگه‌یه‌ك نه هیچ شتێكی تیا نه‌مابوو كه گه‌نجه‌كان بكه‌ونه سه‌ر ئیش.
ئه‌وه‌ی ببووه چیرۆكێكی دیكه‌ی ئازاری خه‌ڵك له ساڵی (1993)دا هێزێكی ده‌سه‌ڵاتداری كوردی له جه‌نگی نێوخۆدا هێرشی كردبووه سه‌ر ئه‌م شاره‌و قه‌تلو عامێكی زۆری ئه‌نجامدابوو، له رووی خزمه‌تگوزاریه‌وه فه‌رامۆشكرابوو به‌ناوی هه‌ڵه‌بجه‌وه پاره وه‌رئه‌گیرا به‌ڵام هیچی بۆ هه‌ڵه‌بجه خه‌رجنه‌ئه‌كرا. له بیرمه محه‌ویله‌ی گه‌ره‌كمان سووتا له گه‌ره‌كی پاشا، به‌دیارچراوه بووین له‌و بێكاره‌بایه‌دا شانزە ڕۆژبوو خوای گه‌وره كورێكی پێبه‌خشیبووین، كه ئه‌چووینه ماڵان تا ئه‌هاتینه‌وه چاوی ئه‌بڵه‌ق ئه‌بوو به‌دیار گڵۆپه‌وه تا ته‌مه‌نی بوو به هه‌شت مانگ ئینجا محه‌ویله‌كه چاككرایه‌وه، دووكه‌ڵی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌مووی له‌وێبوو له‌به‌رئه‌وه‌ی بێكارو كاسپی بوون، گه‌نجه‌كان ئه‌بوونه چه‌كدار تا مووچه‌یه‌ك وه‌ربگرن، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك ته‌رمیان ئه‌هاته‌وه، چوومه‌ته چه‌ندان پرسه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ كه پرسه‌كه‌ی له ژێر مسه‌له‌حێكی رووخاودا بوو، دیاربوو كه ئه‌م گه‌نجه بۆچی په‌نای بردۆته به‌رچه‌كداریی……
به‌ڵێ له‌هه‌ڵه‌بجه گرمه‌ی فرۆكه‌كان به‌ئاسمانه‌وه نه‌مابوو بەڵام له‌ناو سه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌یدا مابوون. ئه‌مانه‌و چه‌ندان چیرۆكی تری گرانی و شه‌ڕم له‌هه‌ڵه‌بجه بینین و زیاتریش، بەڵام له‌پاڵ ئه‌م هه‌موو خه‌م و قه‌یرانانه‌دا ئه‌وه‌ی له یادم ناچێت دیوێكی جوانی ئه‌م شاره‌یه خه‌ڵكه باش و میهره‌بانه‌كه‌ی له یاد ناكه‌م بۆ ئێمه كه كرێچی بووین چه‌ندان گه‌ڕه‌كمان كرد له‌هه‌ركوێیه‌ك بووبم دراوسێ وه‌ك ماڵه باوان بوون بۆمان، له خولق و له مه‌حه‌به‌تیان، هه‌روه‌ك چه‌ندان هاورێمان ناسی كه له‌وانه‌یه له‌هه‌ڵه‌بجه نه‌بوونایه له هیچ شوێنێك نه‌مناسینایه و، تا ئه‌م ساته‌ش وه‌ك یه‌ك ماڵین، له‌پاڵ ئه‌م دووكه‌ڵی خه‌مانه‌دا ژنانیان له‌پاڵ كه‌لاوه‌كانیاندا باخچه‌یه‌كی رازاوه‌یان درووستكردبوو هه‌تا قاوغی سارووخه‌كانیان پڕكردبوو له گڵ و پریان كردبوو له گوڵ، كه‌م ماڵ هه‌بوو له‌باخچه‌یه‌كی رازاوه‌دا پێشوازیت لێنه‌كات، له‌هه‌مان كاتدا زۆرێك له‌كچان كه زیره‌كبوون و به‌هۆی كیمیابارانەوە خوێندنیان له ده‌ستدابوو گه‌ڕانه‌وه بۆخوێندن، هه‌رچه‌نده ده‌بوو خوێندنگه‌ی تایبه‌تیان بۆبكرێته‌وه به‌ڵام نه‌بوو ئه‌وان له‌به‌ر گه‌وره‌یی هیوایان له‌پاڵ مناڵه بچووكه‌كاندا دانیشتن وبوونه‌وه به قوتابی.
گه‌نجه‌كانیشیان نموونه‌ی زیره‌كی و ڕه‌وشت بوون له‌هه‌ركوێیه‌ك ئه‌بوون.كاری شانۆ و تیپی هونه‌ری و چالاكی ئه‌ده‌بیش به‌رده‌وامبوون له هۆڵه‌كه‌ی (ئه‌حمه‌د موختار) كه بنمیچه‌كه‌ی ئه‌زبێز بوو هه‌میشه مناڵان به‌ردێكیان هه‌ڵئه‌دا به ئاوازێكی سه‌یره
ته‌ق ته‌ق ته‌ق خلۆر ئه‌بوه‌وه، ده‌بوو كه‌مێك پێشكه‌شكار بۆستێت تا ئه‌كه‌وته سه‌ر زه‌وی، قه‌ره‌باڵغی و تامه‌زرۆی خه‌ڵك بۆ ئه‌م چالاكیانه جێی سه‌رسوڕمان بوو، مناڵان گۆرانیان ئه‌وتوو خه‌میان ده‌ڕه‌وانده‌وه گه‌وره‌كانیش چه‌پڵه‌یان بۆلێئه‌دان، له شانزه‌ی سێشدا یه‌ك كه‌س له‌ماڵه‌وه نه‌ده‌مایه‌وه هه‌موویان به پیرو گه‌نج و ژن و مناڵه‌وه ڕوویان ئەکردە گۆڵان…
هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان خۆیان به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی خۆیان بیره ئاوه‌كانیان پاك كرده‌وه، خۆیان فرمێسكه‌كانی یه‌كتریان ئه‌سڕی، هه‌وڵیان ئه‌دا حیزبایه‌تیش كار نه‌كاته سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانیان، هه‌رچه‌نده له‌و كاته‌دا هێزه ده‌سه‌لاَتداره‌كان له‌رووی مادیه‌وه زۆر سوودمه‌ند ئه‌بوون له كاره‌ساته‌كه به‌ڵام خزمه‌تگوزاری سفر بوو.
دڵسۆزی مامۆستایان له قوتابخانه‌كان و كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی دڵسۆز له نه‌خۆشخانه‌كان و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌كرابوونه‌وه له‌باسكردن نایه‌ن كه چۆن به‌دڵ هه‌وڵیان ئه‌دا ئه‌م شاره هه‌ڵسێنه‌وه،
ئه‌وه‌ی له‌یادم ناچێت له‌وساڵانه‌دا كه به هه‌رلایه‌كدا برۆشتیتایه كه‌لاوه‌ت به‌رچاو ئه‌كه‌وت، ( زه‌نوێر)ی كوڕم پێش نه‌خۆشكه‌وتنی وه‌ك مناڵێكی ته‌مه‌ن پێنج شه‌ش ساڵ هه‌میشه پرسیاری ئه‌كرد دای ئه‌وه‌ش صه‌دام ڕووخانوویه‌تی؟ دای ئه‌و خانووه بۆ ڕووخاوه؟ هه‌میشه ئه‌موت به‌ڵێ زه‌نوێر گیان، له‌یادی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌هاته به‌رده‌رگاو سه‌یری ڕێپێوانه‌كانی ئه‌كرد له شانزه‌ی سێ‌دا.
زه‌نوێر هه‌ر له‌هه‌ڵه‌بجه نه‌خۆش كه‌وت هه‌سته‌كانی له‌ده‌ستدا، ئێستا كه‌مترین وشه ئه‌زانێت بنووسێت، بەڵام ئه‌زانێت له گوگڵ بنووسێت (حلبجه) له ژووره‌كه‌شی هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ی هه‌ڵگرتوون كه باس له هه‌ڵه‌بجه ئه‌كه‌ن، ئه‌و ئه‌زانێت بڵێت ئومه‌ر …واتا عومه‌ر خاوه‌ر ناوی هه‌ڵه‌بجه‌شی گۆڕیوه پێیئه‌ڵێت( مه‌جید).