هەینی , حوزه‌یران 19 2026

مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان: لە نێوان نێوەندە یاساییەکان، فەرمانە شەرعییەکان و ویژدانی کۆمەڵایەتیدا

ڕوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

کاتێک مرۆڤ دەگاتە تەمەنی بەساڵاچوون، نەخشەی پێداویستییەکانی دەگۆڕێت؛ جەستەی لاواز دەبێت، بەڵام هەستیاری و پێویستی بە ڕێزگرتن و پاراستنی کەرامەتی دەگاتە لووتکە. نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی وەک “ڕۆژی جیهانیی هۆشیاری لە دژی خراپ ڕەفتارکردن لەگەڵ بەساڵاچووان” داناوە، بۆ ئەوەی یادهێنەرەوەی ئەو ڕاستییە بێت کە پاراستنی ئەم توێژە تەنیا ئەرکێکی سۆزداری نیە، بەڵکو پابەندییەکی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتییە.

ئەو ڕەفتارە نامۆو بێزراوانە چییە کە کاتێک کە دایکان و باوکان دەچنە تەمەنەوە منداڵەکان بەرامبەریان بە کاریدەهێنن وەچ کاریگەرییەک لەسەریان دادەنێت؟

کاتێک دایک و باوک پیر دەبن، هەندێک جار منداڵەکان (بە ئەنقەست یان بەهۆی نەزانین و فشاری ژیانەوە) چەند ڕەفتارێکی نامۆ و بێزراو بەکاردەهێنن کە برینی زۆر قووڵ لە ڕۆحی دایک و باوکدا دروستدەکات.
لێرەدا لە چوارچێوەی یاسا، شەرع و واقیعی کۆمەڵایەتی، ئەو ڕەفتارە بێزراوانە و کاریگەرییە هەمەلایەنەکانیان دەخەینەڕوو:

یەکەم: دیارترین ئەو ڕەفتارە نامۆ و بێزراوانەی بەرامبەر دایکان و باوکانی بەساڵاچوو دەکرێن.
١- “پەراوێزخستن” و بێدەنگکردن:

کاتێک دایک یان باوک دەیەوێت بیروڕای خۆی بڵێت یان باسی ڕابردوو بکات، منداڵەکان بە بێتاقەتییەوە پێی دەبڕن و دەڵێن: “تۆ لێی تێناگەیت، سەردەمی تۆ گۆڕاوە” یان “ئەم قسەیە سەد جارت کردووەتەوە”.

٢. مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەک “منداڵێکی بچووک” (تەکنیکی بچووککردنەوە):
زۆر کات منداڵەکان بە تۆنێکی فەرمانڕەوایانە و نزمکەرەوە قسە لەگەڵ دایک و باوکیان دەکەن، وەک ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی ژیانیان بکەن (بۆ نموونە: “ئەوە مەخۆ”، “ئێستا مەچۆ دەرەوە”، “دانیشە زۆر قسە مەکە”). ئەمە لێسەندنەوەی کەرامەت و بڕیارە لە مرۆڤێک کە تەمەنێک سەرپەرشتیاری خێزان بووە.
٣. منەتبارکردن وەک “بارگرانی ئابووری و جەستەیی”:

_ڕەفتارەکە: گازندەکردنی بەردەوام لە خەرجی دەرمان، پزیشک، یان کاتی چاودێریکردنیان لەبەردەم خۆیاندا. یان گواستنەوەی دایک و باوکەکە لە نێوان ماڵی خوشک و براکاندا بە شێوازێک کە هەست بکەن وەک “بارێکی قورس” لە کۆڵ یەکدییان دەکەنەوە.
4.چاوچنۆکی دارایی پێشوەختە (فێڵی یاسایی و دارایی):
گوشارخستنە سەر دایک و باوک بۆ دابەشکردنی میرات یان گواستنەوەی خاوەندارێتی خانوو و زەوییەکان لە ژیاندا، یان دەستبەسەرداگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان بەو ناوەی کە ئەوان ئیتر پێویستیان بە پارە نییە.
دووەم: کاریگەرییەکانی ئەم ڕەفتارانە لەسەر دایک و باوکی بەساڵاچوو:
ئەم ڕەفتارانە وەک چەقۆیەکی بێدەنگ وان، کاریگەرییەکانیان تەنیا ئازارێکی کاتی نییە، بەڵکو سێ ڕەهەندی مەترسیدار دەگرێتەوە:
١. کاریگەری دەروونی و جەستەیی (مردنێکی هێواش):

  • داڕوخانی ناوەکی: دایک و باوک تووشی حەسرەت و دڵشکانێکی قووڵ دەبن، چونکە دەبینن ئەوانەی تەمەنیان بۆ فیدا کردن، ئێستا بە چاوی بارگرانی سەیریان دەکەن.
  • خەمۆکی و گۆشەگیری قووڵ: پەککەوتنی دەروونی خێراتر دەکات، دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو، نەمانی ئارەزووی خواردن، و سەرجەم ئامارە پزیشکییەکان دەیسەلمێنن کە بەساڵاچووانی دڵشکاو، سیستمی بەرگری جەستەیان لاواز دەبێت و نیشانەکانی نەخۆشی (وەک ئەلزەهایمەر و جەڵتە) تیایاندا خێراتر تەشەنە دەکات.
    ٢. کاریگەری شەرعی (تووڕەیی خوای گەورەو بێبەرەکەتی):
  • عوقووقی دایک و باوک (العقوق): لە ڕوانگەی شەرعەوە، ئەم ڕەفتارانە دەچنە خانەی گەورەترین گوناهەکان. شکاندنی دڵی دایک و باوک لە پیریدا بەرەکەتی تەمەن، ماڵ و منداڵی خودی ئەو کەسە دەبڕێت. پێغەمبەری ئازیز درودو سەلامی خوای لێبێت دەفەرموێت:

(كُلُّ ذُنُوبٍ يُؤَخِّرُ اللَّهُ مِنْهَا مَا شَاءَ إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ، إِلَّا عُقُوقَ الْوَالِدَيْنِ، فَإِنَّ اللَّهَ يُعَجِّلُهُ لِصَاحِبِهِ فِي الْحَيَاةِ قَبْلَ الْمَمَاتِ)٢.

واتە: خوای گەورە سزای هەموو گوناهەکان دوا دەخات بۆ ڕۆژی دوایی، تەنیا سزای عوقووقی دایک و باوک نەبێت، کە لە دنیادا و پێش مردن سزای خاوەنەکەی دەدات”.

٣. کاریگەری یاسایی و کۆمەڵایەتی (لێکهەڵوەشان و سزای کۆمەڵایەتی)

  • یاسا وەک سزادەر: ئەگەر ئەم ڕەفتارانە بگەنە ئاستی پشتگوێخستنی تەندروستی، برسی کردن، یان فێڵی دارایی بۆ بردنی موڵکەکەیان، یاسای سزادان ڕێکاری توندی هەیە و لە ڕووی یاساییەوە وەک پێشێلکاری و تاوان دژی مافی مرۆڤ تەماشا دەکرێت.

-لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم منداڵانە دەبنە جێگەی سووکایەتی و تانەی دەوروبەر.
گەورەترین کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەوەیە کە “پیری دێتەوە ڕێی هەمووان”؛ منداڵەکانی ئەو کەسە کاتێک دەبینن باوکیان چۆن مامەڵە لەگەڵ باپیریان دەکات، ئەوانیش هەمان کلتوری بێڕێزی فێردەبن و لە داهاتوودا هەمان ڕەفتار بەرامبەر باوکی خۆیان دووبارە دەکەنەوە.

هاوسەنگی نێوان “
چۆنیەتی مامەڵەکردن” و “هێڵە سوورە قەدەغەکراوەکان” لە هەر سێ ڕەهەندە سەرەکیەکەدا:
. ڕەهەندی یاسایی: ماف و پاراستنی فەرمی
یاسا وەک چەک و قەڵغانێکە بۆ پاراستنی بێدەسەڵاتان لە کاتی ململانێ و لاوازیدا.
چۆن مامەڵە بکەین؟

  • پاراستنی سەربەخۆیی دارایی: یاسا دەڵێت تا ئەو کاتەی بەساڵاچوو توانای عەقڵیی تەواوە، مافی ڕەهای خۆیەتی بڕیار لەسەر کڕین، فرۆشتن، بەخشین و چۆنیەتی خەرجکردنی سامانەکەی بدات.
  • دابینکردنی مافە بنەڕەتییەکان: چاودێری تەندروستی، دەرمان، خۆراکی گونجاو و شوێنی نیشتەجێبوونی شایستە، ئەو مافە یاساییانەن کە دەبێت خێزان و دەوڵەت بۆی فەراهەم بکەن.

قەدەغەکراوەکان (هێڵە سوورە یاساییەکان):

  • پێشێلکاری و فێڵی دارایی: گوشارخستنە سەر بەساڵاچوو بۆ واژۆکردنی بریکارنامە (وەکالەت)، دابەشکردنی میرات لە ژیاندا، یان دەستبەسەرداگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەی بەبێ ڕەزامەندی خۆی ، لە ڕووی یاساییەوە ئەمە دەچێتە خانەی “خیانەت لە ئەمانەت و فێڵکاری” و سزای توندی هەیە.
  • پشتگوێخستنی ئەنقەست: جێهێشتنی بەساڵاچوو بەبێ سەرپەرشتیار، یان دابیننەکردنی پێداویستی پزیشکی کاتێک توانای چاودێریکردنی خۆی نییە.

یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵێ ١٩٦٩ ئەم پشتگوێخستنە بە تاوان دەناسێنن، بە تایبەت ئەگەر ببێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی یان گیانلەدەستدان.

دەقی ماددەی (٣٨٣) لە یاسای سزادانی عێراقی
ئەم ماددەیە بە گشتی باس لە سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسن لە چاودێریکردنی کەسێکی بێدەسەڵات (بەهۆی تەمەن، نەخۆشی، یان پەککەوتنەوە) بەڵام لە ئەرکەکەیان لادەدەن:
١. بڕگەی یەکەم (سزای بنەڕەتی بۆ پشتگوێخستن):

“سزا دەدرێت بە بەندکردن (الحبس) بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە غەرامە، هەر کەسێک کە بە ئەنقەست کەسێکی پەککەوتە یان بێدەسەڵات پشتگوێ بخات یان جێی بهێڵێت، کە خۆی پابەند بێت بە بەخێوکردن یان چاودێریکردنی، بە مەرجێک ئەو پشتگوێخستنە ببێتە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی ئەو کەسە، یان ببێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی.”

٢. بڕگەی دووەم (توندی سزا لە کاتی برینداری یان مردندا):

سزاکە دەبێتە بەندکردنی توند (الحبس الشديد) ئەگەر کەتنەکە (پشتگوێخستنەکە) لە شوێنێکی چۆڵدا ڕوو بدات، یان ئەگەر لەلایەن یەکێک لە بنەچەکان (الأصول – وەک کوڕ و کچ) یان هاوسەرەوە ئەنجام بدرێت.”

وە ئەگەر ئەم پشتگوێخستنە ببێتە هۆی مردنی کەسە بەساڵاچووەکە یان تووشبوونی بە کەمئەندامی بەردەوام، ئەوا تاوانبار بەو سزایە سزا دەدرێت کە بۆ تاوانی “لێدان یان ئازاردانی بەئەنقەست کە ببێتە هۆی مردن یان کەمئەندامی” بڕدراوەتەوە (کە سزاکەی زۆر قورسترە و دەگاتە زیندانیکردنی کاتی (السجن المؤقت) کە لە نێوان ٥ بۆ ١٥ ساڵدایە).”

  • یاسای باری کەسێتی (الاحوال الشخصية): لە دەقە شەرعی و یاساییەکانیدا هاتووە کە “نەفەقەی دایک و باوکی هەژار و پەککەوتە، لەسەر منداڵەکانیان فەرزە”، ئەگەر منداڵەکە خەرجی نەدات، دایک و باوکەکە دەتوانن لە ڕێگەی دادگاوە داوای بژێوی (نەفەقە) بکەن و دادگا بە زۆری یاسا لە مووچە یان داهاتی منداڵەکەی دەبڕێت.
    ئەم دەقە یاساییانە دەیسەلمێنن کە یاسای عێراقی پشتگوێخستنی دایک و باوکی بەساڵاچوو تەنیا بە کێشەیەکی ناوخۆیی خێزان نابینێت، بەڵکو وەک تاوانێکی سزایی شایستەی زیندانیکردن تەماشای دەکات.

٢. ڕەهەندی شەرعی: فەرمانە ئیلاهییەکان و ویژدان
لە شەریعەتی ئیسلامدا، ڕێزگرتن لە پیری و بەساڵاچووان ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە عیبادەتەوە
چۆن مامەڵە بکەین؟

  • نەرمونیانی لە ئاخاوتندا: قسەکردن بە تۆنێکی نزم، پڕ لە ڕێز و بەکارهێنانی وشەی جوان (وقل لهما قولاً كريماً).
  • نەفەقە و خەرجی شەرعی: ئەگەر دایک و باوک توانای داراییان نەبێت، خەرجی ژیان و دەرمانیان لەسەر کوڕ و کچەکانیان فەرزە (واجب) و لادان لێی سەرپێچییەکی شەرعی گەورەیە.
    قەدەغەکراوەکان (هێڵە سوورە شەرعییەکان):
  • بێزاربوون و دڵشکان (العقوق): تەنانەت نیشاندانی بێتاقەتی و گوتنی وشەی (ئۆف) لە کاتی داواکارییەکانیاندا قەدەغەکراوە: ﴿فَلَا تَقُل لَّهُمَا أُفٍّ وَلَا تَنْهَرْهُمَا﴾.
  • منەت کردنی خزمەت: هۆشداریدان یان منەتکردن بەسەریاندا لەبەرامبەر ئەو چاودێرییەی پێیان پێشکەش دەکرێت. پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دەفەرموێت: (لَيْسَ مِنَّا مَنْ لَمْ يَرْحَمْ صَغِيرَنَا، وَيُوَقِّرْ كَبِيرَنَا)؛ واتە ڕێزنەگرتن لە بەساڵاچوو مرۆڤ لە بازنەی ڕەوشتی ئیسلامی دوور دەخاتەوە.
    ٣. ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری: پاراستنی پێگە و کەرامەت
    عورف و کلتوری ڕەسەنی ئێمە هەمیشە شانازی بەوەوە کردووە کە ” گەورەکان بەرەکەتی ماڵ و کۆمەڵگەن.
    🔘 چۆن مامەڵە بکەین؟
  • پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتی: بەشدارپێکردنیان لە بۆنە خێزانییەکاندا، ڕاوێژکردن پێیان لەسەر بڕیارە گرنگەکان، و تەرخانکردنی سەرووی مەجلیس بۆ ئەوان، بۆ ئەوەی هەست بکەن هێشتا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە.
  • سۆز و تێکەڵاوبوون: کات تەرخانکردن بۆ گوێگرتن لە یادەوەری و قسەکانیان، تەنانەت ئەگەر دووبارەش بن، چونکە ئەمە باشترین دەرمانە بۆ پاراستنیان لە خەمۆکی و سستی عەقڵی.
    قەدەغەکراوەکان (هێڵە سوورە کۆمەڵایەتییەکان):
  • گۆشەگیرکردنی دەروونی: زیندانیکردنیان لە ژوورێکی چۆڵدا، یان هێشتنەوەیان بە تەنیا بۆ ماوەیەکی درێژ، و ساردبوونەوە لە هەواڵ پرسینیان.
  • بچووککردنەوەی کەسایەتیان: مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەک منداڵێکی بێفام، یان پچڕاندنی قسەکانیان بە دەستەواژەی بریندارکەری وەک: “تۆ سەردەمت بەسەرچووە و لێی تێناگەیت”. ئەمە مردنێکی هێواشی دەروونییە بۆ کەسێک کە تەمەنێک سەرپەرشتیاری خێزان بووە.
    📊 ژمارە و ئامارەکان: زەنگێکی مەترسیدار
    پێویستە بزانین کە ئەم کێشەیە تەنیا بابەتێکی تیۆری نییە، بەڵکو ڕاستییەکی سەلمێنراوە. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن:٩
  • لە نێوان هەر ٦ کەسی بەساڵاچوو، لانیکەم یەک کەسیان لە ناو ماڵ یان لە ژینگەی دەوروبەریدا ڕووبەڕووی جۆرێک لە جۆرەکانی خراپ ڕەفتارکردن (جەستەیی، دەروونی، یان دارایی) دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا؛ ئەو شێوازەی ئەمڕۆ ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بەساڵاچووان دەکەین، ئەو ئاوێنەیەیە کە داهاتووی خۆمانی تێدا دەبینینەوە؛ چونکە پیری چارەنووسی گشتییە. کاتێک یاسا قەڵغانی پاراستن بێت، شەریعەت ڕێ پیشاندەری ویژدان بێت، و عورف پارێزەری کلتورەکەمان بێت، خێزانێکی تەندروست و داهاتوویەکی ئارام بۆ خۆمان و ئەوانیش بونیاد دەنێین.

Check Also

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیقکۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو …