شەممە , حوزه‌یران 27 2026

پاراستنی مافەکانی منداڵ: بەرپرسیارێتیی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە.

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە

منداڵان ناسکترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان؛ ئەوان پێوەرێکی ڕاستەقینەن بۆ ئاستی پێشکەوتن و بەها ئەخلاقییەکانی هەر نەتەوەیەک.

پاراستن و دابینکردنی مافەکانی منداڵ لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ. بنەمای سەرەکی ئەم مافانە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامزراوە کە منداڵان بەهۆی تەمەن و بێدەسەڵاتییانەوە پێویستییان بە چاودێری و پاراستنی تایبەت هەیە.
کۆڵەکەی سەرەکی ئەم مافانە لە چەندین پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیدا دەستنیشان کراوە، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
١. ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (CRC – 1989)
ڕێککەوتننامەکە لەسەر چوار بنەمای سەرەکی ڕاوەستاوە.

  • نەهێشتنی جیاکاری.
  • ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی باڵای منداڵ: لە هەر بڕیارێکدا کە پەیوەندی بە منداڵەوە هەبێت (چ لە لایەن خێزان، دادگاکان، یانحکومەتەوە.
  • مافی ژیان، مانەوە و گەشەکردن.
  • ڕێزگرتن لە ڕای منداڵ بەپێی تەمەن و تێگەیشتنی.

٢. گرنگترین مافە دەستنیشانکراوەکان لە دەقە نێودەوڵەتییەکاندا
یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی منداڵ بۆ چەند بەشێکی سەرەکی دابەش دەکات:

  • مافەکانی ناسنامە و خێزان:
  • مافی هەبوونی ناو، ڕەگەزنامە، و تۆمارکردنی دەستبەجێ دوای لەدایکبوون.
  • مافی پاراستنی ناسنامەی خێزانی و نەپچڕانی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک .
  • پاراستن لە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی، پشتگوێخستن، و مامەڵەی خراپ (جەستەیی و دەروونی).
  • قەدەغەکردنی بەکارھێنانی منداڵ لە کارە قورسەکان و بازرگانیکردن پێیانەوە.
  • پاراستنی تایبەت لە کاتی جەنگ و ململانێ چەکدارییەکاندا .
  • مافی بەدەستهێنانی خوێندنی سەرەتایی بە خۆڕایی و ناچاری.
  • مافی حەوانەوە، یاری، و بەشداریکردن لە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکاندا.
  • مافەکانی چاودێریی تەندروستی و کۆمەڵایەتی:
  • دابینکردنی بەرزترین ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی .
    لە سەر ئاستی ناوخۆیی :

پرسی پاراستنی مافەکانی منداڵ تەنها بابەتێکی سۆزدارانە یان دروشمێکی ساڵانەنیە، بەڵکو سێگۆشەیەکی هاوسەنگە لە پابەندیی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتی کە هەرسێکیان تەواوکەری یەکترن و یەک ئامانجی باڵا کۆیان دەکاتەوە، ئەویش دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و شکۆمەندانەیە بۆ گەشەی منداڵ.

لەم بابەتەدا تیشک دەخەینە سەر ئەم سێ ڕەهەندە و چۆنیەتی هاوڕێکی و هاوتەریبیی نێوان یاسا و شەریعەت لەم بوارەدا:
یەکەم: ڕەهەندی شەرعی:
(منداڵ وەک ئەمانەتێکی ئیلاهی)
لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامییەوە، منداڵان ئەمانەتن لە گەردنی دایکان، باوکان و سەرکردەکانی کۆمەڵگادا،ئایین پێش یاسا دەستکردەکان، بنەمای چەسپاندنی مافەکانی منداڵی داناوە، لەوانە:

  • مافی ژیان و ناسنامە: حەرامکردنی توندوتیژی و کوشتنی منداڵان، و پابەندکردنی باوک بە بەخشینی ناوێکی جوان و ڕەچەڵەکێکی ڕوون بە منداڵەکەی.
  • مافی بەخێوکردن (النفقة والرضاعة): شەریعەت دابینکردنی بژێوی، خۆراک، پۆشاک و چارەسەری پزیشکیی منداڵی کردووەتە ئەرکێکی سەرەکی و واجب لەسەر شانی باوک.
  • مافی پەروەردە و پێگەیاندن: پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) جەخت لەسەر چاککردنی ڕەوشت و پەروەردەکردنی منداڵان دەکاتەوە، کە ئەمەش بنەمای پاراستنی دەروونی ئەوانە لە لادان.

دووەم: ڕەهەندی یاسایی (چۆن یاسا هۆکارە بۆ جێبەجێکردنی دەقە شەرعییەکان؟)
یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هاتوون بۆ ئەوەی ئەو بەها مرۆیی و شەرعییانە بکەنە دەقێکی ناچارکەر و ڕێکخراو ، لێرەدا هاوڕێکی و هاوڕێکییەکی تەواو لە نێوان یاسا و شەریعەتدا دەبینرێت:

  • بەرژەوەندیی باڵای منداڵ : لە کاتی جیابوونەوەی هاوسەران یان ململانێ خێزانییەکاندا، هەم شەرع و هەم یاسای باری کەسی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت منداڵەکە لای ئەو کەسە بێت کە بەرژەوەندیی مادی و مەعنەویی منداڵەکەی پێ دەپارێزرێت (کە زۆربەی جار دایکە). یاسا لێرەدا دەبێتە قەڵغانێک بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەریی شەرعی.
  • دیاریکردنی تەمەنی گونجاو بۆ هاوسەرگیری: یاسا بۆ پاراستنی جەستە و دەروونی منداڵ و کچان، تەمەنێکی دیاریکراو دادەنێت بۆ هاوسەرگیری، ئەمەش ڕێک هاوتایە لەگەڵ مەبەستە باڵاکانی شەریعەت (مقاصد الشريعة) کە پاراستنی نەفس و نەوە لە پێشینە دەگرێت.
  • قەدەغەکردنی کارپێکردنی زۆرەملێ:
    یاساکانی کار ڕێگری دەکەن لە چەوساندنەوەی منداڵان و خستنەگەڕیان لە کارە قورسەکاندا، ئەمەش پاڵپشتی لەو بنەما شەرعییە دەکات کە دەڵێت “لا ضرر ولا ضرار” (زیان گەیاندن و زیان لێدان قەدەغەیە).

سێیەم: ڕەهەندی کۆمەڵایەتی :
کۆمەڵگا ئەو ژینگەیەیە کە یاسا و شەریعەتی تێدا ڕەنگ دەداتەوە. بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لێرەدا کورت دەبێتەوە لە:

  1. ڕۆڵی خێزان: پێویستە تێگەیشتنێکی دروست هەبێت کە منداڵ مافی هەیە لە کەشێکی پڕ لە سۆزدا بژی لە ناو خێزاندا.
  2. ناوەندە پەروەردەیی و ئایینییەکان:
    قوتابخانەکان و مینبەری مزگەوتەکان دەبێت هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ئەوەی کە سووکایەتیکردن بە منداڵ یان بێبەشکردنی لە خوێندن، هەم سەرپێچیی یاساییە و هەم گوناهێکی شەرعیە.
  3. پاراستنی دیجیتاڵی: لە سەردەمی سۆشیال میدیادا، پاراستنی تایبەتمەندی و کەرامەتی منداڵان لە بەکارهێنانی بازرگانی، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی پێویستە.
    کاتێک سەیری بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی و دەقە یاساییە پێشکەوتووەکان دەکەین، دەبینین هیچ دژایەتییەک لە نێوانیاندا نییە لە پرسی منداڵدا؛ بەڵکو یاسا هاتووە تا ببێتە ئامرازێکی جێبەجێکاری فەرمی بۆ ئەو بەها بەرزانەی کە ئایین جەختی لێکردوونەتەوە،
    وەبەرهێنان لە پاراستن، پەروەردەکردن و دابینکردنی مافەکانی منداڵان، گەورەترین ئەرکی سەرشانی هەموومانە، بۆیە پێویستە دامەزراوە یاساییەکان و زانایانی ئایینی و توێژەرانی کۆمەڵایەتی کار بکەن بۆ چەسپاندنی ژینگەیەکی وا کە تێیدا منداڵ بە شکۆ و بەختەوەرییەوە گەشە بکات.

Check Also

ڕۆژی جیهانی منداڵ پێویستی بە بڕیاری ئێمەیە

نوسینی پ.د.عالیە فرج یەکێک لە پرسە زیندووەکانی سەرجەم کۆمەڵگاکان پرسی منداڵە کە کۆمەڵگا لە چوارچێوەی …