یەکشەممە , حوزه‌یران 21 2026

ڕۆژی جیهانی منداڵ پێویستی بە بڕیاری ئێمەیە

نوسینی پ.د.عالیە فرج

یەکێک لە پرسە زیندووەکانی سەرجەم کۆمەڵگاکان پرسی منداڵە کە کۆمەڵگا لە چوارچێوەی خێزان و بزوتنەوە هزریە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێڕەوی خۆی ناساندووە سەبارەت بە وێنای کولتوری منداڵ و پێگەی لە سیستمی یاسایی و خزمەتگوزاری و پێشبینیکردنی ڕۆڵی منداڵ لە نەخشاندنی داهاتووی هەریەکە لە : بەردەوامی کۆمەڵگا لە ڕووی دیمۆگرافییەوە و گەشەی مەعریفی و تەکنەلۆژی و پارێزراوی کۆمەڵگا لە ڕووی سەربازییەوە.
سەرەکیترین ئەو پرسانەی کە وەستان لەسەری زەرورە و هۆکاربووە بۆ تایبەتکردنی ڕۆژێکی جیهانی سەرتاسەری سەبارەت بەمنداڵ، بریتییە لە:
1️⃣پەیوەندی هەردوو ڕەگەز بە جەستەیانەوە، ئێمە وەک کەسانێکی خاوەن باوەڕ بە بوونی خوای گەورە و بەدیهێنەر بۆمان مامەڵەمان بۆ جەستەمان وەک ئەمانەتە و یەکێک لە وەزیفە سەرەکییەکانی جەستە لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەشداریکردنە لە زامنکردنی بەردەوامی ڕەچەڵەکی مرۆڤ لەسەر زەویدا لە ڕێی وەچەخستنەوەوە. لە بەرامبەردا جەستە یەکێکە لە پرسە هەستیارەکانی ڕەوتەکانی فێمەنیزم بە تایبەتی ڕەوتی ڕادیکاڵ فێمەنیزم کە هەڵگری دروشمی ( جەستەم موڵکی خۆمە) و بە کارکردنی چەندین دەیەی ساڵ لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم بەشێک لە ژنانی ئەوروپا بوونە هەڵگری ئەم قەناعەتەی کە منداڵبوون ئەرکی بایولۆژی و مرۆیی ئەوان نییە و دوورە لە ڕۆڵەکانی بە مێینەبوون و بۆیە لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ و ڕەنگدانەوەی ئەم قەناعەتە لەسەر کۆمەڵگاکانیان دەرکەوت کە بە کۆمەڵگای پیر ئەژمار دەکرێت و لە ڕووی دیمۆگرافیاوە و نزمبوونەوەی یەکجارەکی تەمەن خوار ٣٥ ساڵ وگرفتارییان هەیە.
2️⃣لەچوارچێوەدانی مافەکانی منداڵ لە ڕێی ڕێککەوتنامەی مافی منداڵان کە هەڵگری گەورەترین هەڕەشەیە بۆ ژیان و کەیانی منداڵ لە کاتێکدا پرسی منداڵ دوور لە خێزان لە خۆدەگرێت و بەجیاکراوەیی لە خێزان و کۆمەڵگا وێنای منداڵ دەکات و مافەکانی دیاریدەکات.
3️⃣زانیار و مەعریفەی تایبەت بە پەروەردەی منداڵ کە سۆشیاڵ میدیای تەنیوە و مەترسییەکانی بریتییە لە: دابڕاوی سەرچاوەکانی زانیاری و مەعریفە لە ئایین و سەرچاوەی وەحی و تاک ڕەهەندی لە داڕشتنی ناوەڕۆکی پەروەردەیی و دووری لە واقیع و پڕاکتیک کردنەوە.
4️⃣هەڵکشانی توندوتیژی لەسەر ئاستی جیهان و پاشەکشەی کۆمەڵگا لە پشتیوانیکردنی خێزان لە پڕۆسەی پەروەردە و پاراستنی منداڵ و بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانی ئابوری و سیاسی و سەربازی لە بەشێکی زۆری جیهاندا پێکەوە کۆبوونەوەتەوە لە بەپرسکردنی توندوتیژی وەک جێگرەوە بۆ پرسی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری خێزان و ئاسایشی منداڵ.
حزوری ئەم پرسە هەستیارانەوە و چەندین پرسیتر دەبێتە پاڵنەر بۆ کۆمەڵگا بە گشتی و خێزان و خەمخۆرانی خێزان بەتایبەتی بۆ ئاڕاستەبوون بەرەو بڕیاری:
✔️لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لە بەدیهێنانی ژینگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ منداڵ چەندە لە توانادا بێت لەسەر ئاستی خێزان خوێندنگا و کۆمەڵگا بە گشتی.
✔️بەردەوام هۆشیارکردنەوەی ئەو گەنجانەی داخڵ بە پڕۆسەی هاوسەرگرتن دەبن بەوەی چۆن هاوسەرگرتن ئەرکێکی کەسی مرۆیی ئایینیە بەهەمان شێوە و ئاستیش منداڵ خستنەوەو پێگەیاندنیان.
✔️کارکردن و هاندانی دایکان و باوکان بەوەی پەروەردەی دروستی منداڵ پێویستی بە دووسەرچاوەی زانیاری و مەعریفەیە کە ئایین و زانستی پەروەردەیی هاوچەرخە.
✔️بەردەوام هۆشیاریدان و کارکردن لەسەر پشتیوانی گەنجان بۆ سەرخستن و بەردەوامێتی ژیانی هاوسەرییان کە ڕەخسێنەرە بۆ حزوری خێزان و کۆمەڵگایەکی دروست و گەشەسەندوو.

Check Also

پاراستنی مافەکانی منداڵ: بەرپرسیارێتیی یاسایی، شەرعی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە.

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە منداڵان ناسکترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان؛ ئەوان پێوەرێکی ڕاستەقینەن بۆ ئاستی …