بەیان نوری تۆفیق
لەهەژمارکردنى زەکاتدا تاکە جیاوازى نێوان ژن و پیاو ئەوەیە، ئەگەر پیاو خاوەنى زێڕو زیو بوو، بۆ مەبەستی کڕین و فرۆشتن، وە مەرجەکانى دانى زەکاتى تیابوو، دەبێت زەکاتى لێدەربکرێت، بەڵام بۆ ئافرەتان دەوترێت لەگەڵ ئەوەى کە زانایان ڕاى جیاوازیان هه یە لە بارەیەوە، زانایانى سەردەم لەسەر ئەوە ڕێکەوتون کە (خشڵى ئافرەت زەکاتى ناکەوێت تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە لە عورف دەرچوو بوو، عورفیش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر دەگۆڕێت)، بە نموونە بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٦) لە کوردستاندا خەمڵێنراوە به ٢٠٠ مسقاڵ ئاڵتون، واتە تا نەگاتە ئەو ڕادەیە خشڵى ئافرەت زەکاتى لێناکەوێت.
بێگومان ئەو ڕادەیە باس لە ئاڵتونى پاکە واتە عەیارى ٢٤، بەڵام عەیارەکانى تر بە پێیى ئەو کانزایانەى کە تێکەڵیان دەکرێت ڕادەکە بەرز دەبێتەوە، کە دەتوانین بەم خشتەیە ڕوونى بکەینەوە، هه رچەندە دەتوانرێت هەژمارى بە پارە بکرێت، واتە ٢٠٠ مسقاڵى عەیارە ٢٤ بەهاکەى چەندە بەو پێیە عەیارەکانى تر کەى بەهایان گەیشتە ئەو بڕە پارەیە ئینجا زەکاتى لێ دەردەکرێت.

لە چۆنیەتى دابەشکردنى زەکاتدا بە پێی ئایەتى قورئان بۆ ٨ پۆل دیارى کراوە، ئافرەت و پیاویش دەبێت دابەشى بکەن بەسەر ئەو پۆلانەدا، لێرەدا خاڵى جیاواز کە دێتە پێشەوە، لە ناو خێزاندایە، کاتێک پیاو نەفەقەى ژن لەسەرى واجبە، ئیتر ناتوانێت زەکاتەکەى بدات بە هاوسەرى، بەڵام ئافرەت دەتوانێت زەکاتەکەى بدات بە هاوسەرى کاتێک لە پۆلى هه ژاردا بێت یان کەمدەرامەت.
سەبارەت بە کەسوکار:-
هەموو زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی كە هەر كەسوكارێك كە نەفەقەی لەسەر ئەو كەسە نەبێت كە زەكاتی لەسەرە بیدات، دەتوانرێت زەكاتی بدرێتێ.
بەڵام ڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی نەفەقەی كێ واجبە و هی كێ واجب نیە.
(زەیدی كوڕی عەلی و ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ڕایان وایە كە هەر كەس میراتی بەربكەوێت لە كەسێكەوە نەفەقەشی لەسەر واجب دەبێت.
بەڵام ئیمامی شافیعی دەڵێت تەنها نەفەقەی بنچینە، باوك، باپیر، چەند بەرز بێتەوە، نەوە چەند دابەزێت، كوڕ، كوڕەزا واجبە.
مالكی لەوەش تەسكتری كردۆتەوە دەڵێت باوك تەنها نەفەقەی كوڕی لەسەرە تا پێدەگات، كچ تا شوو دەكات ئیتر نەفەقەی نەوەكانی لەسەر نیە، كوڕیش نەفەقەی دایك و باوكی لەسەرە، بەڵام نەفەقەی نەنك و باپیریش لەسەر نەوە نیە.)
كەواتە دەتوانین بڵێین زەكاتی كوڕ بۆ دایك و باوك نابێت، هەروەها هی دایك و باوك بۆ كوڕ نابێت. هەروەها زەكاتی مێرد بۆ ژن نابێت، چونكە ئەویش هەموو زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی كە نەفەقەی ژن لەسەر مێرد واجبە.
بەڵام را هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەگەر هەر یەكێك لەوانە قەرزار بن دەكرێت لەسەر پۆلی قەرزاران قەرزەكەیان بۆ بدرێتەوە. لەو بارەیەوە أبن حزم دەڵێت: (هەر كەسێك باوكی، دایكی، منداڵی، خوشك و برای یان ژنەكەی قەرزار بوو دەتوانێت لە زەكاتەكەی قەرزیان بۆ بداتەوە وەك پۆلی قەرزداران، چونكە ئەو نەفەقەی ئەوانی لەسەر واجبە نەك قەرزدانەوە، بۆیە دەكرێت زەكاتیان بداتێ لەو حاڵەتەدا).
لەسەر ئەو بنەمایە د عبدالكریم ئەلدیوان دەڵێت: (كوڕ دەتوانێت لە زەكات قەرز بۆ باوكی بداتەوە، هەروەها مێرد بۆ ژن، بە مەرجیك ئەو قەرزە بە هۆكاری كەموكورتی كوڕەكە یان مێردەكە نەبێت لە نەفەقەكێشان.)
ئیبن بازیش هەمان ڕای هەیە.
زەكاتی كچ بۆ دایك و باوكی نابێت، هەروەك چۆن زەكاتی كوڕ بۆ دایك و باوكی نابێت، بەڵام زەكاتی مێردی كچەكە بۆ دایك و باوكی كچەكە دەبێت، بە مانایەكی تر زەكاتی زاوا بۆ خەسوو و خەزوور دەبێت، بە هەمان شێوە زەكاتی بوك بۆ خەسوو وخەزووری دەبێت. بەپێی ئەو ڕایەی كە نەفەقە لەسەر بوك و زاوا واجب نیە جگە لەوەی كە میراتگریش نین.
زەكات بۆ منداڵی كچ واتە كچەزا، ئەویش ڕای جیاوازی لەسەرە، بە پێی نەفەقە كێشان، لە مەزهەبی حەنەفی و حەنبەلی و هەندێك لە شافیعی دەڵێن نەفەقەی كچەزا كچ بێت یان كوڕ واجبە لەسەر باپیر، بۆیە نابێت زەكاتیان پێبدرێت، بە بەڵگەی ئەوەی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) فەرمویەتی «إن ابني هذا سيد»، كە مەبەستی لە حەسەن بووەو بە كوڕی خۆی وەك كوڕەزا ناوی هێناوە.
بەڵام لە مەزهەبی مالكیدا دەڵێن باپیر دەتوانێت زەكات بدات بە كچەزا، چونكە نەفەقەی كچەزا لەسەر باپیر نیە.
زەكاتی ژن بۆ مێرد، دوو ڕای لەسەرە كە یەكەمیان ڕای شافیعی و هەندێك لە حەنابلەیە كە دەڵێن دەبێت مێرد زەكاتی ژنی وەربگرێت، بەو مەرجەی لە یەكێك لەو 8 پۆلە بێت كە قورئان دیاری كردون بۆ زەكات وەرگرتن.
لە فیقهی شافعیدا دەوترێت: (ژن بۆی هەیە زەكاتی خۆی بدات بە مێردی هەژار و مسكێنی، بەڵكو ئەوە سوننەت و پەسەندیشە)، هەروەها بۆ منداڵەكانیشی دەڵیت: (كارێكی پەسەند و موستەحەبە، كە ژن زەكاتی ماڵی خۆی بدا بەمنداڵەكانی ئەگەر هەژارو مسكێن بوون، چونكە نەفەقەی مێردو منداڵ لەسەر ژن و دایك واجب نیە.) بە بەڵگەی (زەینەب خێزانی عەبدوڵای كوڕی مەسعود، ناردی بۆ لای پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) پرسیاری بۆ بكەن ئاخۆ دروستە لە پارەی زەكاتی خۆی نەفەقەی مێردەكەی و چەند هەتیوێك كە لە ژێر چاودێری خۆیدان بكێشی؟ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) بەو كەسەی فەرموو كە پرسیاری زەینەبی لێكرد: (نعم لها أجران، أجر القرابە و أجر الصدقة)، بەڵێ ئەوە دوو پاداشتی هەیە پاداشتی یارمەتیدانی خزم و پاداشتی بە جێهێنانی زەكاتەكە).
بەڵام ئەبو حنیفە و هەندێك لە حەنبەلی دەڵێن زەكات نادرێت بە مێرد، چونكە كاتێك مێردەكە بۆ نەفەقەی ژنەكەی بەكاری دێنێتەوە قازانجەكە بۆ ژنەكە خۆی دەگەڕێتەوە.
د عبدالكریم زیدان ڕاكەی شافیعی پەسەند دەكات بە هەمان ئەو بەڵگە فەرمودەیەی كە ئیمام بوخاری دەریهێناوە و لە فیقهی شافعیدا كراوەتە بەڵگە.
(ژنیش و پیاویش دەتوانن زەكات بدەن بە خوشك و برایان، مام و پور وە سەرجەم خزمەكانی تر بە مەرجێك هەژار بن).