سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

پاییزی ڕۆح لە بەهاری قەدردا: تراژیدیای دەستە خاڵییەکان

دڵخواز عبداللە

شەوی قەدر تەنها وێستگەیەکی کاتی نییە، بەڵکو “هەلی تەمەنە”. لێرەدا کات وەک چەمکێکی فیزیکی دەوەستێت و دەبێتە “بەهایەکی ڕەها”. کاتێک قورئان دەفەرموێت: ((لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ))، ئەمە تەنها موژدە نییە، بەڵکو هۆشدارییەکی گەورەشە؛ چونکە لەدەستدانی یەک شەو، وەک لەدەستدانی ٨٣ ساڵ و چوار مانگ لە تەمەن و عیبادەت وایە.

١. ئاگاداریی پێغەمبەرانە: “بێبەشی ڕەها”
پێغەمبەری خودا (صلی الله علیه وسلم) لەبارەی ئەم شەوەوە فەرموویەتی: «فِيهِ لَيْلَةٌ خَيْرٌ مِنْ أَلْفِ شَهْرٍ، مَنْ حُرِمَ خَيْرَهَا فَقَدْ حُرِمَ».
ئەمە واتا قووڵەکەی “تراژیدیای دەستە خاڵییەکان”ە. وشەی “حُرِمَ” لێرەدا واتە کەسێک کە “داخراوە” لە ئاستی ڕەحمەتدا.

چەندە خەمناکە ئاسمان پڕ بێت لە فریشتە و زەوی پڕ بێت لە “سەلام”، بەڵام دڵی مرۆڤ وەک بیابانێکی تینوو بمێنێتەوە و ونەتوانێت تەنها یەک دڵۆپ لەو ئاوی ژیانەوە بگرێتە خۆی.
هیچ زیانێکی بازرگانی و مادی ناگاتە ئەو ئاستەی کە مرۆڤێک لە شەوێکدا بێت کە “خێر و چاکەی” هەزار مانگی تێدا دابەشدەکرێت، کەچی ئەو تەنها خەریکی دونیا یان غەفڵەت بێت.
٢. سەرمایەی مەعنەوی و واژۆی لێخۆشبوون، لە ڕوانگەی شەرعییەوە، سەرمایەی ئەم شەوە “لێخۆشبوون”ە. وەک دایکی بڕواداران عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) پرسیاری کرد: “ئەی پێغەمبەری خوا، ئەگەر زانیم شەوی قەدر کامەیە چی بڵێم؟” فەرمووی بڵێ: «اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي».

  • بۆچی لێخۆشبوون؟ چونکە لێخۆشبوون بەردی بناغەی “سەرمایەی مەعنەوی”یە. بێ لێخۆشبوون، هەموو چاکەکانی تری مرۆڤ وەک تەنەکەخۆڵێکی سەر بەردێک وایە کە بارانێکی بەخوڕ بیبات (کصَفْوَانٍ عَلَيْهِ تُرَابٌ فَأَصَابَهُ وَابِلٌ فَتَرَكَهُ صَلْدًا).
    ٣. زیانە گەورەکە: نائومێدی لە لوتکەی میهرەبانیدا:
    تراژیدیای ڕاستەقینە ئەوەیە کە فریشتەیەک (جبرائیل) دوعا بکات و پێغەمبەرێک بڵێ “ئامین”. فەرموودەکە دەڵێ: جبرائیل فەرمووی: «رَغِمَ أَنْفُ عَبْدٍ (یان: بَعُدَ مَنْ) أَدْرَكَ رَمَضَانَ فَلَمْ يُغْفَرْ لَهُ»، واتە: “ئەو کەسە دوور بێت لە ڕەحمەت کە ڕەمەزان دەبینێت و خوای گەورە لێی خۆش نابێت”.
    ئەمە وێنەیەکی سامناکە؛ چونکە ئەگەر مرۆڤ لە ژینگەیەکی وا پڕ لە لێخۆشبووندا نەتوانێت “سەرمایەیەک” بۆ قیامەتی کۆبکاتەوە، ئەی کەی دەتوانێت؟ ئەمە ئەو ساتەیە کە ڕۆح تێیدا هەست بە “نامۆبوون” دەکات، چونکە لەگەڵ گەردووندا هاوئاهەنگ نیە.
    کورتەی کەلام ،شەوی قەدر “بازاڕی قیامەتە”. هەر کەسە و بەپێی “سەرمایەی ڕاستگۆیی” خۆی تێیدا قازانج دەکات.
  • دەستە خاڵییەکان نیشانەی کەمیی “تەمەن” نین، بەڵکو نیشانەی کەمیی “تەمەنا” و داواکاریین.
  • با نەهێڵین ڕۆحمان لەم بەهارەدا زەرد و هەڵوەریو بێت؛ چونکە ڕەنگە ئەمە دوا وێستگەی باران بێت لە بیابانی ژیانماندا.

Check Also

قوربان.. جەژنی تەسلیمبوونی هاجەرە و ئیبراهیم بە ئەمری حەق

ڕۆشنا صالح بامۆكی ئەبێ چی لە ئازاری جێهێشتنی هاوسەر لە سەحراو و بێ كەس و …