یوسف صابر
خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا چیرۆكی ئافرەتێكی شۆڕشگێڕو قارەمان و ئازاو پاڵەوان دەگێرێتەوە، كەلەكۆشكی فیرعەونیەتدا، دژی زوڵم و زۆرداری و ناعەدالەتی دەجەنگێ و بەگژ دیكتاتۆریەتدا چێتەوە، ئافرەتێكی پاك و چاك هێزی ئیمان ڕای دەچڵەكێنێ، نازو نیعمەتی كۆشك و پاشایەتی و سەروەت و سامان و خۆش گوزەرانی كاری تێناكات و شۆڕشێك بەرپا دەكات دژی ناعەدالەتی و زوڵم و داپڵۆسین و كۆیلایەتی، دژی بانگەشەی خوایەتی و مرۆڤ گێژكردن، دژی سیحرو جادوو مرۆڤ بەنجكردن، دژی شیرك و خۆ بەخواكردن.
ئەو كاتەی موسای مەلۆتكە لە ئاوەكەدا دەردەهێنن ئەم خاتوونە بەرێزە بەزیرەكی و عاقڵی و لێهاتوویی خۆی موسا لە كوشتن رزگاردەكات، كاتێك فیرعەون بڕیاری كوشتنی بۆ دەردەكات و، خوای گەورە لە سەر زاری ئەم ئافرەتە شۆڕشگێرە ئازاو ژیرو عاقلە دەفەرموێت: (وَقَالَتِ امْرَأَتُ فِرْعَوْنَ قُرَّتُ عَيْنٍ لِي وَلَكَ ۖ لَا تَقْتُلُوهُ عَسَىٰ أَنْ يَنْفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ ) (قصص9) واتە (ویستیان موسا بكوژن ئاسیەی ژنی فیرعەون وتی مایەی چاوو دڵ ڕۆشنیە بۆ من و بۆ تۆ (فیرعەون) مەیكوژن، بەڵكو سودو كەڵكمان پێ بگەیەنێ بابیكەین بەكوڕی خۆمان . لە كاتێكدا ئەوان هەستیان نەدەكرد ئەو مندالە ئەبێتە هۆی تیاچوونیان).
دیارە بە هۆی زیرەكی و لێهاتوویی و ئەو پێگەو متمانە گەورەیەی لای فیرعەون دروستی كردبوو، بەوەی قەدەری خوا لەسەر ئەوەبوو، توانی موسا لە كوشتن رزگاربكات.
ئەوكاتەش كەباوەڕو ئیمان بەحەزرەتی موسا دێنێ باوەڕەكەی ناشارێتەوەو بەئاشكرا دەری دەبڕێ، چونكە ئەم ئافرەتە پاكە چاك لەوە حاڵی بوو، فیرعەون جگە لە مرۆڤێكی ئاسایی وەكو باقی مرۆڤەكانی تر هیچی ترنیە .
ئەمرۆ لەو سەردەمی ئازادی و پێشكەوتنەدا ئافرەتانێك هەن دونیا لە پێش قیامەت دەگرن، بەڵام ئەم خاتووەنە لە سەردەمی نەزانی و نەفامی و بتپەرستی و مرۆڤ پەرستیدا، لە تروپكی حەزارەت و شارستانیەت و ئیماندا خۆی دەبینێتەوەو، لە نازو نیعمەت و خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندیەك لە سەر حیسابی ئەوانی تر ڕادەكات و، ئامادەنیە لە پێناو ژیان و چەوسانەوەی ئەوانی تر ئازادی بە كۆیلایەتی و، ئیمان بە كوفرو شیرك و خوایەتی درۆیینە بگۆرێتەوە . بە ئارەزووی خۆی ژیانی ئەشكەنجەو ئازارو مەشەقەت و ناخۆشی هەڵدەبژێرێت، بەمەرجێك ئیمانی سەلیم بێت و خوا لێی ڕازی بێت، خوای گەورە بە نموونە دەی هێنێتەوەو لە قورئاندا باسی دەكات: (وَضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا لِلَّذِينَ آمَنُوا امْرَأَتَ فِرْعَوْنَ) واتە (خوا نموونەیەكی تری هێنایەوە بۆئەوانەی بڕوایان هێناوە، بەژنی فیرعەون) بۆ ئەوەی ببێتە رەمزی عەدالەت و ئازادی و ئازایەتی، بۆ ئەوەی ببێتە سەرمەشقی نەك تەنها ئافرەتان بەڵكو پیاوانیش، ئافرەتێك لەو پەڕی خۆشی و خۆشگوزەرانی، لە لوتكەی دەسەلات و غەرق بوون لە نازونیعمەتی دونیاداو، لەخۆشترین و فەراهەمترین شوێنی دونیادا، كە كۆشكی پاشایەتی و فیرعەونیەتە. تەنها بەفرمان و سەرلەقاندنێك ئەوەی بیەوێ و دڵی ئاواتی بۆ بخوازێ تەنها لە چاو تروكانێك لەبەردەمی ئامادە دەبێت،چونكە ئەو هاوسەری ئیمپڕاتۆرێك بوو كە بانگەشەی خوایەتی دەكرد. خەڵكی نەفام ونەزان وەكو خوا تەماشایان دەكرد، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت فیرعەون دەیفەرموو (انا ربكم الاعلی)، بەڵام ئەم ئافرەتە ئیماندارە، ئیمانێكی لەدڵ دایە كە نازو نیعمەتی كاتی دونیا نای هەژێنێ و سەری ڕاستی لێ ناشێوێنێ، بۆیە پشت دەكاتە فیرعەون هەموو ئەوانەو ڕوو دەكاتە خواو دەفەرموێت: ( قَالَتْ رَبِّ ابْنِ لِي عِنْدَكَ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِنْ فِرْعَوْنَ وَعَمَلِهِ وَنَجِّنِي مِنَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ ) التحریم : 11واته: (كاتێك كەوتی پەروەردگارم بۆم دروست بكە لای خۆت ماڵێك لە بەهەشتا، رزگارم بكە لە فیرعەون و كردەوەكانی، وەرزگارم بكە لە گەلی ستەم كاران) .
خوای باڵادەست لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە دوعاو پاڕانەوەكەی گیرادەكات بەر لەوەی فیرعەون و دارو دەستەكەی دەستیان پێی بگات و ئازارو ئەشكەنجەی بدەن و ڕۆحی پاكی بەرەو دونیای هەمیشەیی و بەهەشتی نەبڕاوەو تاهەتایی بەرزكردەوە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ناوی تۆماربكات و بەنموونە بیهێنێتەوە،
دەبێت ئافرەتان وخوشكانی موسڵمانیش ئاوا بن، نەك تەسلیمی ویست وئیرادەی كەسانی نهفس نزم بن، بەرەو ناشەرعی و شەهوات وشوبهاتیان ببەن و تیایدا غەرقی گوناه وتاوانی بكرێن، بۆیە دەبێت ئافرەتان خاوەنی ویست و ئیرادەو بڕیاری خۆیان بن، خاوەنی سەنگ و قورسایی خۆیانبن، سەركەوتن و سەرفرازی ئەوان لە دینی خوادایە كە بەرەو خۆشگوزەرانی و ئارامی دڵ و دەرون و ڕێگای ڕاستی بەهەشت ئاراستەیان دەكات.
Check Also
داهاتووی کاری ئۆنلاین لە کوردستان و جیهان
ڕەنگین عبدالکریم کافرۆشیلەگەڵ پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، هاوکات لەگەڵ باڵادەست بوونی سیستەمی …
Make every second count—play online games that matter. Hawkplay