نەورۆز كامیل
خوای گەورە پێویستی بەئازاردانی كەس نییە و پێی خۆش نییە هیچ بەندەیەكی تووشی سەختی و ناخۆشی ببێت….
بەڵكو ئەو هەموو بەندەكانی خۆی خۆشدەوێت و ڕێنماییان دەكات تا دوا هەناسەیان تاوەكو بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست، هەروەك چەندین ساڵ بواری دا بە قەومی نوح و هود و لوگ و صاڵح بەفیرعەون و هامان و قارون و نەمرودو تەواوی خراپەكاران و ستەمكاران و دژایەتیكەرانی خودا….ئەگەر خودا خۆشی نەویستن و حەزی بەهیدایەت و چاكەیان نەكردایە، ئەوا لەگەڵ یەكەم ووشەی كوفردا لەناوی دەبردن و مۆڵەتی نەدەدان.
بەڵام ڕەحمەتی پێش توڕەبونیەتی و خاوەنی حیلم و میهرەبانیە، بۆیە پاش چەندین هەوڵ و دەرفەت ئەوجا سزاو توڕەیی خۆیان بۆ دەنێرێت .
بۆچی خودا هێندە میهرەبانە بۆچی ئازارو ناڕەحەتیمان بۆ دەنێرێت؟
ئازاردان چ ماددی بێت یان مەعنەوی هەنگاوێكە لەهەنگاوەكانی پەروەردەكردن، كاتێك بەمنداڵێك دەڵێیت یاری بەو چەقۆیە مەكە ئەگینا دەستت دەبڕێت، بەڵام ئەو گوێ بە فەرمایشتەكەی تۆ نادات، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لێی دووپات دەكەیتەوە، دواجار لێی دەگەڕێی تا وەكوبەشێوازە قورس و بەئازارەكە فێربێت، ئەویش كاتێك چەقۆكە دەستی دەبڕێت و ئازاری دەدات، ئەوكات منداڵەكە فێر دەبێت كە یاریكردن بەچەقۆ كارێكی هەڵەیە و ئەكرێ زیانی لێ بكەویتەوە.
دوو ڕێگا هەیە بۆ فێربوون و هەروانەیەك لەژیانداو ئەزموون وەرگرتن ئەوانیش :
ڕێگای ئاسان: لەم ڕێگایەدا مرۆڤ خۆی هەوڵی فێربوون دەداتو دەگەڕێ و بەدواداچوون دەكات و لەئەزمونی زاناو داناو ئەوانەی پێش خۆی وئەو ڕوداوانەی لەدەوروبەری ڕوودەدەن سوود دەبینێت و زاست و ئەزموون وەردەگرێت لێیان، ئەم ڕێگایە كەسی چاوكراوەو بەئاگاو وریای دەوێت، كەبەردەوام لەپڕۆسەی فێربووندایەو هەرلەگەڵ گەشتنی بەڕاستیەكان شوێنیان دەكەوێت و خۆی لەهەواو هەوەسبەدوور دەگرێت.
ئەی ئەگەر بەڕێگای ئاسان فێرنەبووین؟
ئەوكات دەبێت ئامادەبین بۆ فێربوون بە ڕێگە سەختەكە، ئەویش بەچەشتنی دەرئەنجامی تاڵی و ڕەفتارو هەڵبژاردە هەڵەكانمان دەبێت، لێرەدا ئێمە یاسایەكی گەردوونی جێبەجێ دەكەین كە خودای گەورە دایناوە، ئەویش ئەوەیە كە هەموو كارێكی هەڵە دەرئەنجامێكی خراپی هەیە، هەر بۆیە ئەو كەسەی كە تووشی دەرئەنجامی نەخوازراو دەبێت لەكارەكانیدا، پێویستە یەكەم بیر ئەوەی بەخەیاڵیدابێت ئەوە بێت، كە ئەكرێ من هەڵەم كردبێ بۆیە ئەم ئەنجامەم دەستكەوتووە، ئینجا بەدوای هەڵەكەیدا بگەڕێ و بزانێت لەكوێدایەو بەزوترین كاتیش بەدوای ڕێگە چلرەدا بگەڕێ، بەم شێوەیە سودمەند دەبێت لەڕێگە سەختەكە….
ئایا ڕێگا سەختەكان خراپن؟
خۆ ئەگەر هەمووان بەڕێگە ئاسانەكان فێرببن و ڕێمان نەكەوێتە ڕێگا سەختەكان، ئەوكات ژیانمان بێ كێشەو بێ ناڕەحەتی دەبوو..بەڵام لەبەرئەوەی مرۆڤین و تووشی بێ ئاگایی و هەڵەدەبین كەم تا زۆر پێویستمان بە ڕێگە سەختەكە دەبێت و لێی سودمەند دەبین
بەڵێ: سەختی و ناڕەحەتی و ئازار شتانێكی خراپ نین و بەڵكو پێویستن تاوەكو پەروەردەبین و پێبگەین و خۆمان داماڵین، لەهەڵە و كەموكورتیەكان و هەنگاو بنێین بەرەو بەرزترین ئاستێك كە ئەتوانین پێ بگەین.
ئەی ئەگەر هۆكاری ئازارەكە هەڵە نەبوو؟
ئەكرێ هۆكاری ناڕەحەتیەكانمان هەڵەكانمان نەبن، بەڵكو سروشتی ئەو ڕێگایە بن كە پێیدا تێدەپەڕین و پێویست بن بۆ پەروەردەكردنمان لەسەر ئارامگرتن بۆ دروستكردنی كەسایەتیەكی پتەوو بەهێز، یاخود بۆ پەروەردەكردنی دڵێكی نەرم و بەهەست، هەروەك ئەو ڕووداوە بەئازارانەی بەسەر خۆشەویستدا(د.خ)دەهاتن و لەئەنجامی هەڵەدا نەبوو حاشا، بەڵكو سروشتی ڕێگای كەسە مەزنەكان وایەكە سەختەو پێویستە بەناڕەحەتی زۆردا تێپەڕن تاوەكو پلەو پایەیان بەرز بێتەوەو فێری ئارامگرتن و هەستكردنبەئازاری خەڵكی ببن و بەپێی پلەی مەزنیشیان ئازارەكانیان سەختر دەبێت بەڵام پاداشتەكانیشیان مەزنتر دەبێت
كەوایە:(سەیرە كاروباری موسڵمانان هەموو كاروبارەكانیان خێری تێدای، ئەگەر تووشی ناخۆشی هات و ئارامی گرت ئەوا خێری تیایە بۆی، ئەگەریش تووشی خۆشی هات و سوپاسگوزاری كرد خوای كرد ئەوا خێری تیایە بۆی، هەروەك پێغەمبەرمان(د.خ) فێری كردوین
كەواتە ئەوە كاردانەوەكانی ئێمەو بیركردنەوەو شێوازی مامەڵەكردنمانە لەگەڵ ڕوداوەكاندا كە خێرو شەڕیان دیاری دەكات وخۆشحاڵیمان و دڵتەنگیمان لەبەرامبەریاندا دیاری دەكات، نەك خودی ڕوداوەكان ئەكرێت نەخۆش كەوتنی كەسێك ڕوداوێكی زۆر بەقازانجتر بێت لەڕوداوی پلە بەرزكردنەوەی لەكارەكەیدا و زیادبوونی داهاتەكەی، ئەگەر دانایانە مامەڵەی لەگەڵ بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە كە خودا بۆی ناردووە، ئەو كات پێویستە گلەیی لەخۆی بكات لەو ناخۆشی و دڵتەنگییەی بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە بەسەری هاتووە، چونكە خودی نەخۆشی بۆ باوەڕداری ناخ ئارام و چەسپاوو جێگای نیگەرانی نییە.
لەكۆتاییدا دەڵێین:
شتێك بوونی نییە بەناوی بەڵاو ناڕەحەتی، ئازار گەلێك كە هێندە سەخت بن كە تووشی نیگەرانی و دڵتەنگی وڕوخان و نەخۆشی و ناتەواوی دەروونمان بكەن….
ئەمانە كە ڕوودەدەن هەمووی كاردانەوەی هەستیارانەی ئێمەن بەرامبەر بەو بارودۆخانەو ئەنجامی شێوازی بیركرنەوەمانە بەرامبەر بە ڕوداوەكان….خۆ ئەگەر تێڕوانی و بیركردنەوە نەرێنیەكانمان بگۆڕین بەبیری ئەرێنی و گەشبین، ئەوكات هەستەكانی بێتاقەتی و خەفەت و نەفرەت و ناڕەزایەتی و ئازار دەگۆڕێت بۆ سەكینەت و ئارامی و ئاسودەیی و ڕازیبوون و دڵخۆشی.
بێگومان لەسەرەتای هەموو ڕوداوە ناخۆشەكاندا ماوەیەكدڵتەنگی و ئازار ڕوومان تێدەكات، كە ئەویش لەهەنگاوی شۆك و هەنگاوی دركپێكردندا دەبێت، بەڵام بەپێی ئاستی یەقین و باوەڕ تا بەرزترین ئەوا دەتوانین زووتر ئەم قۆناغانە تێپەرینین و بچینە قۆناغی دانپێدانان و ڕازیبوون و سەكینەت و پاشان سوپاسگوزاری كەوایە ئەكرێ هەمان ڕووداو كە لەڕابردوودا دەبوو بەهۆكاری خەفەت و دڵتەنگی، بەڕاستكردنەوەی بیركردنەوەمان بیكەینە مایەی ئارامی و دڵخۆشی
چەند نموونەیەكی كرداری
خۆشەویست(د.خ) لەژیانیدا زۆر كەسی خۆشەویستی لەدەستدا لەوانەش خەدیخە(خوا لێی ڕازی بێت) ئەمەش پێغەمبەری زۆر ئازاردا، ئەو ئازارە سروشتییەی تووشی هەر كەسێك دەبێت كاتێك كەسێكی خۆشەویستی لەدەست دەدا، بەڵام هیچ كات وای لێ نەكرد لەخەڵك و لەئەركەكانی و ژیانی ئاسایی دوربكەوێتەوەو خەمباری باڵی بەسەردا بكێشێت، بەڵكو نەخەدیجەی لەیاد كردو نەژیانی فەرامۆش كرد، پاش ماوەیەك لە بێتاقەت بوون گەڕایەوە ژیانی ئاسایی خۆی و بەسەر یەكێك لە هەرە سەخترین ئازارەكانی ژیاندا زاڵ بوو، چونكە دڵی ئەو تەنها وابەستەی خودا بوو، نەك هیچ كەسێك لەكەسەكانی دەوروبەری.
زۆرێك لەزانایانی ئوممەت بەهۆی هەقبژێریانەوە بەنددەكران و سزا دەدران و دوردەخرانەوەو لەسێدارە دەدران، بەڵام دەگێڕنەوە كەهیچ جۆرە دڵتەنگی و ترسێك لەڕوخسارو دەنگیاندا بەدی نەكراوەو جەختیان كردۆتەوە كە هەر قەدەرێك لای پەروەردگارەوە بێت ئەمن پێی خۆشحاڵ و شادومانن، هیچ گللەییەكیان لێی نییە.
زۆرێكیش لەهاوەڵان و پیاوچاكان و باوەڕدارانی پێشین و نوێ كاتێك هەواڵی نەخۆش كەوتنی یان لەدەستدانی ئەندامێكیان زانیوە، سوپاسی خوایان كردووەو پێی دڵتەنگ نەبوون لەبری ئەوە بیریان لەتەواوی ئەو نیعمەتانەی دیكە كردۆتەوە كەماویانەو قەدریان زانیوە
Check Also
خانمێک بۆ جوانکردنی ژیان خوڵقاوە
ئا: شادانخاتوو بەیان خانمێکی سەلار، دایکی شەش منداڵی پڕهێزو وزە و چالاک و خەمخۆری کۆمەڵگە، …
Think fast, play smart—win big in the online gaming arena. Hawkplay