ا
بەقەڵەمی شاعیری کۆچکردوو گۆران عەباس
چەپكە گوڵە بۆن خۆشەكەم
كار مامزە چاوڕەشەكەم
كە گەورەبوویت
لەسەروی هیچ پیرێكەوە
دانەنیشیت..
با هەمیشە گەورەیی ئەو
بڕژێتە ناو جوانیتەوە
كە گەورەبوویت
لەخوارووی هیچ بیرێكەوە
دانەنیشیت..
بالێڵایی ئەو هیچ كاتێك
نەڕژێتە ناو جوانیتەوە
بینایی دیدەم..هۆ كچەكەم
كە گەورەبوویت
خاكی بە..خاكی بە.. خاكی بە
كە خاك بوویت..
ئەبیتە بەشێك لەڕەگ و قەدو
باڵاو لوتكەی چیا..
چیا دەچێتە ڕۆحتەوە
كە خاكی بوویت..
دەبیتە دەشتێكی بەرین
لەزستاندا..
لێوی تەڕی ئۆخەییت و
لەبەهاردا روو سووری هێجگار رووسووری
ژیان لەچاوتا شین ئەبێت..
پایزانیش گەنم ڕەنگ..
هاوینانیش لەڕوخساری نانێك ئەچیت
ڕاست و ڕاست بین و ڕاست یار بە
بۆ هەمیشە..
پەڕۆیەكی چرچ و بۆری
لای سەرشانی مناڵێكی
كوێرە دێیەكی ئەم خاكەت
لەمەندیلی..ساف و پاكی
هەزار مەلای لای دەرباری
حەق نەبێژو پاروگلێن
لا پاكتربێت…
چەپكە گوڵە بۆن خۆشەكەم
هەمیشە وەك كانی ڕوون و …
گەردن كەچ بە وەك وەنەوشەو…
چون تەواریش بەرزەفڕبە
كارمامزێكی..ناسك و
سرك و تیژڕەو و وریابە
هیچ كەوانێك
كەوانی چاوی حەسودو
كەوانی دڵی پڕ ژارو
كەوانی جەهل و نیفاق و
كەوانی بێڕەحمی زەمەن
زەفەر بەوجودت نەبات
توخوا…كچم
كە گەورەبوویت..
خاكی بە.. وریا بە..ڕاست بە
ڕوت لە پیری دیدە ڕون و
پشتت لە لێڵایی بیربێ
****
جگەر گۆشە بزێوەكەم
كە گەورەبویت
هەمیشە مۆمێكی هێمن
نەكەی ڕۆژێك بە بیرتابێت
تینی گڕێكی بڵند بیت..
ئەزانی بۆ…
چونكە چاو ڕەشەكەی بابە
تۆ كەمۆمی
چۆن ئەتوانی ببیتە گڕ
كاتێ مۆم
كە دەسووتێییت..
تك..تك دەبێتە ڕووناكی
وامەزانە كە بویتە گڕ
هەموو دونیا دەسوتێنی..
هەناسەیەك …تەنها هەناسەیەك نابات
دەتوێتەوەو دەبیتە مشتێك تاریكی!!!
***
كارمامزە بۆن خۆشەكەم
كە تۆهاتی..
بەهاتنت فەرهەنگی كوردیش دوو گیان بوو
چەندین وشەی
تەڕو تازەش لەدایك بوو..
خوێنی گەرمیش
هاوتەمەنی تۆیە گوڵم
بەڵام هیچ كات
نەوەك تۆ جوان و ڕووخۆشە
نەوەك ناویشت ناسك و
چون هەناسەت هێمن و نەرم و بۆن خۆشە.
نەناوی جوانێكە وەك تۆ
نەبێگەردە وەك ناخی تۆ
ئەو پێناكەنێ بەبێ هۆ
دانابارێتە سەر گیان و
چاوی تینوش قەد تێر ئاو ناكا وەكو تۆ
نەخوێنیشی گەرمە وەك تۆ!!
ئەزانی بۆ..
“لیا ” خنجیلەكەی بابە
چونكە كچم
خوێنی گەرم كاتێ گەرمە
لەخوارەوە..
هەر لەژێرپێی هەنگاوێكی بێزارەوە
بۆ سەمامەی دڵی حزب
فشار بەرێت..
گەر وانەبێت..
كاتێ كە ئەو ئەگاتە جێ
لەبێژەنگی دڵی حزب ئەدرێتەوە
جارێكی تر دەبێتە خوێنێكی خەست و
پیر پیر دەگرێ ملی ڕێگا
سارد..سارد هەنگاوی قورس دەكا
بۆ ئەو دەبێتە سێبەرو
بۆ تۆش دنیایەك تاریكی
ئەو لەسەر شانی خۆی دەنێ و
لەگەڵ ئەودا دەچێتە سەر شانی تۆ
چۆن بەسەر جەستەدا سەركەوت
لەسەرەوە بۆ شێلانت….
پێ…پێ پاماڵی تۆ دەكا..
***
ئەرێ كچم..
كە گەورە بوویت..
هەرچۆن ئێستا لەگەڵ نیگای
خۆتا دێیت و
بەقەڵەم بازێك ئەگەیتە
سەر باوەشم..
خاكی دڵم بەسەر سەرو شانتا ئەكەیت
لەمێرگی ڕۆحما ڕائەكشێیت
وچان ئەدەیت
لەپایزی ڕوخساری باوكت ئەڕوانی
تۆ زستانێك بەدی ئەكەیت
لە قەندیلی سەرم ورد..ورد
وردیلانە سەرنج ئەدەیت
تۆ ئەبینیت…
بنار بەفرێكی گرتووەو ناچێتەوە
بەخێرایش بەرەو لوتكە دائەبارێت
تۆ نازانی..
كارمامزە چاوڕەشەكەم
من دەبینم..
لەئێستاوە خەمێك لەچاوتا شین بووە
قەصیدەیەكی بین درێژ..
پاش بەفرانبار لەڕێبەنداندا ون ئەبێت
ئەرێ كچم
گەورەبوویت ئەو قەصیدەیەت خۆش بوێت
سەر لەبەیانیانی گشت ڕۆژی جومعەیەك
بەقەڵەم باریك بگەینە جێ ژوان و
هەروەك ئێستا
خاكی دڵم بەسەر سەرو شانتا بكەو
تینویەتی ڕێگای دورت
بەئاوی چاوت بشكێنە
لەمێرگی ڕۆحما وەك جاران
وچانێك دە
نیسانی ۲٠٠٦
________________________
لە دیوانە شیعری خەمەکانی نیشتیمان / بەرگی دوو وەرگیراوە
Battle your way to glory—step into the game today! Hawkplay