مودریك عه‌لى عارف
مرۆڤى كامڵ و ژیر و به‌سه‌لیقه، ئه‌و مرۆڤه‌یه كه ده‌توانێ سود له هه‌موو بزاوت و جوڵه و گۆڕانكارییه‌كى ژیان و جیهان و وه‌رگرێ و به ئه‌ندازه‌ى پێویست لێیان به‌هره‌مه‌ند ببێت، هه‌روه‌ك هه‌وڵ ده‌دات كه له هه‌موو ئه‌و بزاوت و گۆڕانكارییه پۆزه‌تیڤه سروشتى و مه‌عنه‌وى و گه‌ردوونى و مرۆییانه چێژ وه‌ربگرێت و ڕۆح و دڵ و ده‌روونى خۆى پێ ئاسوده بكات، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م مرۆڤه ژیر و كامڵ و به‌سه‌لیقه‌یه بێ‌باك و خه‌مسارد نابێت به‌رامبه‌ر هیچ شتێك و هه‌موو بزاوت و جوڵه‌كانى گه‌ردوون و ژیان دڵ و هه‌ستى ده‌بزوێنن و عه‌قڵى كامڵتر و به‌هۆشتر ده‌كه‌ن و ڕۆحى بڵندتر و به‌رزه‌فڕتر ده‌كه‌ن، تێكڕاى ده‌نگ و ڕه‌نگ و قه‌باره جیاوازه‌كان سه‌رنجى ڕاده‌كێشن و ئاسۆى بیرى فراوانتر و خه‌رمانى هه‌ستى دڵ و ناخى زیاد ده‌كه‌ن و ویژدانى ده‌بزوێنن و زیندووى ڕاده‌گرن.
ئه‌وه ڕوون و ئاشكرایه كه خواى گه‌وره و میهره‌بان و به‌دیهێنه‌ر و جوانكارى گه‌ردوون، په‌روه‌ردگارى خاوه‌ن (جه‌لال) و ده‌سه‌ڵات و خالقى بێ هاوتا و خاوه‌نى (جه‌ماڵ) و جوانى بێ وێنه، به چه‌ندین شێوه عه‌قڵ و ژیرى مرۆڤه‌كان هۆشیار ده‌كاته‌وه و هه‌ست و دڵیان ده‌خاته جۆش و خرۆش و فێرى چۆنیه‌تى ژیان و مردنیان ده‌كات، پێیان ده‌ڵێت كه سود و چێژ له هه‌موو جوڵه و جومگه و گۆڕانكارى و به‌شه‌كانى ژیان و گه‌ردوون ببه‌ن.
خواى حه‌كیم و كاربه‌جێ، گاهێك به ئایاتى (ئه‌نفوس) و (ئافاق) و گه‌ردونى ڕێنوماییمان ده‌كات و په‌یامى خۆیمان پێ ڕاده‌گه‌ینێ، تاوێكیش به ئایاتى نووسراو و نازڵكراوى و په‌یامه ئاسمانییه‌كان و دوایین په‌یام (قورئان) به‌ئاگامان ده‌هێنێته‌وه و ڕێبازى ژیانمان نیشان ده‌دات، به دانایى و حیكمه‌ت و میهره‌بانى فراوانى خۆى به‌ره‌و ڕێگه‌ى به‌خته‌وه‌رى و سه‌رفرازى دونیا و دواڕۆژ ڕێنوماییمان ده‌كات و ده‌مانخاته ڕێ.
ئه‌وه حیكمه‌ت و دانایى بێ سنورى ئه‌و به‌دیهێنه‌ره میهره‌بانه‌یه كه به چه‌ندین شێواز داوامان لێده‌كات و هانمان ده‌دات كه بگه‌ڕێین به‌سه‌ر زه‌ویدا و ته‌ماشاى دروستكراوه‌كانى بكه‌ین و په‌ند و عیبره‌ت و سود و چێژیان لێوه‌رگرین، وه‌ك له چه‌ندین شوێنى قورئانى پیرۆزدا ئاماژه‌ى بۆ كردووه، له نموونه‌ى ئایه‌ته‌كانى: [وفِى أنْفُسِكُمْ أفَلا تُبْصِرُونَ]ألذاریات/21، و [أو لمْ ينْڤظرُواْ فِي مَلكُوتِ السَّمواتِ والأرْض..] الأعراف/185، و [فَأنْظرْ اِلى اثار رَحْمَة اللهِ كَیْفَ یُحْیِى الأرْض بَعْدَ مَوْتِها اِنَّ ذالِكَ لمُحِیى الْمَوْتَى وهُو عَلى كُلِّ شَى‌ء قَدِیرٍ]الروم/50، و [قُلْ سِیرُواْ فِي الأرْض فَانْظرُواْ كَیْفَ بَدَأ الْخَلْقَ ثمَّ اللهُ یُنْشِيء النَّشْأة الاخِرَة اِنَّ اللهَ عَلى كُلِّ شَيء قَدِیرٍ]العنكبوت/20.
ئه‌مانه و چه‌ندین ئایه‌تى هاوشێوه‌ى ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزانه، داواى گه‌ڕان به ناو سروشت و ڕامان و سه‌رنجدانمان لێده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ته‌ماشاى (ئایاتى گه‌ردوونى) بكه‌ین و لێیان ڕامێنین و په‌ندیان لێوه‌رگرین و ده‌سه‌ڵاتى خوا بهێنینه پێش چاومان، به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتى (جه‌لال) و (جه‌ماڵ)و جوانى خواى خوڵقێنه‌رى هه‌موو بوونه‌وه‌ر.
له سۆنگه‌ى ڕامانێكى خێرا له‌م ئایه‌ته پیرۆزانه‌وه، ده‌بینین كه وه‌رزى پڕ له جوانى و دیمه‌نى سه‌رنجڕاكێشى به‌هار و وه‌رزى زیندووبوونه‌وه و له‌دایكبوونه‌وه‌ى سه‌رله‌نوێى سروشت، وه‌رزى ده‌ركه‌وتن و ته‌جه‌للاكردنى ده‌سه‌ڵاتى (جه‌لال) و (قه‌دیر)ى خواى به‌توانایه، وه‌رزى جیلوه‌كردنى (جه‌ماڵ) و جوانى و میهره‌بانى و حیكمه‌تى بێ چوونى خواى جوانكارى سروشت و به‌دیهێنه‌رى جوانترین دروستكراویه‌تى كه مرۆڤه، [لقَدْ خَلقْنَا الأنْسانَ فِي أحْسَنِ تَقْوِیمٍ]التین/4، وه‌رزى میواندارى به‌نده‌كانه له لایه‌ن خواوه بۆ ناو سروشت و به‌جێهێشتنى چواردیوارى ڕه‌ق و بێ گیانى ماڵ و كۆشك و ته‌لاره‌كان، وه‌رزى ئاشتبوونه‌وه‌ى مرۆڤه له‌گه‌ڵ سه‌وزایى و ده‌نگى مه‌ل و جریوه‌ى چۆله‌كه و قاسپه‌ى كه‌و و گمه‌ى كۆتر و هاژه‌ى ڕوبار و تاڤگه و قوڵپه قوڵپى ئاوى كانیاوه سازگاره‌كان، وه‌رزى ئاشتبوونه‌وه‌ى مرۆڤه له‌گه‌ڵ هه‌واى پاك و نور و ڕوناكى خۆر و پرشه و خه‌رمانه‌ى مانگى تابان و ورشه و تیشكى زێڕ‌ینى ئه‌ستێره‌كانى ئاسمان، وه‌رزى بینینى ڕه‌نگى جیاواز و بۆنكردنى بۆنى دڵڕفینى گوڵه‌كان و هه‌ڵمژینى شنه‌ى سازگارى كوێستان و ناو باخ و پێده‌شت و كه‌ناراوه‌كانه.
ئاى كه چه‌نێك سته‌م و ناڕه‌وایه و ساده‌ییه بۆ ئێمه‌ى مرۆڤى خاوه‌ن عه‌قڵ و ژیرى، ئه‌گه‌ر جوانى و ڕازاوه‌یى و قه‌شه‌نگى دیمه‌نه دڵڕفێنه‌كانى سروشتى وه‌رزى به‌هار، جوانى و جه‌ماڵى خواى میهره‌بانمان نه‌خاته‌وه یاد و تامه‌زرۆ و تینووى عیشق و خۆشه‌ویستى ئه‌و زاته (جه‌میل) و خاوه‌ن (جه‌ماڵ) و (كه‌ماڵ)ه ڕه‌هایه‌مان نه‌كات، حه‌یفه و زۆریش حه‌یفه كه له بینینى ئه‌و دیمه‌نه به‌هارییانه‌دا هه‌ست به ته‌جه‌للاكردنى ده‌سه‌ڵات و (جه‌لال) و (جه‌ماڵ) و جوانى خوا نه‌كه‌ین.
زۆر حه‌یفه و جێى سه‌رنج و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر وه‌ك (عه‌تتارى نه‌یشابورى) شاعیرى گه‌وره و به‌ناوبانگ، له هه‌موو لایه‌كه‌وه جوانى و جه‌ماڵى خواى میهره‌بان نه‌بینین و كه‌مه‌ندكێشمان نه‌كات و مه‌ست و حه‌یرانى ئه‌و نیگاره جوانانه‌ى نه‌بین، وه‌ك ده‌ڵێ:
چشم بگشا كه جلوه دلدار
متجلى است از در و دیوار.
واته: چاو بكه‌ره‌وه و ته‌ماشا بكه كه جیلوه و ده‌ركه‌وتنى ڕووى جوانى دڵدار و خۆشه‌ویست، له ده‌ر و دیوار و هه‌موو لایه‌كه‌وه ته‌جه‌للاى كردووه و ده‌ركه‌وتووه.
بۆیه پێویسته ئێمه‌ش له‌م ڕۆژه به‌هاریانه‌دا و له‌م وه‌رزى بووژانه‌وه و زیندووبوونه‌وه‌یه‌ى سروشتدا، به‌م ڕۆح و نه‌فه‌سه جوانبینانه‌وه ته‌ماشاى سروشت و جوانى و دیمه‌نه قه‌شه‌نگه‌كانى وه‌رزى به‌هار بكه‌ین و لێیان ڕامێنین و سود و چێژیان لێوه‌رگرین، بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ژیان و جیهانه‌ى كه ئاشتمان ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ خوڵقێنه‌رى ئه‌م سروشته جوان و شه‌نگ و ڕازاوه‌یه‌دا، نغرۆ ببین له عیشق و خۆشه‌ویستى ئه‌و زاته میهره‌بانه‌ى كه ئه‌م تابلۆ ڕه‌نگینه‌ى بۆ نیگار كێشاوین و پێشكه‌شى كردووین، دواجار له‌ناخى دڵه‌وه زمانمان بپژێ و بێینه گۆ و شوكرانه و ستایشى ئه‌و هه‌موو جوانى و نیعمه‌تانه‌ى بكه‌ین، به‌مه‌ش ژیان و دونیامان جوان بكه‌ین و توێشوو بۆ دواڕۆژمان كۆوه كه‌ین.