مودریك عه‌لى عارف
سه‌راپاى مانگى مه‌ولود به‌گشتى و ڕۆژى دوانزه‌ى ڕه‌بیعولئه‌ووه‌ل به‌تایبه‌تى، كه ڕۆژى له‌دایكبوونى خۆشه‌ویسترین و نزیكترین به‌نده‌ى خوایه، وه‌رزى گه‌شانه‌وه‌ى ڕۆح و بووژانه‌وه‌ى دڵ و پته‌وكردنى باوه‌ڕ و خزمه‌تكردنى دره‌ختى ئیمانه، وه‌رزى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕۆژێكى بێ وێنه له لاپه‌ڕه پڕ له سه‌روه‌رى و زێڕینه‌كانى مێژووى مرۆڤایه‌تى، وه‌رزى ئاشتبوونه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ به‌دیهێنه‌رى ئه‌رز و ئاسمان و خواى میهره‌بان و خۆشه‌ویسته‌كه‌ى خوادا (د.خ)، مانگى مه‌ولود وه‌رزى خۆدزینه‌وه‌یه له گوناهو تاوان و كه‌مته‌رخه‌مى، وه‌رزى خۆدۆزینه‌وه‌یه له‌ناو په‌یامه‌كه‌ى دوایین نێردراوى خوادا كه په‌یامى ڕه‌حمه‌ت و میهره‌بانى هێناوه بۆ مرۆڤایه‌تى، وه‌رزى نزیكبوونه‌وه‌یه له به‌ندایه‌تى و خواناسى و ئه‌ركى په‌یامدارى، وه‌رزى زمان شیرینكردنه به فه‌رمووده‌كان و خۆجوانكردن به ئاكار و ڕه‌فتاره جوانه‌كانى نازداره‌كه‌ى مانگى ڕه‌بیعولئه‌ووه‌ل، وه‌رزى هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانى ژیانى كه‌سێتى پێغه‌مبه‌رێكه(د.خ) كه لێوانلێوه له ڕه‌حم و ڕه‌حمه‌ت و كه‌یله له خۆشه‌ویستى و سۆز و به‌زه‌یى نواندن، وه‌رزى ده‌ربڕینى ترۆپكى خۆشه‌ویستییه بۆ ئه‌و سه‌روه‌ره مه‌حبوبه‌ى دڵى ئه‌ویندارانى ڕاسته‌قینه، وه‌رزى شاره‌زابوونه له ژیاننامه و ناسینى كه‌سێتى دوایین نێردراوى خوا و ئاگاداربوون له ناوه‌ڕۆكى په‌یامى ئیلاهى و به‌رنامه‌ى ژیانى ئینسانى.
بۆ ده‌ربڕینى عیشق و خۆشه‌ویستى نواندن بۆ هه‌ر كه‌سێك و نیشاندانى دڵوابه‌سته‌یى و په‌یڕه‌وى كردن له گوفتار و ڕه‌فتاره‌كانى، پێویسته له‌سه‌ره‌تادا و به‌ر له هه‌ر شتێكى دیكه كه‌سێتى و خه‌سڵه‌ته‌كانى ئه‌و كه‌سه بناسیت و شاره‌زاى ژیان و هه‌ڵسوكه‌وت و بیر و بۆچوونه‌كانى ببیت، ئه‌وجا به ئه‌ندازه‌ى باشى و جوانى و ڕاستى بۆچوون و گوفتار و كرداره‌كانى و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، تۆش خۆشه‌ویستى بۆ ده‌رده‌بڕیت و په‌یڕه‌وى له داوا و ڕێنومایى و فه‌رمانه‌كانى ده‌كه‌یت، به‌مه‌ش ده‌بیته شوێنكه‌وته‌ى ڕاسته‌قینه و خۆشه‌ویستى ئه‌و كه‌سێتییه.
شاره‌زابوون له ژیاننامه و ناسینى كه‌سێتى و ئاكاره‌كانى پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان موحه‌ممه‌د(د.خ) وه‌ك دوایین په‌یامبه‌رى خوایى، له هه‌مووان گرنگتر و پێویستتره بۆ شوێنكه‌وتووه‌كانى، مانگى مه‌ولود و (ڕه‌بیعولئه‌ووه‌ل) و بۆنه‌ى له‌دایكبوونى ئه‌و سه‌روه‌ره‌ش، یه‌كێكه له گونجاوترین و باشترین كات و ده‌رفه‌ته‌كان بۆ هه‌ستان به ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌و ئه‌رك و كاره گرنگ و پێویسته، بۆیه ده‌بێ كه‌سى باوه‌ڕدار و په‌یامدار زۆر به باشى ئه‌و ده‌رفه‌ته بقۆزێته‌وه و سودى ته‌واوى لێوه‌رگرێ، خۆى به‌و گوفتار و ڕه‌فتار و ئاكارانه بڕازێنێته‌وه و ببێته كه‌سێكى پێغه‌مبه‌رنوما و ده‌نگ و ڕه‌نگ و بۆنى ئه‌و په‌خش بكات.
یه‌كێك له گرنگترین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندى و خه‌سڵه‌ته جوانانه‌ى كه‌سێتى باڵاى موحه‌ممه‌د(د.خ) كه زۆر پێویسته هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بكرێ و بایه‌خى بنچینه‌یى پێ بدرێ و بكرێته كاڵاى باڵاى كه‌سه‌كان، چ وه‌ك مرۆڤ و چ وه‌ك پێغه‌مبه‌ر و دوایین نێردراوى خوایى، بریتیه له ڕه‌حمه‌تبوونى بۆ جیهانیان به‌گشتى، به مرۆڤ و گیانداره‌وه، به سروشت و بێ گیانه‌وه، به باوه‌ڕدار و بێ باوه‌ڕه‌وه، به خزم و بێگانه‌وه، كه ئه‌م خه‌سڵه‌ته جوان و گرنگه له به‌شه مرۆییه‌كه‌یدا وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكى دیكه و له به‌شى په‌یامدارى و بانگه‌وازه‌كه‌یدا وه‌ك پێغه‌مبه‌رێك به‌تایبه‌تى، زۆر به جوانى ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك كه ته‌ماشاى ئایه‌ته‌كانى قورئانى پیرۆز و فه‌رمووده شیرینه‌كان و ئاكاره جوانه‌كانى خودى خۆى ده‌كه‌ین، زۆر به ڕوونى ئه‌م ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌ییه‌ى تێدا ده‌بینین، به‌تایبه‌ت كاتێك كه ئه‌م شایه‌تییه گه‌وره و گرنگه زاتى خواى باڵاده‌ست بۆى داوه و فه‌رموویه‌تى: [ومَا أرْسَلْنَاكَ اِلاَّ رَحْمَة لِلْعَالمِینَ.] كه باشترین وه‌سف و سه‌نا و پێناسه‌یه بۆ ئه‌م مرۆڤه بێ وێنه میهره‌بانه‌ى خواى به به‌زه‌یى.
ئه‌مه وێڕاى ئه‌وه‌ى كه ئه‌م په‌یامبه‌ره ڕه‌ئفه‌ت و ڕه‌حمه‌تێكى جیاواز و زۆر تایبه‌تى بۆ موسڵمانان و باوه‌ڕداران هه‌بووه، وه‌ك خواى گه‌وره ده‌فه‌رمووێ: [لقَدْ جَا‌ؤكُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِكُمْ عَزِیزٌ عَلیْهِ مَا عَنِتُّمْ حَڕیصٌ عَلیْكُمْ بِالْمُؤمِنِینَ رَ‌ؤوفٌ رَحِیمٌ.] كه بووه‌ته وێنه‌یه‌ك له جیلوه‌كردن و نومایشكردنى خه‌سڵه‌ت و ئاوه‌ڵناوه جوانه‌كانى خواى (ڕه‌حمان و ڕه‌حیم) و میهره‌بان له‌سه‌ر زه‌ویدا.
بۆیه پێویسته مانگى مه‌ولود بكرێته مانگى له‌دایكبوونه‌وه‌ى مرۆڤایه‌تى، مانگى ئاوڕدانه‌وه له‌سه‌رجه‌م خه‌ڵكى به ئایین و بیر و باوه‌ڕى جیاوازه‌وه، بكرێته ئه‌و مانگه‌ى كه تێیدا ـ له لایه‌ن موسڵمانان و شوێنكه‌وتوانى ئه‌و په‌یامبه‌ره‌وه ـ ڕه‌حم و ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یى دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا به‌گشتى، ببنه به‌رجه‌سته‌كارى ئایه‌تى: [ومَا أرْسَلْنَاكَ اِلاَّ رَحْمَة لِلْعَالمِینَ.].
پێویسته له‌سه‌ر ئێمه‌ى موسڵمانانیش كه به په‌یڕه‌وى كردنى ڕاسته‌قینه‌مان له گوفتار و ڕه‌فتار و ئاكاره‌كانى پێغه‌مبه‌رى ئازیز(د.خ)، بازنه‌ى دینداریمان فراوان بكه‌ین و له بازنه‌ى خزمه‌تكردن و ڕه‌حم و ڕه‌حمه‌ت به‌خشین به دیندارانه‌وه بگوازینه‌وه بۆ بازنه‌ى مرۆڤه‌كان به‌گشتى، با به چه‌شنێك بین كه ئه‌گه‌رچى خه‌ڵكیش په‌یوه‌ست نه‌بن به باوه‌ڕ و دروشم و عیباداتى دینه‌كه‌مانه‌وه، به‌ڵام با سودمه‌ند ببن له ڕۆح و فه‌لسه‌فه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و مرۆیى و خزمه‌تگوزارانه‌ى دینه‌كه‌مان، با بزانن كه ئه‌م دینه ڕه‌حمه‌ته بۆ هه‌مووان، ته‌نانه‌ت بۆ دوژمن و نه‌یاره‌كانیشى، وه‌ك ئه‌و نموونه جوانه‌ى سه‌روه‌ر بین كه پێشه‌وا (موسلیم) له (ئه‌بو هوره‌یره)وه بۆمان ده‌گێڕێته‌وه كه: هه‌ندێ له هاوه‌ڵان داوایان له پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كردووه كه دوعاى شه‌ڕ و عه‌زاب بكات له موشریك و بێ باوه‌ڕه‌كان و ئه‌وانه‌ى كه ئازاریان ده‌ده‌ن، ئه‌و زاته‌ش ـ كه نموونه‌یه‌كى باڵاى ڕه‌حمه‌ت و جیلوه‌یه‌كه له (ڕه‌حمانییه‌ت) و (ڕه‌حیمییه‌ت)ى خواى میهره‌بان ـ له وه‌ڵامدا پێیان ده‌فه‌رمووێ: (اِنِّى لمْ أُبْعَث لعَّانَاً، واِنَّمَا بُعِثتُ رَحْمَة.) واته: من بۆ ئه‌وه ڕه‌وانه نه‌كراوم كه نفرین له خه‌ڵكى بكه‌م و قسه‌ى ناشیرین و ناڕه‌وایان پێ‌بڵێم، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه نێردراوم كه ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یى بم بۆیان.
به‌ڵێ! موحه‌ممه‌دى پێغه‌مبه‌ر(د.خ) به بڕیار و به‌ڵێن و ڕێنومایى و مه‌ده‌دى ئیلاهى بووه‌ته ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یى بۆ هه‌موو جیهانیان، به گیاندار و بێ گیانه‌وه، ڕِه‌حمه‌ت بووه بۆ دار و دره‌خت و ڕێگرى كردووه كه ته‌نانه‌ت له جه‌نگ و غه‌زاكانیشدا بیانبڕن، ڕه‌حمه‌ت بووه بۆ كانیاوه‌كان و فه‌رموویه‌تى پڕیان مه‌كه‌نه‌وه، ڕه‌حمه‌ت بووه بۆ گیانداران و فه‌رموویه‌تى به چه‌قۆى تیژ نه‌بێ سه‌ریان مه‌بڕن بۆ ئه‌وه‌ى ئازار نه‌چه‌ژن، ڕه‌حمه‌ت بووه بۆ هاوسه‌ره‌كان و فه‌رموویه‌تى: (خَیْرُكُمْ خَیْرُكُمْ لأِهْلِهِ وأنَا خَیْرُكُمْ لأِهْلِى.) ڕه‌حمه‌ت بووه بۆ ئه‌سیر و به‌ندكراوه‌كان و نه‌یكوشتوون و ڕێگه‌ى نه‌داوه بكوژرێن و ئه‌شكه‌نجه و ئازار بدرێن، به‌ڵكو ته‌نها به‌وه‌نده‌ى كه چه‌ند كه‌سێك فێرى خوێنه‌وارى بكه‌ن ئازادیان بكه‌ن، ڕه‌حمه‌ت بووه بۆ نه‌دار و هه‌ژاران و بێ نه‌وایان، بۆ بێ باوك و هه‌تیووان و نازى كێشاون و كه‌فیلى هه‌تیووى كردووه‌ته دراوسێى خۆى له به‌هه‌شتدا، له لایه‌كى دیكه‌وه فه‌رموویه‌تى ته‌نانه‌ت ڕووخۆشى ـ كه هیچى تێناچێت ـ خێر و چاكه‌یه، ده‌ى له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا ڕووخۆشبن (تَبَسُّمُكَ لِۆجْهِ أخْیْكَ صَدَقَه‌ٌ.) و هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تى: (خَیْرُ النَّاسِ أنْفَعُهُمْ لِلنَّاسِ) و یاخود ده‌فه‌رمووێ: (ألْرَّاحِمُونَ يرْحَمُهُم الْرَّحْمَنُ، اِرْحَمُواْ مَنْ فِی الأرْض يرْحَمُُكُمْ مَنْ فِی الْسَّمَا‌ء.)
ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یى ئه‌م سه‌روه‌ره خۆشه‌ویسته(د.خ) گه‌یشتبووه ئه‌و ئاسته‌ى كه ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى كه دژایه‌تییان ده‌كرد و ئازاریان ده‌دا، ڕووى ده‌كرده خواى به ڕه‌حم و میهره‌بان و ده‌پاڕایه‌وه كه: (أللَّهُمَّ اِغْفِرْ لِقَوْمِي فَإِنَّهُمْ لايعْلمُونَ) و یاخود ده‌یفه‌رموو: (اِذهَبُواْ فَأنْتُم الطلقَا‌ء) و چه‌ندین هه‌ڵوێست و نموونه‌ى جوان و ناوازه‌ى دیكه‌ى ده‌نواند و به چاكه‌كانى منه‌تبار و شه‌رمه‌زارى ده‌كردن.
بۆیه خواى گه‌وره ئه‌وه‌ى بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه كه: ئه‌م دڵ نه‌رمى و هه‌ست ناسكى و مامه‌ڵه جوانى و ڕه‌حمه‌تبوونه‌ى چ ئه‌نجامێكى هه‌بووه؟! بۆیه پێى ده‌فه‌رمووێ: [فَبِمَا رَحْمَة مِنَ اللَّهِ لِنْتَ لهُمْ ولوْ كُنْتَ فَظاً غَلِیظ الْقَلْبِ لانْفَضوا مِنْ حَوْلِكَ فَاعْفُ عَنْهُمْ واسْتَغْفِرْ لهُمْ وشاورهم فی الأمر].
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، پێویسته موسڵمانان و باوه‌ڕدارانیش، به ڕه‌حمه‌تبوون و به‌زه‌یى نواندن و نه‌رم و نیانى و خزمه‌تكردنى مرۆڤایه‌تى و ئاوڕدانه‌وه له خه‌م و داخوازى و پێویستییه‌كانى هاووڵاتیان و په‌رۆشى نواندن بۆیان، خه‌ڵكى له ده‌ورى په‌یامى خوایى و فه‌رمووده و ڕێنومایى و ئاكار و خۆشه‌ویستى ئه‌و سه‌روه‌ره كۆ بكه‌ینه‌وه، جوانى دینیان نیشان بده‌ین و چێژى دیندارى و خواناسى و عیشق و خۆشه‌ویستى پێغه‌مبه‌ریان(د.خ) پێ بچه‌ژین، نیشانیان بده‌ین كه په‌یامى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره(د.خ) په‌یامى ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یى و خزمه‌تكردنه به جیهانیان، په‌یامى مرۆڤدۆستى و ژیاندۆستى و ڕێزگرتنه له كه‌رامه‌تى ئینسانى هه‌ر تاكێك.