پێنج شه‌ممه‌ , ئازار 28 2024

قــــەیســـی… بەكارهێنانی و سوودە پزیشكییەكانی

گوڵاڵە محەمەد ئەمین، پسپۆڕی بەرهەمهێنانی میوە.

ناوی زانستی قەیسی (Prunusarmeniaca)یە، وڵاتی دایكی ئەرمینیایە، لە كۆنەوە چاندراوە، هەندێك بۆچونیان وایە كە شوێنی بنەڕەتی قەیسی باكوری چینە بەتایبەتیش هیمالایە، لەرێی ئیتاڵیاوە گەیشتە ئینگلتەرا لە كاتی فەرمانڕەوای پاشا هنری سێهەم.

زۆرترین ئەو وڵاتانەی كە قەیسیان تێدا دەڕوێنرێت لە نیوە گۆی باكوردان، لەو (30) وڵاتەی قەیسیان تێدا دەڕوێنرێت پێنجیان دەكەوێتە نیوە گۆی باشوور.

لەڕووی پۆلێنكردنەوە قەیسی سەر بە (prunoidea) و لە خێزانی (Rosaceae)یە، ڕەگی قەیسی زۆر بەهێزە و زۆریش دەچێتە خوارەوە و هەر لەبەر ئەمە (بە تایبەت ئەوانەی بە تۆو دەچێنرێن) زۆر بەرگە دەگرن بۆ ئەو جێگایانەی كە وشك و كەم ئاون. لەكاتی ئاسایی، نەبوونی هیچ ڕێگرێك باڵای قەیسی (10م تا 15م) دەڕوات، گەڵای قەیسی سادەیە و یەك لە دوای یەكە، شێوە دڵییە و كۆتایی گەڵاكان نوك تیژە و لێوارەكانی زبر و مشاریە، لە قەیسیدا كرانەوەی گوڵ پێش كرانەوەی گەڵایە و ناوكی قەیسی ڕەق و پتەوە. درەختی قەیسی پێویستی بە ئاووهەوای گەرم و مامناوەندییە لەو شوێنەی كە ئاووهەوای سارد و شێدارە میوەكەی باش نیە.

توانای خۆڕاگرتنی بە وشكی و پلەی گەرما هەیە، هەر لەبەر ئەمە ناشتنی قەیسی لە قەد پاڵی ڕوو بە باشور شوێنێكی لەبارە بۆی، بەڵام لەبەرئەوەی لە بەهاردا پاش بادام گوڵی دەكرێتەوە بۆیە ئامۆژگاری باخەوانەكان دەكرێت كە لەو جێگایانەی ترسی سەرمای درەنگ وەخت هەیە نەچێنرێت،  بەڵكو لەو قەدپاڵانە بڕوێنرێت كە ڕوو بە باكورە.

گوڵی نەكراوەی قەیسی توانای بەرگری (4-C) هەیە، بەڵام پاش كرانەوەی گوڵەكان كەمتر لە (2-C) دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، سەرەڕای سەرمای درەنگ وەخت گوڵی قەیسی زۆر هەستیارە بەرامبەر تەرزە و بارانی زۆر و بەلێزمە كە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی گوڵەكان.

ڕەگی درەختی قەیسی بەرامبەر بە ئاوی زیاد و (زۆنگ) زۆر هەستیارە، لەبەرئەوە خاكی سوك و فشۆڵ بۆ چاندنی قەیسی لە بارە، لە ئاووهەوای شێداردا قەیسی تووشی گەنینی قاوەیی دەبێت لەبەرئەوە لەو جێگایانەی ڕێژەی شێ‌ بەرزە قەیسی ناچێنرێت. قەیسی زیاتر لە جۆرەكانی تری میوە(سێو و هەرمێ‌ و بەهێ‌ و قۆخ) هەستیارترە بەرامبەر بە نەخۆشی بەكتریا.

پەینی پێویست بۆ گەشەی درەختی قەیسی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قۆناغە جیاوازەكانی درەختەكەوە هەیە، بە شێوەیەكی گشتی پێویستی درەختی قەیسی بە نایترۆجین و پۆتاسیۆم نزیكەی (30% تا 35%) زیاترە لە پێویستی درەختی سێو و هەرمێ‌.

پێكهاتەی میوەی قەیسی:

لە هەر (35 غم) لە قەیسی بەپێی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمریكی ئەم زانیارییە خۆراكیانەی خوارەوە تیایە:

یەكەی گەرمی: 17، ڕۆن: 0.14 ڕۆنی تێر:0، كاربۆهیدرات: 3.89، ڕیشاڵەكان:0.7، پڕۆتینات: 0.49، كۆلیستڕۆڵ: 0، ڕێژەیەكی زۆریش لە ئاو و شەكر و خوێی كانزایی و ڤیتامینەكانی وەكو (ئەی، بی 2، سی 1)تیایە.

بەكارهێنانی و سوودە پزیشكییەكانی میوەی قەیسی:

قەیسی كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی نەخۆشە شێرپەنجە هەیەو هاوكاری پاراستنی دڵ دەكات، مەترسی تووشبوون بە خورپەی دڵیش كەمدەكاتەوە.

لێكۆلینەوەیەك دەریخستووە قەیسی كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر كەمبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەو هاوسەنگكردنی لێدانی دڵ هەیە.

لێكۆلەرەوان سەبارەت بە تایبەتمەندییەكانی قەیسی ئاشكرایانكردووە، قەیسی خانەكانی لەشی مرۆڤ دەپارێزێت بەهۆی هەبوونی ڕێژەیەكی بەرچاو (پۆتاسیۆم)، ڕێژەی شەكریش لەناویدا بە شێوەیەكی زۆر هاوسەنگە، (ئەنتیئۆكسیدی) لەناودایە و كاریگەرییەكی باشی لەسەر فشارەكانی خوێن هەیە، بۆیە لێكۆڵەرەوان ئاماژەیان بەوەشكردووە، پێویستە مرۆڤەكان ڕۆژانە بەلایەنی كەمەوە (3-5) دانە قەیسی بخۆن، لەهەمان كاتدا قەیسی سەرچاوەی وزەیەكی باشە بۆ مرۆڤەكان.

بەهۆی هەبوونی مادەی (بیتۆكارۆتین) لەناویدا، سودێكی باشی هەیە بۆ تەندروستی چاو، هەروەها ڕیخۆڵەكان نەرمدەكاتەوە، بۆیە پێویستە ڕۆژانە گرنگی بە خواردنی قەیسی بدرێت، بۆ ئەوەی لەشێكی باش و تەندروستتان هەبێت، بەڵام نابێت زۆر بخۆن، چونكە بیرتان نەچێت هەموو میوە و خواردنێك زیاد لە پێویست بخورێت لە جێگەی سوود گەیاندن زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.

دكتۆر لۆركایرك دەڵێت: قەیسی زۆر بەسوودە بۆ كەمخوێنی هەر (100گرام) لە قەیسی (45%) پێویستی لەش لە ڕۆژێكدا لە ووزە دەدات هەروەها لە (8%) لە ڤیتامینەكان.

قەیسی چارەسەری نەخۆشی هەستیاری دەكات بەتایبەتیش لیری پێست، نەرمكەرەوەیە و تینویەتی دەشكێنێت، هەروەها چالاككەرەو خێراش هەرسدەبێت، بەڵام بۆ ئەوانەی كێشەیان لە كۆئەندامی هەرس هەیە هەندێك ماندوویان دەكات، هێوركەرەوەی دەروونیە شڵەژاوی و پەشۆكاوی ناهێڵێت و لەهەمانكاتدا فشاری خوێن دادەبەزێنێت كە بەهۆی شڵەژاوییەوە پەیدابووە.

خواردنی قەیسی بەسوودە بۆ بەهێزبوونی خوێن بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی ئاسن كە تێیدایە، ئەو كالیسیۆمەش كە لەناو قەیسیدا هەیە پەیكەری ئێسك بەهێزدەكات، ئارەزووی خواردن زیاددەكات، لە لایەكی تریشەوە خواردنی قەیسی دەردانی ئارەق كەمدەكاتەوە و گەشە لە منداڵدا زیاددەكات،

توێژینەوەیەكی نوێ‌ ئەوەی ڕاگەیاندووە یەكێك لەو میوانەی كە سودێكی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە قەیسییە، هۆكارێكە بۆ ڕێكخستنی خۆراكی ناو جگەر و بەشداریدەكات لە دروستكردنی خڕۆكە سورەكان لە خوێندا، توانای بینین چالاكتر دەكات، توانای لەش بەهێزتر دەكات بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی نەخۆشییەكان، ئەگەر بە شەربەتەكەی بۆ دەموچاو بەكاربێت ئەوا مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە نەخۆشیییەكانی پێست. میوەیەكی پڕ لە ڤیتامینە بە تایبەتی ڤیتامین (A)، خۆراكێكی گرنگی قژە و ڕێگە لە هەڵوەرینی دەگرێت.

Check Also

گۆیژ بەرهەمێک وەک خۆراکی دڵ

پ.ى. گوڵاڵه‌ محمدامین سعیدمامۆستا له‌ كۆلێجى ته‌كنیكى زانسته‌پڕاكتیكیه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ گۆیژ، یه‌كێكه‌ له‌و میوانه‌ى كه‌ له‌ …

یەک کۆمێنت

  1. Thanks for sharing. I read many of your blog posts, cool, your blog is very good.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *