الأحد , فبراير 8 2026

بە بیانووی یەکسانی ئافرەتان لەخۆرئاوا ڕۆڵی پیاویان پێدرا

ئا. جوان کامەران علی
ئازادی ئافرەت لە دەوڵەتە لیبراڵیەکاندا ئاشوبی ئافرەتانمان لە خۆرئاوا، کەوتنە داوی ئافرەتەکانمان پێگەی ئافرەت لە دەوڵەتە لیبراڵیەکاندا پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە ئیسلامەکان بەرواریان بەسەرچوو.
ئافرەتی موسوڵمان کێیە؟
وەرن با تەماشای نموونەی ئەو ئافرەتە بکەین کە لیبڕاڵی و عەلمانیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، تا لەژێر دروشمی ڕزگاری و ئازادیدا چاویان لێ بکەیت، ئەو ئازادییە لە کلتوری خۆرئاوای بێباوەڕدا لە ڕوتبوونەوەی جەستەو تێکەڵاوی بە پیاوان و کراوەی و سەرزەنشت کراو تێناپەڕێ، تەنها بۆ ئەوەی ببێتە ئامڕازێک کە ماوەی بەسەرچوونەکەی دیاریکراوە، هەمان بارگرانی پیاوان هەڵبگرێت، لەکاتێکدا خوای گەورە بە پێکهاتەیەکی فسیۆلۆجی جیاواز بەدیهێناوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی لە پیاوان کەمتر نەبێت، چونکە بەشەکەی تریەتی، پاشان چۆن دەبێت لە ناوەڕاستی دیمەنی ململانێکەدا بوەستێ و لەلایەن تەواوی دوژمنانی ئیسلامەوە بکرێنە ئامانج، ئایا هەموو ئەوە لەبەرئەوە نیە کە ترپەو دڵی ئەم ئومەتەیە، ئەو مناڵدانەیە کە سبەی نەوەی ڕزگارکەرو سەرخەری ئاینی لێوە لەدایک دەبێت.
بەچاوی خۆم ئەو ئافرەتە خۆرئاواییەم بینی کەوەک پیاو کرێکاری دەکرد لەهەڵکەندنی چاڵ و چاککردنەوەی کەناڵەکانی ئاوەڕۆ و زەحمەت و ئارەق ڕشتن، ئەمە ئەو دیمەنی یەکسانییەیە کە لیبراڵیەت بانگەشەی بۆ دەکات، دەمبینی هەناسە بڕكێیەتی و، ڕادەکات بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەدرێژایی ژیانی کاری قورس و گران ئەنجام دەدات، خەوی بەڕۆژە پشووەکانەوە دەبینی، بەڵام نەیدەتوانی چێژیان لێ ببینێت، ئەگەرچی هاوسەرگیریشی کردبوو، ئایا ئەوە ئەو ژیانە شەرەفمەندانەیە کە بەرەو ئەوێ پاڵت پێوە دەنێ؟ ژن و مێردی خۆرئاواییم بینی لەسەرەدا وەستابوون تا پسوڵەی مانگانە بدەن، چاوەڕێ بوو ژنەکە نیوەی پارەکە بدات بەبێ ئەوەی کەمترین سۆزو بەزەیی بۆی هەبێت، ئایا لیبڕاڵیەکان بۆ چ زەلیلیەک بانگمان دەکەن!لەکاتێکدا ئیسلام سەربڵندی کردوین بەباشتر لەوە ئافرەتێکی ٥٠ساڵەم بینی فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتە خوارەوە لەدەست تەنهایی و بێ وەفایی، ژیانی بەسەمای بالیەوە تێپەڕاندبوو ئێستا خەریکی ژیانە لەگەڵ ئاژەڵەکان، چونکە لەپەیوەندی لەگەڵ هیچ پیاوێک سەرکەوتوو نەبووە، پیاوان وەک و وێستگەیەک بەکاریان هێناوە.
من بینیومە چۆن پیاوان لەبەناوبانگترین کۆمپانیاو دامەزراوەکان کەسایەتیە بەناوبانگ و خاوەن پلەو پایەکان، دەستدرێژی دەکەنە سەر ئافرەتان، کەواتە ئازادیەکان سودیان چی بوو؟ ئەمانە چەند نموونەیەک بوو کە هەست بەو بەڵاو تیاچونە بکەیت کەدەیانەوێت ڕاتبکێشن بەرەو ئەوێ، بەڵام ئاگاداری فێڵ و درۆکانیان بە، باوەڕ نەکەی کەدەڵێت ئافرەتانی خۆرئاوا چێژ لە بەختەوەری و ئازادی دەبینن، بەڵکو لەڕاستیدا ئەوان قوربانی کۆمەڵگەیەکن کە بەماددییات داپۆشراوەو ئەدای تێدا بەناشرینترین شێوە بەکارهێناوە.
بەداخەوە بەشێک لە ئافرەتە موسوڵمانەکانمان کەوتوونەتە داوەوە لەپشت زیندانی ڕۆحی مرۆڤایەتی و بەکۆیلە کردنەوە هەناسە بڕکەیانە، هەندێک ئافرەتی موسوڵمانم دیوە هەر پێی لە زەوی خۆرئاوا داناوە یەکسەر باڵاپۆش نەماوەو پۆشاکەکەی کورت کردۆتەوەو دەست بەرداری زۆر شت بووە، بۆ ئەوەی کارێکی دەست بکەوێت یان دڵی ئەمەریکیەکان بەدەست بهێنێت، یان بەتەواوی تێکەڵی کۆمەڵگەی خۆرئاوای بووە، بەڵام بەداخەوە ساڵان تێپەڕین و تەنها تاریکی سەر ڕوخساریان و نائومێدی بەرامبەر ئارەزووەکانیانم بینی، کچە خوێندکارێکی موسوڵمانم بینیوە بەڕێزەوە چووەتە زانکۆ خورئاواییەکان لەو سەرەوە بەهاو ڕەگەز بازییەوە دەرچووە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزو شەرمی مابێت، ئەمە لەفەرهەنگی خۆرئاوادا پێی دەگوترێ ئازادی.
کێشەی سەرسامی ئافرەتانی ئێمە بەخۆرئاوا ئەوەیە کەناتوانن ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە خۆرئاوا بەتەواوی لە شێوازو چەمکی ژیاندا کەوتونەتە هەڵەوە، ستەمە یەکسانی بکەیت لەجیاوازی پێکهاتەی فسیۆلۆژی نێوان پیاوو ئافرەت، لەهەموو ڕۆڵ و کاروباریاندا دەبێت تەواوکاری یەکتربن نەک یەکسان بن.
ئەوان گرنگی بە ڕاستەقینەی جیاوازی نێوان ژن و پیاو نادەن، لەڕوانینی مامۆستاکانیان و لەسایەی لیبڕاڵیەتدا کەم بایەخ سەیری دەکەن، وەڵامی زۆر پرسیاری قورس نادەنەوە وەک هۆکاری زیادبوونی نەخۆشی سێکسی لە کۆمەڵگەی خورئاوایداو بڵاوبونەوەی ئایدز بە ڕێژەیەکی مەترسیدارو تێکچونی کۆمەڵگەو، هەڵوەشاندنەوەی خێزان بەهۆی زیناو زۆربوونی مناڵی بێ دایک و باوک، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لەلای ئافرەتان و ئالودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان،
بۆ ئەوەی ڕاتبکێشن بۆ ئەو گومانانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو دەقانەی ئیسلام هێناونی گونجاو نین، چونکە سەردەمی ئەمڕۆمان سەردەمی عەلمانیەت و دیموکراسیە لەگەڵ ئیسلام ناگونجێت، بەڵێ ئەوان بانگشەی ئەوە دەکەن کە ئەو دەقانە لە فیقهی ئیسلامدا هاتوون دەقی مێژووین و سەردەمیان بەسەرچووە، خوشکی ژیرم چۆن قبوڵ دەکەیت کەکەسێک لەبناغەی ئاینەکەت.و بنەماکانی ئیسلامی مەزن بدات، ئەوکاتە تۆ بەو پەڕی شانازییەوە بەو جۆرە مرۆڤانە بڵێ: (لکم دینکم ولی دین) واتا( ئاینی خۆتان بۆ خۆتان و ئاینی خۆم بۆ خۆم)
ئەی ئەو خوشکەی شانازی بەئیسلامەکەتەوە دەکەیت دەبێت بزانیت، لیبراڵیەت تەنها وەک ئامێرێکی سودگەیەنەرو بەچاوێکی ماددی و، هەوەسبازی سەیری ئافرەت دەکات، لەڕووی ماددی و دەرونیەوە بەناشرین ترین شێوە بەکاریدێنێت، جا سەیر بکە بزانە ئۆتۆمبیل یان جگەرە یان هەر بەرهەمێکی کەم بایەخ چۆن دەفرۆشن؟ ئافرەتێکی ڕووت دێنن لەگەڵیدا دەری دەخەن بۆ ڕیکلامکردنی، ئەمەش سوکایەتیکردنە بە مێینەیی، ئەگەر من بمەوێت بەرهەمێک بکڕم بۆچی دەبێت لاشەی ئافرەتێکی ڕووتم لەگەڵیدا بۆنمایش بکەن؟ کەبەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو بەرهەمەوە نیە؟ بەڵکو لوتکەی داڕمانە.
ئافرەتی موسوڵمان کێیە؟ ؟ ئافرەتی موسوڵمان هاوسەرە، دایکە، پەروەردەکارە، مامۆستایە، ئافرەتی ماڵەوەیە، گەوهەری خێزانی موسوڵمانە، بە پێچەوانەی ئافرەتی خۆرئاواوە، کەسروشتە ماددییە بەرژەوەندیخوازییەکە بەسەر خۆی تەمەنی لەخانەی بەساڵاچوان و بەنەخۆشی دەروونیەوە بەسەر دەبات، پاشان بازنەیەکی تر لەبازنەی فێڵە شکستخواردووەکانیان لەناوبردنی پەیوەندی(قەوامەیە) لەئیسلامدا، ئەویش بەبیانووی ئەو ئازادییە درۆزنانەیان.
شەرعی خوای گەورە قەوامەی بەخشیوە بەپیاو بەسەر ئافرەتەوە، وەک ئەرک نەک بەکۆیلەکردن( الرجال قوامون علی النساء) واتە پیاوان سەرپەرشتیارن بەسەر ئافرەتانەوە، هەروەها ئیسلام بژێوی ئافرەتی لەسەر پیاو واجب کردووە ئەگەرچی ئافرەتەکە دەوڵەمەند بێت و پیاوەکە هەژار بێت، پەیداکردنی بژێوی لەسەر پیاو واجبە لەسەر ئافرەت ڕێگەپێدراوە، یەکسانیان لەکارکردن کێشەی شەرعی و سروشتی دروست دەکات.

شاهد أيضاً

باڵاپۆشی؛ قەڵغانی جوامێری لە هەناسەی کلتووردا

و: عەبدوڵڵا عەلیپوورلەناو گەردوون و ژیانی پڕ لە ژاوەژاوی ئەمڕۆ کە: نرخ و پێوانەی مرۆڤایەتی …