گۆنا تۆفیق
دایک و باوکی بەڕێز، ئەمڕۆ کۆتا لاپەڕەی وەرزی یەکەم داخرا.
زۆر باشە دەبێت، پێش وەرگرتنەوەی دەرئەنجامەکان، یەکەم مەرج بۆ خۆمان دانێین،
“هەرچی نمرە کەم یان زۆر بێت، یەکەم وتەی ئێمە بە منداڵەکەمان ‘خۆشم دەوێیت’ .”و سوپاس و هاندان بێت بۆ قۆناغی دواتر.
منداڵەکانی ئێمە ڕۆژانێکی هەوڵ و ماندوو بون و ، پەستانی تاقیکردنەوەیان تێپەڕاند ، و ئێستا پێویستیان بە “ماڵێکی ئارام” هەیە، نەک بە “دادگایەک لەسەر نمرە”.
- ئەو شتەی کە لەم ساتەدا زۆر گرنگترە لە نمرە:
١. دەروونی سەلامەت: منداڵەکەت لەم هەفتانەدا پەستانی زۆری تاقیکردنەوەکانی لەسەر هەبووە. ئەمڕۆ کاتی دڵخۆشکردن و پشتگیریکردنە، نەک لێپرسینەوە.
٢. نرخاندنی هەوڵی نادیار: ئەو هەوڵە نادیارانەی کە منداڵەکەت داویەتی چ لەکەمکردنەوەی کاتی خەوی، تا خوێندنەوەی دووبارە – لە هەزار نمرەی ١٠٠یش زیاترە.
گرنگی هەوڵەکەنی بخەڕوو بیاننرخێنە، نەک تەنها ئەنجامەکە.
٣. دەرفەتی نوێ: وەرزی یەکەم تەواو بوو، وەک کتێبێک داخرا، ئێستا کتێبی وەرزی دووەم کراوەیە و هەموومان دەتوانین لاپەڕە نوێیەکان بە شێوەیەکی جوانتر بنووسینەوە.
🌱 ئەم هەنگاوانە سادەن، بەڵام وەک کێوێک دەبنە هێز و پاڵپشت بۆ قۆناغی دواتر.
با ئەم ڕاستییانە لەبەرچاو بگرین:
با وەرزی یەکەم بە وانەیەک بۆ فێربوونی تەماشا بکەین، نەک بە پێوەرێک بۆ ڕکابەری منداڵەکانمان، ئەمڕۆ ئەوان پێویستیان بە باوک و دایک و ئامێزێکی ئارام و پشتیوانی هەیە نەک بە مامۆستایەکی تر لە ماڵەوە.
بەختەوەرترین منداڵ ئەوەیە کە دایک و باوکی بە هەر نمرەیەکەوە قبوڵی بکەن و پشتیوانی بکەن .
*بەمنداڵەکەت بڵێ : “تۆ زۆر بە جدی هەوڵتدا، من زۆر بەختەوەرم کە منداڵی منیت.” شانازیت پێوە دەکەم . - “ئەم وەرزە چی فێربوویت کە پێویست بوو پێشتر ئەنجامت بدایە ، یاخود نەدەبوو ئەنجامی بدەیت.
- چۆن و چی بکەین بۆ ئەوەی وەرزی دووەم ئاسانتر و خۆشتر بکەین؟ من لێرەم بۆهاوکاریت.
دواجار ئەوە کە منداڵێکی تەندروست و بەهێز بەرهەم دێنێت، پشتیوانییە نەک نمرە.