پێنجشەممە , تشرینی دووه‌م 20 2025

یەکسانیی لە ماف و ئەرکەکانی هاوسەرگیری و ژیان و مەدەنیدا

پ.ی.د: هەتاو حەمە ساڵح

خوای گەورە دەفەرمویت: “وَلَهُنّ مِثلُ الّذي عَلَيهنَ بِالمَعروف” (البقرة: 228). هەروەها لە ژیانی هاوسەرێتیدا دەفەرموێت: (وَعاشِروهنَّ بِالمَعروف) ( النساء : 19 ) واتە: بە میهرەبانیی مامەڵەیان لەگەڵ بکە، واتە: دادپەروەری لە کرداردا و نەرمی لە قسەکردندا. موسلیم لە سەحیحەکەیدا لە ئەبو هورەیرە دەگێڕێتەوە پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت)، فەرموویەتی: (لا يفرك مؤمن مؤمنة إن كره منها خلقاً رضي منها آخر) فرک واتە دوژمنایەتی و ڕق و کینە. پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) ڕوونی دەکاتەوە کە پیاوی مەرد ژنەکەی ئەزیەت نادات؛ چونکە مرۆڤی باوەڕدار خاوەنی کەرامەت و دادپەروەری و وریاییە، تەنانەت ئەگەر ڕقیشی لێبێت، ئەوا بە نەرمی مامەڵەکەی لەگەڵدا دەکات. کەواتە لە هەموو کاتێکدا هەر دەبێت بە باشی بە جوانی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا بکرێت، هەروەک پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەفەرموێت ” خيرُكُم خَيرُكُم لأَهْلِهِ وأَنا خيرُكُم لأَهْلي ( صحيح الترمذي ، رقم الحديث : 3895 ) .
٦/ یەکسانیی لە فەرزە ئاینییەکاندا: خوای گەورە دەفەرموێت: “والمُؤمنونَ والمؤمِنات بَعضُهم أولياءُ بَعض يَأمرونَ بِالمعْروفِ وَينهونَ عَنِ المُنكرِ وَيُقيمونَ الصَّلاةَ وَيؤتونَ الزَّكاةَ وَيطيعونَ اللّهَ وَرسولَهُ أولئكَ سَيرحَمهمُ اللّه إنَ اللّهَ عَزيزٌ حَكيم” (التوبة: 71)، واتە ئافرەت و پیاوی ئیماندار پارێزەری یەکترن، فەرمان بە چاکە دەکەن و دووردەکەونەوە لە خراپە، نوێژ دەکەن و زەکات دەدەن و گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن. له ئامۆژگاریکردنی ئوم سەلەمەدا بۆ پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) لە رێکەوتنی حودەیبییەدا نمونەیەکی جوانی بەشداریی کارایی ئافرەتانە کە هەمیشە بە هەنگاوی هاوتەریبانە لەگەڵ پیاواندا لەو سەردەمەدا رۆیشتوون، ئوم سەلەمە کە مێژوویەکی پڕ سەروەریی لەو رۆژەدا تۆمار کرد و بۆ هەتا هەتایە ناوی دەهێنرێت بەو کەسەی کە ئامۆژگاری پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) کرد لە ڕۆژی حودەیبیە چی بکات (محمد حسن أبو يحيى ، 1411هـ ، ص: 177 )، لەو کاتەی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت)، لە کێشیەیەکی گەورەدا بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەهێزی زیرەکی ئافرەتانی ئەو سەردەمە کە هەستیان بە بەرپرسیارێتی کردووە و ڕۆڵێکی کارایان هەبووە.
٧/ یەکسانیی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی: ئیسلام ئافرەت و پیاو بە یەکسان دەزانێت لە بەرامبەر تەکالیفی شەرعیدا. ئافرەت لە ئیسلامدا لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە، هەمان ئەو ئەرک پەرستشانەی ئاراستەی پیاوێک کراوە ئاراستەی ئافرەتانیش کراوە. نمونەیەکی زیندوو بۆ یەکسانیی و هەست بە بەرپرسیارێتی، وەڵامدانەوەی ئوم سەلەمە بوو بۆ پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) لە کاتێکدا کە بانگی موسوڵمانانی کرد، فەرمووی (يا ايها الناس)، ئوم سەلەمە بەخێرایی هەستا و بەرەو بانگەکەی پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) رۆیشت، خزمەتکارەکەی پێی وت: “ئەو تەنها پیاوەکانی بانگهێشت کردووە و ئافرەتەکانی بانگهێشت نەکردووە” ئوم سەلەمە وەڵامی دایەوە “من یەکێکم لە ناس”. لە فەرمودەیەکی تردا پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت) دەفەرموێت هەمووتان شوانن و هەمووشتان بەرپرسیارن لە شوانییەکانتان، ئیمام شوانە و بەرپرسیارە لە بەردەستەکانی، پیاو شوانە وبەرپرسیارە لە خێزانەکەی، ئافرەتیش شوانە بەرپرسیارە بەسەر ماڵی مێردەکەی و منداڵەکانی ، فەرموودەکە بەم شێوەیەیە: ” عن ابن عمر – رضي الله عنهما – قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم ” كلكم راع وكلكم مسئول عن رعيته. فالإمام راع ومسئول عن رعيته، والرجل راع في أهل بيته ومسئول عن رعيته، والمرأة راعية على بيت زوجها وولده ومسئولة عن رعيتها، والولد راع في مال أبيه ومسئول عن رعيته، والخادم راع في مال سيده ومسئول عن رعيته. فكلكم راع وكلكم مسئول عن رعيته” (صحيح البخاري ، رقم الحديث : 2554 ).
٨/ یەکسانیی لە کار گرتنەدەستدا: ئیسلام ماف بە ئافرەت دەدات هەر کار و وەزیفەیەک کە بیەوێت و خۆی تێدا دۆزیبێتەوە ئەنجام بدات ئیتر لە ناو ماڵ بێت یان لە دەرەوە. جوانترین نمونە ئەم ئایەتە قورئانییە کە باس لە کار و ئەرکێکی گەوررەی ئافرەتان دەکات لە ئیسلامدا ئەویش بابەتی بەیعەت لێوەرگرتنە، خودای گەورە دەفەرموێت: “يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا جَاءَكَ الْمُؤْمِنَاتُ يُبَايِعْنَكَ عَلَى أَنْ لا يُشْرِكْنَ بِاللَّهِ شَيْئًا وَلا يَسْرِقْنَ وَلا يَزْنِينَ وَلا يَقْتُلْنَ أَوْلادَهُنَّ وَلا يَأْتِينَ بِبُهْتَانٍ يَفْتَرِينَهُ بَيْنَ أَيْدِيهِنَّ وَأَرْجُلِهِنَّ وَلا يَعْصِينَكَ فِي مَعْرُوفٍ فَبَايِعْهُنَّ وَاسْتَغْفِرْ لَهُنَّ اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَحِيمٌ (الممتحنة: 12)”.
٩/ یەکسانیی دارایی: خوای گەورە دەفەرموێت: “للرجال نصيب مما ترك الوالدان والأقربون وللنساء نصيب مما ترك الوالدان والأقربون” (النساء: 7) ، ئیسلام مافی تەواوی بە ئافرەت داوە بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ پشک و پارەیەی کە هەیەتی، دەتوانێت بەویستی خۆی بیخاتە پرۆژەوە و مامەڵەی ئابوورییەوە، لەوانە: فرۆشتن، خەرجکردن، بەکرێدان، گرێبەستن، دابەشکردن، بەبێ ئەوەی هیچ کام لە مێرد یان برا بتوانێت دەستتێوەردانی بۆ بکات. تەنانەت ئافرەتی خێزاندار لە ئیسلامدا ئەهلییەتی مەدەنی خۆی بۆ سامانی خۆی هەیە، سەربەخۆ لە کەسایەتی و سامانی هاوسەرەکەی.
١٠/ یەکسانیی لە مافی کارکردن: سەبارەت بە لایەنی بەرپرسیارێتی و کارکردن، ئیسلام ئافرەتی کردووە بە هاوەڵ بۆ پیاوان، لە لایەنی فەرمانی چاکە و حەرامکردنی خراپە و گوێڕایەڵی خودا و پێغەمبەرەکەی، ئیسلام بەرپرسیارێتی هاوبەش دەکات لە نێوان ئافرەت و پیاودا. ڕەنگە گرنگترین ڕۆڵ ئافرەتان لە سەردەمی پێغەمبەردا بینیبێتیان بەشداری جەنگەکان بووبێت لەگەڵ پێغەمبەر (دروودی خوای لێبێت)، ڕۆڵی ئافرەت لەو سەردەمەدا تەنها لە پەرستاری نەبووە بەڵکو ئەوانیش وەک پیاوان شەڕی ڕاستەقینەی دەکرد. نموونەی ئەمەش زۆرن، دیارترینییان نوسەیبە کچی کەعب ئەنساریە، کاتێک ئامادەی ئوحود و خەیبەر بووە زۆر بەئازایەتی جەنگاوە، تەنها لە ئوحودا دوانزە جار بریندار بووە، سەبارەت بە کارکردنیش عومەرى کوری خەتاب خوا لێی ڕازی بێت، شیفای کچی عەبدوڵڵا مخزومی ویلایەی (حيسبە) ی لە بازاڕی پێداوە، (حیسبه لقێك بووه له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ئه‌و كاته، به‌و پێیەی به‌رجه‌سته‌كردنى فه‌رمانى چاكه‌و قه‌ده‌غه‌كردنى خراپه بووه‌ له بازاڕدا، به پێوه‌ره‌كانى هاوچه‌رخى ئێمه، ناوه‌ندى سه‌ره‌كى چاڵاكى بازرگانییه‌كان بووە)، کەواتە ئافرەتانی موسڵمان بەوپەڕی چالاکانە بەشداریی ژیانی کۆمەڵایەتیی سیاسیی و ئابوورییان کردووە. هەروەها دەگێڕنەوە عومەری کوڕی خەتاب، قامچییەکی بە سەمرەی کچی ناهیک ئەسەدیی داوە، ئەمەش پۆستی بەرپرسی بازاڕی مەککە بوو، هەرکەسێک کە فێڵی کردبێت لە فرۆشتن یان پێوانەکردن بە قامچی لێی دەدا.

Check Also

فیستیڤاڵی هەنار.. لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ

ئا:ئاشتی جەمیلیەکەم فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە لەساڵی 2015 لەنەمامگەی سیروان کرا، ڕێژەیەکی زۆر کەم دووکاندارو …