عەبدوڵڵا عەلیپوور
لە مێژوودا، وشەی مامۆستا “معلم” لەناو بیر و هزری تاک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە واتایەکی دانسقە و، جێگە و پێگەیەکی شکۆداری بووە؛ وشەیەک کە تەنیا بۆ پیشە و تێچووی ژیان کەڵکی لێوەرنەگیراوە، بەڵکو بنچینە و پێکهێنەری ژیان و دەسپێکی وەرچەرخانێکی کاریگەر و ڕچەشکێن و ڕێبەری کۆمەڵگە بوون، لەئاست هەڵکشان و داکشانی زانست و کلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگەدا.
بێگومان سەرکەوتن و بیردۆزی و بەختەوەری هەر وڵات و ناوچەیەک لەحاند پەروەردەی تاک و خێزان و کۆمەڵگە، و ڕۆڵی پێگەیاندنی قوتابیان لە حوجرە و قوتابخانە و زانکۆ، بابەتێکی هەستیارە کە: مێژووی ئێمە قەرزداری شەونەخونی و ئەمەگناسی ئەوانە و پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بوونی مامۆستا هەیە. حاشا لەوە ناکرێ ئاخاوتن و هەڵسووکەوتی مامۆستا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر پەروەردەی مەعنەوی و ڕوحی قوتابی، واتە: مامۆستا ڕۆڵی گڵۆپ یان خود چرایەکی تیشکدەر دەگێڕێ بۆ دەربازبوونی فێرخواز لە لاڕێی و نغرۆ و گیرۆدەبوون بە دۆخی تاریکی. بە دەربڕینێکی تر دەکرێ ئەوە بڵێین کە، مامۆستا بە نووری زانست دەتوانێ نەمامی ڕاستی ڕەها، ئامرازی پێشکەوتن، وەک: هەڵگری میراتی پێغەمبەران نوورێک لەناو شەوەزەنگی ژیان بدرەوشێنێتەوە کە هیچ ڕەشەبا و باوبۆرانێ توانایی کپکردن و دامرکاندی ئەم ڕووناکاییەی نەبێت و، دڵەکان بەرەو لوتکەی ئارامی ڕاکێشێ. مامۆستا لەم چەن خاڵەی خوارەوە دەکرێ کاریگەری ئەرێنی هەبێت:
یەکەم: ڕاستگۆیی و پشوودرێژی بەشێوەی کردەیی لەگەڵ فێرخواز.
دووەم: ڕاستگۆیی و دادپەروەری لە کاتی هەڵسووکەوت و هەڵسەنگاندنی قوتابی.
سێهەم: کاریگەری ڕەوشتی مامۆستا لە شوێنی چالاکی.
چوارەم: پەروەردەکردنی قوتابی بە ڕەوشت و ئاکاری جوانی خۆی بەشێوەی کردەیی، ئاخاوتن و هەڵسووکەوت و موحەببەتی لەگەڵ دەورووبەر.
چون چراغی، خویش را سوزیدە ساز
تا بسوزد تار شب را با گداز
مولانا
بەڵێ، مامۆستا خۆی وەک مۆم دادەگیرسێ بەڵکوو ڕێنشاندەر و ڕووناکایی بخاتە ڕێڕەوی ژیانی فێرخواز.
مامۆستا؛ ڕاسپێرێ کە بنەما و سەرچاوەی وەک نەمامێک لە ئاسمان و لق و پۆی و ڕیشەی لەناو پانتایی ئەرزدا بڵاوبۆتەوە، بە حیکمەت و سەبر، هیوا و ئومێد لە دڵی خاکدا ئەڕوێنێ. لەڕاستیدا وشە لەئاست شکۆ و گەورەیی مامۆستا کز و لاوازە و ناتوانێ وەک خۆی پێناسەی بکات.
مەخابن! ئەمڕۆ بوونی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ڕۆڵی مامۆستا لەناو قوتابخانە و پەروەردەدا تووشی کێشە و گرفت کردووە، زۆر جار دەبینی لەلایەن دەسەڵات و یان فێرخواز تووشی بێرێزی دەبێت، ئەم دۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاستی پەروەردە و فێرکردن، ئەم حاڵەتە لەناو ژیانی ئێمە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت و ئەگەر بەدواداچوونی لەسەر نەکرێت ڕەنگە لە داهاتوودا ببێت بە هۆکاری تێکچوونی بنەمای فێرکردن و پەروەردە؛ لەگەڵ ئەوەشدا هێندێک لایەن ڕەوشت و شێوازی هەڵسوکەوتی مامۆستا لەگەڵ قوتابی بە هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی ئەم دۆخە دەزانن، ئاخۆ چۆن دەتوانێ بەرپرسانە دۆخەکە بەرەو لوتکەی ئارامی ڕاکێشێ و، پڕۆسەی ڕاهێنان و پەروەردە تووشی داڕمان نەبێت ئەمە ئەبێ هاوکاری دڵسۆزانەی کۆمەڵگەی لەگەڵ بێت.