پێنجشەممە , تشرینی دووه‌م 20 2025

لەیادی دامەزراندنیدا، سلێمانی نمرەی چەندی هێنا

ساکار لەتیف
لەم یادەدا دەست خۆشی بۆسەرجەم ئەو کارو چالاکی و فستیڤاڵانەی کە خزمەت بە مێژوو و ئێستا و داهاتوی ئەم شارە دەکەن …یادکردنەوە تەنها بە کفتەو ترخێنەو زەماوەند ناکرێت، ئەمە بەشێکی کلتورەکەیەتی …بەڵکو هەڵسەنگاندنی ئەمڕۆ و پلانی تۆکمەو زانستی بۆ داهاتوو باشترین چالاکییە دڵسۆزان و شارەزایان و کاربەدەستان بيکەنە یادی ئەم شارە ….دواتر بۆئەوەی بتوانین تایبەتمەندی و خەسڵەتی ڕاستەقینەی شار بدەین بەسلێمانی ، بەدەر لەیادی مێژوی دروستبوونی، دەمەوێت ئەو ڕاستیە وەبیری هەموان بهێنمەوە کە دروست بوونی شار کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی ماددی مەعنەوی هەیە (تەنها فەرمانی کارگێڕی نیە )کە دەتوانرێت بکرێتە پێودانگی هەڵسەنگاندنی ( شار) لەسەردەمی نوێدا ، بەکورتی ،لەوانە:
١-بنەما مادیەکان ؛ لەپلانی ئاوەدانکردنەوەی هاوسەنگ ودەستەبەرکردنی ژێرخانی پتەو و هۆکارەکانی گواستنەوەی بەردەوام و، گرنگی دان بە خاوێنی ژینگەو وگەشەکردنی ئابوری وکۆمەڵایەتی و، پلانی یەکەی نیشتەجێبوون و ناوچەی پیشەسازی و ڕەخساندنی بازرگانی ،بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی و پاراستنی ژینگە و تۆڕەکانی هاتوچۆ و پەیوەندی بەردەوام و، ڕێکخستنی ڕێگاوبان و دەستەبەرکردنی سەرچاوەی ئاو و وزەو دابینکردنی ئاوەڕۆ، پاشان دابین کردنی دامەزراوە گشتیەکان و شوێنە گەشتیاریەکان و توانای شار بۆ گونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم وئامادەکاری بۆ داهاتوو بە دابین کردنی هەلی کار و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی دانیشتوانی . ئەمانەو زیاتر بە دیزاینی گونجاو بۆ جوانکردنی ڕوخساری شار .
٢- بنەما مەعنەویەکان : گرنگی لایەنی مەعنەوی بۆ ژیان کردن لەشاردا هیچی کەمتر نیە لە بنەما مادییەکان، بۆ ئەوەی شارێک بە هاوسەنگی گەشەبکات پێویستی بەهەردوو بنەماکە هەیە دەتوانین بنەمای مەعنەوی بەڕۆحی شار بناسێنین، چۆن بنەمای مادی لاشەی شارەو بنەمای کلتوریش فیکری شارە …
پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان وئازادی ڕادەربڕین وبیروباوەڕی جیاواز کەئەم جیاوازیە بەڵگەی پێویستی هەبوونی شارە و یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاری سەردەم . جیاوازی ڕەچەڵک و زمان و ئایدۆلۆژیاو کلتورو دەنگ و ڕەنگ کە بە یاسا مافی ڕادەربڕین وچالاکی جۆراوجۆردەدرێت لە پێناوخزمەتی گشتیدا ..ئینجا سەروەری یاسا کە بەکرۆکی ژیانی شار دادەنرێت، یەکسانی لەبەردەم یاسادا سەرەڕای جیاوازیەکان . مافی هاوڵاتیبوون و دواترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ( یاسادانان – جێبەجێ کردن – دادوەری) لە پێناو هاوسەنگی بەڕێوەبردن بۆئەوەی هەموان ئەرک و مافیان پارێزراوبێت .
ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بەدەزگای لێکۆڵینەوە و ستراتیژی هەیە لە کوردستان کە لە ڕێی توێژینەوەی زانستی و بەدواداچوون، ساڵانە داتایەکی ڕاستەقینەی گەشەسەندنی شارەکانی کوردستانمان پیشان بدات لەسەر ئەو بنەمایە پلان دابنرێت و بەهاوسەنگی و لە هەموو بوارەکاندا …بە موزایەدەی سیاسی و حیزبی وکەسی هەڵسەنگاندن بۆ گەشەی شارێت نەکرێت بەسەرپێی و دوور لە بنەمای زانستی …….
لە کۆتایدا شوێن و شاری لەدایک بوون سۆزێکی تایبەتی هەیە و ئەم چەند پەیڤە پێشکەشە بە سلێمانی ….
….هەناسەیەکی پڕ ئارامی و ئاسمانێک بۆ دەنگ هەڵبڕین، نیشتمانێک بۆ تامی ژیان وشارێک بۆ نوێبونەوە، خانەقایەک بۆ زیکرو تەهلیلەو مزگەوتێک بۆ خواپەرستی، دەستێک بۆ دەست ڕەنگینی وسەنعەتی جوان، مەنجەڵێکی مس بۆ تامی خۆماڵی و بەرهەیوانێک بۆ کۆبونەوەی کچانەو حەوشەو باخێکی پڕ لەگوڵ بۆ دراوسێکان ، قاپێکی فافۆن بۆ کاسە دراوسێیەتی و، مامەیارەیەک بۆ ئاگری نەورۆز، حوجرەیەک بۆ خوێندەواری وفەقێکان ، ماڵێک بۆسکونەت و دیواری بەرزی حەوشە بۆ ئازادی، دەنگی تەقولباب وسەدای بانگدان، سەکۆی کلتوری ناوچەکان و چێژی ڕەسەنایەتی، فێستێک بەلاگیرەوەبۆ سەرسەرو تاکەو ژێرچەنەش بۆ خانمان ، موبەقی پڕ لە تام و تەقە تەقی بەربەلۆعەی جاران، پەتێک بۆ هۆنینەوەی قەزوانی مامە حاجیەکان … ئەمانە وزۆر دڵگیرتر تابلۆیەکن لە سلێمانی.

Check Also

فیستیڤاڵی هەنار.. لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ

ئا:ئاشتی جەمیلیەکەم فیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە لەساڵی 2015 لەنەمامگەی سیروان کرا، ڕێژەیەکی زۆر کەم دووکاندارو …