شەممە , كانونی یه‌كه‌م 14 2024

سۆشیاڵ میدیا و زەمەنی ڕەواجدان بە بێبایەخیی

د.هەتاو حەمە صالح
هیچ کاتێك هەبووە مرۆڤ خۆی بێبەهاو بێنرخ کردبێت؟ بەڵێ ئێستا زۆرێک هەیە پێشبڕکێی بۆ دەکەن، لە ئێستادا دیاردەی دروستکردنی ناوبانگی بێبەهایی بێبایەخیی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبووەتەوە.
لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا دیاردەکان زۆر بەخێرایی لەم سەر بۆ ئەوسەری جیهان دەگوێزرێنەوە، ئەم دیاردەیە یەکەم جار لە رۆژئاوا دروستبوو، بەڵام زۆر بەخێرایی گەیشتە لای ئێمەش. لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر بە شێوەیەکی ترسناک ئامادەن خۆیان بخەنە ناو بابەت و پۆست و تەنانەت فەزیحەت و ڤیدیۆی بێماناوە. بە واتایەکی تر هەموو ئەو مرۆڤانەی کە ناتوانن ناوبانگی هێز و توانا دروست بکەن، خۆیان سەرقاڵی دەروستکردنی پێچەوانەکەی کردووە، ئەوان بەهۆی دەرخستنی کاری ئابڕوبەرانەی خۆیانەوە بوونەتە کەسێکی بەناوبانگ، بەڵام چ ناوبانێک؟!!
دروستکردنی ناوبانگ لە ڕێگەی مۆبایلی زیرەک ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیاڵ میدیاوە بۆ هەمووان زۆر ئاسان بووە، خەڵکی بەئاسانی دەتوانێت لە هیچەوە ببیتە ئەستێرەیەک، بۆ نموونە بۆ ئەوەی بەناوبانگ بیت تەنها پێویستیت بە بڵاوکردنەوەی شتێکی کۆمیدی، گاڵتەجاڕی بێمانا یان سوووکایەتیکردن هەیە.پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دەرگای ناوبانگێکی بەرفراوانی کردووەتەوە بۆ کەسانی بێبایەخ، ئەمەش بەهۆی ئەو ملیۆنەها کەسەی کە شوێنیان کەوتوون، کە زۆربەیان گەنج و سەرمایەی کۆمەڵگەن لە نێر و لە مێ، زۆرینەی کاتەکانیان بە سەیرکردنی ئەو ناوەڕۆکانە بەفیڕۆ دەدەن.
زۆربوونی بابەتی کات بەسەربردن بەشێوەیەکی شێتانە و زیادیکردووە بەشێوەیەک ژیانی هەموانی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە، ئەستێرەکانی بێبایەخیی (هەندێک بە ئەستێرەی زبڵ ناویان دەبەن) لە ئێستادا ئەوەندە زۆر بوون و فۆڵەوەریان زۆربووە کە دنیایان شێواندووە. ئەوەی لە هەمووی خراپتر ئەوەیە هەم فۆلەوەرەکان هەم خۆشیان دەزانن خەریکی بابەتێکی زۆر بێبایەخن . جارێک داواکراوە لە کچێکی ئەستێرەی ئەم بوارە کە زیاتر لە ٥ ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا کە پشتگیری خۆی بۆ فەلەستینییەکان دەرببڕێت، زۆر بە ڕوونی وەڵامەکەی ئەوە بووە کەدەڵێت “من بێبایەخم و تەنها دەتوانم ناوەڕۆکی بێبایەخ پێشکەش بکەم”!!

ئەوانەی بەناوی بلۆگەر، یوتیوبەر، فاشنیست، ئینفلۆنسەر کاردەکەن لە ئێستادا بازاڕیان گەرمە بە ناوەڕۆکێک کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تەواو نەگونجاوە، هەر لە شێوازی قسەکردن و وتەکانیانەوە تا دەگاتە وێنە یان ڤیدیۆکانیان و شتی نائەخلاقیی، ئەمانە لەلایەک خەریکی خۆسوک کردنن و لەلایەکی تریشەوە خەڵک بەرەو گەمژەیی دەبەن و، عەقڵی مرۆڤەکان بچووک دەکەنەوە، هیچ بەلایانەوە گرنگ ئاخۆ چی بەسەر کۆمەڵگادا دێت، ئەمانە بەگشتی هەڕەشە لە بوون و بەها و ئەخلاقی کۆمەڵگە دەکەن.
بێبایەخبوون بووەتە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدار، بووەتە کاڵایەکی بەناوبانگ لە هەموو میدیا و سایتە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕێگەی یوتیوب، تیک تۆک، فەیسبووک و تویتەر … تاد. ئەم لافاوە گوزارشت لە دیاردەیەکی جیهانی دەکات کە سەرانسەری زەوی گرتووەتەوە. ئەم دیاردەیە لە هێرشی داگیرکاریی کۆن و جەنگە جیهانییەکان مەترسیدارترە، چونکە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە لەناو دەبات، بیرکردنەوە و داهێنان دەکوژێت، بێهێزی و تەمبەڵی بڵاودەکاتەوە، کاریگەری لەسەر پەیوەندی خێزانی هەیە و تێکیدەدات، تایبەتمەندی ناهێڵیت، ترێند و مؤدیلی ناباو دروستدەکات، ڕای گشتی لەسەر کاری بێبنەما دروستدەکات، گۆشەگیری و فەراغی هەست و سۆزی ڕاستەقینە دروستدەکات، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەریتی نامۆ کە کاریگەری لەسەر کولتووری کۆمەڵگە هەیە. توێژەران پێیان وایە ئامانج لە دەرکەوتنی دیاردەی بێبایەخیی لە کۆمەڵگەدا سەرقاڵکردنی لادانی بیروڕای خەڵکییە لە پرسە بنەڕەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمی بیرکردنەوەیان، یان دوورخستنەوەیان لە بەدواداچوون بۆ هەندێک بابەت.
پێویستە مرۆڤە بەتواناکان گۆڕەپانی مەجازی بۆ کەسایەتییە ڕووکەشەکان بەجێ نەهێڵن، و بە هەموو فۆرم و شێوازێک ڕووبەڕوویان ببنەوە. ئێمەش وەک بەکارهێنەرانی سایتە کۆمەڵایەتییەکان نابێت ببینە هۆکارێک بۆ بازاڕگەرمکردنیان، پێویستە ئەوانە سزا بدرێن بە پشتگوێ خستن وبلۆک کردن، بۆ ئەوەی قەبارەیان زیاد نەکات و، نەخۆشییەکە زیاتر تەشەنە نەسێنێت.

Check Also

کاریگەرییە ئەرینی ونەرێنییەکانی سۆشیال میدیا لەسەردەمی دیجیتاڵیدا

فاطمە عەلیکاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر تاک و کۆمەڵگە قووڵ و فرەلایەنە، کاریگەری لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی …