سێشەممە , تشرینی یەکەم 20 2026

کاتێک کەلامی خوا دەدوێت؛ ژیان دەست پێدەکات (6)

و: عەبدوڵڵا عەلیپوور

ڕاڤەیەکی کورتی سووڕەتی عیرفانی و فەلسەفی سووڕەتی فاتیحەی ئایەتی “٦”

{اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ}
خاڵی یەکەم:
ئەم ئایەتە دڵی سوڕەتی فاتحەیە؛ لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێنموونی مرۆڤ وەک نزا و پاڕانەوە و هەناسەیەکی بەردەوام دێتە هەژمار. ڕێگەی ڕاست لە قوڕئاندا، واتە: ڕێگایەکی ڕوون و جێگیر، مرۆڤ لەناو بازنەی ڕاستگۆیی و ڕەزامەندی خودا دەهێڵێتەوە.

ئەم ئایەتە ئاماژە بەم خاڵە جەوهەرییە دەکات کە: تەنانەت دوای باوەڕهێنان و بەندایەتی، مرۆڤ هێشتا پێویستی بە ڕێنمایی بەردەوامی خوا هەیە؛ چونکە بەبێ ڕێنماییی خوا، بەندایەتی و داوای یارمەتی لە خوا، بە تەنیا مرۆڤ ناگەیەننە مەبەست و ئامانج.
فەلسەفە و عیرفان
ڕوانینی زانایانی فەیلەسوف بۆ ڕێگەی ڕاست، ڕێگای ڕاست بە ڕێگای سەرەکی گەردوون و شاڕێگەی بوون دادەنێن؛ ڕێگەیەک هەموو بوونەوەرەکان تێیدا هەنگاو دەنێن، چونکە هەموویان لە خوداوە هاتوون و بەرەو لای ئەو دەگەڕێنەوە.

إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ
واتە: بەڕاستی ئێمە هی خوداین و بێگومان بۆلای ئەو دەگەڕێینەوە. ڕێگەیەکی لەخۆگر کە هیچ بوونەوەرێک لە چوارچێوەی ئەو دەرناچێت.
بەڵام لە ڕەهەندێکی دیکەدا، ڕێی ڕاست ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤ بە ئاگایی و هەڵبژاردنی خۆی دەیگرێتەبەر؛ ڕێگای هاوسەنگی نێوان عەقڵ و کردار، زێده‌ڕەوی و کەم‌تەرخەمی، کاڵفامی و لووتبەرزی هاوسەنگی دروست دەکات. ئەم ڕێگە و دۆخە پێوان و بڕینی ڕێگەیەکە کە: هۆگر و بڕیاردەر بە ئیرادە و هەوڵ و ئارەزووی دڵی خۆی هەنگاو بە هەنگاو تێیدا دەڕوات.

مەولانا لەو بارەوە دەفەرموێ: ڕێگەی ڕاست، ڕێگای خۆشەویستییە؛ ڕێگایەک کە دڵ لە پەرتەوازەیی ڕزگار دەکات و بەرەو یەکێتی و یەکگرتوویی دەیبات.
ئیبن و عەڕەبی بەم شێوەیە دەدوێت: ڕێگەی ڕاست، ڕێگای نوقم بوونە لە حەق‌دا؛ ڕێگایەک کە بەندە لە لوتبەرزی ڕزگار دەکات و لە بەرامبەر ڕاستی بوونی پەروەرێن کپ و بێدەنگ دەبێت و، لێوانلێو دەبێت لە ئەوین.

سوهرەوەردی لێرە ئاماژە بەوە دەکات کە: ڕێی ڕاست، واتە هێما و تیشکی ڕێنموونی؛ ڕێگایەک کە عەقل و دڵ لەژێر تیشکدانەوەی گزنگی ڕاستی، ڕووناک دەکاتەوە.

شێخ ئەحمەدی جامی لەو بارەوە دەفەرموێ: ڕێگەی ڕاست واتە: ڕاستگۆیی و خزمەتکردن؛ ڕێگایەک کە مرۆڤ لە سەرلێشێوایی نەفس ڕزگار دەکات و، بەرەو کردەوەی چاک و خزمەتکردنی خەڵک دەیبات.
پۆڵێن‌بەندی:
{اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ} واتە:
لە قوڕئاندا: پاڕانەوەیەکی بەردەوامە بۆ ڕێنمایی بەرەو ڕێگایەکی ڕوون و جێگیر.

لەناو فەلسەفە و عیرفاندا: بوونی ڕەها، واتە: ئەو ڕێگایەی هەموو بوونەوەرەکان تێیدان؛ و ڕێی سلووک، واتە ئەو ڕێگایەی عاریف بە ژیریی و جوامێری دەیگرێتەبەر.

لە ڕەهەندی ڕوحی و ئەخلاقیدا: ڕێگەی خۆشەویستی، لەناوچوون، تیشکدانەوەی ڕووناکی و خزمەت؛ ڕێگایەک کە دڵ بە نووری خوا ڕووناک دەکاتەوە.
ئەم ئایەتە بیرمان دەخاتەوە کە مرۆڤ، لە ڕێنماییی خوا بێ‌نیاز نابێت؛ تەنانەت لە کاتی بەندایەتی و باوەڕدا، پێویستە بەردەوام لە خوا بخوازێت کە لەسەر ڕێگای ڕاست جێگیری بکات.
ڕاهێنانی کرداریی بۆ تیشکدانەوەی ئایەتەکە لە ژیاندا:
یەکەم: ئامادەبوون لە ڕێگەی بوون
لە ناخی خۆتدا بیر بکەرەوە و بڵێ: من ئێستا لە ڕێگای بووندام؛ هەموو ساتەکانی ژیانم لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ لای خوایە.

هەر جارێک سەیری سروشت یان ژیان دەکەیت، لەبیرت بێت کە هەموو وردەبوونەوە و گەردیلەکانی بوون لەم ڕەوتەدان.
هاوسەنگی نێوان ئەقڵ و دڵ، وێڕای داوای یارمەتی و هانابردن بۆ خوا بۆ ڕێنمونی، ڕاستگۆیی لە ئاخاوتن و یارمەتی گشت بوونەوەران.
لە کۆتایی هەموو شەو و ڕۆژدا، بە ئارامی بیر لەوە بکەرەوە کە: ئەمڕۆ چۆن هەنگاوم لە ڕاستەڕێ نا؟

Check Also

مافی سوکنا، ڕێگەگرتن لە ئاوارەبوونی ئافرەت دوای تەڵاق

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە مافی سوکنا و نیشتەجێبوون، پاراستن و قەرەبووی یاساییە بۆ ژنی تەڵاقدراو، …