ئا: ئایندەسازی
وەک ئاشکرایە چەند ڕۆژ لەمەوبەر کارەکانى خولى ٥٢ هەمینى ڕێکخراوى هاریکارى ئیسلامى لە بەغداد کۆتایی پێهات، تیایدا زۆربنەى ڕوداوەکان و بارودۆخى دەوڵەتە ئەندامەکانى ڕێکخراوەکە گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک خولەکانى تر لە پاڵ بابەتە سیاسى و ڕۆشنبیرى و کلتورییەکاندا گرنگى زۆر درا بە بوارى خێزان و دانیشتوان و بەرەنجامەکەى بە بڕیارى(٧)خولى ٥٢ دەرچوو کە دیاریکردنى( ٢٠٢٦–٢٠٣٥ ) وەک دەیەى خێزان و دانیشتوان، ئەمەى خوارەوە دەقى بڕیارەکەیە کە وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى:-

بڕیاری ژمارە ٥٢/٧ ـ ک
ڕاگەیاندنی ماوەی ٢٠٢٦–٢٠٣٥ وەک «دەیەی خێزان و دانیشتوان»
ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوە، کە لە خولی (٥٢)می خۆیدا لە ژێر دروشمی «گفتوگۆ و هاوپشتی، دوو بنەمای سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام»، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی جومادە لئوولای ١٤٤٨ی کۆچی، بەرامبەر بە ١٧ و ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە بەغدا، کۆماری عێراق، کۆبووەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی پەیماننامە و ئامانجەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی، سەبارەت بە بەهێزکردنی هاوکارى، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هاوکاری لەنێوان دەوڵەتە ئەندامەکاندا، بە داننان بەوەی خێزان یەکەی سروشتی و بنەڕەتیی کۆمەڵگەیە و مافی ئەوەی هەیە، بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتی و ئیسلامییەکان، لەلایەن کۆمەڵگەو دەوڵەتەوە بپارێزرێت، بە جەختکردنەوە لە گرنگی و بەهای هەمیشەیی هاوسەرگیری، دامەزراندنی خێزان و پاراستنی یەکێتی خێزان لە کولتووری ئیسلامی و کولتوور و کۆمەڵگەجۆراوجۆرەکاندا، بە جەختکردنەوە لە ڕۆڵی بنەڕەتیی خێزان لە پەروەردەکردنی نەوەی تەندروست و پاراستن و گواستنەوەی بەها کولتووری، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان، بە جەختکردنەوە لەوەی پێکهاتەی دانیشتوانی گەنج و بەهێز، هۆکارێکی بنەڕەتیی جێگیری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە. بە لەبەرچاوگرتنی ستراتیژیی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەی هاوسەرگیری و خێزان (٢٠٢٠–٢٠٢٥).
بە تێبینیکردنی، بە نیگەرانییەوە، دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون بۆ ئاستی مەترسیدار، لە کاتێکدا ژمارەی بەساڵاچووان لە زۆرێک لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا بە خێرایی زیاد دەکات، بە ئاگاداربوون لە مەترسییە جیهانییەکانی هەڕەشە لە خێزان، نەوەکان و پێکهاتەی دانیشتوان دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پرسە پەیوەندیدارەکان بە خێزان و دانیشتوان نابێت تەنها لە ئاستی نیشتمانی چارەسەر بکرێن، بەڵکو دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیشدا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بە جەختکردنەوەی دووبارە لەو بڕیارانەی خولە یەک لەدواییەکەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوە پەسەندیان کردووە، لەوانە بڕیاری ژمارە ٥١/٤ ـ ک سەبارەت بە پاراستنی بەهاکانی دامەزراوەی هاوسەرگیری و خێزان لە چوارچێوەی بەها ڕەسەنە ئیسلامییەکاندا،هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دەستپێشخەریی کۆماری تورکیا بۆ ڕاگەیاندنی ماوەی ٢٠٢٦–٢٠٣٥ وەک «دەیەی خێزان و دانیشتوان» و گرنگیی فراوانکردنی بازنەی ئەم دەستپێشخەرییە، بۆ ئەوەی هەموو دەوڵەتانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بگرێتەوە،بڕیار دەدات:
١. ڕاگەیاندنی دەیەکە:
ماوەی ٢٠٢٦–٢٠٣٥ لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا بە «دەیەی خێزان و دانیشتوان» ڕادەگەیەنێت.
٢. گشتگیرکردنی سیاسەتەکانی پاراستن
دەوڵەتە ئەندامەکان هاندەدات سیاسەتە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی خێزان، نەوەکان و پێکهاتەی دانیشتوان، لە هەموو بوار و کەرتەکاندا و بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەها ئیسلامییەکان بگونجێت، گشتگیر بکەن.
٣. پشتگیری لە هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان.
هەروەها دەوڵەتە ئەندامەکان هاندەدات: -سیاسەتی گونجاو دابڕێژن.
- خزمەتگوزاریی نوێ پێشکەش بکەن
- و سیستەمی پشتگیری دابمەزرێنن؛بۆ بەهێزکردن و ئاسانکردنی هاوسەرگیری؛د.
- پێکهێنانی خێزان
- دایکایەتی و باوکایەتی
- و منداڵبوون؛ بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەها ئیسلامییەکان بگونجێت.
٤. بەرنامە، هۆشیارکردنەوە و توێژینەوە
دەوڵەتە ئەندامەکان هاندەدات: - بەرنامەی پەروەردەیی و کولتووری ڕێکبخەن.
- چالاکیی زانستی و هۆشیارکردنەوە بەڕێوەببەن.
- پشتگیری لە توێژینەوە بکەن
- زانیاری، شارەزایی و باشترین ئەزموونەکان ئاڵوگۆڕ بکەن
- هاوکاری لە چوارچێوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا بەهێز بکەن.
٥. هەڵوێستی هاوئاهەنگ لە مەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا.
داوا لە دەوڵەتە ئەندامەکان دەکات، لە شوێن و بارودۆخی گونجاودا، لە مەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا ڕێبازێکی هاوئاهەنگ پەسەند بکەن و ڕێکاری کاریگەر بگرنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەمک و سیاسەتانەی زیان بە خێزان، نەوەکان و پێکهاتەی دانیشتوان دەگەیەنن.
٦. ئەرکی سکرتاریەتی گشتی
داوا لە سکرتاریەتی گشتی دەکات، بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکانی چوارچێوەی دەیەی خێزان و دانیشتوان، لەگەڵ ئەمانە هەماهەنگی بکات: - دەوڵەتە ئەندامەکان.
- دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی.
- هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها داوا دەکات بە شێوەیەکی ڕێکوپێک چاودێریی پێشکەوتنە بەدەستهاتووەکان بکرێت.
٧. ڕاپۆرتی جێبەجێکردن
داوا لە سکرتێری گشتی دەکات، ڕاپۆرتێک دەربارەی پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێشکەش بە خولی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوە بکات.
سەرچاوە: الموقع الرسمي لمجلس التعاون الأسلامي