شەممە , كانونی یه‌كه‌م 14 2024

پێدراوه‌ مادییه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هۆكارى زیادبوونى توندوتیژییه‌

هه‌ڵاڵه‌ محەمەد ئەڵماس
لاى زۆربه‌مان ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ توندوتیژى بۆته‌ دیاره‌ى سه‌رده‌م، سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆژیا خۆى سازكارى توندوتیژیه‌ به‌گشتى و بۆ ئافره‌تان به‌تایبه‌تى.. ژیانى مۆدێرن نه‌ك مرۆڤى به‌ره‌وپێش نه‌به‌رد به‌ڵكو مرۆڤى له‌ناوبرد كه‌ زۆركردن و زیادكردنى ڕێپێدراوه‌ مادییه‌كان و فه‌نتازیاكانى، ڕۆژ به‌ڕۆژ مرۆڤى خسته‌ به‌رده‌م به‌رداشى داخ وحه‌سره‌ت بۆ به‌ده‌ست هێنانى ئه‌و باق وبریقه‌ى كه‌ پێوه‌ى پێچراوه‌، گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌كۆمه‌ڵگه‌ى خۆماندا تاك له‌ساڵه‌كانى 90ه‌كانه‌وه‌ هه‌تا 2000یش تاڕاده‌یه‌ك به‌ساده‌یى ژیانى به‌ڕێ ده‌كرد، ئه‌و كات ڕێژه‌ى توندوتیژى كه‌متر و جۆره‌كانیشى جۆره‌ باوه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ بوو، به‌ڵام دواى ئه‌و به‌رواره‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونى ڕه‌فاهیه‌ت و ژیانى ڕازاوه‌و بوونى پێدراوه‌ مادییه‌ هه‌مه‌چه‌شنه‌كان و چه‌شتنى خۆشیه‌كان، له‌گه‌ڵیدا جۆره‌كانى توندوتیژى گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتوو جۆره‌باوه‌كان زۆر كه‌م بوونه‌وه‌و جۆرى نوێ و نه‌خوازراو به‌كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى هاته‌ مه‌یدان كه‌ له‌لایه‌ن پسپۆرانى په‌روه‌رده‌یى وده‌روونى و یاساییه‌وه‌ به‌ مه‌ترسى ئه‌ژمار ده‌كرێن.
له‌25ى نۆڤمبه‌ر رۆژى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان، پێویسته‌ نوقته‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر دێڕ له‌بوارى په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كه‌ توندوتیژى له‌م بواره‌دا زۆر زۆره‌ و ژنان قوربانى یه‌كه‌مى ئه‌م بواره‌شن، گه‌ر ته‌نها ئاماژه‌ به‌ بواره‌ ئۆنلاین و مه‌جازییه‌كه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بكه‌ین، هه‌موومان ده‌زانین كه‌ توندوتیژى ئه‌لكترونى له‌چ ئاستێكى مه‌ترسیداردایه‌ له‌ بێڕێزى كردن و ناو ناتۆره‌ى ناشیرین و بوختان هه‌ڵبه‌ستن و ده‌ستدرێژى كردنه‌ سه‌ر ناموس و به‌هاى مرۆیى و ترساندن و گێچه‌ڵى سێكسى و سه‌دان جۆرى تر، كه‌له‌دونیاى واقیعیدا ئه‌وانه‌ كه‌مترن و تاكه‌كان زۆرجار ناوێرن به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن…. ئه‌م جۆرانه‌ى توندوتیژى هه‌رچه‌نده‌ مادده‌ى یاسایى له‌سه‌ره‌و سزاى بۆبكه‌رانى دیاریكراوه‌، به‌ڵام زۆرێكیشى هیچ یاسایه‌ك نایگرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ مایه‌ى كوشتنێكى هێواش و له‌ناوبردنى به‌ها وجوانیه‌كان كۆمه‌ڵگه‌، كه‌ ته‌نها یاسا و دیسپلینه‌ خوداییه‌كه‌ ده‌توانێ ئه‌م ڕێگرى بكات له‌م له‌ناوچوون وجۆرانه‌ى توندوتیژى له‌كۆى ئه‌م بابه‌ته‌و بابه‌ته‌كانى تریش بۆ نه‌هێشتن وكه‌مكردنه‌وه‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌هه‌ر جۆرو شێوازێك به‌ ڕووكردنه‌ خوداو جێبه‌جێكردنى یاساكانى خودا ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێ و مرۆڤ له‌سایه‌یدا ده‌حه‌سێته‌وه‌. بێگومان ترسى خودا له‌هه‌ر دڵ وشوێن ونه‌ته‌وه‌و ڕه‌گه‌زێكدا هه‌بێت به‌ئاسته‌م ده‌توانێ زۆڵم بكات و سته‌م له‌به‌رامبه‌ره‌كانى بكات به‌تایبه‌تى له‌ ئافره‌ت.
بۆیه‌ ئه‌مرۆ بۆبانگه‌شه‌كردن له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیاره‌ى كۆمه‌ڵگه‌ پێویسته‌ تاك وخێزان زۆر وریا و ئاگابن له‌شێوازى به‌كار هێنانى دونیاى مه‌جازى و ئه‌لكترونى، تا دوور بن له‌هه‌ر جۆرێكى توندوتیژى و، هه‌ركه‌سه‌و له‌خۆی وخێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێبكات هه‌موولایه‌ك پێكه‌وه‌ بلێین نه‌خێر بۆ توندوتیژى.

Check Also

کاریگەرییە ئەرینی ونەرێنییەکانی سۆشیال میدیا لەسەردەمی دیجیتاڵیدا

فاطمە عەلیکاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر تاک و کۆمەڵگە قووڵ و فرەلایەنە، کاریگەری لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی …