پێنجشەممە , كانونی یه‌كه‌م 26 2024

به‌یاننامه‌ی‌ (سكرتاریه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ خوشكانی‌ ئیسلامی‌ كوردستان) له‌٢٥ی‌ نۆڤه‌مبه‌ر دا

هه‌ڵمه‌تی شانزه‌ڕۆژه‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ له‌ بیستوپێنجی نۆڤه‌مبه‌ردا، نه‌ریتێكی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ كه‌ سمبولی‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ كرده‌ی‌ توندوتیژیی و پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی‌ مرۆڤه‌.
به‌درێژایی مێژووی‌ مرۆڤایه‌تی‌ كرده‌ی‌ توندوتیژی‌ بوونی هه‌بووه‌،به‌ڵام به‌پێی‌ سه‌رده‌م و جۆری‌ سیستم و ئه‌و شێوازانه‌ی‌ پیاده‌كراون، ڕێژه‌كه‌ی كه‌م و زیادی‌ كردووه‌. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گه‌وره‌ و گرنگه‌كانی‌ هاتنی‌ په‌یامی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام و پێشه‌وای‌ مرۆڤایه‌تی‌، كه‌مكردنه‌وه‌ و بنبڕكردنی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ بوو به‌گشتی، و ڕزگاركردنی‌ ئافره‌تانیش به‌تایبه‌تی، له‌ توندوتیژییه‌ جه‌سته‌یی و ده‌روونی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، به‌ شێوازی‌ كرداریی‌ و له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ په‌یامی‌ خواییه‌وه‌.
هه‌ربۆیه‌ بۆ نه‌هێشتنی‌ توندوتیژی‌ له‌ هه‌ر سه‌رده‌م و ژینگه‌یه‌كدا، مرۆڤایه‌تی‌ پێویستی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ دادپه‌روه‌ر و مرۆڤدۆست و به‌رپرسانه‌ی‌ خه‌مخۆر و كرداریی‌ هه‌یه‌، كه‌ دوور له‌ جیاوازیی‌ ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و نه‌ژاد و ئایدیای‌ جیاواز، تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ ته‌ندروست گۆشبكات.
به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا، به‌پێی‌ ئاماره‌كان ڕێژه‌ی‌ توندوتیژی‌ به‌ چه‌ندین شێواز و فۆرمی‌ نوێوه‌، له‌ هه‌ڵكشاندایه‌. ئه‌وه‌ی‌ زیاتر ویژدانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌خاته‌ژێرپرسیاره‌وه‌، بوونی‌ چه‌ندین ڕێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ناوخۆییه‌ به‌ ناوی‌ پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ، به‌ڵام ڕۆڵی‌ كرداریی‌ و كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌دا نییه‌، و هه‌ندێكیان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ فه‌ند و به‌رژه‌وه‌ندیی كارده‌كه‌ن، و پێوه‌ری‌ به‌رگریكردن له‌لایان په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی‌ تا چه‌ند له‌گه‌ڵ‌ دید و ستراتیژی‌ ئه‌واندا ده‌گونجێت ،نه‌ك پاراستنی‌ كه‌رامه‌ت و مافی‌ هه‌موو تاكێك به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ .
زه‌قترین به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ ئه‌مڕۆ له‌ (غه‌ززه‌)دا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت، كه‌ ڕۆژانه‌ هه‌زاران ژن و منداڵی بێتاوان ده‌بنه‌ قوربانیی‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستێكی مرۆڤدۆستانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و هه‌موو ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ناوپارێزه‌رانه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤه‌وه‌، نابینرێت .
كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌ و ڕه‌خساندنی‌ كه‌شی‌ ئارام و سه‌قامگیریی ئاسایش، پێویستی‌ به‌ ویژدانی‌ زیندوو و ئه‌خلاقی‌ به‌رزی‌ مرۆڤانه‌ و قبووڵكردنی‌ یه‌كتریه‌ به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانه‌وه‌ .
مه‌خابن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا، له‌بری‌ خستنه‌ڕووی‌ چه‌ندین توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ مه‌یدانیی‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی‌ ئافره‌ت و كێشه‌كانی‌ و هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كانی‌ چاره‌سه‌ر، ساڵانه‌ هه‌ڵمه‌تی شانزه‌ڕۆژه‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندوتیژی‌، به‌نمایشێكی‌ به‌رفراوانی‌ به‌رپرسان له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ پڕخه‌رجیی‌ له‌ پایته‌خت ده‌ست پێده‌كرێت و به‌هه‌ندێك چالاكی‌ دووباره‌ و بێ‌ ستراتیژ كۆتایی پێدێت، له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌توانرێت به‌رپرسانه‌ به‌دواداچوون بۆ هۆكاره‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی‌ توندوتیژی‌ بكرێت و به‌ پلانی‌ زانستیی ورد، هه‌نگاوی‌ پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان بگیرێته‌به‌ر.
ده‌خوازین په‌رله‌مانی‌ نوێ‌ و حكومه‌تی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ داهاتوو،به‌رپرسانه‌تر كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان بكه‌ن، و ئاستی‌ توندوتیژی‌ له‌ هه‌رێمه‌دا كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و كه‌شێكی‌ پڕ له‌ ئاشتی‌ و پارێزراویی‌ مافه‌كانی‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان بڕه‌خسێنن.

                                                                       سكرتاریه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ خوشكانی‌ ئیسلامی‌ كوردستان

25 / 11 / 2024

Check Also

یاریەکەی ژیان لە سۆشیاڵ میدیا خەریکە ترسێنەر دەبێت

‎‎خەرمان عبدالکریم ‎لەنێو خۆ بەنێوبانگکردن و مۆدەو باکگراوەندە جوان نیشاندانەکاندا چی دەرکەوت، گوزەرێکی خەیاڵاوی و …