و: د.بێخاڵ ئەبوبەکر
“خێزان لەناودەچێت”، یەکێکە لەو هۆشدارییانەی لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا دووپاتدەکرێتەوە. ئەمەش لە تەنگژەی مرۆڤی هاوچەرخەوە سەرچاوەدەگرێت کە مۆدێرنە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە و لێکپچڕان و پارچەپارچەکردنی دەدات چونکە لە تاکە ڕوانگەی ماددیی، بەرمەبنای سوود و چێژ لێی دەڕوانێت.
هاوکات لەگەڵ سەردەمی ڕۆشنگەریدا، مۆدێرنە باڵی بەسەر عەقڵی ئەوروپیدا کێشا و هیچ ڕۆڵێکی بۆ ئایین، لە ژیان و چاکسازییدا نەهێشتەوە، هەروەها هەژموونی دەوڵەتی نەتەوەییش بەسەر کۆمەڵگەدا، هاتەکایەوە. هەربۆیە عەلمانیەت بەرفراوانبوو، ئەوەی بە (عەلمانیکردنی بێدەنگ) ناوزەددەکرا، سەریهەڵدا؛ ئەمەش گوزارشی لەوانە دەکرد کە بە بێدەنگیی ئاینیان وەلادەنا، بە شێوەیەک ئامادەیی ئاین لە بواری کۆمەڵایەتی، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە پاکیزەیی، هاوسەرگیریی، و خێزانەوە پاشەکشەیکرد.
لێکەوتەکانی نائامادەیی ئاین لەسەر خێزان
(خێزان) یەکێکە لە دیارترین قوربانییەکانی مۆدێرنە کە جەنگێکی دڕندانەی لەدژ بەرپاکرا، بەوپێیەی یەکەم و گرنگترین لانکەی پەروەردەییە، کە ئاین ڕۆڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت. مۆدێرنە کاری لەسەر وشککردنی سەرچاوەکانی (خێزان)کرد، بۆ ئەم مەبەستەش تاکگەرایی قووڵکردەوە و چەمکی هاوسەرگیریی گۆڕی، و دایکایەتیی و باوکایەتیی شێواند. لە ئەنجامدا، سروتە ئاینییەکان لە زۆرینەی خێزانەکانی سەردەمدا دیارنەمان، و هاوسەرگیریی بە پێڕەوی یاسا مرۆڤکردەکان ئەنجامدرا و پێوەرە ئاینییەکان لە پرۆسەی هاوسەرگیرییدا لادران.
وەلانانی ئاین، لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر خێزان بەجێهێشت، چونکە (خێزان) ئەو ناوەندەیە کە منداڵ بۆ یەکەمجار پیادەکردنی سروتە ئاینییەکان دەبینێت، ئەمەش شوناس و پێوەر و دیدگای بۆ خود و گەردوون، لەسەر بنەماکانی هۆشمەندیی و ڕێزگرتن و زانیاریی و تێگەیشتن لە گەورەیی بوون دیاریدەکات، نەک لەسەر بنەمای بەکاربردن و چێژوەرگرتن. ئەمەش ئەو ڕاستییەیە کە خانم پرۆفیسۆر (لیزا میلەر) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (منداڵی ڕۆحیی) The Spiritual Child جەخت لەسەر کارەساتی وەلانانی ئاین لە پەروەردەی خێزانیدا دەکاتەوە و دەشڵێت هیچ شتێک وەک پێڕەوە ڕۆحییەکان، کە منداڵ لە خێزانەکەیەوە وەریدەگرێت، منداڵ ناپارێزێت. ئەم بەرەنجامانەش بە پشتبەستن بە ئامارەکان دەخاتەڕوو، لەوانە:
ئەو منداڵانەی پەروەردەی ڕۆحیی لە خێزانەکانیاندا وەردەگرن، لە تەمەنی هەرزەکارییدا بە ڕێژەی ٦٠٪ کەمتر ڕووبەڕووی خەمۆکیی دەبنەوە، و بە هەمان ڕێژە، ماددە هۆشبەرەکان کەمتر بەکاردەهێنن، و بە ڕێژەی ٨٠٪ سێکسیی ناشەرعیی کەمتر ئەنجامدەدەن.
ئەو منداڵانەی پەروەردەی ڕۆحیی ناکرێن، هەست بە بێمانایی ژیان دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات بەرامبەر کێشە و ئاستەنگەکان، زۆر لاواز بن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو منداڵانەی لەسەر بەها ڕۆحییەکان پەروەردە دەکرێن، هەمیشە درک بە بوونی زاتێکی پیرۆز و باڵا دەکەن کە لە هەموو سەرکەوتن و شکستێک مەزنترە، ئەمەش خۆڕاگرییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاریشە و هەوراز و نشێوەکانی ژیان پێدەبەخشێت. لێرەدا خاتوو لیزا میلەر ئاماژە بە ڕاستییەکی مەترسیدار دەدات کە ئەگەر توانا ڕۆحییەکان لە ڕێگەی خێزانەوە نەچێنرێن، سەرەنجام دەپووکێنەوە.
سەرباری ئەمانە، توێژینەوەیەک، کە لە لایەن سەنتەری (Bio) بۆ توێژینەوە لە ساڵی ٢٠١٣ دا بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریی سەبارەت بە پاشەکشەی ئاین لە پەروەردەی خێزانیدا و کاریگەریی نەرێنی لەسەر میللەتانی ئەمریکا داوە، بەتایبەتیش لەگەڵ نەشونمای نادیندارەکاندا.
ئاماری ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو ئاماژە بەوە دەدەن کە تەنها ٤٪ منداڵانی ئەمریکیی لە خێزانی ناشەرعیدا لەدایکبوون، کەچی لەم سەردەمەدا بۆ ڕیژەی ٣٠٪ بەرزبووەتەوە. لە توێژینەوەیەکی دیکەی هەمان سەنتەر، لە ساڵی ٢٠١٦دا، جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆڵی بیروباوەڕ و ڕەفتاری ئاینیی لە پێکهێنانی پەیوەندییە خێزانییەکان و خۆشنوودیی ئەندامەکانیدا کراوەتەوە، و هەروەها دینداریی کاریگەریی گەورەی لەسەر کواڵیتی و ڕەزامەندیی لە ژیاندا لەنێو باوان و هەرزەکاراندا هەیە.
(تاکگەرایی) بەرامبەر بە (خێزان)
تاکگەرایی لەگەڵ مۆدێرنەدا سەریهەڵدا، کە هەژموونی پرس و مافەکانی (تاک) بەسەر (کۆمەڵ)دا زاڵدەکات، بەمشێوەیەش ماڵ دەبێت بە شوێنی خواردن و نوستن بەتەنها، بەبێ بوونی ڕایەڵەیەکی کۆکەرەوە لەنێوان ئەندامەکانیدا، و لە ئەنجامدا خێزان دەبێت بە گۆڕەپانی ململانێ.
لەگەڵ تاکگەراییدا، هەستکردن بە ئاسایش و دڵنیایی پاشەکشەیکرد و لێکترازان بەرەو خێزانەکان ڕێچکەی گرت. هەرچەندە دەوڵەت هەوڵیدا ، بە دەستوەردانی، ڕێگاچارە بۆ ئەم لێکترازانە بدۆزێتەوە، بەڵام چارەسەرێکی سەرکەوتوو نەبوو، لەوانەیە ئەمە هۆکاری گەڕانەوەی هەندێ کەس بێت بۆ کتێبی (مێژووی لاوازیی و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی) کە مێژوونووس (ئیدوارد جینۆن) پێش سێ سەدە نووسیویەتی و تێیدا هۆکاری هەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیی بۆ لێکترازانی خێزانەکان دەگێڕێتەوە، چونکە هەرکاتێک درز کەوتە قەوارەی خێزان، بونیادی میللەتیش هەڵدەتەکێت.
لە بەرەنجامی فەلسەفەی تاکگەراییدا، ئەم لێکەوتانە بوونە هۆکاری درزتێکەوتنی قەوارەی خێزان:
- پاشەکشەی هاوسەرگیریی:
هەندێک سەدەی بیست ویەک بە “سەدەی ناهاوسەرگیریی” وەسفدەکەن و بڕوایان وایە هاوسەردارەکان دەبن بە کەمینە؛ لەگەڵ پاشەکشەی هاوسەرگیرییشدا، شێوازی شاز لە پەیوەندییە سێکسێیەکان هاتنەئاراوە. ئامارێکی حکومیی لە هندستان ئاماژە دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٩دا، ڕێژەی لاوانی بێهاوسەر بۆ ٢٣٪ بەرزبۆتەوە؛ لە توێژینەوەیەکیشدا، توێژەران کلود مارتن و ئیرین تێرری، باس لە شێوازی ژیان و هاوسەرگیریی لە فەرەنسا و گۆڕینی چەمکی هاوسەرگیریی دەکەن، ئاماژەش دەدەن کە زیاتر لە دوو ملیۆنونیو خێزان، بەبێ هاوسەرگیریی لەگەڵ یەکدا دەژین، و بە شێوەیەکی بەرفراوان، بیرۆکەی ژیان بەبێ هاوسەرگیریی، لە کۆمەڵگەی فەرەنسییدا پەسەندکراوە. لە کۆمەڵگەی ئەمریکییشدا، نزیکەی نیوەی کەسانی پێگەیشتوو، هاوسەردار نین. یەکەم پێوەریش بۆ پاشەکشەی هاوسەرگیریی، بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق، کە لە زۆرینەی وڵاتاندا گەیشتۆتە ٥٠٪؛ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاقیشدا، لاوان زیاتر پرۆسەی هاوسەرگیریی ڕەتدەکەنەوە. سەرەنجام لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکییدا، لەبارەی هاتنی شێوازی سویدیی لە هاوسەرگیریی و تەڵاق بۆ ئەمریکا، دەنگ بەرزبۆتەوە و هۆشداری دەدەن، لەبەرئەوەی خەریکە پێکەوەژیان بەبێ هاوسەرگیریی، ببێت بە بناغەی سەرەکیی خێزانپێکەوەنان لە وڵاتی سوید. - خێزانی تاک – باوان:
لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا و هەندێک لە ئاساییەکانیشدا، چەمکەکانی وەک “باوکی تەنها” و “دایکی شوونەکردوو” بڵاوبوونەتەوە. بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە ٣،٩ ملیۆن دایکی شوونەکردوو هەن، بە واتای ئەو دایکانەی منداڵی باب-نەناسراو بەخێودەکەن. هەروەها بەگوێرەی کتێبی “All the Single Ladies” (هەموو خانمە سینگڵەکان) ی نووسەر ڕێبیکا ترایستەر، لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ژمارەی ئافرەتانی بێهاوسەر لە هاوسەردارەکان زیاترە. ئامارێکی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەدەدات کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ڕێژەی ٤١،٩٪ تازەلەدایکبووان لە دەرەوەی هاوسەرگیریی شەرعیی هاتونەتەدنیاوە. بەگوێرەی ڕووپێوییەکیش کە سەنتەری (Bio) لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجامیداوە، دایکانی شوونەکردوو، و ئەوانەی بەبێ هاوسەرگیریی شەرعیی پێکەوەدەژین، لێکەوتەی نەرێنیی و مەترسیداریان لەسەر کۆمەڵگە هەیە. - پاشەکشەی دایکایەتیی و باوکایەتیی:
لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “The Price of Motherhood” “نرخی دایکایەتیی”، کە پێش بیست ساڵ دەرچووە، نووسەر ئانا کریتندن باس لە بڵاوبوونەوەی تێڕوانێنێک بۆ دایکایەتیی دەکات گوایە “پیشەیەکی بێبەرهەمە”، و بە ناڕازایەتییەوە دەپرسێت: بۆچی هێشتا گرنگترین ئەرکی دنیا، کەمترین بەهای هەیە؟ بێگومان داخورانی پێگەی دایکایەتیی دەبێتەهۆی لێکترازان و داڕمانی خێزان.
هەروەک لە سایەی مۆدێرنەدا، باوکایەتیش گەمارۆدراوە، بەوپێیەی یەکێکە لە سیماکانی دەسەڵات، پێویستە لاوازبکرێت. جێی سەرسوڕمانە لە هەندێک لەو وڵاتانەی چەمکی باوکایەتیی لە خێزاندا لەناودەبرێت، دەوڵەت خۆی بەم کارە هەڵدەستێت، هەربۆیە پشتیوانانی خێزان لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا، دروشمی “باوکانی بەهێزتر… کۆمەڵگەی بەهێزتر” یان هەڵگرتووە، هەندێکیش وەک دەیڤید بلانکنهۆر، لە کتێبەکەیدا “Fatherless America” (ئەمریکای بێباوک)، هۆشداریی لە لاوازبوونی پێگەی باوکایەتیی دەدەن.
لە کۆتاییدا، ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە: هەتاکەی بەمشێوە مەترسیدارە (خێزان) لاوازدەکرێت؟ لە کاتێکدا پریشکی ئاگرەکەی بەر هەموو کۆمەڵگە دەکەوێت!
سەرچاوە: پێگەی گۆڤاری (المجتمع)