پێنج شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 19 2024

هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی تاوانێکی سیاسیە

دڵخواز عبدالله
یاسای باری کەسایەتی کۆمەڵێک بڕگە و ماددەی یاساییە، کە پەیوەندی تاکەکان لەناو خێزاندا ڕێکدەخات وەک پرۆسەی هاوسەرگیری تەڵاق نەفەقە دایەنی میرات…هتد

یاسای باری کەسێتی تایبەتمەندی خۆی هەیە هەر لە سەرەتای دروستبوونی کۆرپەلە لە سکی دایکدا هەتاوەكو ئەگاتە مردن. لەدوای مردنیش لە مەسەلەی میراتدا پێویستمان بە ئەم یاسایە دەبێت کەواتە ماڵێکە کە هەموو کۆمەڵگەی کۆ کردووەتەوە، حوکمی پەیوەندی کەسەکان لە ناو سکی دایک و لە ژیان و لە دوای مردنیش دەکات.

یاسادانەری عێراقی کاتێک ئەم یاسایەی داناوە زۆر حەکیمانە چووەتە ناو بابەتی خێزانەوە، بڕگە و مادەکانی سەرجەمیان خێزان تۆکمە دەکەن و، پەیوەندییە خێزانییەکان بە جوانی ڕێک دەخەن.

دیارە ئامانج لە دانانی ئەم یاسایە لە کاتی خۆیدا بۆ ئەوە بووە کە خێزان بە شێوەیەکی تەندروست پەیوەندییەکانی خۆی ڕێک بخات، نەوەیەکی ڕێک و تەندروست پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات، ئەم یاسایە پشتی بەستووە بە شەریعەتی ئیسلامی و هیچ بڕگە و ماددەیەکی پێچەوانەی ئەحکامەکانی شەریعەت نیە.

ئەم پرۆژەیە پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە لە4/8/2024خوێنەوەی یەکەمی بۆ کراو، مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا بە دوای خۆیدا هێنا کە حاڵەتێکی نەخوازراوە بۆ لەناوبردنی مافەکانی ژنان لە یاساکەدا.

چالاکی زۆر لە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان ئەنجام درا، چالاکوانانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنی بەوە وەسفی دەکەن کە گەڕانەوەیە بۆ دواوە لە زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئیهانەیەکی گەورەیە بۆ پێگەی ئافرەتانی عێراق، بە تایبەتی بە شوودانی کچانی تەمەن( 9)ساڵ.

یاسای باری کەسێتی بەرکار ژمارە 188ی ساڵی 1959ی عێراقی نزیکەی ٦٥ ساڵە کاری پێدەکرێت، ئەم یاسایە لە هەموو مەزهەبەکان باشترینی هێناوە جێبەجێ دەبێت بە سەر هەموو موسڵماناندا، لە ئەحكام و موعامەلات لەناو خێزاندا. ڕاستە ئەم یاسایە پێویستی بە هەموارێکە وەکو یاسای ژمارە پانزدە ساڵی 2008 کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، کۆمەڵێک دەستکەوت بۆ خێزان بە گشتی و بۆ ژنان بە تایبەتی بە دەستهات. بەڵام هێشتا یاسایەکی مەحکەم و باشە

بنەمای پشت بەستنی پرۆژەکە:
یەکەم/
ئەم هەموارە پشتی بە ڕای فیقهی وەقفی سوننە و شیعە بەستووە بۆ باری کەسیەتی هاوڵاتییان، کە ئەمە دورکەوتنەوە یە لە ئەنجومەنی دادوەری، ئەمەش خۆ خستنە ناو ئیش و کاری دادوەرییەو، دژ دەوەستێت بەرامبەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەروەها شیکردنەوەی سیستمی یاسای باری کەسیەتیە لە عێراق بە پێی ژمارەی ئاینزاکان.
لە تەواوی دەوڵەتان بابەتی باری کەسیەتی بابە تێکی یاساییە و خێزان و کۆمەڵگە ڕێک دەخات، بەڵام ئەم پرۆژە یاسایە لە عێراق ئەگەر پەسەند بکرێت سەرلەبەری شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەدات.

دووەم/
پشت دەبەستێت بە ماددەی چل و یەکی دەستوور کە دەقەکەی دەڵێت (أن العراقيين أحرار
‎في الالتزام بأحوالهم الشخصية، حسب دياناتهم أو مذاهبهم أو معتقداتهم أو اختياراتهم، وينظم ذلك بقانون”( لەئەسباب موجیبەی هەموارەکە دا هاتووە کە ماددەیەکی خیلافییە دانراوە لە ناو چوارچێوەی مادەکانی دەستوور بۆ هەمواركردنەوە

‎ماددەی 41ی دەستوور مەترسییەکە هەڕەشە لە مافی تاکەکان و، ئارامی بەردەوامی خێزانەکان دەکات وە ئەوەی کە زیاتر کاریگەر دەبێت بەم هەڕەشەیە ژنانە، چونکە زیاتر ئەگەری ئەنجامدانی توندوتیژی و جیاکاری هەیە بەرامبەریان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا لێرەدا تووشی پێشێلکردنی مافەکانی دەستوور دەبینەوەبەم شێوەیە
١-پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراتی و مافی ئازادی دەکات کە لە دەستورداهاتووە

۲-پێشێلی ماددەی چواردەی دەستوور دەکات کە دەڵێت عێراقییەکان یەکسانن لە بەردەم یاسادا بەبێ جیاکاری بە هۆی ڕەگەز، ئاین، نەتەوە، بنەچە، ڕەنگ ئاینزا، بیروباوەڕ یاخود باری دارایی و کۆمەڵایەتی
‎لە ماددەی سێزدە بڕگەی دوو /ناکرێت هیچ یاسایەک دابندرێت کە پێچەوانە بێت بەدەستور

پەیوەندی هەموارەکە لەگەڵ بنەما گشتییەکانی یاسا :
‎ئەم هەموارە پێچەوانەیە بە بنەما گشتییەکانی یاسا
یەکەم / ماددەی یەکەم پێشێلی بڕگەکانی یەکسانی دەکات لە جێبەجێکردنی یاسادا وە پەیوەندی بە بنەما گشتییەکانی یاساوە هەیە بە پێی ئەم بنەمایە سەرجەم تاکەکان مل کەچن بۆ یاساکانی یەکسانی، واتا یەکسانی لەبەردەم یاسا، ئەم بنەمایە بە شێوەیەکی گشتی دادەنرێت بە گرنگترین بنەمای مرۆیی کە هەموو نەتەوە و گەلێک سوورن لەسەر ئەوەی کە پەیوەست بن پێیەوە بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی یاسا بەبێ جیاکاری، هەر وەکوو چۆن لە ماددەی حەوتی ڕاگەیاندنی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤدا هاتووە و دەڵێت «هەموو خەڵکی یەکسانن لەبەردەمی یاسادا

دووەم /
لە بنەما گرنگەکان کە ئەم هەموارە پێچەوانەیە لەگەڵیدا ئەوەیە یاسا دەبێت مەعلووم بێت لای هەموو کەس، بە ئاسانی لێی تێبگات چونکە بنەمایەکی یاسایی هەیە دەڵێت : (الجهل بالقانون ليس عذرا ) «نەزانین بە یاسا دانانرێ بە عوزر »
چونکە یاسا ئەبێت بە شێوەی فەرمی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو بکرێتەوە وە هاوڵاتی لێی شارەزا بێت تەمەتوع بکات بە مافەکانی خۆی لەو یاسایەدا و، هەروەها پابەندییەکانی جێ بەجێ بکات.
لێرەدا دەردەکەوێت لە ڕووی یاساییەوە داڕشتنی یاسایەکی ئاوا کە هەموو تایەفە و ئاین و ئاینزاکان لە خۆ بگرێت شتێکی ئەستەمە ئەگەر هەموو کەس ئازاد بێت لە باری کەسێتی خۆی بە پێی ئایین و ئاینزای خۆی ئیتر ڕوونی و یەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسا لەکوێدایە؟
ئەو یاسا مەعلوومە کامە دەبێت کە پشتی پێ ببەسترێ بۆ ڕێکخستنی ژیان؟
ئاسەواری هەموارکردنەوەکە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم /
‎ئەمە تێکشکانێکی یاسایی و کۆمەڵایەتی گەورەیە بۆعێراق و مێژووی یاسادانان لە مەیدانی مافەکانی ژناندا
دووەم/
‎پاشەکشەیە لە دروستبوونی دەوڵەتێکی مەدەنی لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون.
سێیەم/
‎ پێشێلکردنی بنەمای یەکسانییە لە جێبەجێکردنی یاسا بە پێی ماددەی چواردەی دەستوور کە دەڵێت عێراقییەکان یەکسانن لە بەردەم یاسادا بەبێ جیاکاری بە هۆی ڕەگەز نەتەوە بنەچە ڕەنگ ئایین ئاینزا بیر و باوەڕ یاخود باری دارایی و کۆمەڵایەتی.

‎لە ماددەی 13 بڕگەی دوو ناکرێت هیچ یاسایەک دابندرێت کە دژ بێت بەدەستور
چوارەم/
کەم کردنەوەی ڕۆڵی دامەزراوە یاساییەکانە
کە پێشێلی ماددەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، پێچەوانەی ماددەی چل و حەوتی دەستوورە ئەمەش وا دەکات کە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نەبێت کە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم مادە دەستوریانە:
‎1- مادەی 19 (القضاء مستقل لا سلطان عليه لغير القانون .،
‎87(يتولى مجلس القضاء االعليا ادارة شؤون الهيئات القضائية، وينظم القانون،طريقة تكوينه،،)

پێنجەم/
لە کارخستنی ماددەی پێنجی دەستوور کە باس لە سەروەری یاسا دەکات سەروەری یاساش واتە ملکەچی تاکەکان و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت بۆ حوکمەکانی یاسا .
شەشەم/
‎ زیان گەیاندن و لەناوبردنی ئەو مافانەی ژنان کە بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی بە دی هاتبوو .
حەوتەم/
‎ڕێگا بە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگا دەدات لە ماددەی سێ بڕگەی پێنجدا پێشنیاری هەموارەکەدا هاتووە کە گرێبەستی هاوسەرگیری بە پێی مەزهەبی شیعە و سوننە ئەکرێت، لە لایەن ئەوانەی ڕێگە پێدراون گرێبەستەکە بکەن دواتر لە دادگای باری کەسیەتی پەسەند دەکرێت لە ماوەی زیاتر نەبێت لە شەست ڕۆژ، لێرەدا هیچ سزایەکی دیاری نەکردووە بۆ ئەو کەسانەی پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم مادەیە گرێبەست دەکەن، لە ماوەی دیاریکراودا گرێبەستەکە پەسەند ناکەن.

‎ کە ئەمڕۆ زۆربەی گرفتی خێزانەکان و دادگاکان گرێبەستی هاوسەر گیری تۆمار نەکراوە کە ئەمەش هەڵوەشاونەوەی خێزان بە دوای خۆیدا دێنێت و نەوەیەک لە مناڵی بێ ماف بەرهەم دەهێنێت.
نۆیەم/
دەرگا بە ڕووی کۆمەڵێک کێشەی تردا دەکاتەوە وەک هاوسەرگیری موتعەو کاتی. دێنێتە کایەوە بۆ هاوسەرداران، بەڵام لە یاسای بەرکاردا بە شێوەیەکی تۆکمە پەیوەندیەکانی ژن و مێرد «هەردوو هاوسەر »ڕێک دەخات، چونکە لەسەر ئەساسی مەوەدە و ڕەحمە وخستنەوەی وەچەیە وە ئەم یاسایە ناهێڵێ لە دەرەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری منداڵ دروست ببێت.
دەیەم /
بێبەش بوونی ژنان لە میراتی پیاوەکانیان لە زەوی داردا بە پێی مەزهەبی جەعفەری، بەڵام پیاو میرات لە ژن دەبات لە ماڵی گواستراوە نەگواستراوە.
یانزەیەم/
بێبەشبوونی ژنان لە مافی دایەنی مناڵ لە کاتی جیابوونەوە و تەڵاق .
دوانزەیەم/
زیادبوونی فرەژنی لە کاتێکدا لە کوردستان بە چەند مەرجێکی قورس سنووردار کراوە.
سیانزەیەم/
‎-پێکدادانێک لە نێوان دەقە یاسایی و فیقییەکاندا ڕوو دەدات

‎کاریگەرییە نیگەتیڤەکان لەسەر هەرێمی کوردستان
ئەو ئاراستەیەی کە بینای یاساکان دەکات لە کوردستان بە شێوە دروستەکەی ئەم یاسایە دژی دەوەستێت و کاریگەری سەلبی هەیە لەسەر هەمواری یاساکە، چونکە هەرێمی کوردستان دادەنرێت بە پێشەنگی ناوچەکە لە ڕووی یاسای پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنانەوە وە ئەوەی پەیوەندی پێوەی هەیە کە ئەمەش ئاساواری خراپ دروست دەکات جیاوازی لە ژینگەی یاسایی باری کەسیەتی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی عێراقدا، هەروەها جیاوازییەکەش زۆر گەورەیە لە نێوان هەرێم و باقی بەشەکانی تر.
‎جیاوازیەكان
‎یەکەم / دابەزاندنی تەمەنی هاوسەرگیری لە هەژدە ساڵی بۆ نۆ ساڵی، بەمە هاوسەرگیری پێشووەخت دێنێتە کایەوە، ئەمەش پێشێلی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مناڵان بە تایبەتی، هەروەها توندوتیژی دژ بە ئافرەتانە.

دووەم/
‎دەبێتە هۆی ڕێگەپێدان بە هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا لە یاساکەدا بە تاوان نەناسراوە.

سێیەم/
‎ بێبەش بوونی ژن لە قەرەبووی تەڵاقی ناهەق
چوارەم/
‎ بێبەش بوونی ژن لە دوای تەڵاق لە مانەوە لە ماڵی هاوسەریدا
پێنجەم/
‎.بێبەش بوونی ژن لە میراتی زەوی زار .
شەشەم/
گۆڕانکاری هێنان بە سەر مافی ژن لە دایەنی مناڵ .
حەوتەم/
‎ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە گرێبەستی هاوسەرگیری گرێبەستێکی ئارەزوومەندانە بێت.
هەشتەم/
‎ ژن مافی داوای جیابوونەوەی نابێت.

‎لە کۆتاییدا دەڵێین ئەم هەموارە دادەنرێت بە تاوانێکی سیاسی، چونکە ئەسباب موجیبەی نەبوو بۆ ئەم هەموارە، یاسای بەکار هیچ زیانێکی حەقیقی و ڕۆشنبیری یان ئایدیۆلۆژی یان دارایی یان کۆمەڵایەتی یان دینی فەرز ناکات، بۆیە ئەم هەموارە زیان و برینێکی قووڵ لە جەستەی کۆمەڵگەدا دروست دەکات، ئەسباب موجیبەش دەبێت هاوڕێک بێت لەگەڵ بنەماکانی بنەماکانی دەستووری عێراقی

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… فەلسەفە، زانست، داهێنان

محمد ئاواتبەشی شەشەمخەیاڵ یاخود ڕاستی، خەیاڵ چۆن ئەبێت بەڕاستی، چۆنیش بووە ئەگەر لە دەوروبەرمان بڕوانین، …