دوو شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 16 2024

شانەی کۆرپەلەی لەباربراو لەکام جۆری بابەتی جوانکاریدا بەکاردێت؟

و: شەهلا عومەر

پێداچوونەوەی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا نامیلکەیەکە لەلایەن ڕێکخراوی هیومان لایف ئینتەرناشناڵ بۆ پەیڕەوانی ئاینی مەسیحی مەزهەبی کاسۆلیکی نوسراوە، وەک جەختکردنەوە و بەرچاوڕوونی بۆ ئەوان و ڕای گشتی بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بابەتی لەباربردن و بازرگانیکردن پێوەی کە کردەیەکی تاوانکاریە بەرامبەر مافی ژیانی منداڵی لەدایک نەبوو.
پێشەکی :
ئایا شانەی کۆرپەلە لە بابەتە جوانکارییەکاندا بەکاردێت؟ ئایا ئەمە کاریگەریی لەسەر ئارایشت هەیە؟ ئەی چی دەربارەی کرێم و شێدارکەرەوەکانی تر؟
پرسیارگەلێک دەربارەی بەکارهێنانی پێکهاتە شانەییەکانی کۆرپەلەی لەباربراو لە دروستکردنی بابەتەکانی ئارایشت و جوانکارییدا سەرهەڵدەدەن. پڕوپاگەندەی زۆر لەم بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە و خەڵکیش دەیەوێت ڕاستی بابەتەکە بزانێت.
خۆشبەختانە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە هیچ کۆمپانیایەک لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، شانەکانی کۆرپەلە لە پەرەپێدانی بابەتەکانی جوانکارییدا بەکارناهێنێت، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی کڕین و فرۆشتنی ئەلەکترۆنییدا، گرنگە ئەوە بزانین کە تا چەند شانەکانی کۆرپەلەی لەباربراو ڕۆڵیان لە دروستکردنی بابەتەکانی جوانکارییدا هەیە کە لە وڵاتانی تردا پەرەیپێدراوە.
ئەم نامیلکەیە ڕێبەری تۆیە. بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان لە هەندێ بابەتی ئارایشت و جوانکاریی تایبەتدا هاوکارت دەبێت، هەروەها پێت دەڵێ ئەو بەرهەمانەی کە پێویستە خۆمانیان لێ بپارێزین کامانەن!
ناوەرۆکی بابەتەکە :
بەشی یەکەم : شانەی وەرگیراو لە کۆرپەلەی لەباربراو چییە؟
بەشی دووەم : ئەو بەرهەمە جوانکارییانەی شانە کۆرپەلەییەکانیان تێدا بەکارهاتووە
بەشی سێیەم : مێژووی شانە کۆرپەلەییەکان و بابەتەکانی جوانکاریی
بەشی چوارەم : ڕێنماییەکانی کڵێسای کاسۆلیکی دەربارەی شانەکانی کۆرپەلەی لەباربراو
سەرچاوەکان

بەشی یەکەم : شانەی وەرگیراو لە کۆرپەلەی لەباربراو چییە؟
شانە لە چی پێکدێت؟
شانەی کۆرپەلە بە چەند خانەیەکی دیاریکراو دەست پێدەکات، کە دواتر بەردەوام لە زیادبووندا دەبن. ئەمەش وادەکات کە زانایان بتوانن تاقیکردنەوەی جۆراوجۆری لەسەر ئەنجامبدەن.
بە گوێرەی ناشناڵ جێوگرافیک، ئەو شانانە لەناو تاقیگەدا گەشەیان پێدراوە…”لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستدا هەر شانەیەکی دیاریکراو چەندەها ئەوەندەی خۆیان گەشەیان پێدراوە و زیادیانکردووە بۆ کۆمەڵێک شانەی نوێ بەدرێژایی چوار پێنج دەیەی ڕابردوو ، کە بووتە هۆی دروستبوون و داهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان” .
لە ئێستادا کێشەکە ئەوەیە بۆ هەندێک لەو شانە دیاریکراوانە دەستیانکردووە بە بەکارهێنانی خانەی ئەندامەکانی کۆرپەلەی لەباربراو، زاناکان خانەکانی گورچیلە یان سییەکان یان هەر بەشێکی تری کۆرپەلەی لەباربراو وەک خانەی سەرەتایی بەکاردەهێنن، کە دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیاد دەکات و شانەکان پێکدەهێنن.
چۆن ئەم شانانە بەکاردێن؟
لە لێکۆڵینەوەکاندا بە سێ ڕێگا بەکاردێن:

  • وەک ناوەندێکی خانەخوێ تا ڤایرۆسەکان لەسەری بژین (بۆ بەکارهێنانیان لە ڤاکسینەکاندا).
  • بۆ تاقیکردنەوەی کارایی وریاکەرەوە پزیشکیەکان لەسەر خانەکان (واتە بۆ زانینی ئاستی وەڵامدانەوەی خانەکان لە بەرهەمهێنانی دژەتەن و پرۆتینەکان و هتد…..) .
  • بۆ تاقیکردنەوەی ژەهراویبوونی خانەکان (دەرمانی بەرهەمهاتوو بۆ خانەکان ژەهراویی دەبێت یاخود نا و لە چ ئاستێکدایە).
    لە ئەمڕۆدا شانە بەرهەمهاتووەکان لە شانەکانی پێستی کۆرپەلەوە، لەناو بابەتەکانی ئارایشت و جوانکارییدا بۆ زیندووڕاگرتنی پێست بەکاردێن.
    ئەو شانانەی لەناو ئەم بەرهەمانەدا هەن کۆمەڵێک شانەن کە لە خانە بنچینەییەکانی کۆرپەلەوە وەرگیراون. بەمشێوەیە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کوشتنی منداڵێکی بێتاوانەوە هەیە بۆ بەکارهێنانی خانەکانی لەناو ئەم بەرهەمانەدا.

بەشی دووەم : بەرهەمە جوانکارییەکانی سەردەم کە شانە کۆرپەلەییەکانیان تێدا بەکارهاتووە
بەکارهێنانی وێڵداش لە ئارایشت و جوانکارییدا : پێش ئەوەی باسی بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان لە بەرهەمە جوانکارییەکاندا بکەین، گرنگە ڕۆڵی وێڵداش لە دروستکردنی بابەتەکانی جوانکارییدا بزانین. زۆرجار کۆلاجینی مرۆڤ لە وێڵداشەوە وەردەگیرێت و لە نەشتەرگەرییە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت. جگە لە وێڵداشی مرۆڤ، لە هەندێک بەرهەمە جوانکارییەکاندا وێڵداشی ئاژەڵەکانی وەک مەڕ و مانگاش بەکاردەهێنرێن. بۆ نمونە لە هەندێک نەشتەرگەریی جوانکارییدا ، یاخود لە چارەسەرکردنی سووتاوییە زۆر قورسەکاندا ئەو کۆلاجینە بەکاردێت کە لە وێڵداشەوە وەرگیراوە، و هەندێ کۆمپانیاش هۆرمۆنەکان و پرۆتینەکانی دەردەهێنن و لەو بەرهەم و ئارایشتانەدا کە گرنگیی بە قژ دەدەن، بەکاریدەهێنن.
لەم پرۆسەیەدا هیچ شتێکی نایاسایی و نائەخلاقیی بەدیناکرێت. بەکارهێنانی وێڵداشی ئاژەڵ یان منداڵێکی تازە لەدایکبوو هیچ کێشەیەکی ئەخلاقیی تێدا نییە، بەڵام هەندێک لە زانایان لەپێناو گەشەدان بە بەرهەمەکانیان، لە وێڵداشەوە بۆ خانە و شانە کۆرپەلەییەکان تێپەڕیون.

بەکارهێنانی خانە و شانە کۆرپەلەییەکان لە بابەتەکانی ئارایشت و جوانکارییدا
هەندێک لە کۆمپانیاکان خانە و شانەی کۆرپەلەی لەباربراو لە بەرهەمە جوانکارییەکانیاندا بەکاردێنن. ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئەوروپادا، ئەنجامدەدرێت.
بەکارهێنانی دەستەواژەی بازرگانیی Cosmeceuticals”” ” کۆزمۆسیتیکەڵز”- لە یەکگرتنی هەردوو وشەی “Cosmetics”و “Pharmaceuticals” واتە ” جوانکاریی و دەرمانسازیی”وە وەرگیراوە، کە بریتیە لەو بەرهەمە جوانکارییانەی چارەسەری پزیشکیشی تێدایە و هێندەی نەشتەرگەری جوانکاریی کاریگەریی لەسەر پێست دروستدەکەن. یەکێک لەو کۆمپانیایانەی کە ئەم بابەتی جوانکارییانەی “کۆزمۆسیتیکەڵز” بەرهەمدەهێنێت، کۆمپانیای نیۆکیوتەسی سویسرییە NEOCUTIS ، (کە لقێکی لە سان فرانسیسکۆیە).
لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا، زانایان چەندین توێژینەوەیان لەبارەی کاریگەریی شانەی کۆرپەلە لە ساڕێژبوونی پێستدا، ئەنجامدا. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا، ساڵی ١٩٩٢، پێستی کۆرپەلەی لەباربراویان وەرگرت و لەسەر مشک چاندیانەوە، بۆیان دەرکەوت بەبێ ئەوەی ئاسەوار بەجێبهێڵێت، پێستەکە یەکیگرتووەتەوە. هەروەها گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە توێژینەوە لە پێستی کۆرپەلە ” لەوانەیە ڕێگە خۆشکەر بێت بۆ پەرەپێدانی ئەو چارەسەرە تایبەتانەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ حاڵەتەکانی برینی نەشتەرگەریی منداڵبوون، دوورینەوەکانی ناوەوەی سک، و گرژبوونەکانی سووتاویی ، و دروستبوونی شانەی ڕیشاڵیی، و پەیدابوونی گۆشتپارە”.
ئەو زانایانەی کە لە بنەڕەتدا نیۆکیوتەسیان دامەزراند، توێژینەوەشیان لەسەر چارەسەرکردنی برینەکان ئەنجامدا. لەدوای ئەوەی لە چارەسەرکردنی زام و برینەکان بەبێ ئاسەوار سەرکەوتووبوون، هەستان بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ گرنگیدان بە پێست” .
سایتی نیۆکیوتەس ئاماژە بەوەدەدات، “کاتێک بینیمان یەکەمین تەکنەلۆژیای هەتوانی برینەکان، هیچ ئاسەوار و جێگەیەکی برین و سووتاویەکە ناهێڵێت، بەڵکو پێستەکە تەندروستتر و گەنجتر دەکاتەوە، زاناکانی نیۆکیوتەس دەستیانکرد بە دۆزینەوەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەمان ڕێکار بۆ جوانکردن و گەنجکردنەوەی پیریی پێست. بە پێچەوانەی پێستی گەنجەوە کە زووتر و ئاسانتر چاکدەبێتەوە، پێستی بەتەمەن وەکو پێستێکی بریندار وایە”.
هەرچۆنێک بێت بەرهەمەکانی ئەم کۆمپانیایە، پرسیارگەلێکی ئەخلاقیی دەوروژێنن.کۆمپانیای نیۆکیوتەس شانە دەرهێنراوەکانی کۆرپەلەی لەباربراو بۆ چارەسەرکردنی پێستی پیر بەکاردەهێنن، کە وەکو پێستێکی گەنجی لێدەکاتەوە.
پرۆتینە پرۆسێسکراوەکانی پێست:
گرفتەکانی بەکارهێنانی شانەی کۆرپەلە
کێشەی بەرهەمەکانی کۆمپانیای نیۆکیوتەس لە یەکێک لە پێکهاتە داهێنراوەکانیدایە: ئەویش پرۆتینە پرۆسێسکراو، یاخود دەستکاریکراوەکانی پێستە Processed Skin Proteins (PSPs). ئەم پرۆتینانە لە کۆمەڵێک شانەوە وەرگیران، کە لە بنەڕەتدا شانەی کوڕەکۆرپەلەیەکی سویسریی لەباربراوی ١٤ هەفتەیی بوون. ئەو شانانە لە ئەنجامی بەکارهێنانی پێستی منداڵەکە بە قەبارەی پولێکی پۆستە، پەیدابوون.
ئەم پرۆتینە دەستکاریکراوانە لەناو کرێم و بابەتەکانی ئارایشت و جوانکارییدا بۆ بوژاندنەوە و نوێکردنەوەی پێست بەکاردەهێنرێن. یەکێک لە پەیپەرەکان باس لەوەدەکات کە “بەشێوەیەکی سەرەکی خانە و شانەکانی پێستی کۆرپەلە گەشەی پێدەکرێت بۆ دەستکەوتنی پێکهاتەیەکی هاوسەنگی تایبەت یان تێکەڵەیەک لە پێکهاتە خۆراکییەکانی پێست، لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پڕۆسەی زانستی کە کۆمپانیاکە پەرەیپێداوە”. لە باسێکی تردا هاتووە “ئەو پرۆتینە پڕ خۆراکەبەهایانەی کە لە شانەکانی پێستدا پەرەیان پێدراوە بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر کار لەسەر چارەسەرکردنی پێستی تێکچوو و نوێکردنەوەی پێستی شێواو، دەکەن”.
هەروەها لە پەیپەرێکی تردا هاتووە “هۆکارەکانی گەشەکردن بەشێوەیەکی سروشتیی لە لەشماندا ڕوودەدات و یارمەتیدەری پێستە کە خۆی چارەسەری خۆی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا، بەتێپەڕبونی کات، توانای خۆچارەسەرکردنی لەش بە بەراورد بەکاتی لاوێتی کەمتردەبێتەوە، لێرەدا نیۆکیوتەس هاتووە تا ڕۆڵ ببینێت لە بەدەستهێنانی پێستێکی گەشاوەتر و تەندروستتردا”.
لە بنەڕەتدا، توانای چارە و ساڕێژکردن کە لە شانەی کۆرپەلەدا هەیە بۆ نوێکردنەوەی پیریی پێست بەکاردەهێنرێت. بە بەکارهێنانی ئەو کرێمانەی کە ئەو جۆرە پرۆتینە دەستکاریکراوانەی تێدایە، پێستی پیر دەتوانێت پرۆتینەکە هەڵمژێت، بەمەش نیشانەکانی هەڵکشانی تەمەن لەسەر پێستەکە نامێنن و نوێیدەکاتەوە. بەرهەمەکانی نیۆکیوتەس بەم شێوازە کاردەکەن.
بەهەمان شێوە هەندێ کرێمی دیکەیان لە پرۆتینی دەستکاریکراو دروستکردووە بۆ نەخۆشیەکانی پێست، وەک سەدەفیی، ئەگزیما ، و چارەسەرکردنی نیشانەکانی بەساڵداچوون. لە ئێستادا کۆمپانیای نیۆکیوتەس تاکە کۆمپانیایە کە پرۆتینە دەستکاریکراوەکان لە دروستکردنی کرێمی دژەپیربووندا بەکاردەهێنێت.

بەشی سێیەم : مێژووی شانە کۆرپەلەییەکان و بابەتەکانی جوانکاریی لە ئەوروپادا
بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان لە بابەتەکانی جوانکاریی لە ئەوروپادا، بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا ، کۆمەڵێک توێژینەوە لە ئینگلتەرا و فەرەنسادا، ئەنجامدرا؛ بۆیان دەرکەوت کە نۆڕینگەکانی منداڵ لەباربردن جەستەی منداڵە لەباربراوەکان بە کۆمپانیاکانی ئارایشت و جوانکارییی دەفرۆشن بۆ ئەوەی لە بەرهەمەکانیاندا بەکاریانبهێنن .
ئەم کۆمپانیایانە ڕایدەگەیەنن کە بەرهەمەکانیان دەتوانن ڕوخسار و پێست و قژ گەنج و نوێبکەنەوە. بەئاشکرا باس لەو ڕاستیەش دەکەن کە لە دروستکردنی کرێمەکانیاندا، ئەندامە جۆراوجۆرەکانی کۆرپەلەیان بەکارهێناوە .
سەنتەری هێنری تشاکونی خاتوو رینییە ئیبری کە یەکێکە لەو جۆرە نۆڕینگە زۆرانەی ڕیڤیرای فەرەنسا، بانگەشە بۆ کۆمپانیای کالیفۆرنیا ئیسثیتیک California Esthetiquéبۆ جوانکاریی دەکات. نامیلکەیەکی سەبارەت بەم جۆرە بەرهەمانە بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا هاتووە :
” ئێمە دەزانین ئەو شانە نوێیانەی بۆ شانە کۆنەکان دادەنرێن، لەتوانایاندا هەیە کە نوێیان بکەنەوە. ئەگەر ئەو شانانە زیندوو بن کاریگەرییان زۆرتر دەبێت….ئەو شانانە بە دیاریکراوی لە کۆرپەلەوە وەرگیراون و سەربەخۆ نین، و هیچ دژەتەنێک، لە هیچ بارودۆخێکدا هەڵناگرن….ئەم بەرهەمە بەتەواوەتی سروشتییە و بۆ بەکارهێنانی لە ماڵەوە، دروستکراوە….سوڕی خوێن لە پێستدا چالاکتر دەکات، و ڕەنگی پێست پەمەیی و گەشتر دەکات، و بەرکەوتنی نەرم و خۆشتر و پەڵەکانی نامێنێت و بێگومان چرچییەکانی کەمتر دەبنەوە، پێستەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و نەرمیی و ناسکیی بۆ دەگەڕێتەوە”.
بەرهەمەکانی خاتوو ئیبری لە دوو جۆر پێکهاتووە: “ستیکی سوور”، کە لە سپڵ و جگەر و غودەی مناڵی لەباربراو دروستکراوە ، و “ستیکی سپی”، کە لە پەردە و شانەی ڕیخۆڵەکانی دروستکراوە .

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… فەلسەفە، زانست، داهێنان

محمد ئاواتبەشی شەشەمخەیاڵ یاخود ڕاستی، خەیاڵ چۆن ئەبێت بەڕاستی، چۆنیش بووە ئەگەر لە دەوروبەرمان بڕوانین، …