هه‌ینی , تشرینی یه‌كه‌م 11 2024

شانەی کۆرپەلەی لەباربراو لەکام جۆری بابەتی جوانکاریدا بەکاردێت

بەشی دووەم

و: شەهلا عومەر

پێداچوونەوەی: د. بێخاڵ ئەبوبەکر

بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان لە بابەتەکانی جوانکاریی، لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا
چەندین ساڵە ئەم کردارە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش پیادەدەکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥دا، پەیامنێران ئاشکرایانکرد کە لە ئۆکرانیادا، منداڵی لەباربراو دەفرۆشرێن بۆ بەکارهێنانیان لە ساڵۆنەکانی جوانکاریی لە ڕوسیادا. یەکێک لە وتارەکان باس لەوە دەکات کە ” منداڵی لەباربراو لەناو بەفرگردا هەڵدەگیرێت و بەو نۆڕینگانە دەفرۆشرێت کە (دەرزی گەنجبوونەوە) بۆ نوێکردنەوەی پێست و چارەسەری کۆمەڵێک نەخۆشی تر .” بەکاردەهێنن و دەشڵێت کە :
“کڕینی کەرەستەکانی لەباربردن لە لایەن ساڵۆنە جوانکارییەکانی مۆسکۆوە بۆ دابینکردنی (چارەسەری کۆرپەلەیی) foetal therapy لەبرەودایە….ئەو ساڵۆنانە بانگەشەی دابینکردنی جۆرێک دەرزی دەکەن کە لە خانە بنچینەییەکان Stem Cells، پێکدێن، ئەمانەش خانەی دابەشنەبوون و کۆرپەلەدا هەن، توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ هەموو جۆرە شانەیەکی تردا، هەیە. هەرچەندە ئەم بابەتە لە، سەرتاسەری جیهاندا، هێشتا ژێر تاقیکردنەوەدایە”.
تێچوی ئەم دەرمانانە بە تێکڕایی لە دەوروبەری دە هەزار جونەیهی ئیستەرلینیدایە، هەرچەندە ئەم نرخە بەرزە نەبووەتە بەربەست لەبەردەم ئەو ژن و پیاوە دەوڵەمەندانەی کەهەموو شتێک دەکەن لە پێناو ئەوەی بە گەنجی بمێننەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێ ئازار دەچێژێت یاخود لە ئەنجامی ئەوەدا دەمرێت.
شارە هەژارنشینەکانی ئۆکرانیا خۆیان لە چەقی پیادەکردن و تەشەنەسەندنی دروێنەی منداڵە لەباربراوەکان لە ژنانی گەنج و کچە هەرزەکارەکانیاندا، بینیوەتەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە پزیشکانی ژنان و منداڵبوون لە دونیتسک و خارکوف پارەیان پێدراوە تا بە ژنە دووگیانەکان بڵێن کە کۆرپەلەکانیان ناتەواو و شێواون، تەنانەت ئەگەر منداڵەکانی ناوسکیشیان تەندروستییەکی زۆرباشیان هەبێت، پاشان ئەم پزیشکانە، ژنانی دڵشکاو ڕەوانەی پزیشکی لەباربردن دەکەن.
واپێدەچێت پزیشکەکان نزیکەی ١٠٠ جونەیهی ئیستەرلینی بەو ژنانە بدەن لە بەرامبەر پاشماوەی کۆرپەلەکانیان، تەنانەت ئەم پزیشکانە زۆر لەوە زیاتریش دەدەن، ئەگەر ژنەکان پرۆسەی لە باربردنەکەیان دوابخەن بۆ کۆتایی مانگی دووەم یان سەرەتای سێ مانگیی یەکەمی دووگیانیان. پاشان ئەم کۆرپەلانە بەقاچاخ بۆ ڕوسیا دەبرێن، لەوێش هەر یەکێکیان بە ٥٠٠٠ جونەیهی ئیستەرلینی دەفرۆشرێن.
ئەم کۆمپانیایانە کۆرپەلەکان پارچە پارچە دەکەن و ئەندامە جیاوازەکانی دەهاڕن و دەیکەنە هەویر و دەیفرۆشن بە ساڵۆنە جوانکارییەکانی مۆسکۆ بۆ چارەسەرە جوانکارییەکان، کە بە وتەی خۆیان “دەموچاو دە ساڵ گەنجتر دەکاتەوە”. تەنانەت هەندێک لە ساڵۆنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەرزیەکانیان دەتوانن چارەسەری نەخۆشیەکانی وەکو پارکنسۆن و زەهایمەر بکەن.
ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ئەنجامدراون، دەریان خستووە کە تەنها لە ناو مۆسکۆدا ٤١ نۆڕینگە هەبوون کە ئەمجۆرە لە ” چارەسەر ” یان پێشکەش کردووە، و بڕواشیان وایە کە لە ئێستادا ئەو نۆڕینگانە زۆر زیاتربن.
لە ڕوانگەیەکی تەواو پزیشکییەوە، یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە دەرهێنانی پوختەی ڕەگی شانەکانی کۆرپەلەی مرۆڤ پرۆسەیەکی زۆر گران بەهایە.
بڕواش وایە کە ساڵۆنەکانی جوانکاریی ئەو دەرزیەی کە بۆ کڕیارەکانیان بەکاریدێنن، تێکەڵەیەکی ترسناکە لە پوختەی شانەکانی کۆرپەلە – کە بۆ زانینی بوونی نەخۆشیی، پشکنینیان بۆ نەکراوە – ئەمەش بۆئەوەی پارەیان بۆ بگەڕێتەوە. لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەم بابەتە جوانکارییانەدا، هەندێک لە ڕوسەکان مردوون یان دووچاری شێواندن بوونەتەوە.
پڕۆفیسۆر ڤلادیمیر سمیرنۆڤ ، بەڕێوەبەری پەیمانگای مۆسکۆ بۆ نەخۆشیە ئەزمونکراوەکانی دڵ، دەڵێت: “ئێمە باسی بازرگانییەکی گەورەی ترسناکی گەندەڵ دەکەین بۆ کۆمەڵێک چارەسەری گوماناویی”.
دەسەڵات هەرگیز ڕێگەی بە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕ نەداوە ئەم جۆرە دەرزیانەی ڕەگی شانەکان، بەکاربهێنێت، ئەم بابەتانە هەموویان تەواو نایاسایین و هێشتا لە ژێر تاقیکردنەوەدان”.

بەشی چوارەم : ڕێنماییەکانی کڵێسای کاسۆلیکی دەربارەی لەباربردن و پاشماوە شانەییەکانی
ڕوون و ئاشکرایە کە بەلای ئاینی کاسۆلیکەوە بەکارهێنانی کۆرپەلەی لەباربراو و پاشماوەی شانەکانی کێشەیەکی ئەخلاقی دروستدەکات.
کتێبی پیرۆزی کڵێسای کاسۆلیکی ڕێنمایی دەدات کە لەباربردن لە هەموو بارودۆخێکدا، هەڵەیە. لەباربردن “بەتەواویی لەگەڵ یاسا ئەخلاقیەکاندا، پێچەوانەیە”. جگە لەوەش، “بەشداریکردنی فەرمی لە پرۆسەی لەباربردندا تاوانێکی گەورەیە”.
لەباربردن ژیان لە منداڵێکی بێتاوان دەسەنێتەوە. هەربۆیە، هەرکەسێک لەباربردن ئەنجامبدات یان هاوکار بێت لە پرۆسەی لەباربردندا، تاوانێکی زۆر گەورە ئەنجامدەدات”. کاسۆلیکەکان دەبێت دژی لەباربردن بوەستنەوە لەبەرئەوەی تاوانێکی گەورەیە دژ بە شکۆی مرۆڤایەتی.
کەواتە، ئایا ئەو کەسانەی پابەندی ئاینن دەتوانن ئەو بابەتی ئارایشت و جوانکارییانە بەکاربێنن کە شانەکانی کۆرپەلەی لەباربراوی تێدا بەکارهاتووە؟
وەڵامەکەی ئاسانە : نەخێر
کڵێسا دژی بەکارهێنانی شانە کۆرپەلەییەکان دەوەستێتەوە کە بۆ برەودان بە ڤاکسین و دەرمان و هەروەها بابەتەکانی جوانکاریی، بەکاردەهێنرێن .
لە هەندێ حاڵەتدا، ڕێگە دەدرێت بە خەڵک ئەو جۆرە ڤاکسینە بەکاربهێنن کە ئەو جۆرە شانانەیان تێدایە، تەنها ئەگەر هیچ چارەیەکی تر نەبێت و ڤاکسینەکەش ڕێگریی لە نەخۆشیەکی کوشندە بکات، بەڵام ئەم ڕێگە پێدانە بەهیچ جۆرێک بابەتەکانی جوانکاریی ناگرێتەوە، ڤاکسینەکان دەتوانن ژیان رزگار بکەن، لە کاتێکدا بابەتەکانی جوانکاریی ناتوانن.
هەربۆیە، هەمووان ناچارین دژی ئەو بەکارهێنانە قێزەونانەی شانەکانی کۆرپەلەی لەباربراو لە بابەتەکانی جوانکارییدا، بوەستینەوە. و پێویستە لەسەرمان ” هەموو هۆکارە یاساییەکان بگرینە بەر تا نەهێڵین بازرگانەکانی دەرمان بێ ویژدانانە و بێ مۆراڵانە کار بکەن”.

سەرچاوە:
https://www.hli.org/offers/cosmetics-e-book/

Check Also

هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی تاوانێکی سیاسیە

دڵخواز عبداللهیاسای باری کەسایەتی کۆمەڵێک بڕگە و ماددەی یاساییە، کە پەیوەندی تاکەکان لەناو خێزاندا ڕێکدەخات …