سێشەممە , حوزه‌یران 16 2026

حومکی تەیەمووم کردن لەکاتی واجببوونی غوسڵ دەرکردندا

هەڵاڵە محەمەد/ خاوەنی بڕوانامەی زانستی شەرعی

_هەندێک کات ڕێ دەکەوێ لەبەر هۆکارێکی سەخت نەتوانین خۆمان بشۆین لەکاتی لەشگرانی یان تەواوبوونی سوڕی مانگانە، بۆ ئەوەی نوێژەکانمان لەدەست نەچێت چی بکەین؟

+خوای گەورە ئەم بەرنامەو پڕۆگرامەی کە ناردووە بۆ مرۆڤایەتی سازو گونجاوە لەگەڵ تواناو وزەکانیدا بەجۆرێک کە چەندین ڕێگاو شێوەی بۆ ئەنجامدانی فەرمانەکانی پێ بەخشیوین وەک لە قورئاندا دەفەرموێت (يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ…)وە دەفەرموێت:(لاَ يُكَلِّفُ اللّهُ نَفْساً إِلاَّ وُسْعَهَا..)
منەت و فەزڵێکی رب العالمین بەسەرمانەوەو بۆ ئومەتی پێغەمبەری پێشەوامان (د.خ) (گڵ- خاک)ە کە خوای گەورە حەڵاڵی کردووە، وەک دەفەرموێت: (وجعلت لنا الأرض كلها مسجداً، وجعلت تربتها لنا طهوراً إذا لم نجد الماء) مسلم ٥۲۳ ، واتە زەویمان هەمووی بۆکراوەتە مزگەوت گڵەکەیشیمان بۆگێڕدراوە بەپاک و پاککەرەوە ئەگەر ئاومان دەست نەکەوت. کە ئەوە بۆ ئاسانکاری و لەکاتی نەبوونی ئاودایە یان عوزرێک و بەهانەیەک نەتوانێت دەستنوێژ بگرێت یان غوسڵی دەربکات، هەتا موسڵمان بێ بەش نەبێت لەپەرستشەکان.

‎خوای گەورە لەقورئاندا دەفەرموێت: (وَإِنْ كُنْتُم مَّرْضَى أَوْ عَلَى سَفَرٍ أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِّنْكُم مِّنَ الْغَائِطِ أَوْ لَامَسْتُمُ النِّسَاءَ فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُم مِّنْهُ…( سورة المائدة:٦ ‎واتە ئەگەر نەخۆش بوون یان لەسەفەردابوون یان دەستیان بە ئاوگەیاندن بوو (تارەت گرتن)، یا دەستی لەئافرەتی نامەحرەم کەوتبوو، ئاوتان دەست نەکەوت بۆ خۆشۆردن یان دەستنوێژ، ئەوکات دەتوانن بەخاکێکی پاک تەیەموم بکەن، واتە) لەپی دەستتان بە ئەستەم بماڵن بەخاکداو بیهێنن بەڕووخسارو دەستەکانتاندا تا ئەنیشک).

هۆکارەکانی تەیەموم کردن ئەمانەن:

‎۱_ نەبوونی ئاو لەسەفەردا یان لەماڵدابی ئاونەبێ یان هەیە، بەڵام بەس بەشی خواردن وخواردنەوە دەکات خوای گەورەش دەفەرموێت.(فلم تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا).
‎۲_ دووری ئاو لێیەوە بەئەندازەی دوو کیلۆمەترو نیو ئەوکات لەسەری نییە بگەڕێ بۆی و دەتوانێت تەیەموم بکات.

‎۳_ دەستەوەستان بوون لەئاست بەکارهێنانی ئاو،
‎بۆ نموونە: ئاوەکە نزیکە لە نزیکی ئاوەکە دوژمنێک یان دڕندەیەکی لێیە یا مەترسی هەیە، یان لەڕووی شەرعیەوە نەتوانێ بەکاری بهێنێ، وەک ئەوەی بترسێ لەبەکارهێنانی تووشی نەخۆشی ببێ یان نەخۆشیەکەی زیاد بکات، یان درەنگ چاک بێتەوە، لێرەدا دەتوانێت تەیەموم بکات.
‎پێغەمبەری خودا ( درودی خوای لە سەر بێت) لەباسی ئەوکەسەی سەری شکابوو خۆی شۆردو مرد، فەرمووی: انما کان یکفیە أن یتیمم ویعصب علی جرحە خرقة ثم یمسح علیها ویغسل سائر جسدە) واتە تەیەمومی بەس بوو شتێکی بخستایەتە سەر برینەکەی و بیپێچایەو دەستی تەڕی بەسەریدا بهێنایە خۆی بشۆردایە.
‎٤_سەرمای زۆر: ئەو سەرمای کەبترسی لەبەکارهێنانی ئاو نەشتوانی ئاو گەرم بکات یان مەجال نەبێ، عەمری کوڕی عاص تەیەمومی کرد بۆ لەشگرانی لەترسی تیاچوون، چونکە زۆر سارد بوو، پێغەمبەری خودا کارەکەی پەسەند کرد، ئەم فەرموودە حاکم بن حبان بەڕاستیان زانیوە..
‎لەمەوە تاکی باوەڕدار دەتوانێ لەکاتی بۆنەکراوو نەگونجان بۆ خۆشۆردن بەهۆی سەرماو نەبوونی ئاوی گەرم و ترسان لەنەخۆش کەوتن یان هەر هەلومەرجێکی تر تەیەمووم بکات، بەو مەرجەی هەر یەکجار تەیەموم دەتوانیت یەک نوێژی پێ بکەیت، بۆ نوێژی تر جارێکی تر تەیەموم دەکەیتەوە، واتە ناتوانیت دوو نوێژ بەیەک تەیەموم بکەیت، لەکاتێکدا ئەگەر لەماوەی ئەو دوو نوێژەدا ئاوی دەست نەکەوت و ناچاربوو تەیەموم بکات.

بەڵام دوای دەستکەوتنی ئاو و خۆشۆردن و غوسڵ دەرکردن دەبێت ئەو نوێژانی بە تەموم کراوە بگێڕنەوە.

(فقه المنهجی) بەرگی یەکەم

Check Also

مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووان: لە نێوان نێوەندە یاساییەکان، فەرمانە شەرعییەکان و ویژدانی کۆمەڵایەتیدا

ڕوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە کاتێک مرۆڤ دەگاتە تەمەنی بەساڵاچوون، نەخشەی پێداویستییەکانی دەگۆڕێت؛ جەستەی لاواز دەبێت، …