چوار شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 18 2024

(وەڵامەکانی تۆ) ژنان دەتوانن قوربانی بۆخۆیان بکەن؟


هەڵاڵە محەمەد ئەڵماس
1-قوربانى كردن ماناى زیندوو ڕاگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ مێژووى حه‌زره‌تى ئیبراهیم، كه‌خواى گه‌وره‌ له‌خه‌ودا فه‌رمانى پێدا كه‌جگه‌رگۆشه‌ى خۆى (ئیسماعیل) سه‌ر ببڕێ له‌ پێناوى خواى گه‌وره‌دا.
2- قوربانى كردن سوپاسكردنى خواى گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر نیعمه‌تى ژیان و مانه‌وه‌ى له‌م ساڵه‌دا.
3- قوربانى كردن، دایكان‌و خوشكان فێرى وانه‌ى گوێڕایه‌ڵى و فه‌رمانبه‌رداری خواى گه‌وره‌ ده‌كات، كه‌چۆن له‌شوێنێكى چۆڵ و بێ ئاوو دوور له‌ئاوه‌دانى خاتوو (هاجه‌ره‌) خێزانى ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر (علیه‌ السلام) كه‌زانى فه‌رمانى خواى تیایه‌ بێزارو بێتاقه‌ت نه‌بوو ئارامى گرت، چونكه‌ ئه‌یزانى خواى گه‌وره‌ ئه‌یان پارێزێ و چاودێریان ئه‌كات، ئه‌مه‌ش به‌راستى نه‌به‌زیو گه‌وره‌یى ڕۆڵى ئافره‌تان پیشان ئه‌دات له‌ به‌رده‌م پێشهات و رووداوه‌كان.
4- قوربانى كردن ڕۆڵه‌كانمان به‌كچ و كوڕِه‌وه‌ فێر ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵى باوك و دایكیان له‌ هه‌موو كارێكى چاك و په‌رستشدا، خزمه‌تگوزارى ئاین و خاك نیشتمان و باوك و دایكیان بن .
5- قوربانى كردن واته‌ ته‌سلیم بون و گوێرایه‌ڵى كردنى هه‌موو فه‌رمانێكى په‌روه‌ردگاره‌.

  • زانایان ده‌رباره‌ى حوكمى قوربانى كردن بوون به‌ دووبه‌شه‌وه‌:
    1-جه‌ماوه‌رى زانایان (شافعیه‌كان وحه‌نبه‌لیه‌كان و مالكیه‌كان) ڕایان وایه‌ قوربانى كردن سوننه‌تێكى گه‌وره‌ى پێغه‌مبه‌ره‌ (درودى خواى لێبێت) له‌سه‌ر ئێمه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر (درودى خواى لێبێت) واجببووه‌.
    2-لاى حه‌نه‌فیه‌كان واجبه‌ له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكى ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ هه‌موو ساڵێكدا ئه‌نجامى بدات .. پیاو بێت یا ژن، به‌ڵگه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ فه‌رموویانه‌ قوربانى سوننه‌ته‌، ئوم سه‌له‌مه‌ ئه‌گێڕێته‌وه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ر (درودى خواى لێبێت) فه‌رمویه‌تى: (اذا رأيتم هلال ذى الحجة واراد احدكم ان يضحى فليمسك عن شعره واظفاره)، رواه مسلم، رقم الحدیث: ( 1977).واته‌: هه‌ركاتێ سه‌ره‌تاى مانگى زى حیجه‌ هات، هه‌ر یه‌كێك له‌ئێوه‌ ویستى قوربانى بكات باهیچ موویه‌كى لاشه‌و نینۆكى لانه‌بات .
    -ئایا ژنان ئه‌توانن خۆیان قوربانى بۆ خۆیان بكه‌ن؟
    به‌ڵێ ژنانیش هه‌روه‌ك پیاوان ئه‌توانن بۆ خۆیان له‌داهاتى خۆیان قوربانى بكه‌ن هه‌ر ساڵێك ویستیان، چونكه‌ مه‌رجى سونه‌ت یا واجب بوونى قوربانى ئه‌مانه‌ن:
    1-موسڵمان بێت 2-باڵغ و ژیربێت 3-تواناى دارایى هه‌بێت. واته‌ قوربانى كردن تایبه‌ت نیه‌ به‌ڕه‌گه‌زى نێره‌وه‌.. ژنان و پیاوان له‌م كاره‌ خێره‌دا وه‌ك یه‌ك یه‌كسانن بێ جیاوازى، فه‌رمانه‌كه‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ده‌گرێته‌وه‌، گه‌ر ژنێك خۆى پاره‌ى نه‌بوو قوربانى بكات له‌سه‌ر هاوسه‌ریه‌تى گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى هه‌بوو قوربانى بۆ ژنه‌كه‌ى بكات.
    -ئاداب و سوننه‌ته‌كانى قوربانى چیه‌؟
    ئه‌وكه‌سه‌ى قوربانى ده‌كات سوننه‌ته‌ ئه‌م شتانه‌ ئه‌نجام بدات:
    1- هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى مانگى ذى الحجة كه‌نیه‌تى هه‌بوو قوربانى بكات سوننه‌ته‌ هیچ موویه‌كى لاشه‌و نینۆكى لانه‌بات.
    2- له‌كاتى سه‌ربڕین ئه‌مانه‌ سوننه‌تن:
    1) بسم الله‌ كردن.
    2) سه‌ڵاواتدان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر.
    3) ڕووى ئاژه‌ڵه‌كه‌ له‌قیبله‌ بێت له‌كاتى سه‌ربڕین.
    4) الله‌ اكبر كردن.
    5) دوعاى قبوڵ بوونى قوربانیه‌كه‌ .
    6) چاك وایه‌ كه‌پیاو گه‌ر تواناى هه‌بوو، خۆى ئاژه‌ڵه‌كه‌ سه‌رببڕێت به‌ده‌ستى خۆى.
    بۆ ئافره‌ت و كه‌سانێك خۆیان توانایان نیه‌ وه‌كیل بگرن، به‌ڵام خۆیان ئاماده‌ى سه‌ربڕینه‌كه‌ ببن، عه‌لى كوڕى ئه‌بى تاڵب ده‌ڵێ: (پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمانى پێدام كه‌به‌سه‌ر وشتره‌كانیه‌وه‌ بوه‌ستم وپێسته‌و سه‌روپێیه‌كانیان دابه‌ش بكه‌م) رواه‌ الجماعة. هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر ده‌فه‌رموێ به‌ فاتمه‌ى كچى: (هه‌سته‌ خۆت ئاماده‌ى قوربانیه‌كه‌ت ببه‌، چونكه‌ به‌ڕژاندنى یه‌كه‌م دڵۆپى خوێن لێى، خواى گه‌وره‌ له‌ گوناهى له‌وه‌و پێشت خۆشده‌بێت، فاتیمه‌ وتى: ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ى ئێمه‌یه‌ یا بۆ ئێمه‌و هه‌موو مسوڵمانانه‌؟ پێغه‌مبه‌رى خوا فه‌رمووى: بۆ ئێمه‌و هه‌موو مسوڵمانانه‌). و دروستە بۆ قوربانی کردن کەسێک بکەی بەوەکیلی خۆت و قوربانیەکەت بۆ بکات ، پێغەمبەری خوا( درودی خوای لە سەربێت﴿ عەلی خوا لێی ڕازی بێ) کردە وەکیلی خۆی بۆ ئەوەی ئەو ژمارەی مابووی لە قوربانیەکە بۆی سەرببڕێ.
  • قوربانى بۆ مناڵ ئه‌كرێت ؟
    دروست نیه‌ قوربانى كردن بۆمناڵ له‌دارایى مناله‌كه‌ خۆى، به‌ڵام وه‌لیه‌كه‌ى ئه‌توانێ له‌پاره‌ى خۆى قوربان بۆمناڵه‌كان بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و باوكه‌ حه‌وتمى بۆ مناڵه‌كانى له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجام نه‌دا بێ، باشتر وایه‌ حه‌وتمیان بۆ بكات له‌پێش قوربانى كردن.

Check Also

فشاری نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە منداڵ لەباربردن و ڕەگەزگۆڕین

و: د. بێخاڵ ئەبوبەکرپێگەی ڕێکخراوی (C-Fam) ی ئەمریکیی، لە ١٩ ئەم مانگەدا بڵاویکردۆتەوە، کە لە …