دڵخواز عبدالله
شەوی قەدر ئەو شەوەیە کە ئاسمان دەرگاکانی بۆ زەوی دەخاتە سەرپشت!
شەوی قەدر، تەنها کاتێکی تێپەڕ نییە لە ناو ڕۆژژمێردا، بەڵکو چرایەکی پڕ نووری خودایییە لە ناو تاریکییەکانی ڕۆحدا.
لەو شەوەدا، کات دەوەستێت و ئەبەدییەت دەستپێدەکات. وەک بڵێی خودا دەیەوێت بە مرۆڤ بڵێت: «ئەگەر هەموو تەمەنت لە دەستداوە، من لە یەک شەودا تەمەنێکی نوێ و هەزار مانگ هەناسەی پاکت پێدەبەخشمەوە.»
پاداشت و گەورەیی شەوی قەدر:
_میعراجی ڕۆح: شەوی قەدر ئەو ساتە تاقانەیەیە کە تێیدا «فریشتەکان» و «ڕۆح» دێنە خوارێ. ئەمە تەنها دابەزینێکی فیزیکی نییە، بەڵکوود ئاوێتەبونی جیهانی غەیب و جیهانی شەهادەتە.
لەو شەوەدا پەردەکان تەنک دەبنەوە و دڵەکان دەبنە جێگەی تیشکی خودا.
_هەزار مانگ لە یەک چرکەدا: قورئان دەفەرموێت ئەم شەوە “خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ”. ئەمە موعجیزەی عەشقە؛ عەشقێک کە دەتوانێت ڕێگای هەزار مانگی سارای مەعریفەت، لە یەک شەودا ببڕێت، ئەجرەکەی تەنها خێر و چاکە نییە، بەڵکو «گۆڕینی ناسنامەی مرۆڤە» لە غافڵیەوە بۆ ئاگاداربوون.
_ئاشتییەکی ئەبەدی: لە شەوی قەدردا ئەو «سەلام»ەی کە تا سپێدە بەردەوامە، ئاشتیی نێوان خالق و مەخلوقە، شەوێکە کە تێیدا خودا بە زمانی بەزەیی دەدوێت و مرۆڤ بە زمانی گریان.
عاریفان دەڵێن: شەوی قەدر ئەو شەوەیە کە تێیدا «من»ی مرۆڤ دەمرێت و «ئەو»ی خودا لە ناو دڵدا زیندوو دەبێتەوە.
چەند بە چێژە هەوڵبدەین لەو شەوەدا تەنها بە زمان نزا نەکەین، بەڵکو ببینە خودی نزا، با چاوەکان ببنە هەور و دڵ ببێتە بیابان، چونکە لە شەوی قەدردا بارانێک دەبارێت کە هەموو گەرد و تۆزی گوناه و خەمەکانی ساڵێک دەشواتەوە.
کۆمەڵێک لەو نزا و پاڕانەوانەی کە لە شەوانی قەدردا چێژ و واتایەکی تایبەتیان هەیە:
١. نزا گەورەکەی شەوی قەدر:
ئەمە ئەو نزایەیە کە پێغەمبەر (د.خ) فێری دایکە عائیشەی کردووە: اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي.
(خودایە، تۆ لێبووردەی و حەزت لە لێبووردنە، دەسا لێمببورە.)
٢. نزای گەیشتن بە ڕاستی و نوور: اللَّهُمَّ اجْعَلْ فِي قَلْبِي نُوراً، وَفِي بَصَرِي نُوراً، وَفِي سَمْعِي نُوراً.
(خودایە، لە ناو دڵمدا نوورێک دابنێ، لە ناو چاومدا نوورێک، و لە ناو بیستنمدا نوورێک.)
٣. نزای گۆڕینی حاڵ: يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ وَالأَبْصَارِ، ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ.
(ئەی وەرگێڕ و گۆڕەری دڵەکان و بینایییەکان، دڵم لەسەر ئایینەکەت جێگیر بکە.)
٤. نزا بۆ دڵنیایی و ئارامی: اللَّهُمَّ إِنِّي أَسْأَلُكَ إِيمَاناً يُبَاشِرُ قَلْبِي، وَيَقِيناً صَادِقاً.
(خودایە، داوای ئیمانێکت لێ دەکەم کە تێکەڵی دڵم بێت، و یەقین و دڵنیایییەکی ڕاستەقینەم پێ ببەخشە.
عاریفان و شاعیرە گەورەکان بە چاوێکی تر سەیری شەوی قەدریان کردووە؛ لای ئەوان ئەم شەوە تەنها کاتێک نییە لە کاتژمێردا، بەڵکوو “کاتی گەیشتنی عاشقە بە مەعشووق”.
لێرەدا تێڕوانینی دوو لە گەورەترین عاریفان دەخەینە ڕوو:
١. مەولانای ڕومی: پێیوایە شەوی قەدر لە ناو خودی مرۆڤدایە، مەولانا پێی وایە :
(شەوی قەدر وەک “میوانێکی ڕاکردوو” وایە، تەنها ئەو کەسە دەیگرێت کە چاوانی بە خەبەر بێت).
کەواتە..، خەبەرداریی دڵ مەرجی سەرەکییە بۆ درککردن بەو شەوە. ئەگەر دڵت بیدار بێت، هەموو چرکەیەکت دەبێتە شەوی قەدر.
٢-حافزی شیرازی بە زمانێکی زۆر ناسک باس لە شەوی قەدر دەکات وەک شەوی”ڕزگاربوون”. لە شیعرێکیدا بە زمانی فارسی دەڵێت:
«دوش وقت سحر از غصه نجاتم دادند /
وندر آن ظلمت شب آب حیاتم دادند”
واتە (دوێنێ شەو کاتی بەرەبەیان لە غەم ڕزگاریان کردم / لە ناو ئەو تاریکییەی شەودا، ئاوی ژیانیان پێ بەخشیم.)
کەوابێت :
-شەوی قەدر ،ئەو ساتەیە کە “دوعایەک” لە زەوییەوە بەرز دەبێتەوە و “وەڵامێک” لە ئاسمانەوە دێتە خوار و چارەنووسی مرۆڤ دەگۆڕێت.
-شەوی قەدر، شەوی بێدەنگییە: چونکە تەنها لە بێدەنگیدا دەتوانیت دەنگی فریشتەکان ببیستیت.
- پەیوەندی بە “دڵ”ەوە هەیە: وەک چۆن قورئان لە شەوی قەدردا بۆ سەر دڵی پێغەمبەر (د.خ) دابەزی، ئاواش لە هەموو شەوێکی قەدردا “مانایەکی نوێ” بۆ سەر دڵی ئەو کەسانە دادەبەزێت کەئامادەن.
کەوابێت لەم شەوەدا، کە ئاسمان و زەوی دەبنە یەک، نزا بکەین دڵمان ببێتە جێگەی تیشکی خودا.
ئەم شەوەتەنها شەوێکی بێداری نەبێت، بەڵکوو ببێتە شەوی بەئاگاهاتنەوەی ڕۆح و گەیشتن بەو ئارامییەی کە قورئان ناوی ناوە “سەلام”.