هەینی , حوزه‌یران 19 2026

خێزان لە نێوان پاراستنی بەهاکان و ئاڵنگارییەکانی سەردەمدا

ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخوازعبدالله
(شیکارییەکی یاسایی، کۆمەڵایەتی و کرداری لە واقیعی هەرێمی کوردستاندا ) (٢٠٢٦)
خێزان بە بەردی بناغە و یەکەی سەرەکی بونیادی کۆمەڵگە دادەنرێت، ئەو ناوەندە پیرۆزەیە کە نەک تەنها ئەرکی بەردەوامیپێدانی نەوەکانی لە ئەستۆیە، بەڵکو یەکەمین قوتابخانەیە بۆ چاندنی بەها ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیییەکان لە ڕوانگەیەکی یاسایییەوە.
خێزان قەوارەیەکی یاساییی ڕێکخراوە، ماف و ئەرکەکان تێیدا بە جۆرێک داڕێژراون تا سەقامگیری و دادپەروەری لە نێوان ئەندامەکانیدا بەدیبهێنێت. لە سەردەمی ئێستادا، خێزان لە بەردەم لێشاوێکی گەورەی گۆڕانکاری و ئاڵنگاریی خێرادایە، پێویستیی بە هاوسەنگیيە لە نێوان پاراستنی ناسنامە و بەهاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی ژیانی هاوچەرخدا.
پاراستنی بەهاکان:
1- ڕەوایی پەیوەندییەکان: یاسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە خێزان دەبێت لەسەر بنەمای گرێبەستێکی فەرمی بێت، ئەمە بۆ پاراستنی نەسەب و دڵنیابوونەوە لە مافە دارایییەکانی هەردوولایە.
2- بەرپرسیارێتیی هاوبەش: یاسا بەهاکانی پشتگیری و هاوکاری دەچەسپێنێت، نەفەقە تەنها ئەرکێکی دارایی نییە، بەڵکو ئەرکێکی یاسایییە کە ڕەهەندێکی بەهایی و مرۆیی هەیە.
3- پاراستنی نەوەکان: بەهای بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ، یاسا بە توندی چاودێری مافی دایەنی و پەروەردە دەکات بۆ بەرهەمهێنانی نەوەیەکی تەندروست.
ئاڵنگارییەکانی سەردەم بۆ خێزان:
دۆسیەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بووەتە گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم دادگاکانی باری کەسێتی و لێژنەکانی ئاشتەوایی.
1- تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا: سەرچاوەی سەرەکی بۆ زۆرێک لە کێشە یاسایییەکان.
2- خیانەتی ئەلیکترۆنی، ناوزڕاندن و تێکچوونی متمانەی خێزانی لە ڕوانگەیەکی یاسایی، کۆمەڵایەتی و کردارییەوە، دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم تاوانانە لەسەر هەڵوەشانەوەی خێزان بەمشێوازە پۆلێن بکەین:
1-جۆرە سەرەکییەکانی تاوانی ئەلیکترۆنی کە دەبنە هۆی تەڵاق وجیابوونەوە.
-هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی: (الابتزاز الالكتروني): باوترین و کوشندەترین جۆرە، لە ڕێگەی هاککردن یان قۆستنەوەی متمانەی ڕابردووەوە دەست بەسەر وێنە و داتادا دەگیرێت، ئەنجامەکەی: تەڵاق یان توندوتیژی خێزانی بەهۆی ترسی کۆمەڵایەتییەوە.
2- سیخوڕیکردنی هاوسەران بەسەر یەکترەوە: یەکێک لە هاوسەرەکان بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ئەوی تریان، چاودێری ڕەفتار، پەیوەندی و ژیانی تایبەتی بکات، لە ڕووی یاساییەوە، ئەمە بەزاندنی ماف و حورمەتی ژیانی تایبەتییە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە متمانەی نێوان هاوسەران دەکوژێت کة کۆڵەکەی سەرەکی خێزانە .
3- خیانەتی هاوسەرگیری ئەلیکترۆنی: دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لە سۆشیال میدیا (فەیسبووک، سناپچات، ئینستاگرام هتد…)، هەرچەندە ڕەنگە پەیوەندییەکە لە جیهانی واقیعدا نەبێت، بەڵام ئاشکرابوونی دەبێتە هۆی شۆکێکی دەروونی گەورە و داڕووخانی شیرازەی خێزانەکە.
4-جادووگەری و فێڵکاری دیجیتاڵی: پەیجی ساختە بە ناوی “چاککردنی پەیوەندی هاوسەرگیری”، فێڵ لە ژنان و پیاوان دەکەن و زانیاری و وێنەی هەستیاریان لێوەردەگرن، دواتر وەک ئامرازی هەڕەشە بەکاری دەهێننەوە.
ئاڵنگارییە یاساییەکان لە دادگاکاندا:
1-کۆنی دەقە یاساییەکان: پشت بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە )١١١(ی ساڵی (١٩٦٩) و یاسای ژمارە ٦ی ساڵی (٢٠٠٨)ی هەرێم دەبەستن کە لەگەڵ سۆشیال میدیای ٢٠٢٦دا ناگونجێن.
2- شەرم و ترسی کۆمەڵایەتی: قوربانی لە ترسی کاردانەوەی خێزان سکاڵا تۆمار ناکات، ئەمەش وادەکات تاوانبار بەردەوام بێت لەسەر هەڕەشەکانی تا ئەو کاتەی خێزانەکە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
3- سەختی سەلماندنی ئەلیکترۆنی: کێشەی نەسەلماندنی نامەکان دەنگەکان یان ڤیدیۆکان کە لەم سەردەمەدا بە هۆی ژیری دەستکردەوە بە ئاسانی ساختە دەکرێت، ئەمەش بڕیاردان بۆ دادوەر قورس دەکات،
بۆشاییە یاساییە سەرەکییەکان (الفراغ التشریعي):
1-نەبوونی پێناسەیەکی گشتگیر بۆ “تاوانی ئەلەکترۆنى” یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ زیاتر جەخت لەسەر “خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکان” دەکاتەوە، وەک (نامەی بێزارکەر، هەڕەشە، یان بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت)، پێناسەیەکی ڕوون و مۆدێرنی بۆ تاوانە ئاڵۆزەکان نەکردووە.
ئەو تاوانە ئاڵۆزانەی لە یاساکەدا نین:
-هاککردن و دزینی زانیارییەکان.
-شێواندنی پێگە ئەلەکترۆنییەکان.
-گۆڕینی ناسنامەی دیجیتاڵی
2-کێشەی بەڵگەی دیجیتاڵی چوارچێوەی کارکردن: دادگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای یاسای سەلماندن (قانون الاثبات) کاردەکەن کە کۆنە.
-دانپێدانانی یاسایی: هێشتا لە زۆر حاڵەتدا “سکرینشۆت” یان نامەی سۆشیاڵ میدیا وەک بەڵگەیەکی تەواو و بنبڕ وەرناگیرێت، چونکە بە ئاسانی دەستکاری دەکرێت.

  • نەبوونی تاقیگەی پێشکەوتوو: دادگاکان پێویستیان بە پسپۆڕی پزیشکی دادوەریی دیجیتاڵیە بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی بەڵگەکان، ئەم لایەنە لە ڕووی دامەزراوەییەوە هێشتا لاوازە.
    3-سنووری دەسەڵاتی دادوەريی:
    سروشتی تاوانەکان: تاوانە ئەلەکترۆنییەکان زۆرجار فرە نەتەوەیين. نموونە: تۆمەتباری سەرەکی لە دەرەوەی وڵاتە و قوربانییەکە لة هەرێمی کوردستانە. یاسای ناوخۆیی میکانیزمێکی ڕوونی نییە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن یان دادگاییکردنی کەسانێک کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە هێرشی ئەلەکترۆنی دەکەنە سەرهاوڵاتیان یان دامەزراوەکانی هەرێم.
    4- نەبوونی یاسای پاراستنی داتا کەسییەکان: یاسایەکی تایبەتمان نییە کە کەرتی تایبەت ناچاری پاراستنی داتا بکات، وەک کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت، گەیاندن، و بانکەکان، ئەگەر داتای هاوڵاتیان دزە بکات، سزایەکی یاسایی ڕوون نییە بۆ ئەو کۆمپانیایەی کە کەمتەرخەمی کردووە.
    5-گونجاو نەبوونی سزاکان لەگەڵ قەبارەی تاوانەکە:
    سزاکانی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ بە گشتی سزا مادییەکان و ماوەی زیندانی کردنەکەی کەمن، وەسزاکان هاوسەنگ نین لەگەڵ ئەو زیانە گەورانەی کە لە ئەنجامی تاوانە نوێکان دەکەونەوە، وەک:
    -بڵاوکردنەوەی بەکۆمەڵی زانیارییەکان.
  • پۆڕنۆگرافی منداڵان لەسەر ئینتەرنێت.
  • بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە.
    6- نادیاری ناسنامەی تاوانبار:
    نەبوونی میکانیزمی پێشکەوتوو • بۆدۆزینەوەی ئەژماری ساختە.
    7-بەرپرسیارێتی پەیجەکان: نەبوونی سنوورێکی ڕوون لە نێوان ئازادی ڕادەربڕین و ناوزڕاندن لە کۆمێنت و پەیجە سێبەرەکاندا.
    8-نەبوونی سیستمی هاوچەرخ بۆ “پاراستنی شایەتحاڵ و قوربانیان” بۆ ڕێگریکردن لە کێشە پێش گەیشتنە دادگا.
    ئایا یاساکانی هەرێم ئێستا چارەسەری هەموو ئەو تاوانە ئەلکترۆنی و بابەتی سۆشیال میدیا دەکەن؟
    بە کورتی: نەخێر، بۆشاییەکی یاسایی گەورە هەیە لە نێوان خێرایی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا و دەرنەکردنی یاسا.
    واقیعی یاسایی ئێستا و ئەو کەلێنە سەرەکییانەی کە هەن ئەو یاسایانەی ئێستا لە دادگاکاندا پەیڕەو دەکرێن. کاتێک تاوانێکی ئەلیکترۆنی وەک: (هەڕەشەکردن، جنێودان، یان بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت) ڕوودەدات، دادگاکانی هەرێم بە ناچاری پشت بە دوو یاسای سەرەکی دەبەستن، سزاکانی باشن (گرتن و پێبژاردن) بەڵام دەقەکانی زۆر گشتگیرن و ناتوانن وردەکارییەکانی سۆشیال میدیای هاوچەرخ بگرنەوە.
    یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان:
    ئەمە یاسای سەرەکییە کە لە هەرێم بەکاردێت. لە کاتی دەرکردنیدا گونجاو بوو زیاتر بۆ مۆبایل، نامەی کورت. سزاکانی شایستەن (گرتن و پێبژاردن)، بەڵام دەقەکانی زۆر گشتگیرن و ناتوانن وردەکارییەکانی سۆشیال میدیای هاوچەرخ بگرنەوە.
    یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ى ساڵی 1969:
    زۆرجار دادوەران پەنا دەبەنە بەر ئەم یاسایە وەک: (ماددەکانی تایبەت بە ناوزڕاندن، هەڕەشەکردن، یان پێشێلکردنی حورمەتی ژیانی تایبەتی)، بەڵام جێبەجێکردنی دەقێک کە لە ساڵی 1969 بۆ نامەی سەر کاغەز یان قسەی زارەکی نووسراوە، بەسەر تاوانێکی سۆشیال میدیای ساڵی 2026دا، زۆرجار کێشەی تەفسیر و گونجاندنی یاسایی دروست دەکات.
    پێشنیار و پێویستییە یاساییە بەپەلەکان:
    1-دەرکردنی یاسای نوێ: یاسایەکی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە پێناسەی هاک وهۆش لێبڕین بکات.
    2-یاسای پاراستنی داتا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی زانیاری کەسى لە لایەن کۆمپانیاکانی پەیوەندییەوە.
    3- دابینکردنی پسپۆڕی تەکنیکی لە پاڵ دادوەرەکاندا بۆ خێرایی یەکلایی کردنەوەی بەڵگەکان.
    ڕۆڵی لێژنەکانی ئاشتەوایی و چارەسەر:
    -فلتەرکردنی کێشەکان: جیاکردنەوەی “هەڵەی کاتیی ئەلیکترۆنی” لە “خیانەتی ڕاستەقینە”.
    -نهێنداریی ڕەها: هێشتنەوەی کێشەکە لە چوارچێوەیەکی تەواو نهێنیدا
  • ڕۆشنبیری دیجیتاڵی: پێویستە توێژەرانی کۆمەڵایەتی شارەزای سایکۆلۆژیای جیهانی دیجیتاڵی بن.
  • کردنەوەی خولی هۆشیاری یاسایی و دەروونی بۆ تازە هاوسەران وە ئاشناکردنیان بە ماف و ئەرکەکانیان پێش دەستپێکردنی ژیانی هاوسەری.
    -کاراکردنی لیژنەکانی ئاشتەوایی خێزانی بە بەشداری پسپۆڕانی دەروونی.
    -هەموارکردنەوەی یاساکان بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانى سەردەم. چارەسەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی:
    .لە پرۆگرامی خوێندنی ئامادەیی “ڕۆشنبیریی خێزانی” جێکردنەوەی فێربوونی هونەری گفتوگۆ و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان .
    دەرەنجام: پاراستنی خێزان بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانی گشتگیرە، یاسا بە تەنها بەس نییە، پێویستمان بە هاوسەنگییە لە نێوان سەروەری یاسا و سۆزی مرۆیی.

Check Also

پەند و وانەکان لە کۆچی ئافرەتاندا

گۆنا تۆفیقکۆچ تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە بەڵکو. خوێندنگایەکی ڕۆحی پڕ وانەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت هەنگاو …