شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو.. ئاگایی

بەشی دووەم
محمد ئاوات
دوو ڕۆبۆت یاری تۆپی پێ دەکەن و، دانەیەکیان گۆڵ دەکات دوو مرۆڤیش سەیری یاریەکە دەکەن، دانەیەکیان کە کەسێکی ئاساییە خوێندنەوەی نیە لە بوارەکەدا، دەڵێت ئەمە بە سادەیی پرۆگرام کراوە کە چۆن یاری بکات و شتێکی گرنگ نیە، بەڵام ئەویتریان کە لە بابەتەکە دەزانێت دەڵێت نەخێر بە پێچەوانەوە (پڕۆگرام نەکراوە بەڵکو خۆی فێربووە)، لەسەر بنەماکانی ئەلگۆریزم پەرەی پێدراوە و، لەسەر بنەمایەک ئیش دەکات کە پێیوتراوە (گۆڵ بکات) بەوجۆرە خۆی ڕێگایەکی دۆزیوەتەوە بۆ گۆڵکردن نەک فێری گۆڵکردن کرابێت، کاتێک گۆڵ دەکات (ئاماژەی ڕاست دەنێرێت) لەسەر بنەمای فیدباک، بەڵام کە گۆڵ ناکات بە پێچەوانەوە (ئاماژەی هەڵە دەنێرێت).

خودی ئەم بابەتە کۆمەڵێک پرسیاری جدیمان بۆ دروست دەکات، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئایا ئاگایی بۆ زیرەکی دەستکرد دروست دەبێت یاخود نا؟

سەرەڕای ئەوەی بێ کۆتا قسەی لەسەرە ئەم بابەتە و، هەر لایەک ئارگومێنتێکیان هەیە، بەڵام بە گومانەوە سەیری بابەتەکە ئەکرێت و (singularity)یە بۆ داهاتوو.

بۆیە زۆربەی ئەوانەی کە ئارگومێنی ئەوە دەخەنە ڕوو کە زیرەکی دەستکرد و AGIی لە داهاتوودا ئاگایی پەیدا دەکەن، لەو بابەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە فۆرمی ئاگایی AGI فۆرمێکی جیاوازی ئاگاییە، پێناسەکانی ئێمە بۆ ئاگایی نزیکە لە مرۆڤسەنتەریەوە و بەراوردێکی دروست نیە بۆ بابەتی زیرەکی دەستکرد، ئەگەر بەتەواوەتی پشت بەوەوە ببەستین، بە بڕوای ئەوان مۆدێلێکی وەک AGI کە لە داهاتوودا توانای هەڵگرتنی زۆربەی زانیاری و مەعریفە و کتێبی مرۆڤایەتی هەیە کەوایە باشتر لە مرۆڤ دەتوانێت بەڵگە بهێنێتەوە و تەنانەت فریومان بدات، واتا یەکەم جارە لە مێژوودا دەچینە قۆناغێکەوە کە داهێنانێک لە مرۆڤ زیرەکتر بێت بە مانا فراوانەکەی زیرەکی کە باسمان کرد لە پۆستی یەکەم بتوانێت پەیوەندی و بڕیار بدات، واتا حاسیبە توانای بڕیاردانی نەبوو، توانای قسەکردنی نەبوو، هەندێک دەڵێن دەی خۆ ئەمە تەنها ستاتیکێکی بیرکاریە و پێشبینی وشەی داهاتوو دەکات (لەسەر بنەمای ئەگەریات) وێڕای ئەوەی ئەم قسەیە ڕاستە، بەڵام ئەگەر ئەمە بە تەنها ڕاست بێت کەوایە وشەکانی تێکەڵ دەردەچوو هەروەها مانایەکی وەرنەئەگەرت، کەوایە لە قسە تێدەگات لەسەر بنەمای نموونەکەی پێشوو کە باسمان کرد ئەلگۆریزم و خود فێربوون بۆیە ستاتیک بەکاردەهێنت بۆ پێشبینی قسەی داهاتوو بۆیە ستاتیک ئەنجام دەدات بە تێگەشتن لە قسەکان، هەڵبەت زۆربەی ئارگومێنتەکان زیاتر جەخت لەسەر AGI داهاتوو دەکەن نەک زیرەکی دەستکرد بەم فۆرمەی ئێستای.
بە پێچەوانەوە ئەوانەی کە ئارگومێنتی ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئاگایی ڕوونادات لە AGI بەشێکیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاگایی تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی گەردوونە، نەک بچووک بکرێتەوە بۆ پێکهاتەی سادەتر. ئەگەر ئەمەی دووەمیان ڕاست بێت، ئەوا AGIهەرچەندە ئاڵۆز بێت، ڕەنگە هەرگیز ئاگایی بەدەست نەهێنێت و، پێدەچێت ئێمە بە شێوەیەکی ساختە وا بیربکەینەوە کە ئەم مۆدێلانە ئاگان و وا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، کە ئەوکات ئەمە دەبێتە بیرۆکەیەکی ساختە کە AGI ئاگایی هەیە و مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکات، نموونەکان کە ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەو چەمکانەن کە دروست دەبن وەک بابەتی ئەوەی تۆ ئەگەر داتایەکی AGIت سڕیەوە، بە تەواوەتی یەکسانە بە چەمکی کوشتن بۆیە لەم کاتەدا بە بڕوای ئەوان بیرۆکەیەکی ساختە دروست دەبێت دەربارەی ئەم بابەتە و کێشەی گەورەی لێ دروست دەبێت، ئارگومێنتێکی تر ئەوەیە بنەماکەی 0,1 binary number سادەترین فۆرمی کۆمپیوتەرە بەشێوەیەکی زۆر سادە 0 یانی کارەبا نیە 1 یانی کارەبا هەیە خودی بابەتەکە لەمە زۆر ئاڵۆزترە کە تا ئێستا پێی گەیشتووین، بەڵام سادەترین فۆرمێک کە بگەڕێینەوە بۆی 0,1 کە پێیان وایە ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە ئەم پێکهاتەیە بابەتێکی ئاڵۆزی وەک ئاگایی دروست ناکات، زۆر ئارگومێنتی تر لەسەر هەست و سۆز و ئەزموون کە بابەتی قوڵن.
لەکۆتاییدا هیوادارم حەقم بەم بەشە دابێت، چونکە خودی ئاگایی بابەتێکی ئاڵۆز و وردە و قسەهەڵگرە

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …