دوو شه‌ممه‌ , ئه‌یلول 16 2024

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو… فەلسەفە، زانست، داهێنان

محمد ئاوات
بەشی شەشەم
خەیاڵ یاخود ڕاستی، خەیاڵ چۆن ئەبێت بەڕاستی، چۆنیش بووە ئەگەر لە دەوروبەرمان بڕوانین، زۆرێک کە باس لە زیرەکی دەستکرد دەکەن و ئەو داهاتووەی کە ئەگەری هەیە دروستی بکات بە ناواقعی و سەروو سروشت لێک ئەدەنەوە وە بە گەورەکراوێک لەڕووی میدیایی لێکی دەدەنەوە، بەڵام من پێم وایە کە ئەگەر لە خودی فەلسەفە و زانست و داهێنان تێبگەین ئەو بانگەشەیە دروست نابێت کە بوترێت گەورەکراوە و ناڕاستیە، ئەگەر بیربکەینەوە لەو داهێنانانەی کە لەم سەردەمەدا لەناوماندایە کامەی ڕاستەقینە بووە لە سەدەکانی دێرین ؟ واتا ئەگەر بڕوانین بۆ سەرەتای زۆر لە زانستەکان لە فەلسەفەوە دەستیپێکردوە دواتر کە زۆر کارامە و ورد بۆتەوە بۆتە هۆی ئەوەی کە زانستەکان لەدایک بن وەک فیزیا و بایۆلۆجی و سایکۆلۆجی و زۆری تر، زانستیش داهێنان و تەکنەلۆجیای هێنایە دروست بوون، واتا کرۆکی ئەم بابەتانە بیرۆکەیەکە دواتر قسەکردنە لەسەر ئەم بیرۆکە هەرچەنێک ناڕاست بێت بە پێی ستانداردی ئێستامان، بەڵام پێویستە ئەم گفتوگۆیانە بکرێت هەر بەو هۆکارەیە دواتر پەلدەکێشێت بۆ زانست و دواتریش داهێنان، خۆ ئەگەر هەڵە بوو گفتوگۆکان ئەوەش هەر بەشێکە لە پڕۆسەکە و لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەم بەشە لە هەرە گرنگترین هەنگاوەکان بێت.

زانست پێکهاتەیەکی هەیە کە پەیوەستە (هێز، سەرچاوە، توێژینەوە و گەڕان) کە مەبەست لێی یەکانگیریەک هەبێت لەنێوان سیاسەت و زانست و ئابوری کە ئەمە وادەکات گەڕان و توێژینەوە، ئەنجام بدرێت بەشێوەیەکی بەرچاو، ئەم گەڕان و توێژینەوەیە هێز دەبەخشێت بەهەر دۆزینەوەیەکی نوێ لە (سەرچاوە)، واتا هەتا دەسەڵاتێک سەرنجی زیاتر لەسەر بەشێکی دیاریکراوی زانست بێت ئەو بەشە دیاریکراوە زۆر زیاتر پارەی بۆ خەرج دەکرێت و ئیشی لەسەر دەکرێت، وەک بینیومانە لە مێژوو، ئەو جەنگە ساردەی لە نێوان سۆڤیەت و ئەمریکادا هەبوو وای کرد پێشبڕکێیەک دروست بێت لەسەر دەرەوەی زەوی، کە (یوری گاگارین) یەکەم کەس بوو بچێتە بۆشایی ئاسمان سەر بە سۆڤیەت و ڕوسیای ئێستا، ئەمریکاش بەشێوەیەکی سیاسی لێکدانەوەی بۆ بابەتەکە دەکرد هێز و توانا و پارەی خستەگەڕ بە هۆکاری ئەوەی کەسێک بنێردرێت بۆسەر مانگ، واتا زانست دەبێت لە بەرژەوەندی یەکێک بێت لە سیاسەت یاخود گروپێک هەتا بەرەوپێش بچێت بەشێوەیەکی بەرچاو.

پێشبڕکێیەکی کەم هەست پێدەکرێت لە نێوان چین و ئەمریکا و هتد.. لەسەر بابەتی زیرەکی دەستکرد، هەتا میدیا باسی ئەم بابەتە بکات و کۆمەڵگە باس لەم بابەتە بکەن لە قازانجی پێشکەوتنە لە بابەتەکە گەر هەرچەن ناڕاستیش بێت بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە، بۆیە خاڵەکە زۆر ئەوەنیە کە کێ ڕاست دەکات و کێ ڕاست ناکات، بەڵکو قوڵترە لەوبابەتە و، خودی گفتوگۆکە گرنگە کە دروست بووە لە نێوانماندا لەم کۆتا ساڵانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو، هەتا پرسیاری باشتر بکەین و باشتر بیربکەینەوە و زیاتر قسەلەسەر بابەتەکان بکەین داهێنان و زانستیش زیاتر و زیاتر دێت.

Check Also

فشاری نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە منداڵ لەباربردن و ڕەگەزگۆڕین

و: د. بێخاڵ ئەبوبەکرپێگەی ڕێکخراوی (C-Fam) ی ئەمریکیی، لە ١٩ ئەم مانگەدا بڵاویکردۆتەوە، کە لە …