شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

لەچکێک بۆ دیاری

کەتان خادیمی

کچم دەستت بێنە
لەم بازاڕی مێژوەدا
بەنێو کەلوپەلی توحفە فرۆشەکاندا بگەڕێین
لەچکێکت بۆ بکەم بەدیاری
نەخشێنراو بەلاگیرەی ژنێکی کوردی بەویقار
ڕازاوە بە گوڵە باخ و ڕێحانەکانی حەوشەی دایکێک
کەبەنزاکانی نیشتیمانی لەسەر دەستەکانی هەڵگرتوە
..لەچکێک سیمای ژنە سەلارێکی نێو مەجلیسەکانی (حەپسەخانی نەقیب) بیر بخاتەوە..
وەرە کچم لەسەر ڕێی ژنە جووتیارێک بوەستین
لەبوخچەکەی کۆڵیدا
لەچکێکت بۆ هەڵبگرم بە بەرامەی سمڵی و مێخەکەوە پڕ لە سپێتیی وانەکانی دایکایەتیی … پڕ لە نەخش و نیگاری عیففەت ..
لەچکێکت بۆ دەکەمە دیاری لە حوجرەیەک خەتمێکی کردبێت……… .
لە سێبەری منارەیەکدا ڕەنگی میهرەبانیی گرتبێت
………لەچکێک لە نامەیەکی زەینەب غەزالی پێچرابێت و تاریکایی زیندان گرشەی دانەپۆشیبێت….
لەچکێک لەنزاکانی دڵە ڕۆشنەکەی مامۆستا جەمیل هەڵکێشرابێت……
لەو لەچکە بێت مامۆستا چەلەبی لەبەر قەڵا کڕیی و کردیە دوا دیاری بۆ خاتوو سەعادەت.
لەچکێک وەک لەچکەکەی خاتوو ڕۆژگاری هەڵەبجە کە بە دووکەڵی خەردەل و سیانیدیش سپێتییەکەی کاڵ نەبووەوە.. لەچکێک تا ئێستاش دەستاودەست و سەراو سەر دەکات ………….. لەچکێک لە ماڵەکەی شەهید بەکر عەزیز و خاتوو گێلاسدا وانەیەکی کۆڵنەدانی لەسەر نووسرابێتەوە..
..لەچکێک هەڵخراو بەتەنافی شەوبێداری ئەو ژنەوەی کەنەسلی دەچێتەوە سەر گوڵاڵەکان
. لەچکێک ڕەنگی نوری شەوانی پڕ لە بێداریی وقیامی لێنیشتبێت .. شەوانی داگیرسان بۆ عیشقی خوداو سووتان بۆ خەمی کچانی ڕۆژگاری جەورو جەفا… ڕۆژگاری تێکدانی شیرازەی ڕەگەزو شێواندنی ئایەت و جێگەدەستی خودا.. لە چکێکت بۆ دەکەمە دیاری پر لە تیشکی خۆری ئومێد..

کچی خۆم لەو لەچکەت بۆ ئەکەمەدیاری
لەترسی جەلادەکان خۆی دەشاردەوە
تا رەنگەکەی نەدزن

لەچکێک بەبەرامەی ماڵی خوداو رەوزەوە
حاجیەک لەژێر پشتێنەکەی هەڵیگرتبێت
تا بیکاتە دیاری نەوەکەی
لەو لەچکەت بۆ ئەکەمە دیاری
بەدەزووی مەعریفەت چنراو
تا ئەبەد داگیرساو بەنووری مەحەبەت و
لیقای خودا

Check Also

کۆڕەو… دایکی بێ ساواو ساوای بێ دایک

بەیان نوری تۆفیق (ئەم چیرۆكە لە ژمارە 26ی ئایاری 1994ی گۆڤاری “پەیامی ڕاستی”دا بڵاوكراوەتەوە كە …