شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

هەرجارەی توێژینەوەیەك (12) ‌ بۆچوونی کچانى خوێندکارى زانکۆ بۆ چەمکى جوانى

بەیان نوری
ئەم ناونیشانە ناوى توێژینەوەیەکە کە د.ئیبتسام غانم کە مامۆستاى فێرکارى تەکنەلۆجیایە لە جەزائیر لەسەر کۆمەڵێک قوتابى ماستەر کردوییەتى و، لە مانگى ٦ى ٢٠٢١ لە گۆ ڤاری (جمالیات)(بەرگی 8) ژمارە (1) بڵاوكراوەتەوە.
لە پوختەی توێژینەوەكەیدا دەڵێت: ئەم توێژینەوەیە هەوڵێكە بۆ زانینی پێكهاتەكانی چەمكی جوانی لای كچانی خوێنكاری زانكۆ و چاودێری پێوەرەكانیان بۆ جوانی،كە پێوەری هەست، ویژدان، خووڕەوشت، بونەوەر، عەقڵی، وەرگرتوە.
لە پێشەكییەكەیدا ئاماژەی داوە بە جوانی وەك بەهایەكی نەمرلە ژیانی مرۆڤدا، چۆن هەمیشە ویستویەتی هه ست بە جوانییەكان بكات و، چێژیان لێببینێت، بەڵام كێشە لە دیاریكردن و تێگەیشتنە لە چەمكی جوانی كە تا ئێستا كێشەیەكی ڕەگداكوتراوی بێچارەسەرە لە زانستی مرۆیی و كۆمەڵایەتیدا.
دیدگا بۆ جوانی بابەتێكی ڕێژەییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، هەروەك لە توێژێكەوە بۆ توێژێكی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەموو مرۆڤێك بە فیترەتی خۆی هه میشە حەز بە بینین و بیستنی شتە جوانەكان دەكات. پێكهاتەی چەمكی جوانی لای توێژەر بە 3 قۆناغدا دەگوزەرێت (بینین، ویژدان پاشان هەڵسوكەوت)، واتە سەرەتا مرۆڤ جوانی دەبینێت بە بۆچوونی خۆی پاشان لە ویژدانیدا جێگیر دەبێت لە دواییدا لە هڵسوكەوتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
دوای شیكردنەوەی زاراوەو پێناسەی بۆچوون(تمثل) لە دیدگای چەندین زانای كۆمەڵناسییەوە، باس لە جۆرەكانی جوانی دەكات كە بریتین لە جوانییە مادییەكان، جوانییە مەعنەوییەكان،جوانییە ماددی و مەعنەوییەكان پێكەوە.
باسی لە بیردۆزەكانی جوانی كردوە كە بریتین لە (بیردۆزی دەروونی بۆ جوانی، بیردۆزی ئەزموون بۆ جوانی، بیردۆزی هەڵچوون بۆ جوانی).
دەرەنجامی توێژینەوەكە چەمكی جوانی لە 14 ڕەهەندا كۆبۆتەوە كە بریتین لە (ئەخلاق، ڕۆح، شێوەو ڕوخسار، سروشت، جەستە، هونەر، هەست، ئاین، بونەوەرلە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، كەسایەتی، زانست، داهێنان، بیركردنەوەی ئەرێنی).
بە دوو جۆر هەڵسەنگاندنی بۆبۆچوونەكان كردوە لە یەكەمیاندا بەمشێوەیە دەرچووە:-
%21 یان جوانییەكانی ئاین و ئەخلاق دەبینن،واتە جوانی ئەخلاقی.
%26یان جوانییەكانی هەست و ڕۆح و كەسایەتی دەبینن، واتە جوانی ویژدانی.
%45 یان جوانییەكانی هونەر، سروشت، ڕوخسار، جەستە دەبینن، واتە چێژی جوانی.
%5 جوانی بونەوەرەكانی سەرزەوی دەبینن، واتە جوانی بوونەوەر.
%3 جوانی لە زانست و داهێنان و بیركردنەوەی ئەرێنیدا دەبینن، واتە جوانیی عەقڵ.
لە دەرەنجامی دووەمدا جوانی لای قوتابییەكان بەم شێوەیە دابەشبووە:-
%18 ی خوڕەوشت.
%14 سروشت.
%13 شێوەو ڕوخسار.
%10 جەستە.
%10 كەسایەتی.
%9 ڕۆح.
%8 هونەر.
%7 هەست.
%4 بوونەوەر( مرۆڤ)
%3 ئاین.
%1 بوونەوەر(ئاژەڵ)
%1 داهێنان.
%1زانست.
%1 بیركردنەوەی ئەرێنی.
لە كۆتاییدا نوسیویەتی:-
-لە ڕووی زانستییەوە زۆرینەی بۆچوونەكان لە كلتورەوە وەریانگرتوە بەبێ زانینی ڕاستی و ناڕاستی بۆچوونەكانیان.
-لە ڕووی كاریگەرییەوە هه ست بە سۆزو عاتیفەگەری تیایاندا زۆر دەكرێت.
-لە ڕووی هەڵسوكەوتەوە زۆرینە هەڵسوكەوتی جوان ئەرێنی دەبینێت.
لە ڕاسپاردە دا ئاماژە بە پێویستی بە توێژینەوەی زۆر بۆ ئەو بوارە دەكات لە ڕووی جوانی خوڕەوشت، پەروەردەی خێزانی و ئەكادیمی لەسەر بۆچوونی جوانی ئەخلاقی و ڕۆحی، گەشەی هەست بە جوانییەكان و ڕەنگدانەوە لە عەقڵ و هەڵسوكەوت و ویژداندا.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …