شه‌ممه‌ , ته‌مموز 27 2024

هەرجارەی توێژینەوەیەك (13) كاریگەری كۆمەڵایەتی لەسەر شێرپەنجەی منداڵان

بەیان نوری تۆفیق
كاریگەری بواری مەعریفەیی و كۆمەڵایەتی و جەستەیی ودەروونی لەسەر ئەو منداڵانەی تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن وە پەیوەندی بە ڕەگەزو تەمەن و شوێنی مانەوەیان توێژینەوەیەكە كە أ.م.د ﻋﯾﺎد اﺳﻣﺎﻋﯾل ﺻﺎﻟﺢ و پزیشكی پسپۆر ﺣﺳﺎم ﻣﺣﻣود ﺻﺎﻟﺢ وە
م.م ﻛﻣﺎل گﺎﻫر ئەنجامیانداوە لە كۆلێژی پەروەردەی زانستە مرۆییەكان بەشی ڕێنومایی دەروونی لە زانكۆی بەسرە.
توێژینەوەكە لە نەخۆشخانەی منداڵانی بەسرە بەشی شێرپەنجە ئەنجامدراوە.
توێژەران بە شێوەیەكی سەرەكی تیشكیان خستۆتە سەر هەڵسوكەوت و چالاكی و توانای بیركردنەوەی منداڵە تووشبووەكان،جگە لە ئاماژەدان بە كێشە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابووری خێزانى وە كێشە دەروونیەكانی نەخۆشەكە،كێشەی نەبوونی ڕینوماییكاری دەروونی، لە 55 گۆڕاودا كاریان كردوە كە 11یان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بواری تەندروستیەوە هەیە، 44 یان خەسڵەتی هەڵسوكەوت و چالاكی نەخۆشەكانە، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەدەین:-
%96یان زۆر هه ست بە ناڕەحەتی دەكەن لە مانەوەیان لە نەخۆشخانە، %95 یان زۆر زوو بێزار دەبن، %95یان زوو توڕە دەبن، %93یان لە چوون بۆ نەخۆشخانە زۆر ئەترسن، %92یان هەست بە شەرم دەكەن، %92یان واز لە خوێندن دەهێنن، %90یان تووشی خەمۆكی و پەستی دەبن،%87یان جوڵەو چالاكییان كەمدەبێتەوە، %86یان دەیانەوێت نەخۆشییەكەیان لە خەڵك بشارنەوە، %85یان متمانەیان بە خۆیان نامێنێت،%85یان ڕەشبین دەبن، %84یان زۆر بە قورسی دەتوانێت ئەو زانیاریانە جێبەجێبكه‌ن كەپێیدەوترێت، %80یان ناتوانن بە ئاسانی هاوڕێ بگرن،%79یان لە یاری بە كۆمەڵ دەكشێنەوە، %73یان ئازاری منداڵانیتر دەدەن.
بەرەنجامی ڕاپرسی توێژینەوەكە:-
1-كاریگەری نەخۆشییەكە بۆ هەردوو ڕەگەز وەك یەكە و جیاوازی لە نێوانییان نیە.
2-كاریگەری نەخۆشیەكە لە ڕووی تەمەنەوە جیاوازی نیە لە نێوان تەمەنی تازە لەدایكبوو تا 18 ساڵ.
3-شوێنی نیشتەجێبوون هیچ كاریگەری نیە لەسەر نەخۆشییەكە.
4-مانەوەی زۆر لە ژێر چارەسەردا لە نەخۆشخانە كاریگەری هەیە لەسەر نەخۆشەكە بۆ زیاتر لاوازبوون لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە.
هه ندێك لە دەرەنجامی توێژینەوەكە:-
1-%75ی منداڵانی توشبووانی شێرپەنجە، تووشی شێرپەنجەی خوێن بوون.
2-زۆرینەی نەخۆشەكان تووشی پەستی و دڵەڕاوكێ و هەڵسوكەوتی شەڕەنگێزی دەبن.
3-تەمەنی 5 بۆ9 ساڵ لە تەمەنەكانیتر زیاتر تووشدەبن، پاشان 9ساڵ بۆ 13 ساڵ.
4-تەمەن و ڕەگەز و شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر نەخۆشییەكە كاریگەری نیە، تەنها زۆر مانەوەی لە نەخۆشخانە كاریگەری نەرێنی هەیە.
5-زۆرینەی دایبابی منداڵە نەخۆشەكان خوێندەوارییان سەرەتایی و خوار سەرەتاییە.
پێشنیار و ڕاسپاردەكان:_
1-وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەشی تایبەت بە ڕێنومایی دەروونی بۆ منداڵی نەخۆشی شێرپەنجە بكەنەوە.
2-وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا هەماهەنگی بكەن بۆ كردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ ڕێنومایكارانی دەروونی (مرشد تربوی) و پزیشكەكان و یاریدەدەری پزیشك بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەو مناڵانە.
3-وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە هەماهەنگییان هەبێت بۆ كردنەوەی پاشكۆی قوتابخانەیەك بۆ ئەو منداڵانە بۆ دانەبڕانیان لە خوێندن و بۆ وەرگرتنی مۆڵەت و هەموو بابەتە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە قوتابخانە.
4-گرنگیدان بە شوێنی یاری و فراوانكردنی و بەستنەوەی بە یارییە نێودەوڵەتییە ئەلەكترۆنییەكان و دانانی خاوەن بڕوانامەی بەرز تا دكتۆرا بۆ ڕێنومایی دەروونی وەك ئەوەی لە وڵاتە دراوسێكان، توركیا، ئەردەن، سعودیە هەیە.
5-هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی منداڵان و ئەوانەی گرنگیدەدەن بە تووشبووانی شێرپەنجە بۆ كڕینی بابەتی یاری و جلوبه‌رگ كە زۆركات كەسوكار بە هۆی چارەسەرو لاوازی بواری دارایی ناتوانن ئەو شتانەیان بۆ دابین بكه‌ن بە پێی پێویست.
6-گرنگیدانی نەخۆشخانە بە یاری و چالاكی دڵخۆشكەر چونكە چارەسەری دەروونی نیوەی چارەسەرە بۆ نەخۆشەكە.
7-سوودوەرگرتن لە پێوەرەكانی ئەم توێژینەوەیەو دەرەنجامەكانی بۆ دەركردنی ڕینومایی و بڕیاری پەیوەست بەم نەخۆشانە لە لایەن حكومەتەوە تا كەسوكاری نەخۆش سوودمەندبێت لە بەرەنجامەكان.

Check Also

زیرەکی دەستکرد و داهاتوو (زمان)

محمد ئاواتبەشی چوارەمتوانراوە زیرەکی دەستکرد نزیک بکرێتەوە لە زیرەکی مرۆڤ.بەڵێ لە خودی دەمارە خانەوە نزیک …