ڕاوێژکاری یاسایی: دڵخواز عبداللە
نەفەقە یەکێکە لە ئاسەوارە یاسایی و شەرعییە سەرەکییەکانی هاوسەرگیری.
ئەم مافە سیفەتێکی مرۆیی هەیە و بەپێی یاسا و شەرع دەسەپێنرێت بەسەر مێرددا بەرامبەر بە هاوسەر و خێزانەکەی.
لە یاسای باری کەسێتیی عێراقی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراودا، نەفەقە وەک مافێکی بەردەوام هەژمار کراوە کە نافەوتێت مەگەر بە جێبەجێکردن یان لێخۆشبوونی ڕاشکاو.
یەکەم/
. چەمک و بنەما یاساییەکانی نەفەقە
- بنەمای گشتی: بەپێی ماددەی (٥٨) لە یاسای باری کەسێتی: (نەفەقەی هەر مرۆڤێک لە ماڵی خۆیەتی، جگە لە (ژن) کە نەفەقەی لەسەر مێردەکەیەتی).
- کاتی شایستەبوون: ماددەی (٢٣ / بڕگەی ١) دیاری دەکات کە نەفەقەی ژن لە ڕێکەوتی بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیریی دروستەوە (صحيح) لەسەر مێرد پێویست دەبێت تەنانەت ئەگەر ژنەکە هێشتا لە ماڵی کەسوکاریشی بێت.
نەفەقە چی دەگرێتەوە؟
بڕگەی (٢)ی ماددەی (٢٤) روونی دەکاتەوە کە نەفەقە پێکهاتووە لە:
- خۆراک
- پۆشاک
- تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی (بەپێی نەریت) .
4- شوێنی نیشتەجێبوون (ماڵی شەرعی )و پێداویستییەکانی:
« مەرجەکانی “ماڵی شەرعی” (السَكَن الشرعي)
بۆ ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوون لە ڕووی یاسایی و شەرعییەوە بە ماڵی گونجاو بژمێردرێت، دەبێت ئەم تایبەتمەندییانەی تێدا بێت:
- سەربەخۆیی تەواو: هەبوونی دەرگا، چێشتخانە و حەمامی تایبەت بە خۆی.
ژن مافی هەیە ڕەتی بکاتەوە لەگەڵ کەسوکاری مێردەکەیدا لە یەک خانوودا بژێت. - پێداویستی و کەلوپەل: دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ناوماڵ و ژیانی ڕۆژانە.
- ئاسایش و سەلامەتی: کەشێکی ئارام و دراوسێی ئەمین بێت کە گیان و کەرامەتی ژنەکەی تێدا پارێزراو بێت.
5 . تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی (بەپێی نەریت)
دووەم:
مەرجەکانی واجببوونی نەفەقەی هاوسەرگیری:
زانایان و مافناسان سێ مەرجی بنەڕەتییان دیاری کردووە بۆ ئەوەی نەفەقە بکهوێتە سەر مێرد:
- دروستیی گرێبەستەکە: گرێبەستەکە لە ڕووی شەرع و یاساوە دروست (صحيح) بێت. ئەگەر باطل یان فاسد بێت، هیچ نەفەقەیەکی لەسەر واجب نابێت.
- شیاوی بۆ ژیانی هاوبەش: ژنەکە گونجاو بیت بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خێزان.
- ئەگەر مێرد داوای گواستنەوە بکات و ژنەکە بە هۆکارێکی ڕەوا ڕەتی بکاتەوە.
بڕگەی (٢) لە ماددەی (٢٣) جەخت دەکاتەوە کە ڕەتکردنەوەی ژن بۆ گواستنەوەی بۆ ماڵی مێرد بە مافی ڕەوا هەژمار دەکرێت و نەفەقەکەی بە واجب دەمێنێتەوە ئەگەر:
١- مێردەکەی مارەیی پێشەکی (معجل)ی پێنەدابێت یان مەسرەفی نەکردبێت.
٢- ماڵی هاوسەرگیرییەکە لە شوێنێکی دوورەدەست و نائارام بێت.
٣-کەسانی دیکەی تێدا نیشتەجێ بێت کە ببێتە هۆی تێکدانی سەربەخۆیی ژنەکە.
سێیەم:
. نەفەقە چۆن دەخەمڵێندرێت؟
نەفەقەی هاوسەرگیری لەسەر مێرد واجبە چ لە حاڵەتی دارایی باش (دەوڵەمەندی) یان دەستکورتی (هەژاری)دا بێت، تەنانەت ئەگەر ژنەکە خۆشی فەرمانبەر بێت و مووچەی هەبێت.
دادوەر لە کاتی خەمڵاندنی بڕی نەفەقەکەدا (بە هاوکاری شارەزای دادوەری – خبير قضائي) ڕەچاوی ئەم خاڵانە دەکات:
- داهاتی ڕاستەقینە و توانای دارایی مێرد.
- پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنەکە.
- نرخە باوەکانی بازاڕ و بارودۆخی ئابووری.
گۆڕانکاری لە بڕی نەفەقەدا: نەفەقە بڕێکی جێگیر نییە و قابیل بە زیادبوون و کەمبوونەوەیە بەپێی بارودۆخ (بۆ نموونە زیادبوونی داهاتی مێرد یان بەپێچەوانەوە، کەمبوونی داهاتی لە کاتی خانەنشینبووندا).
چوارەم:.
جۆرەکانی نەفەقە لە یاسای عێراقیدا
- نەفەقەی هاوسەر : لە بەستنی گرێبەستەکەوە دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت تا کۆتایی پەیوەندی هاوسەرگیری یان سەلماندنی نشوزی ژن .
- نەفەقەی کاتی (نفقة مؤقتة): بەپێی یاسا دادوەر دەتوانێت لە کاتی بینینی داوای سەرەکی نەفەقەدا، بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی نەفەقەیەکی کاتی بدرێت بۆ ئەوەی ژنەکە لە کاتی دادگاییکردندا بێ خەرجی نەمێنێتەوە.
- نەفەقەی ڕابردوو (الماضية): بەپێی ماددەی (٢٤ / بڕگەی ١)، ئەگەر مێرد بۆ ماوەیەک ژنەکەی بەبێ نەفەقە جێهێشتبێت، ژنەکە مافی داواکردنی نەفەقەی ڕابردووی هەیە بەمەرجێک لە ساڵێک زیاتر نەبێت.
- نەفەقەی منداڵان: لەسەر شانی باوکە و خەرجی خوێندن، دەرمان و نیشتەجێبوون دەگرێتەوە. ئەم مافە دوای جیابوونەوەش دەمێنێتەوە تا کوڕ پێدەگات و توانای کارکردنی دەبێت، یان تا کچ شوو دەکات یان دەستبەکار دەبێت.
پێنجەم:.
نەفەقەی کەسوکار: پابەندبوونی منداڵانی خاوەن توانای داراییە بەرامبەر دایک و باوکی پەککەوتە یان پێویستدار.
شەشەم:.
ئەو حاڵەتانەی کە ژن مافی نەفەقەی نامێنێت:
بەپێی ماددەی (٢٥)ی یاسای باری کەسێتی، ژن لەم حاڵەتانەدا شایستەی نەفەقە نابێت:
- یاخیبوون (نشوز): جێهێشتنی ماڵی مێرد بەبێ مۆڵەت و بەبێ عوزری شەرعی.
- بەندکردن: ژن بەهۆی تاوانێک یان قەرزێکەوە بەند بێت.
- ڕەتکردنەوەی گەشت: بەبێ عوزری ڕەوا ڕەتی بکاتەوە گەشت لەگەڵ مێردەکەی بکات.
حاڵەتەکانی نەخۆشی ژن:
- پێش گواستنەوە: ئەگەر پێش گواستنەوە ژن نەخۆش بکەوێت بە شێوەیەک گواستنەوەی ئەستەم بێت، نەفەقەی ناکەوێت چونکە ژیانی پێکەوەیی ڕوویدانەداوە.
- دوای گواستنەوە: ئەگەر لە ماڵی باوکی نەخۆش بێت و تواناشی هەبێت بۆ گواستنەوە بەڵام داوای مێردەکەی بۆ گواستنەوە ڕەت بکاتەوە.
حەوتەم/
. سزای نەدانی نەفەقە: نەفەقە وەک “قەرزی ممتاز” (لەپێشینە) دادەنرێت. ئەگەر پیاوێک لە فەرمانگەی جێبەجێکردن (التنفيذ) خۆ ی لە دانی نەفەقە بدزێتەوە، فەرمانی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بۆ دەردەچێت.
- رۆڵی پارێزەر لە کاتی بەرز کردنەوەی داوای نەفەقە : بەهۆی وردەکاریی ڕێکارە یاساییەکان و گرنگی بەدواداچوونی دارایی پیاو بۆ سەلماندنی داهاتی ڕاستەقینە ئامادەبوونی پارێزەری پسپۆڕ زامنی پاراستنی تەواوی مافە یاساییەکانی لایەنەکان دەکات.