وه‌رگێرانی: كه‌تان خادیمی
حیصه ته‌مه‌نی شانزه ساڵ بوو، له یه‌كێك له لادێكاندا ئه‌ژیا، دایكی كۆچی دوایی كردبوو، برایه‌كی بیركۆڵ و نه‌خۆش و دوو خوشكی بچووكی هه‌بوو .ئه‌م كچه ته‌نها ئه‌ركی ماڵ و چێشت لێنان و خزمه‌تی خوشك و براو باوكی له‌سه‌ر شان نه‌بوو, به‌ڵكوو له هه‌مان كاتدا ئه‌ركی كشتووكاڵ و ده‌شت و ده‌ریشی له ئه‌ستۆگرتبوو، وه‌ك ئامێرێك به‌رده‌وام كاری ئه‌كرد به‌ره‌كه‌ت بوو بۆ هه‌موان.
ئامۆزایه‌كی هه‌بوو له ( جیده) ساڵانه ئه‌هات زه‌كاتی ئه‌هێنا بۆ لادێكه. چاوی كه‌وته سه‌ر حیصه له میهره‌بانی و گورجوگۆڵی و سه‌نگینی و سه‌لارییه‌كه‌ی جێی سه‌رسامی بوو. وتی: مامه داوایه‌كت لێ ئه‌كه‌م ده‌ست مه‌نێ به روومه‌وه خوازبێنی حیصه ئه‌كه‌م. باوكی وتی: برازا ئه‌و مناڵه‌و تۆ به ته‌مه‌نیت. وتی: په‌له‌مه‌كه.. بۆ خۆم نا بۆ مه‌نصوری كوڕم. باوكیشی وتی: ده ئاوا بڵێ ئه‌گه‌ر خۆی رازی بێت پیرۆزتان بێت.
حیصه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ مه‌نصوردا كرد، گوازرایه‌وه بۆ جیده، له‌گه‌ڵ ماڵه خه‌زوورانیدا ئه‌ژیا . ئه‌م كچه هه‌موویان خۆشیان ئه‌ویست . دایك و باوك و خوشك و برا ڕێزیان ئه‌گرت و خۆشیان ئه‌ویست. خزمه‌تی هه‌مووانی ئه‌كرد . باوكیان هه‌میشه ئه‌یوت ئاگاتان له‌و كچه بێت با زۆر ماندوو نه‌بێت . ئه‌یانوت باوكه خۆی حه‌زی له‌كاركردنه.
مه‌نصوری هاوسه‌ری دڵی وابه‌سته‌ی دڵی بوو بوو. زۆری خۆشئه‌ویست ، به‌ڵام ژیانی دنیا كاتیه‌و شتی دیكه له هه‌گبه‌یدایه.
باوكی مه‌نصور كۆچی دواییكرد، مه‌نصور هه‌موو ئیش و كاره‌كانی گرته‌ده‌ست . ساڵان تێپه‌ڕین تا ده‌هات ڕێزوو خۆشه‌ویستی له نێوانیاندا زیادی ئه‌كرد، ساڵێك و دوو ساڵ هه‌تا هه‌شت ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر هاوسه‌رگیریاندا، به‌ڵام مناڵی نه‌بوو. دایكی روویكرده مه‌نصور وتی: كوڕم تاكه‌ی بێ مناڵ دائه‌نیشیت؟ مه‌نصور وتی: دایكه ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره مه‌یلی له‌سه‌ر بێت ئیشه‌ڵا ئه‌یبه‌خشێت.
دایكه‌كه وتی: كوڕم خوانه‌یبڕێت پاره‌و سامان و ماڵت هه‌یه، له هیچت كه‌م نیه، ژنه‌كه‌ت به‌ره لای دوكتۆر.وتی: باشه.دیسانه‌وه دایكه‌كه وتی: بیبه كوڕم له‌وانه‌یه كێشه‌یه‌كی هه‌بێت و چاره‌سه‌ر بكرێت. مناڵ خۆشی ژیانه بۆخۆت بێبه‌ش ئه‌كه‌یت ، وه‌ك هه‌میشه دایكه‌كان ناڵێن كوڕه‌كه‌م كێشه‌ی هه‌یه هه‌میشه به ژنه‌كه ئه‌ڵێن.
مه‌نصور حیصه‌ی برده لای دوكتۆر هه‌موو پشكنینه‌كانی بۆكرد، له ئه‌نجامدا وتی: ئه‌م ژنه‌ی تۆ وه‌ك گوڵ وایه و هیچ عه‌یبێكی نیه‌و پێویست ناكات هیچ چاره‌سه‌رێك وه‌ربگرێت. به‌ڵام به‌رَێز مه‌نصور ئه‌بێت تۆ پشكنین بكه‌یت له‌وانه‌یه كێشه له‌تۆوه بێت.مه‌نصور به شڵه‌ژاویه‌وه حیصه‌ی برده ده‌ره‌وه و گه‌ڕانه‌وه. له رێگا حیصه وتی: خه‌می لێمه‌خۆ ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره مه‌یلی له‌سه‌ر بێت ئه‌یبه‌خشێت.
به‌ڵام مه‌نصور به‌رده‌وام به بێ‌ئاگاداری ژنه‌كه‌ی چه‌ندان پشكنینی كردبوو هه‌مووویان یه‌ك ئه‌نجامیان پێدابوو كه ئه‌و نه‌زۆكه‌و ناتوانێت مناڵ بخاته‌وه، هیوای له سه‌دا یه‌كیش نیه، ئه‌و بازرگان بوو رێی كه‌وتبووه هه‌ر وڵاتێك سه‌ردانی دوكتۆری كردبوو هه‌موویان هه‌مان ئه‌نجامیان پێوتبوو. ئه‌مجاره دایكی بانگیكرد له جاران زۆر توندتر قسه‌ی له گه‌ڵ كرد وتی: تاكه‌ی دائه‌نیشیت ماڵ و سامانی زۆرت هه‌یه، پیاویت بۆت هه‌یه چوار ژن بێنیت، هه‌ر ئێستا ئه‌چمه خوازبێنی. مه‌نصور وتی: دایكه واتا ژن بێنم به‌سه‌ر حیصه‌دا ؟! دایكی: وتی چی تیایه حیصه وه‌ك جاران ئه‌یخه‌ینه سه‌ر چاوانمان ، به‌ڵام مناڵی نابێت ، ژنێك بێنه كوڕم. وتی : باشه دایكه .
مه‌نصور حیصه‌ی بانگكردو وتی: وه‌ره شتێكت پێ بڵێم له‌سه‌رتاوه تا كۆتایی گوێم لێبگره. ژنه ترسا وتی: كه‌سوكارم شتیان لێقه‌ماوه ؟ وتی: نا..نا..وتی: ئه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی تۆ سه‌لامه‌تن؟ وتی: هه‌موان سه‌لامه‌تن ته‌نها گوێ له‌من بگره، من پیاوێكم مناڵم نابێت قه‌ت قه‌ت نامبیت. ئه‌وه پشكنینه‌كانمه، گوێبگره من خۆپه‌رست بووم ، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌م پێ نه‌وتیت ، تۆ باشترین ژنیت، به‌ڵام سبه‌ی رۆژ پێویستت به كوڕێكه یان كچێك له ئامێزی بگریت و ئه‌ویش خزمه‌تت بكات.با كه‌سوكاره‌كه‌ت نه‌ڵێن زوڵمت له‌م ژنه كردوه. حیصه‌وتی: ئه‌م قسانه چیه ئه‌یانكه‌یت چیم داوه له‌كه‌سوكار ، دایكم و باوكم وه‌فاتیان كردوه‌و خوشكه‌كانم ماڵی خۆیان هه‌یه، عیدی براشم ئاگای له دنیا نیه، به‌خوا مه‌گه‌ر مردن من و تۆ له یه‌ك جیا بكاته‌وه. مناڵ نابێت با نه‌بێت. هاوسه‌ره خۆشه‌ویست و میهره‌بان و دڵسۆزه‌كه‌م ئه‌وه قسه‌یه تۆ ئه‌یكه‌یت، پشكنینه‌كانی هه‌مووی دڕاندن. من تا هه‌م له‌گه‌ڵ تۆدا ئه‌ژیم . مه‌نصور ویستی قسه بكات، حیصه نه‌یهێشت وتی: ته‌واو باسی ئه‌م بابه‌ته مه‌كه له‌گه‌ڵ مندا.
مه‌نصور رۆشته لای دایكی و وتی: دایكه هه‌موو خوشك و براكانم كۆبكه‌ره‌وه بابه‌تێكی گرنگ هه‌یه ئه‌مه‌وێت پێتان بڵێم. وتی: دایكه تۆ ڕات وایه ژن بهێنم . وتی: به‌ڵێ كوڕم . وتی: ده‌با له‌گه‌ڵ خوشك و براكانمدا قسه بكه‌م.
هه‌موویان كۆبوونه‌وه ، روویكرده خوشك و براكانی و وتی: دایكم داوام لێئه‌كات كه ژن بێنم، هه‌موویان به‌یه‌ك ده‌نگ وتیان ئه‌رێوه‌ڵا ئێمه‌ش پێمان خۆشه حه‌قی خۆته، حیصه‌ش ئه‌خه‌ینه سه‌رچاومان ، هه‌موویان قسه‌كه‌ی دایكیان پشت راستكرده‌وه….. وتی: به‌ڵام ئێوه باوه‌ڕ ئه‌كه‌ن ژنی دووه‌م وه‌ك حیصه ئارامگر بێ له گه‌ڵمدا، ده ساڵه به‌دیارمه‌وه دانیشتووه. من مناڵم نابێت، بابزانن من له له‌نده‌ن و لوبنان و میصر و هه‌ر وڵاتێك به‌مه‌به‌ستی كار ڕۆشتووم سه‌ردانی دوكتۆرم كردووه وتوویانه مناڵت نابێت، هه‌موویان زمانیان كه‌وته ته‌ته‌ڵه نه‌یانئه‌زانی چی بڵێن…وتیان : حیصه ئه‌زانێت ؟ وتی: به‌ڵێ ئه‌مه قسه‌ی ئه‌وه واو وای پێوتووم. تكاتان لێئه‌كه‌م كه‌س سه‌روو دڵی ئه‌و ژنه نه‌گرێت، ئه‌و عه‌یبی نیه.
پاش دوو ساڵ ته‌ندرووستی مه‌نصور تێكئه‌چوو، نیشانه‌ی نه‌خۆشی لێده‌ر ئه‌كه‌وت، كێشی دائه‌به‌زی و ره‌نگی تێكئه‌چوو. هه‌ستیكرد كه نه‌خۆشی هێرشی بۆهێناوه و له‌وانه‌یه نه‌توانێت درێژه به‌ژیان بدات. هه‌موو خوشك و براكانی كۆكردنه‌وه وتی: گوێ‌بگرن ئه‌م ژنه‌م دایك و باوكی نه‌ماون دوو خوشكه‌كه‌شی شوویان كردووه، براكه‌شی نه‌خۆشه‌و لای منیش مناڵێكی نه‌بوو له‌م ماڵه‌دا چه‌ند ساڵه خزمه‌تم ئه‌كات، من نازانم به‌یانی له خه‌و هه‌ڵئه‌سم یان نا ، ئه‌وه‌ی هه‌مه ئه‌یكه‌م به‌ناوی حیصه‌وه به‌یانی كه‌س نه‌ڵێت بۆ كردووته به‌ناویه‌وه، من ناتوانم چاكه‌ی ئه‌و بده‌مه‌وه هه‌ر بۆیه فڵانه ته‌لاروو سێ خانوو دوو پارچه زه‌وی و بڕێك پاره‌م له‌بانق هه‌یه بۆئه‌وه‌ی كه‌س له‌دواییدا نه‌ڵێت ئه‌مه وه‌ره‌سه‌یه. هه‌موویان به‌یه‌ك ده‌نگ وتیان برا چیت پێخۆشه ئه‌وه بكه.
پاش چوار ساڵ مه‌نصور كۆچی دواییكرد ، به زیاده‌وه میراتیان بەحیصه به‌خشی. دایكی مه‌نصور وتی ئه‌وه‌ی له مه‌نصوره‌وه پێمگه‌شتوه نیوه‌ی بده‌ن به حیصه، ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی به‌جێنه‌هێشت و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا مایه‌وه تازه له سیه‌كانی ته‌مه‌نیدا بوو، هه‌ربۆیه هه‌ر رۆژه‌و خوازبێنیكارێك له ده‌رگایان ئه‌دا و ده‌ستی به‌روویانه‌وه ئه‌نا ، ئه‌یوت ئه‌م ماڵه‌م خۆش ئه‌وێت بۆنی مه‌نصوورو یادگاریه‌كانی ئه‌دات. حه‌زئه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سو كاره‌كه‌ی ئه‌ودا بژیم.
هه‌رچه‌نده دایكی مه‌نصور ئه‌یوت: كچم تۆ گه‌نجیت، ئه‌میش ئه‌یوت: ئامۆژن ئه‌م پیاوانه چاویان له‌سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌مه .
رۆژێك خوشكه‌كه‌ی هات وتی: خوشكم ئه‌بوو ته‌ڵال پیاوی ده‌ستبژێر له چاكه‌دا له (ریاز )نیشته‌جێیه ژنه‌كه‌ی مردووه و كوڕ‌و كچه‌كانی هه‌موویان چوونه‌ته ماڵی خۆیان ته‌نها دوو كوروو كچێكی له‌سه‌ر ماڵن، ئه‌حمه‌دی له‌سێی ناوه‌ندیه‌و ئه‌ویتریشی له زانكۆیه. زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌و چاوی له سه‌روه‌تی تۆ نیه. دواجار قه‌ناعه‌تیكرد هاوسه‌رگیری كرد، شه‌ش مانگ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر هاوسه‌رگیریه‌كه‌یدا دوو گیان بوو.
له‌وێش زۆر رێزلێگیراو بوو ، بۆشایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ماڵه‌كه‌دا پڕ كردبوه‌وه، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌می ئه‌خواردن، وه‌ك هه‌میشه میهره‌بان و چاكه‌كار. خواردن و جلوبه‌رگ و ئامۆژگاری و باوه‌شی دایكایه‌تی بۆكردنه‌وه، مناڵه‌كانی پیاوه‌كه‌ش زۆر خۆشیان ئه‌ویست، ئه‌میش ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی بۆخستنه سه‌ر پشت ئاوه‌دانی خسته ماڵه‌كه‌وه‌و میوانێك ئه‌هات و یه‌كێ ئه‌رۆشت، سه‌ر سفره‌و میوانداری به‌رده‌وامبوو ، ئه‌و منداڵانه‌ی له‌سه‌ر ماڵ مابوونه‌وه به‌دایكه بانگیان ئه‌كرد، زۆرجار زمانی تێكه‌ڵ ئه‌بوو بانگی هاوسه‌ره‌كه‌ی به مه‌نصور ئه‌كرد، ئه‌ویش ته‌ریقی نه‌ئه‌كرده‌وه پێئه‌كه‌نی و ئه‌یوت به‌خوا تۆ كچێكی ره‌سه‌ن و هاوسه‌ری به‌وه‌فایت بۆ مه‌نصور، لۆمه‌ت ناكه‌م كه‌به مه‌نصور با‌نگم ئه‌كه‌یت، كاته‌كان زۆر جوان گوزه‌ریان ئه‌كرد ، كاتی مناڵبوونه‌كه‌ی هاته پێش و خوای گه‌وره كوڕێكی پێ به‌خشی ، هاوسه‌ره‌كه‌ی هاته ژووره‌وه وتی: پیرۆزت بێت دایكی مه‌نصور . حیصه وتی چی؟ وتی: ناوم نا مه‌نصور له‌سه‌ر ناوی هاوسه‌ره پێشوه‌كه‌ت به‌ره‌حمه‌ت بێت.
ته‌مه‌نی مه‌نصور بوو به چوار ساڵ باوكی كۆچی دواییكرد، میراتییه‌كی زۆریشی له‌م بۆ مایه‌وه، كوڕوو كچی پیاوه‌كه به هه‌موویانه‌وه یارمه‌تیاندا له به‌خێوكردن و گه‌وره‌كردنی مه‌نصور، به‌تایبه‌ت (ته‌ڵاڵی ) كوره گه‌وره‌ی وه‌ك باوك سه‌رپه‌رشتی ئه‌كرد، كه زانكۆی ته‌واوكرد بڕیاریاندا ژنی بۆبێنن، گه‌ڕان و چاویان گێڕا تا كچێكی جوانكیله‌و هێمنیان بۆدۆزیه‌وه به‌ناوی فه‌وزیه، ئه‌وان عاده‌تیان وابوو هه‌موویان له یه‌ك شوێندا ئه‌ژیان، زه‌ویه‌كی فراوانی باوكیان بۆمابوه‌وه هه‌ریه‌كه‌و خانوویه‌كی تیا درووستكردبوو بۆخۆی، هه‌میشه كوڕ‌و كچه‌كان و مناڵه‌كانیان كه به نه‌نه حیصه بانگیان ئه‌كرد، مه‌جلیسی خۆشیان به‌ڕێئه‌كرد، به‌ڵام فه‌وزیه قه‌ت تێكه‌ڵ نه‌ئه‌بوو ئه‌یوت ئامۆژن من تاقه‌تی ئه‌م قه‌ره‌باڵغیه‌م نیه، ئه‌و نه‌خشه‌و پلانی ئه‌وه‌ی دائه‌نا چۆن مه‌نصور له‌م ماڵه بباته ده‌ره‌وه و ده‌ستبگرێت به‌سه‌ر سامانه‌كه‌ی حیصه‌دا. به‌رده‌وام بۆڵه‌ی ئه‌هات ئه‌یوت پشوومان نیه یه‌كێك دێت و یه‌كێك ئه‌ڕوات…
ڕۆژێك وتی به‌مه‌نصور: ڤێلایه‌كی گه‌وره هه‌یه خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌فسه‌رێكی پله‌داره و گوازراته‌وه بۆ شارێكی تر ئه‌یفرۆشێت زۆر وه‌سفیكرد..
هه‌ر شتێكی بوتایه مه‌نصور به‌گوێی ئه‌كرد ، رۆشته لای دایكی وتی: دایكه خانوویه‌كم دۆزیوه‌ته‌وه ئه‌توانین له‌وێ بژین به هه‌موو ناوماڵه‌كه‌وه ئه‌یانفرۆشن باخ و مه‌له‌وانگه‌ی تیایه ڤێلایه‌كی گه‌وره‌یه، . حیصه وتی: ئه‌یه‌ڕۆ من چۆن ئه‌م مناڵانه به جێدێڵم….دانیشتووین له هیچمان كه‌م نیه، فه‌وزیه‌ش ڕۆژ نا رۆژێك هه‌رچی ناوماڵه ئه‌یگۆرێت من تاهه‌م ئێره به‌حێنایه‌ڵم. دواجار كوڕ‌و كچه گه‌وره‌كه‌ی پیاوه‌كه هاتنه ناو باسه‌كه‌وه داوایان له حیصه كرد كه رازی بێت به‌مه‌رجێك ئێره تێكنه‌دات و هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه كۆببنه‌وه.
ڤێلاكه‌یان كڕی و له‌گه‌ڵ بووك و كوڕه‌كه‌یدا رۆشت، فه‌وزیه هه‌موو ناو ماڵه‌كه‌ی گۆڕی وتی: ئامۆژن بابه‌دڵی خۆمان بێت، به‌ڵام ورده ورده وه‌ك خزمه‌تكار سه‌یریان ئه‌كرد، كه قسه‌یه‌كی ئه‌كرد خێرا فه‌وزیه ئه‌یوت تۆ قسه مه‌كه، دوو نه‌وه‌ی هه‌بوون زۆری خۆش ئه‌ویستن هه‌میشه چاودێری ئه‌كردن خه‌می بوو بكه‌ونه ناو مه‌له‌وانگه‌كه‌وه، فه‌وزیه پێی ناخۆشبوو ئه‌یوت ناشێت بڵێیت له ئێوه‌م زیاتر خۆش ئه‌وێن، به‌ڵام حیصه رۆژێك وتی: وه‌ستایه‌ك ئه‌هێنم ئه‌م مه‌له‌ونگه‌یه پڕ بكاته‌وه . فه‌وزیه وتی: بۆت نیه‌ده‌سكاری بكه‌یت. حیصه وتی: خانووی خۆمه‌و ئازادم چی لێئه‌كه‌م. فه‌وزیه به قاقاوه پێكه‌نی و وتی: خانووی خۆتی چی؟ مه‌نصور تاپۆی كردوه به‌ناوی منه‌وه تۆ ئه‌توانیت بڕۆیته ده‌ره‌وه.
حیصه رۆشته لای مه‌نصورو وتی: كۆڕم هه‌ر به‌ڕاست ئه‌و پاره‌یه‌ت له من وه‌رگرت كردووته به‌ناوی ژنه‌كه‌ته‌وه؟! مه‌نصور كردی به‌هاتوو هاوار وتی: ئۆو شه‌ڕی ئێوه ته‌واو نابێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانی نه‌بێت .
حیصه هه‌موو بابه‌ته‌كه‌ی بۆ ئه‌حمه‌د ئه‌و كوڕه‌ی كه به‌خێوی كردبوو به‌دایكه بانگی ئه‌كرد بۆ باسكرد. هه‌موویان كۆبوونه‌وه هاتن و وتیان ئه‌مه چ باس‌و خواسێكه، به‌ڵام خوشكی گه‌وره‌یان له‌ناكاو خۆیكرد به ژوورداو به شێوازی تایبه‌تی خۆی، وتی: وه‌ره مه‌نصور له خوا ناترسیت دایكت له ماڵ ده‌رئه‌كه‌یت، بزانه تۆ چۆن دایكت له‌ماڵ ده‌رئه‌كه‌یت مناڵه‌كانیشت سبه‌ی رۆژ هه‌ر وا ئه‌بن له‌گه‌ڵتا، یاخوا خۆشی له‌ماڵه‌كه‌ت نه‌بینی ، یاخوا داروو دیواری ببێت به ئاگر .. یاخوا ترس‌و ناره‌حه‌تی ببارێت وه‌ك ئه‌م خانوه‌ت داگیركردووه، فه‌وزیه خان ئه‌و شوێن ئێوه كه‌وت ئێوه‌ش ئه‌وه وه‌فاتانه. ناترسیت له خوا پاره‌كه‌ت لێوه‌رگریتەوه‌و خانوه‌كه‌ت كردوه به‌ناوی خۆته‌وه، فه‌وزیه وتی: دوعامان لێئه‌كه‌یت؟
وتی: به‌ڵێ یاره‌ب هه‌رچی له دایكتان ئه‌كه‌ن سبه‌ی مناڵه‌كانتان هه‌مانشتان به‌رامبه‌ر بكه‌ن. ئه‌م ژنه داماوه بیست ساڵ چاوه‌ڕێی مناڵ بوو ئه‌مه‌ش به‌ره‌كه‌ی و مناڵه‌كه‌ی. ناترسیت له‌خوا كوڕوو دایك له‌یه‌ك ئه‌كه‌یت، وه‌ڵا ئه‌م تاپۆیه باتڵه دزی و فێڵی تیا كراوه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵینه‌وه‌شێننه‌وه ئاگر به‌ر ئه‌بێته ماڵتان. ئه‌مه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه ئامۆژن خانوویه‌ك هه‌یه وایه‌و وایه‌و درۆ تابیكه‌یت به‌ناوی خۆته‌وه. یاخوا فه‌وزیه سه‌رنه‌كه‌ویت له دنیا‌و قیامه‌ت.
ئیدی فه‌وزیه ره‌نگی تێكچوو گیانی ئه‌له‌رزی راچڵه‌كی كه فێڵی له‌م ژنه كردووه، له‌گه‌ڵ كوڕ‌و كچه‌كاندا گه‌ڕایه‌وه‌و مه‌نصورو ژنه‌كه‌ی به‌جێهێشتن.
پاش ماوه‌یه‌ك فه‌وزیه په‌شیمان بوه‌و زۆر پاڕایه‌وه له مه‌نصور كه بڕوات دایكی ئاشت بكاته‌وه. هاته لای دایكی ئه‌ویش پێی وت: یاخوا خوا ئه‌و مناڵانه‌م لێنه‌سێنێت كه‌نه دووگیانبووم پێیانه‌وه نه شیرم داونه‌تێ ئاوا پاڵپشتمن، به‌ڵام مه‌نصور تۆ له هه‌ناوی خۆم بوویت شیری خۆمت خواردوه ئاوام لێده‌كه‌یت و فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌كه‌یت و له‌ماڵ ده‌رم ئه‌كه‌یت. وتی: دایكه قاچت ماچ ئه‌كه‌م فه‌وزیه زۆر په‌شیمانه لێمان ببوره ، وه‌ره ئه‌رۆینه دادگا. براكه‌ی وتی: پیاو به خانوو بكه به‌ناوی خۆته‌وه به‌شی خۆشت باقسه‌ت بڕوات، رێزی ژنه‌كه‌شت بگره‌و دایكی مناڵاكانته. به‌ڵام دایكیشت له یاد نه‌چێت تۆ برامانی بۆهه‌موو كارێك له پشتتین، به‌ڵام تۆش بزانه چی راسته‌و چی هه‌ڵه‌یه.