هودا محمد امین
۱_درۆكردن
دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەرامبەرەکەت کە مناڵە یان هاوسەر متمانە بە قسەکانت نەکات، هەرکات پرسیارێکی هەبێت نەتوانێت ڕاشکاوانە گفتوگۆت لەگەڵ بکات، چونکە دڵنیانیە لەو وەڵامەی وەریدەگرێت، بەمەش دەکرێت گومان و هەڵەتێگەشتنی زۆر ببنەبەربەست لەنێوانتان.
٢- پەیمان شکاندن
ئەم هەڵەیە متمانە لەناو دەبات، بەرامبەر ڕێزت ناگرێت هەموو جارێک تووشی نائومێدی دەکات بۆیە یەکێکیشە لەهۆکارەکانی نەمانی خۆشەویستی.
٣-شکاندن
گەر بەرامبەرەکەت هەستی بەوەکرد لە بۆنەو کۆبونەوەکانتان تانەی لێدەدەیت و، چەند جارێکیش دووبارە بویەوە، ئەوکاتە لەگەڵت ئاسوودە نابێت، لەو شوێنەی تۆی لێبیت هەست بە لاوازی و ترس دەکات و هەوڵیشدەدات کە بەژداری ئەو کۆبونەوانە نەبێت کە تۆش بەژدارەبیت تێیدا، بەجۆرێک کاتی هاوبەش کە سەرچاوەی تۆمارکردنی یادگارییە لەنێوانتان بوونی نابێت.
٤-بەراورد کردن
کاتێک تۆ وەک دایک و باوک یان وەک هاوسەر بەراوردی بەرامبەرەکەت دەکەیت بە کەسێکیتر ئەوا ئەو هەستە لای دروستەکەیت کە تۆ بەپێی پێویست باش نیت، هەست بەکەمی لەلاپەیدا دەبێت لەگەڵیدا ڕق لەهەموو ئەو کەسانەی تۆ بەراوردیان پێدەکەیت پێی، دەکرێت ببێتە هۆی چاندنی تۆی حەسوودی وەک لەنێوان براکانی یوسف ڕوویدا، یان ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەوکەسە باوەڕی بۆ دروست بێت کە هەرچی بکات ناگات بەو ئاستە بەرزە بۆیە پێویست ناکات هەوڵبدات تا سەرکەوتووبێت ، ئەمەش زیاتر بەرەو کشانەوەی دەبات لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی .
٥-بێدەنگی سزادەر
جۆرێک لە سزایە کە دایباب یان هاوسەران ئەنجامی دەدەن بە ئامانجی فشار دروستکردن بۆ بەرامبەر تا بەدڵی ئەو بکات واتە ئامانجێکی هەیە لە بێدەنگیەکەی، ئەم جۆرە سزایە دەبێتەهۆی چارەسەرنەکردنی ناکۆکی و ڕێگایەکی نادروستە کە یەکێک براوە و ئەویتر دۆڕاو دەبێت، دوورە لە تێگەشتن لەیەکتر و پێگەشتن و گەشەکردنی پەیوەندیەکە .
٦-دەستبەرداربوون
واتە بێمنەت بوون لە بوونی بەرامبەرەکەت لە پەیوەندیەکەدا، ئەمە ترس و خووپێوەگرتنی ناتەندروست دروستدەکات، بەرامبەرەکەت دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هەرکەس لەبری تۆ سۆزی نیشان بدات، وەک کەسێتی ژەهراوی . وەک ئەوەی دەڵێن ئیتر دایکی تۆ نابم ، نەیەی بەچێت دەهێڵم، ژنێکی تر دەهێنم، ئەچم بۆ خاریج . ئەم دەستەواژانە ئاماژەن بۆ بەرانبەر کە لەهەر بارودۆخێک دەکرێ تۆ لەدەستبدات.