الأحد , ديسمبر 7 2025

بەهاکان و پاراستنی ژیان

شیرین سالح

      لە زانستی کۆمەڵناسیدا بەهاکان ئەو ڕاستیانەن کە گوزارشت لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکەن و ڕەگەزی پکهێنەری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن، ئەم بەهایانەش لە ڕێگەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیەوەو بە چەند هۆکارێکی وەک: دین، خێزان، شارستانی کۆمەڵگە، پەروەردەو فێرکردن، ژینگەو ئەو کۆمەڵانەی تاک لەگەڵیاندا دەژی سەرچاوە دەگرن و کاریگەرییەکی ئاشکرا دەکەنە سەر ڕەفتارو ئاکارو پەیوەندییە مرۆییەکانی تاکە کەس. لەڕاستیدا تاک زیاتر بەهاکان لەو کەسانەوە وەردەگرێت کە گرنگ و کاریگەرن لە ژیانیدا، وەک: دایک و باوک و مامۆستا و سەرۆکی کارو هاوڕێ و خزمی نزیک، کە بەگشتیش لە ڕۆشنبیری ئەو کۆمەڵگەیەی تیایدا دەژین سەرچاوە دەگرێت.

      ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش وەک کۆتا دینی ئاسمانی و باڵاترینیان گرنگییەکی زۆر بە بەهاکان دەدات، چونکە پەیڕەوکردنیان هۆکاری سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگەیە، سەرچاوەی بەهاکان لە دینی ئیسلامدا قورئانی پیرۆزە، لە چەندین ئایەتدا ئاماژە بە بەهاکان کراوە، کە هۆکارن بۆ بەختەوەری ژیانی مرۆڤەکان، بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت (والكاظمين الغيظ والعافين عن الناس والله يحب المحسنين) ال عمران: 134، (و الموفون بعهدهم اذا عاهدوا والصابرين في البأساء و الضراء) البقرة‌: 177، (وتعاونوا على البر والتقوى ولا تعاونوا على الاثم والعدوان) المائدة‌: 2.. هتد، گشت ئەم ئایەتانە گرنگیدانی قورئان و دینی ئیسلام بە ژیانی مرۆڤایەتی نیشان دەدەن، لەبەرئەوە زانایانی ئیسلام دەروازەیەکیان جیانەکردۆتەوە بۆ گرنگیدان بە بەهاکان، چونکە لە ڕاستیدا بەهاکان خودی دینن و پێویستە مرۆڤ لە هەموو مامەڵەو هەڵسوکەوتێکی ڕۆژانەیاندا پەیڕەویان بکات.

      دەبێت ئەوەش بزانین بەهاکان تەنیا یەک جۆر نین، بەڵکو هەر بوارێکی ژیان بەهای تایبەت بەخۆی هەیە، واتە بەهاکان پۆلێن کراون و باشترین پۆلێنیش بۆ بەهاکان پۆلێن کردنیانە لەسەر بنەمای ناوەرۆکی بەهاکا، ئەوانیش بەها (ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و مەعریفی و جەمالییەکان) دەگرێتەوە. پەیڕەوکردنی ئەو بەهایانەش لەلایەن تاکەکانەوە هۆکارە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام و ئاسودە. لادانیش لێیان دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی نائارامی و تێكچونی ژیان، بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە کۆمەڵگەدا تێبینی دەکەین دورکەوتنەوەیە لە بەهاکان و پەیڕەونەکردنیانە لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە، بۆیە دەبینین ڕۆژانە چەندین کێشەو گرفت لە کۆمەڵگەدا ڕوو دەدات، گرفتە گەورەکەدا لەوێدایە کە دورکەوتنەوە لە بەهاکان تەنیا لە یەک جۆردا نابینرێت، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی گرنگی پێ نادرێت بەهاکانە بە تەواوی جۆرەکانیەوە، بەها ئاینییەکان، کە پەیوەستە بە ناخ و دەرونی تاکەکانەوەو هۆکارە بۆ ئارامی دەرونی بە تەواوی پشتگوێ خراوە بۆیە دەبینین و دەبیستین ڕۆژانە خەڵکانێک کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن و ناتوانن بەرگەی فشارەکانی ژیان بگرن چونکە لە ناخیاندا بۆشاییەک هەیە کە بێجگە لە دین هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت پڕی بکاتەوە، کاتێک ناتوانێت ئەوە بەدەست بهێنێت ناچار زۆر بەسادەیی دەستی دەچێتە ڕۆحی خۆی لەناوی دەبات، ئەمە بۆ هەریەکە لە بەهاکانی دیکەش دروستە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بە پێویستم زانی باسی بکەم دورکەوتنەوەیە لە بەها کۆمەڵایەتییەکان، کە زیاتر خۆی لە بەهاکانی (خاکی بوون، پەیڕەوکردنی بنەماکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دروست و تەبایی و بەخشندەیی و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و لێبوردەیی و … چەند جۆرێکی دیکەدا) دەبینێتەوە.

 هۆکاری زۆرێک لە کێشەکانمان ئەوەیە ناتوانین بچوکترین هەڵە لە بەرامبەرەکانمان قبوڵ بکەین و بە دورکەوتنەوەشمان لە بەها دینییەکان بە سادەترین ڕوداو گەورەترین کاردانەوە دەنوێنن، ئا لێرەوە گرفتەکان دەتەقنەوەو ژیانەکان وێران دەکەن، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەهاکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دروستکردنی کەسێتی تاک و دیاریکردنی ئاڕاستەو ڕەفتارەکانی لە ژیانیدا و لە خراپە دوری دەخاتەوە، لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە یەکگرتوویی کۆمەڵگە دەکات و لە لادان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەیپارێزێت و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا، بەدڵنیایی هەموو ئەمانەش بە پلەی یەکەم لەڕێگەی پەروەردەوە دەکرێت، کە یەکەم جار لە خێزان و دوەم جار لە قوتابخانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەداخەوە لە خێزاندا هەردوو چەمکی پەروەردەو چاودێریکردن و لە قوتابخانەشدا هەردوو چەمکی پەروەردەو فێرکردن تێکەڵ کراون و ئەوەندەی گرنگی بە چاودێریکردن و فێرکردن دەدرێت گرنگی بە پەروەردە نادرێت، لەبەرئەوە پێویستمان بە پێداچونەوەیە بە پەروەردەدا، بەجۆرێک تاک ئامادەیی هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی بۆ بەهاکان و پەیڕەوکردنیان لە ژیانی خۆیدا، واتە بەهاکان ببنە بنەمایەک بۆ ڕەفتارو هەڵسوکەوتی تاکەکان و لە هەمان کاتدا ببنە بنەمایەک بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی تاکدا.

شاهد أيضاً

هەر هەنگاوێک مرۆڤ لە مرۆڤ بوونی داڕنێت توندوتیژییە

گۆنا تۆفیقمرۆڤ لەڕووی قەدر و ڕێزەوە لەنێوان تەواوی بوونەوەراندا لوتکەی پێبەخشراوە، بێ ڕێزی بەماف و …