
د.گوڵاڵە طاهر
مێژووی دیاریکردنی ڕۆژی 21ی سێپتەمبەر لەلایەن
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی(WHO) وە وەک ڕۆژی جیهانی نەخۆشی ئەڵزهایمەر دەگەڕێتەوە بۆ 21\9\1994.
ئەم ڕۆژە تایبەت کراوە بۆ بەرزکردنەوە ئاستی ئاگایی وهۆشیاری خەڵک دەربارەی نەخۆشی ئەڵزهایمەرو،جۆرەکانی تری نەخۆشی خەڵەفان (خرف) و، هاوکاری کردنی تووشبووان وئەوکەسانەش کە چاودێری نەخۆشەکان دەکەن ، بەگرتنەبەری شێوازو هۆکاری جیاواز وەک :
1_بڵاوکردنەوەی زانیاری دەربارەی نەخۆشییەکەو هۆکارەکانی زیادبوونی مەترسی تووشبوون، چۆنێتی خۆپاراستن و چارەسەرو ڕێنماییەکان بۆپشتیوانی کردنی نەخۆشەکان.
2_کۆکردنەوەی هاوکاری و بەخشینەکان بۆ پشتیوانی کردنی نەخۆشەکان و، یارمەتیدانی ئەو کەسانەی چاودێریان دەکەن.
3_هاندانی خەڵک بۆ زوو بەدەمەوە چوونی نەخۆشیەکە، کاتێک نشانە سەرەتاییەکانیان لێدەردەکەوێت و زوو چارەسەرکردن و دواخستنی نیشانە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە درووشمی ئەم ساڵی (2026) بریتییە لە {هەرچی زووتر بزانیت، دەتوانیت زیاتر بکەیت : دەستنیشانکردنی خەڵەفان (خەرەف) گرنگە}
The Earlier You Know , The More You Can Do : A Dementia Diagnosis Matter
نەخۆشی ئەڵزهایمەر چییە؟؟
خەڵەفان (خەرەف) یان dementiaیەکێکە لەباوترین جۆری نەخۆشییەکانی لەناوچوونی دەمارە خانەکان و پوکانەوەی مێشک. (neurodegenerativ disorder)چەند جۆرێکی هەیە، ئەڵزهایمەر باوترین جۆریانەو نزیکەی 65%ی حاڵەتەکانی خەرەف پێکدەهێنێت.
نەخۆشی ئەڵزهایمەر نەخۆشیەکی مێشک و دەمارە خانەکانە، بریتییە لە دەستپێکردنێکی نادیارو هێواش و، پلەبەند لە تێکچوون و کەمبوونەوەی توانای بیرکردنەوە و، پەیپێبردن و یادەوەری و، پاشان تێکچوونی ڕەفتارو بێتوانایی لەئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەو ئەرکە کۆمەڵایەتیەکاندا.
لەساڵی 2021دا نزیکەی 57ملیون کەس تووشبوو هەبووە لەجیهاندا و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2030دا ژمارەکە بەرز ببێتەوە بۆ نزیکەی 78 ملیون تووشبوو.
ئەم نەخۆشییە بە حەوتەمین هۆکاری سەرەکی مردن دادەنرێت لەجیهاندا و، یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکانی بێتوانایی و پەککەوتن.
ئەم نەخۆشییە گەر چی لە کەسە بەتەمەنەکاندا باوە (سەرو 65ساڵی)، بەڵام بەشێکی حەتمی نیە لە قۆناغی بەساڵاچوون، بەڵکو نەخۆشییەو مەرج نیە هەموو کەسێکی بەتەمەن تووشببێت .
لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا نزیکەی 6,9ملیون کەسی توشبوو هەیە، تەمەنیان 65ساڵ و زیاترە، لە 70%یان سەرو 75ساڵن.
+نیشانەکان :
کەمبوونەوەو لەدەستدانی توانای یادکردنەوە، بە یەکەم نیشانەی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت لەقۆناغە سەرەتاییەکانداو، بەردەوام دەبێت و، بەتێپەڕبوونی کات کاردەکاتە سەر ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانەی لەشوێن ئیش و لەماڵەوە، پاشان توانای بیرکردنەوەو بڕیاردانی لاواز دەبێت و، گۆڕانکاری لە ڕەفتاریدا دەردەکەوێت، دەستەواژەکان یان پرسیارەکان زۆر دووبارە دەکاتەوە، بۆنەوە موعدەکانی بیردەچێتەوە، شتەکان لەشوێنی خۆی دانانێت و زۆرجار نامەنتیقیە، بۆنموونە کلیلەکان دەخاتە ناو بەفرگر، لەوشوێنانەدا وون دەبێت کەپێشتر شارەزابووە، ناوی کەسەنزیکەکانی لەبیر دەچێتەوە و، بەسەختی دەتوانێت وشەیەکی گونجاو بدۆزێتەوە، یان فکرەیەک بێنێت لەکاتی قسەکردندا.
+قۆناغەکانی نەخۆشی ئەڵزهایمەر :
قۆناغی یەکەم (ئەڵزهایمەری سووک) :
لەم قۆناغەدا کەسی تووشبوو هێشتا ئەتوانێت ئەرکەکانی بەسەربەخۆیی ئەنجامبدات، بۆ نموونە لێخوڕینی سەیارە، کاری ڕۆژانە وچالاکیە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام هەندێک وشەی لەبیردەچێتەوە کەڕۆژانە بەکاریهێناون وەک ناوی هەندێک شتی باو، یان ناوی هەندێک کەس بەتایبەتی ئەوکەسانەی کەتازەن، لەبیرچوونی ئەوشتانەی کە تازە دەیانخوێنێتەوە، لەگەڵ ئەستەم بوونی توانای ڕێکخستن وپلاندانان .
لەم قۆناغەدا هەندێکجار کەسەکانی چواردەوری پەی پێدەبەن و ئەگەر سەردانی پزیشکی تایبەت بکات، دەکرێت قۆناغەکانی تر دوابخرێن و کوالیتی ژیانی کەسەکە باشتر بکرێت.
قۆناغی دووەم (ئەڵزهایمەری مامناوەند):
ئەم قۆناغە درێژترین قۆناغی نەخۆشییەکەیەو، چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت، کەسی تووشبوو پێویستی بەکەسانیترە بۆ ئەوەی چاودێری بکەن. لەم قۆناغەدا پوکانەوەی مێشک دەستپێدەکات و ئەم نیشانانە لەنەخۆشەکەدا هەستی پێدەکرێت:
لەبیرچوونەوەی ڕووداوەکان و، مێژووی شتەکان، گۆنکاری مەزاجی، کشانەوە لەچالاکیە کۆمەڵایەتیەکان، لەبیرچوونەوەی زانیاری کەسی وەک: ناونیشانی ماڵی خۆی، ژمارەی مۆبایلەکەی یان ئەو کۆلێجەی لێی خوێندوویەتی، سەرلێشێوان لە ئەوشوێنەی ئێستا لێی دەژی یان ئیمڕۆ چ ڕۆژێکی هەفتەیە، پاشان سەختبوونی کۆنترۆڵکردنی میزو پیسایی، تێکچوونی خەوی شەو و خەوتن لەڕۆژدا، لەگەڵ گۆڕانکارییە ڕەفتاریەکانی وەک پەیدابوونی گومان و واهیمەکردن و توڕەبوونی زۆر، دووبارەکردنەوەی هەندێک جووڵەی نەخوازراو وەک فڕکاندنی دەستەکان بەیەکدا.
قۆناغی سێهەم (ئەڵزهایمری توند):
لەم قۆناغەدا کەسی تووشبوو توانای قسەکردن لە دەستدەدات و، نیشانەکانی خەڵەفاوی زۆر قورس دەردەکەون، لەوانەیە نەخۆش توانای جوڵە لەدەستبدات وبەردەوام یادەوەری و، لێهاتووییە مەعریفیەکانیش لەداڕماندا دەبن و، هەمیشە پێویستە کەسێک چاودێری نەخۆشەکە بکات، چونکە بەردەوام تواناکانی لەدەست دەدات هەتا وایلێدێت توانای ڕۆشتن ودانیشتن وقوتدانی نامێنێت، توانای پەیوەندیکردنی بەچواردەورەوە نامێنێت و ئەگەری تووشیبوونیان بە نەخۆشییە درمەکان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی هەوکردنی سیەکان بەهۆی خواردن پەڕینەناو بۆری هەواوە.
هۆکارەکانی مەترسی تووشبوون بە ئەڵزهایمەر:
1_تەمەن : هەتا تەمەن بەرەو هەڵکشان بڕوات، مەترسی تووشبوون بەئەڵزهایمەر زیاتر دەبێت.
2_مێژووی خێزان : ئەگەر لەخێزنەکەدا لە کەسی پلەیەکدا هەبوو ئەوا ڕێژەی تووشوون زیاتردەبێت .
3_سندرۆمی داوون : ئەوانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە ئەگەر تووشبوونیان زیاترە.
4_برینداربوونی سەر یان بەرکەوتنی بەزەبرێکی دەرەکی : بەتایبەتی ئەگەر بەرکەوتنەکە مەترسیداربوو یان چەند جارێک دووبارە بوویەوە.
5_پیسبوونی هەوا : بەتایبەتی پیسبوونی هەوا بەهۆی ئۆتومبیلەکانەوە.
6_خواردنەوە کحولیەکان: بەتایبەتی ئەگەر زیادەڕەی تێدابکرێت لەتەمەنێکی گەنج تردا تووشبوون بەئەڵزهایمەر ڕوودەدات.
7_شێوازە ناتەندروستەکانی خەو : ئەوکەسانەی درەنگ خەویان لێدەکەوێت یان زۆردەخەون یان پرخەو هەناسەگیرانیان هەیە لەخەودا.
8_شێوازەکانی ژیانکردن : ئەمانە ڕێژەی تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاد دەکە:
کەمی جوڵە و وەرزش نەکردن، کێش زۆری وقەڵەوی، جگەرکێشانی ڕاستەوخۆ وناڕاستوخۆ، بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی شەکرە ئەگەر باش کۆنترۆڵ نەکرێت، نەخۆشی غودەی دەرەقی، کەمی هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی.(hypothyrodism)
٩.لە دەستدانی بیستن : هەتا پلەی لەدەستدانەکە بەرزتربێت و، ئەگەری تووشبوون بەئەڵزهایمەر زیاتردەبێت وبەکارهێنانی سەماعەی گوێ مەترسیەکە کەمتر دەکاتەوە.
١٠.لەدەستدانی بینین: ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەری تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاتر دەبێت.
١١.بەشداری کۆمەڵایەتی و فێربوونی بەردەوام: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی بەشداری کۆمەڵایەتیان کەمەو بەشداری ئەو چالاکییانە ناکەن کەمێشک بەهێز دەکات، زۆرتر ئەگەر تووشبوونیان هەیە بە ئەڵزهایمەر.
هۆکارەکانی خۆپارێزی :
-ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام وڕێکخراو.
-خواردنی تەندروست بەتایبەتی سەوزەو میوەکان، چەرەسات، ماسی ، هێلکە ….، کەمکردنەوەی خواردنە چەورەکان (چەوریە تێرەکان) وشیرینیەکان.
-کۆنترۆڵکردنی بەرزەفشاری خوێن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێن و چارەسەرکردنی بەرزی ڕێژەی چەوریەکان.
-وازهێنان لە جگەرەوە و نێرگەلە.
-بەکارهێنانی مێشک: ئەوچالاکیانە بەردەوام ئەنجام بدرێن کەمێشک چالاک دەکەن، وەک خوێدنەوە، خۆخەریک کردن بەیارییەکانی وشەی یەکتربڕ و، یاریە هاوشێوەکان
فێربوونی لێهاتوویی نوێ.
نەخۆشی ئەڵزهایمەر چارەسەری تەواو وبنەبڕکەری نیە، بەڵام ئەگەر لەقۆناغە سەرەتاییەکاندا دەسنیشان بکرێت دەکرێت قۆناغەکانی تر دوابخرێت وکەسی تووشبوو کوالیتی ژیانی باشتر بکرێت.
تێکڕای چاوەڕوانی ژیان بۆ کەسی تووشبوو بەئەڵزهایمەر لەدوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە نێوان (8_10) ساڵدایە و لەوانەیە هەندێک جار تێکڕای چاوەڕوونی ژیان بەڕێژەی (3_20) ساڵ بێت.
سەرچاوەکان :
سایتی WHO
Diagnostic and statisticalmanual of mental disorder DSM_5
سایتی Myo clinic